بەهرۆز گەڵاڵی: یەکێتی باجی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی دەدات
بەهرۆز گەڵاڵی: یەکێتی باجی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی دەدات ‌ 27/8/2017
«پێویسته‌ بارودۆخه‌كه‌ وای لێنه‌یه‌ت تا ده‌وڵه‌ت و لایه‌نی تر كاری له‌م شێوه‌یه‌مان بە‌رامبه‌ر بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی حساب بۆ داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت»
هەفتەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە دەبێت لەماوەی سێ رۆژدا مەکتەبی یەکێتی لە ئەنقەرە دابخات و خۆی و خانەوادەکەشی ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵێت، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 24/8/2017 نوێنەرەکەی یەکێتی لە رێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەیشتەوە هەرێمی کوردستاندا ماجەراو هۆکاری ئەو هەڵوێستەی حکومەتی تورکیای بۆ رۆژنامەنووسان روونکردەوەو جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکێتی هەمیشە باجی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی داوە.

ئامادەکردنی: یەکەی هەواڵ و راپۆرت
دوای گەیشتنەوەی خۆیو خانەوادەکەی بۆ سلێمانی، به‌هرۆز گه‌ڵاڵی نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌توركیا، هەر لە فڕۆکەخانەی سلێمانی له ‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: «ماوه‌ی زیاتر له‌ 17 ساڵه‌ وه‌كو نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌توركیا كارده‌كه‌م، له‌و ماوه‌یه‌دا توانراوه‌ كاری باشبكرێت له ‌پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كوردو توركیا، باكوورو باشووری کوردستان و هەروەک لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ حزبه‌ سیاسییه‌كانی باكووردا».
گەڵاڵی سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بەرامبەر ئەم هەڵوێستە زبرە دیپلۆماسییەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەو وتی:»هه‌ره‌چه‌نده‌ له‌ ماوه‌ی ئەو 17 ساڵە‌دا چه‌ندینجار قه‌یران و تەنگژە هەبووەو رووداوی جیاجیا روویداوە له ‌په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێم و توركیا، به‌ڵام هیچ كات به‌و شێوه‌ نه‌بووە‌ كه‌ رێوشوێنی له‌و جۆره‌ به‌رامبه‌ر به ‌نوێنه‌ری یه‌كێتی یان هیچ لایه‌نێكی تر بگیرێتەبەر».
سه‌باره‌ت بە رووداوی ناردنه‌وه‌شی بۆ هه‌رێمی كوردستان، گه‌ڵاڵی وتی: «پێش چه‌ند رۆژێك له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیاوە ئاگاداریان كردمه‌وه‌ كه‌ رووداوێك له ‌سنووری دەسەڵاتی یه‌كێتیدا روویداوه‌و ئەوانی نیگه‌ران كردووە»، بەڵام دواتر كاره‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئۆفیسی یه‌كێتی له ‌ئه‌نقه‌ره‌ دابخرێت و تا ئه‌و كێشه‌یه‌ش چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ توركیا».
کێشەیەک هەیە پەیوەندیی بە یەکێتییەوە نییە
گەڵالێ هەروەها روونیکردەوە کە ئه‌و كێشه‌ سیاسییانه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌ سلێمانی و له‌ ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كاندا له‌نێوان یه‌كێتی و توركیادا دروستبووه‌، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به ‌ته‌نیا به‌یه‌كێتییەوە نییه‌، به‌ڵكو زیاتر هه‌ڵه‌ی خۆیان بووه‌، به‌ڵام توركیا ئه‌و بڕیاره‌یاندا کە من بگه‌ڕێمه‌وه‌و ئۆفیسه‌كه‌م دابخه‌م، ‌تائه‌وكاته‌ی ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. 
به‌ڵام وتی: من لێره‌دا ناوه‌ڕۆكی كێشه‌كان باسناكه‌م هه‌تا ئه‌وكاته‌ی له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیدا كۆده‌بمه‌وه»‌.

غیابی رۆڵی سەرۆک مام جەلال
لەبەشێکی دیکەی روونکردنەوەکانیدا کە لەو کۆنگرە رۆژنامەنووسییەدا هات، نوێنەرەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا  کە توركیا زۆر به‌ ئاشكرا دیاره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمدا نییه‌، به‌ڵام چه‌ند كه‌س‌و لایه‌نێك هه‌ن له‌ هه‌رێم خۆیان له‌وه‌ تێناگه‌یه‌نن و وا خۆیان نیشان ده‌ده‌ن كه‌ هه‌موو وڵاتان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمدان، به‌ڵام ئه‌وه‌تا وانییه‌.
راشیگه‌یاند: له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی توركیادا پێموتن: « له‌په‌یوه‌ندیی سیاسی‌و دیپلۆماسیی نێوان وڵاتاندا زۆرجار رووداوی هاوشێوه‌ رووده‌دات، هه‌روه‌ها ساڵی 2003ش كه‌ سه‌ربازانی توركیا لێره‌ بوون‌و ئه‌مریكییه‌كان هێرشیان كرده‌ سه‌ریان هه‌مان بڕیاریاندا، به‌ڵام به‌ هیممه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ركرا. 
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هه‌ندێك وڵات به‌هێمنی و به‌شێوه‌یه‌كی دیپلۆماسی ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌داخه‌وه‌ توركه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی نه‌گونجاو هه‌ڵوێستیان نواند.
گه‌ڵاڵی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: یه‌كێتی خاوه‌نی ئه‌ركی نیشتمانیانه‌ی خۆیه‌تی و هه‌وڵه‌كانی خۆی هه‌میشه‌ داوه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بێت، له‌هه‌مانكاتیشدا له‌ سنووری خۆمان واتا سنووری یه‌كێتی پێویسته‌ بارودۆخه‌كه‌ وای لێنه‌یه‌ت تا ده‌وڵه‌ت و لایه‌نانی تر كاری له‌ مشێوه‌یه‌مان به‌رامبه‌ر بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی حساب بۆ داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت.

پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ حزبەکانی باکوور
روونیشیكرده‌وه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ هه‌ده‌په‌و په‌كه‌كه‌و زۆربه‌ی حزبه‌ كوردییه‌كانی كوردستانی باكوور په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزه‌و له‌ هه‌موو خۆشی و ناخۆشییه‌كدا به‌شداریمان كردووه‌و له‌كاتی ده‌ستگیركردنی سه‌ركرده‌كانیاندا سه‌ردانمان كردون و به‌ ناوی سه‌رۆك مام جه‌لال و یه‌كێتیشه‌وه‌ هه‌ڵوێستمان هه‌بووه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ش كاریگه‌رن بۆ ئه‌وه‌ی توركیا به‌وشێوه‌یه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كێتی بجوڵێته‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی له‌ 2004وه‌ كه‌ پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌ستی پێكردووه‌، هه‌تا رۆژی نه‌خۆشكه‌وتنه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال زۆر به‌باشی هه‌وڵی ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسه‌ ئاشتیه‌ی له‌ توركیا هاته‌ئاراوه‌ گه‌شه‌ بكات و به‌ره‌وپێش بچێت و سیاسه‌تێكی كوردستانیانه‌ی هه‌بێت.
«باکوور بۆ کورد وەک میسر وایە بۆ عەرەب»
وتیشی: نابێت ئه‌وه‌ له‌یاد بكه‌ین كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال هه‌میشه‌ به‌ ئێمه‌ی ده‌وت، بیرتان بێت «كوردستانی باكوور بۆ کورد وەک میسر وایە بۆ عه‌ره‌ب»، ئه‌گه‌ر ئه‌وێ باش نه‌بێت، كوردستانی باشووریش باش نابێت. هه‌ربۆیه‌ ئێستاش ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتی راسته‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیا وه‌كو پێویست په‌یوه‌ندیمان باش نییه‌، به‌ڵام ناتوانین ملیۆنان كوردی باكوور فه‌رامۆش بكه‌ین، ئێمه‌ هه‌موو كات له‌پشتیان ده‌بین و له‌هه‌وڵ و هیممه‌ته‌كانمان ناوه‌ستین.
بۆ نوێنەرایەتی حزبەکان، بەڵام حکومەت نا؟
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش کە بۆچی تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم نوێنه‌ری نییه‌ ته‌نیا حزبه‌كان نوێنه‌رایەتیان هه‌یه‌، گه‌ڵاڵی رایگەیاند: من وه‌كو خۆم چه‌ند جارێك سه‌ردانی لایه‌نه‌كانی توركیام كردووه‌و هه‌وڵمانداوه‌ حكومه‌تی هه‌رێم نوێنه‌ری هه‌بێت، رازی نه‌بوون، دڵنیاشم ئه‌گه‌ر دایبنێن ناهێڵن نوێنه‌ره‌كه‌ له‌سه‌ر لیستی یه‌كێتی بێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵێوراوانی خه‌ڵاته‌كانی فیفا زه‌ بێسته‌كان به‌ بردنه‌وه‌ی جام و نازناو دیاریی ده‌كرێن یان ئاستی هونه‌ری؟ 25/9/2017
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP