ئێران: دامه‌زراوه‌كانی‌ پیتاندنی‌ یۆرانیۆم ده‌خه‌ینه‌وه‌گه‌ڕ
«له‌به‌رانبه‌ر پێشێلكردنی‌ رێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌یه‌» ئێران: دامه‌زراوه‌كانی‌ پیتاندنی‌ یۆرانیۆم ده‌خه‌ینه‌وه‌گه‌ڕ ‌ 28/8/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان
عه‌لی‌ ئه‌كبه‌ر ساڵحی‌ سه‌رۆكی‌ رێكخراوی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ ئێران ده‌ڵێت، وڵاته‌كه‌ی‌ ته‌نیا پێنج رۆژی‌ به‌سه‌ تا به‌رهه‌می‌ پیتاندنی‌ یۆرانیۆم زیادبكات، ئه‌وه‌ش به‌ وه‌ڵامێكی‌ تری‌ ئێرانی‌ بۆ ئه‌و سزایانه‌ داده‌نرێت كه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا ئه‌مریكا به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك كه‌سێتی‌ و دامه‌زراوه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ سه‌پاندی‌. 
ئاژانسی‌ «ئه‌سۆشێتد پرێس»ی‌ ئه‌مریكایی‌ له‌ زاری‌ ساڵحییه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ته‌نیا پێویستی‌ به‌ پێنج رۆژه‌ تا پیتاندنی‌ یۆرانیۆم به‌ رێژه‌ی‌ 20% زیادبكات كه‌ لێوه‌ی‌ ده‌توانێت چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌ دروست بكات، به‌ تایبه‌تیش له‌ دامه‌زراوه‌ی‌ «فوردۆ»ی‌ ئه‌تۆمی‌ وڵاته‌كه‌.   
به‌پێی‌ ئاژانسه‌ ئه‌مریكاییه‌كه‌، ئه‌و لێدوانانه‌ی‌ ساڵحی‌ له‌ڕێی‌ ته‌له‌ڤیزیۆنی‌ فه‌رمی‌ حكومه‌تی‌ ئێرانییه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، و وڵامێكی‌ تر بوون بۆ هه‌ڕه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكایی‌ ئه‌مریكا كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ رێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ 2015 كردبوو. 
ساڵحی‌ رایگه‌یاندبوو»هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ حه‌سه‌ن روحانی‌ له‌ په‌رله‌مان، له‌باره‌ی‌ پێشێلكردنی‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ له‌لایه‌ن ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ و هۆشدارییه‌كی‌ بێ‌ بنه‌ما نین، به‌ڵكو پشت به‌و پاغشخانانه‌ ده‌به‌ستن كه‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ سه‌رۆكدا هه‌ن». 
به‌ وته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ رێكخراوی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ ئێران»سه‌رۆك روحانی‌ و ته‌واوی‌ به‌رپرسان ئاگارداریی‌ ته‌واوی‌ ئه‌و چالاكیانه‌ن كه‌ رێكخراوی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆم ئه‌نجامیان ده‌دات، ئه‌ركی‌ سه‌رشانمانه‌ له‌بارۆه‌ی‌ هه‌موو چالاكییه‌كانه‌وه‌ گه‌وره‌ به‌رپرسان ئاگاداربكه‌ینه‌وه‌ و ئاماده‌كاریی‌ خۆمان رابگه‌یه‌نین، تا له‌كاتی‌ پێویستدا بڕیار بده‌ن»، سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌كانی‌ حه‌سه‌ن روحانیش، ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر پشتبه‌ستن به‌و ئاماده‌كارییانه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ئێستادا ره‌خساون.  
وه‌ك عه‌لی‌ ئه‌كبه‌ر ساڵحی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات»پارێزگاریی‌ له‌ دامه‌زراوه‌ی‌ فوردۆ له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی‌ رێكه‌وتنی‌ ئه‌تۆمییه‌، له‌كاتێكدا ئه‌وان داوای‌ له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و داخستنیان ده‌كرد». 

سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌ ئێران 
به‌رنامه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ ئێران له‌ ساڵانی‌ په‌نجای‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو به‌ یارمه‌تی‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان وه‌ك به‌شێك له‌ به‌رنامه‌ی‌ «ئه‌تۆم له‌پێناو ئاشتی‌» ده‌ستیپێكرد و ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌ته‌كانی‌ ئه‌وروپای‌ خۆرئاوا  به‌شدارییان له‌و به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌ی‌ ئێراندا كرد. 
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ 1979 شۆڕشی‌ ئێرانی‌ حوكمڕانی‌ شای‌ روخاند له‌و وڵاته‌، روحوڵڵا موسه‌وی‌ خومه‌ینی‌ فه‌رمانی‌ كرد به‌رنامه‌ی‌ توێژینه‌وه‌ نهێنییه‌كانی‌ چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌؟، چونكه‌ ئه‌و چه‌كانه‌ به‌پێی‌ «ئاكار و فقهی‌ ئیسلامی‌» قه‌ده‌غه‌كراون، به‌ڵام رێگه‌یدا توێژینه‌وه‌ی‌ بچوك له‌ چوارچێوه‌ی‌ وزه‌ ئه‌تۆمییه‌كان ئه‌نجامبدرێت و بواریدا به‌رنامه‌كه‌ له‌كاتی‌ جه‌نگی‌ ئێران- عیراق بخرێته‌وه‌گه‌ڕ. 
به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌ ئێران له‌پاش مردنی‌ روحوڵڵا خومه‌ینی‌ له‌ ساڵی‌ 1989 به‌شێوه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ فراوانكرا و چه‌ند شوێنێك بۆ توێژینه‌وه‌ ئه‌تۆمییه‌كان كرانه‌وه‌ له‌ ئێران، له‌وانه‌ دوو كانی‌ یۆرانیۆم و دامه‌زراوه‌ی‌ توێژینه‌وه‌ و به‌شی‌ چاره‌سه‌كردنی‌ یۆرانیۆم كه‌ سێ‌ وێستگه‌ ناسراوه‌كه‌ی‌ پیتاندنی‌ یۆرانیۆنی‌ له‌خۆده‌گرت.
خواستی‌ په‌ره‌پێدانی‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، تا هات زیادی‌ كرد و گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ خۆرئاوای‌ دركی‌ به‌ مه‌ترسی‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ كرد كه‌ پیچیوابوو كۆماریی‌ ئیسلامی‌ لێوه‌ی‌ ده‌یه‌وێت چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌ دروست بكات. 
چه‌ند جارێك خۆرئاواییه‌كان هۆشدارییان دایه‌ ئێران تا ده‌ستبه‌رداریی‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌ ببێت، به‌ڵام بێ‌ سود بوو تا ده‌ره‌نجام چه‌ندان سزایان به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌دا سه‌پاند و سزاكانیش بونه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ كۆماریی‌ ئیسلامی‌ شه‌كه‌ت بكه‌ن. 
له‌ مانگی‌ ته‌مموزی‌ 2015، وڵاته‌ زلهێزه‌كان له‌گه‌ڵ ئێراندا گه‌یشته‌ رێكه‌وتنێك بۆ راگرتنی‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كی‌ و له‌به‌رانبه‌ر راگرتنی‌ به‌رنامه‌كه‌شدا، به‌ڵێندرا ئه‌و سزایانه‌ی‌ پێشتر به‌سه‌ر تاراندا سه‌پێنرابوون، هه‌ڵبگیرێن. 

ئێران: ئه‌مریكا رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ پێشێل ده‌كات
پێشتر حه‌سه‌ن روحانی‌ سه‌رۆكی‌ ئێران ، هۆشداریدایه‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌باره‌ی‌ پێشێلكردنی‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ و جه‌ختی‌ له‌سه‌ر وه‌ڵامی‌ هاوشێوه‌ كرده‌وه‌ له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌یه‌وه‌. 
قسه‌كانی‌ روحانی‌ دوای‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكا بوو سه‌باره‌ت به‌ سه‌پاندنی‌ سزای‌ نوێ‌ به‌سه‌ر تاران.
حه‌سه‌ن روحانی‌ له‌پاش ده‌نگدانی‌ كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ر سه‌پاندنی‌ سزای‌ نوێ‌ به‌سه‌ر تاراندا رایگه‌یاندبوو، وڵاته‌كه‌ی‌ وه‌ڵامی‌ هه‌ر پێشێلكردنێكی‌ ئه‌مریكایی‌ ده‌داته‌وه‌ بۆ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌. 
به‌پێی‌ قسه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ ئێران كه‌ له‌ میانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ كردبوونی‌ «ئه‌گه‌ر بێت و دوژمن به‌شێك له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ پێشێل بكات، یان ئه‌گه‌ر ته‌واوی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ پێشێل بكات، هه‌مان هه‌ڵوێست ده‌گرینه‌به‌ر». 
عه‌باس عیراقچی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێرانیش رایگه‌یاندبوو:»هه‌ڵسوكه‌وتی‌ كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكایی‌، به‌ هه‌ڵسوكه‌وتێكی‌ دوژمنكارانه‌ی‌ روون دژ به‌ كۆماریی‌ ئیسلامی‌ ئێران داده‌نرێت». 
به‌ وته‌ی‌ عیراقچی‌، سزاكان ده‌كرێت كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێبكردنی‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ دروست بكه‌ن، و سوده‌كانی‌ ئێران له‌و رێككه‌وتنه‌دا كه‌مبكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و خاڵانه‌دا یه‌كناگرنه‌وه‌ كه‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ نیازپاكییه‌وه‌ به‌ڵێنی‌ به‌ جێبه‌جێكردنیان دابوو. 
ئاژانسی‌ «ئیرنا»ی‌ ئێرانی‌ له‌ زاری‌ عیراقچییه‌وه‌ بڵاویكردبۆوه‌ ، «ئه‌وه‌ی‌ كۆنگرێس ده‌یكات له‌گه‌ڵ ئه‌و پابه‌ندبوونانه‌دا یه‌كناگرێته‌وه‌ و به‌ ته‌ئكیدیش ئێران وه‌ڵامی‌ ده‌بێت».   
په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان تاران واشنتۆن له‌پاش بوونی‌ دۆناڵد تره‌مپ به‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا له‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2017، به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو روویان له‌ ئاڵۆزبوون كرد. 
كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكاش له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا، سه‌پاندنی‌ سزای‌ نوێی‌ به‌سه‌ر روسیا و كۆریای‌ باكوور و ئێراندا په‌سه‌ند كرد و ئه‌و سزایانه‌ی‌ به‌سه‌ر تارانیشدا سه‌پێنران، سوپای‌ پاسدارانی‌ ئه‌و وڵاته‌یان كردووه‌ته‌ ئامانج. 
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، عه‌لی‌ ئه‌كبه‌ر ولایه‌تی‌ راوێژكاری‌ رابه‌ری‌ باڵای‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ بۆ كاروباری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ رایگه‌یاندبوو، ئه‌و سزا نوێیانه‌ی‌ كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكایی‌ به‌سه‌ر ئێراندا په‌سه‌ندی‌ كرد، پێشێلكردنێكی‌ ئاشكرای‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌یه‌، ته‌ئكیدیشی‌ له‌سه‌ر وه‌ڵامی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی‌ كۆماریی‌ ئیسلامی‌ كردبۆوه‌ به‌رانبه‌ر به‌و هه‌نگاوه‌ كه‌ به‌ «رێوشوێنێكی‌ دوژمنكارانه‌» وه‌سفی‌ كردبوو. 
 هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ولایه‌تی‌ به‌ ئاژانسی‌ «میهری‌» وڵاته‌كه‌ی‌ راگه‌یاندبوو، «گومانی‌ تێدا نییه‌ حكومه‌تی‌ ئێران و به‌ تایبه‌ت لیژنه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌، رێوشوێنی‌ پێویست بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و پێشێلكردنه‌ ئاشكرایه‌، ده‌گرنه‌به‌ر». 
له‌و ده‌مه‌دا راوێژكاری‌ رابه‌ری‌ باڵای‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ بۆ كاروباری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، رایگه‌یاندبوو»بڕیاری‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ پێویست به‌رانبه‌ر به‌ سه‌پاندنی‌ سزای‌ نوێ‌ به‌سه‌ر ئێراندا، له‌پاش تاوتوێكردنێكی‌ ته‌واوه‌تی‌ ده‌رده‌چێت». 
 پێشتر وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو، كاركردن بۆ سوككردنی‌ سزاكانی‌ سه‌ر ئێران درێژده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌ی‌ نێوان ئێران و زلهێزه‌كانی‌ جیهان له‌ ساڵی‌ 2015دا ئیمزاكرابوو، وێڕای‌ ره‌خنه‌كانی‌ سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی‌ له‌سه‌رده‌می‌ باراك ئۆبامای‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ ئه‌مریكادا به‌ئه‌نجام گه‌یشت. 
له‌به‌رانبه‌ردا، وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو، سزای‌ نوێ‌ به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئێران و كۆمپانیا چینییه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌ پرۆگرانی‌ بالیستی‌ ئێرانیدا ده‌سه‌پێنێت. 
له‌ مانگی‌ ئایاری‌ رابردوو، ستیوارت جۆنز گه‌وره‌ دیپلۆماتكاریی‌ ئه‌مریكایی‌ له‌ ئیداره‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست رایگه‌یاندبوو، ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی‌ سزاكانی‌ سه‌ر ئێران. 
جۆنز باسی‌ له‌وه‌شكردبوو، وه‌زاره‌تی‌ خه‌زێنه‌ی‌ ئه‌مریكایی‌ سزای‌ نوێ‌ به‌سه‌ر تاكه‌كان و ئه‌و كۆمپانیاییانه‌دا ده‌سه‌پێنێت كه‌ یارمه‌تی‌ پرۆگرامه‌ بالیستییه‌كانی‌ ئێرانیان داوه‌، وێڕای‌ ئاماژه‌كردن به‌ پێشێلكارییه‌كانی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌و وڵاته‌. 
به‌ وته‌ی‌ جۆنز، ئێران به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی‌ بۆ ده‌ستخستنی‌ ته‌كنه‌لۆجیای‌ ئه‌و موشه‌كانه‌ی‌ توانای‌ هه‌ڵگرتنی‌ چه‌كی‌ ئه‌تۆمییان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ پێشێلكردنێكی‌ روونی‌ بڕیاره‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ داده‌نرێت. 
گه‌وره‌ دیپلۆماتكاری‌ ئه‌مریكایی‌ له‌ ئیداره‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ش كردبووه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ وڵاته‌كه‌یدا ده‌یانخاته‌گه‌ڕ بۆ «زامنكردنی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ ئێران».


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵێوراوانی خه‌ڵاته‌كانی فیفا زه‌ بێسته‌كان به‌ بردنه‌وه‌ی جام و نازناو دیاریی ده‌كرێن یان ئاستی هونه‌ری؟ 25/9/2017
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP