مێركل یان مێركل
ئەڵمانیا بڕیار دەدات مێركل یان مێركل ‌ 28/8/2017
٢٤ ی مانگی ئەیلول لە ئەڵمانیا هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی دەكرێت و تیایدا زیاتر لە ٣٠ پارت و لایەنی سیاسی ململانێی یەكدی دەكەن بۆ هێنانی زیاترین كورسی لە كۆی ٦٣٠ كورسی پەرلەمان Bundestag دا، حزبە گەورەكان هەر یەكەیان كاندیدی خۆیان دیاریكردوە بۆ پۆستی ڕاوێژكار و خاتوو ئەنجێلا مێركل بۆ جاری چوارەم لەسەر یەك خۆی هەڵبژاردۆتەوە و دەیەوێت دیسان ببێتەوە بە راوێژكار.
هەر مێركل دەیباتەوە
لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی دی ڤێڵت لە وتارێكدا نوسیویەتی، بە داخەوە دیارە ئەڵمانیا نیازی گۆڕینی ڕاوێژكاری نییە و ئاماژەكان وا نیشان دەدەن كە هەر مێركل ئەو پۆستە وەردەگرێتەوە، سەردانی ئەو ژنە سیاسەتمەدارە بۆ ٥٠ شار و شارۆچكەی ئەڵمانیا تا وادەی هەڵبژاردنەكە و روونكردنەوە و بانگەشە بۆ هەڵوێستەكانی خۆی و پارتەكەی لە كێشە و قەیرانە دەرەكییەكان و پرسە ناوخۆییەكان و پشتیوانیكردنی لە لایەن زۆرینەی ڕای گشتی و میدیا و راگەیاندن و قسەكانی ئەمدواییەی كە وتویەتی، هەر چەندە ١٢ساڵە دەسەڵاتم بە دەستە بەڵام مەیلی زیاترم هەیە بۆ پیادەكردنی سیاسەتی پارتەكەم پارتی دیموكراتی كریستیان، ئەمانە هەمووی ئاماژەی ئەوە نیشان دەدەن كە بەخت یاوەریەتی و دەبێتەوە بە راوێژكار.
هەمیشە لە پێشەوەن
جگە لەوەش هەموو راپرسیەكانی ئەمدواییە لەسەر ئەو پرسە ئەوە دەردەخەن كە پارتی سۆسیال دیموكرات SPD و كاندیدەكەیان «مارتن شۆڵز» رێژەی ٢٢-٢٥٪ بەدەستدێنێ و هاوپەیمانێتی پارێزگارەكانیش كە پێكهاتوە لە یەكێتی كۆمەڵایەتی كریستیان  CSUو یەكێتی دیموكراتی كریستیان CDU بە رابەرایەتی مێركل ٣٨-٤٠٪ دێنێ و بەو پێیەش وەك خولی ڕابردوو ١٤- ١٨ خاڵ لە پێشەوەیە.
شۆڵز كۆل نادات
بەڵام توێژینەوەیەكی ڕۆژنامەی فرانكفۆرتە ئەلگێماینەتسایتۆنگ ئەوی بەیان كردوە كە زۆرینەی بەشدارانی ڕاپرسیەك جارێ بڕیاریان نەداوە لە نێوانی ئەو دوو پارتە گەورەیەدا دەنگ بە كامەیان بدەن، ئەمەش لە بەرژەوەندی سۆسیالدیموكراتەكان و «شۆڵز» دایە، بۆیە ئەو كاندیدە لەو ماوەیەی دواییدا ئاشكرایكردوە كە بەختی زۆرە و تا كۆتایی بەردەوام دەبێ و هەرگیز كۆڵ نادات بۆ بەدەستهێنانی پۆستی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا.
بە تەمای سەركەوتنن
جگە لەوەش سۆسیالدیموكراتەكان باوەڕیان بە خۆیان پتەوە كە ئەمجارە دەنگی باش دەهێنن و ئەو پۆستەیان بە نسیب دەبێت، بۆیە ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە ئەگەر دەنگی زۆربێنن و لە ناو پێكهاتەی حكومەتدا بن وەك ئێستا ئەوا وڵاتەكە خێر و بێر بە خۆیەوە دەبینێ و هەوڵی ئارامكردنەوەی دونیاش دەدەن.
هاوكێشەكە دەگۆڕن
جگە لەم دوانەش، ژمارەیەك پارتی تر لە ریزبەندەكانی پێشەوەن و رێی تێدەچێت لە هاوپەیمانێتی ناو حكومەتدا بەشداری بكەن، لەوانە پارتی لیبرالی ئازاد FDP و پارتی سەوز و Grüne چەپەكان Linke و پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا AFD.
سۆسیالدیموكرات
 دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن
سەرۆكی ئیمنستیتۆی ئەنسا تایبەت بە ڕاپرسیەكان لە دیدارێكی ڕۆژنامەی بێڵد ئەوەی ئاشكرا كردوە كە پارتەكەی مێركل دەیباتەوە و زۆرینەی كورسیەكان بەدەست دێنێت، بەڵام سۆسیالدیموكرات نابێتەوە هێزی دوەم و لیبرالەكان جێیان دەگرنەوە، بۆیە لیبرال هاوپەیمانێتی لەگەڵ كریستیانەكان دروست دەكا و حكومەت پێكدەهێنن، سۆسیالدیموكرات دەبێتەوە بە ئۆپۆزیسیۆن و پارتی جێگرەوەش بۆ یەكەمین جار لە مێژووی ئەڵمانیا و دوای سێ ساڵ تێپەڕبون بەسە دروستبونیاندا لە ناو پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ كورسی بە دەست دێنن و دەبنە خاوەنی فراكسیۆنێكی تایبەت بە خۆیان كە نوێنەرایەتی هەموو ڕاستڕەو ونازیپەرستەكان دەكەن.
نەیارەكانیشی وادەڵین
ئەلیس فایدل سەرۆكی پارتی جیگرەوە بۆ ئەڵمانیا Afd كەسایەتی هەرە راستڕەو و دوژمنی هەرە سەرسەختی سیاسەتی مێركل بۆ ڕۆژنامەی بەرلینەزایتۆنگ وتویەتی، ئەوان هەموو توانایەكی خۆیان بەكاردەهێنن بۆ تێكدانی ئەو هاوپەیمانێتییەی ئێستا و جێ لەقكردن بە مێركل، بەڵام ئەو راستییەی خستۆتەڕوو كە ئەو ژنە بەختی زۆرە و لەوانەیە لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.
ئەنجێلا مێركل دەمێنێتەوە
زۆربەی كەناڵە میدیایی ودەزگا راپرسیەكان پێشبینی ئەوە دەكەن كە سەرەنجام هەر هاوپەیمانێتی پارێزگارەكان بە سەرۆكایەتی مێركل دەچێتەوە ڕێزبەندی یەكەم و هەر خاتوو مێركلیش ڕاوێژكاری داهاتووی ئەڵمانیایە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵێوراوانی خه‌ڵاته‌كانی فیفا زه‌ بێسته‌كان به‌ بردنه‌وه‌ی جام و نازناو دیاریی ده‌كرێن یان ئاستی هونه‌ری؟ 25/9/2017
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP