په‌رله‌مانتارانی‌ یه‌كێتی‌: كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان
په‌رله‌مانتارانی‌ یه‌كێتی‌: كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان ‌ 29/8/2017
راپۆرتی‌/ عوسمان ئه‌بوبه‌كر
كه‌ناڵی‌ گه‌لی‌ كوردستان

ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ داوای‌ به‌په‌له‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌كه‌ن‌و جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستیی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ كاره‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ  ده‌ركردنی‌ یاسای‌ ریفراندۆم‌و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش به‌شداربن‌و هیچ حزب‌و لایه‌نێك فه‌رامۆش نه‌كرێت.

هه‌موو هێزه‌كان تێیدا به‌شداربن
ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایده‌گه‌یه‌نن: ده‌بێ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كارا بكرێته‌وه‌و بكه‌وێته‌وه‌ سه‌ر سكه‌ی‌ خۆی‌‌و ئیش‌و كاره‌كانی‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ له‌كارخراوه‌، ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن: كه‌ نه‌نگییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌، كوردستانی‌ خاوه‌ن په‌رله‌مان په‌رله‌مانه‌كه‌ی‌ نا كارابێت‌و كه‌س ده‌وامی‌ تێدا ناكات.
گه‌شه‌ دارا حه‌فید په‌رله‌مانتاری‌ كوردستان له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی‌ گه‌لی‌ كوردستان رایگه‌یاند: كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان به‌ڕای‌ من پێویسته‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان تێیدا به‌شداربن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئیستقرارێكی‌ سیاسیی له‌ كوردستاندا بێته‌ ئاراوه‌ و ئه‌و ئیستقراره‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ چاككردن‌و بڕیاردان له‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر بژێوی‌ خه‌ڵك، له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانه‌كان، له‌سه‌ر خۆ ئاماده‌كردن بۆ پڕۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ نوێ‌و خولێكی‌ نوێی ژیانێكی‌ تری‌ په‌رله‌مانی‌ كه‌ وه‌كو ئه‌م خوله‌ی‌ ئێستا نه‌بێت.
«بڕیاری‌ پاشه‌كه‌وتكردنی‌ مووچه‌ به‌لایه‌كدا بخرێت»
هاوكات سالار مه‌حمود په‌رله‌مانتار له‌ فراکسیۆنی‌ ی.ن.ك بیروڕای‌ خۆی‌ به‌و جۆره‌ خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌گه‌ر بێتو په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌وان وه‌كو په‌رله‌مانتاران ده‌توانن بڕیاری‌ پاشه‌كه‌وتكردنی‌ مووچه‌ به‌لایه‌كدا بخەن كه‌ بێگومان له‌ سوودو به‌رژه‌وه‌ندیی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك‌و توێژی مووچه‌خۆران ده‌بێت له‌ كوردستاندا، ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی‌ كوردستان كارا نه‌بێته‌وه‌، رۆژی‌ 25ی‌ مانگی‌ ئه‌یلول ریفراندۆم بكرێت، ئه‌وا ئه‌و پڕۆسه‌ی‌ ریفراندۆمه‌ شه‌رعیه‌تی‌ قانوونی‌‌و سیاسیی وه‌رناگرێت، چونكه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێویستیی به‌یاسایه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، پێویستیی به‌ چه‌سپاندنی‌ ئه‌نجامه‌كه‌یه‌تی‌ له‌ په‌رله‌مان، پرسی ریفراندۆم پێویستیی به‌ كۆده‌نگی‌ نیشتمانیی پێش وه‌خته‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ وا ئه‌كات به‌پێویستیی بزانین هه‌نگاوی‌ جددی بنێین بۆ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین به‌ كۆی گشتیی په‌رله‌مانی‌ كوردستان كارا بكرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش رووینه‌دا ئه‌وا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ كۆی ده‌نگی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بڕیار له‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بدات، فراكسیۆنه‌كه‌ی‌ به‌رچاو روونی‌ بداتێ له‌باره‌ی‌ میكانیزمی‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان.
ململانێ نا جۆره‌كانی‌ پێش دوو ساڵ له‌ كوردستان‌و  گرفتی‌ پۆسته‌ یه‌كلا نه‌بووه‌كان‌و هه‌وڵه‌كانی‌ په‌رله‌مانتاران بۆ ده‌ركردنی‌ یاسای‌ پێویست بۆ ئه‌و پۆستانه‌، دواجار ئه‌وه‌ی‌ هه‌شبوو له‌ده‌ستدراو كوردستان‌و په‌رله‌مانه‌كه‌ی‌ كڵۆم دراوه‌و ئه‌بێت هه‌وڵی‌ جددی بدرێت بۆ كاراكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی‌ نوێنه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌و ده‌بێت له‌وێ بڕیار‌ لە چاره‌نووس‌و ئاینده‌ی‌ خه‌ڵك‌و كوردستان‌ بدرێت.
هێزه‌ سیاسییه‌كان كۆده‌نگ ببنه‌وه‌
له‌و باره‌یه‌وه‌ گه‌شه‌ حه‌فید وتی‌: تێكچوونی‌ باری‌ بژێوی‌ خه‌ڵك‌و دروستبوونی‌ قه‌یرانی‌ دارایی ئه‌وانه‌ هه‌مووی‌ پێویستیی به‌وه‌یه‌ كه‌ جارێكی‌ تر هێزه‌ سیاسییه‌كان كۆده‌نگ ببنه‌وه و‌ نزیك بكه‌ونه‌وه‌ له‌یه‌كتر، ته‌وافوقێك دروست ببێته‌وه‌، ته‌وافوقێك به‌ مانای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌نگاو بنرێت بۆ ژیانێكی‌ سیاسیی‌و ئۆقره‌یی نوێ كه‌ جیاواز له‌م دوو ساڵه‌ی‌ رابردوو، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ دوو ساڵی‌ رابردوو ناتوانرێت ناو بنرێت ژیانی‌ سیاسیی ته‌وافوقی‌، به‌ڵكو ته‌نیا پێكدادان‌و گرژیی‌و ئاڵۆزیی ‌و پێكدا هه‌ڵچوونی‌ یه‌كتری‌ بوو، بێگومان له‌وه‌ش كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان زه‌ره‌رمه‌ندی‌ یه‌كه‌م بوون‌، به‌ڵام پێویسته‌ رێكه‌وتنێكی‌ وا هه‌بێت كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پێوه‌ی‌ پابه‌ندبێت كه‌ جارێكی‌ تر جورئه‌ت نه‌كه‌ن رووداوووی‌ نه‌خوازراوی‌ له‌و شێوه‌یه‌ دووباره‌ بێته‌وه‌ و ده‌ستدرێژیی نه‌كرێته‌ سه‌ر هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ ده‌ستووریی‌و یاسایی‌و شه‌رعی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان.

شه‌رعیه‌تی‌ یاسایی‌و ده‌ستووری‌ 
سالار مه‌حمودیش رایگه‌یاند: په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر ریفراندۆم بكرێت ئه‌وا شه‌رعیه‌تی‌ قانوونی‌ ‌و سیاسیی پێ بدرێت، چونكه‌ به‌بێ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، شه‌رعیه‌تی‌ یاسایی‌و ده‌ستووری‌ نابێت، جگه‌ له‌وه‌ش ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتارانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان وه‌ك هه‌ڵبژێردراو و متمانه‌ پێكراوی‌ خه‌ڵك بڕیار له‌ چاككردنی‌ بژێوی‌ خه‌ڵك بده‌ین، هه‌روه‌ها بڕیار له‌ سیستمی‌ سیاسیی له‌ كوردستاندا بده‌ین كه‌ سیستمێكی‌ په‌رله‌مانی‌ بێت. واته‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ كه‌ له‌به‌رده‌ستماندا ماوه‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان پێویسته‌ كارا ببێته‌وه‌، ئه‌گینا به‌مجۆره‌ هه‌ق نییه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان قایل بن بۆ چوونه‌ نێو هه‌ڵبژاردنێكی‌ نوێ، به‌لیستی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌رانێك، كه‌ پڕه‌ له‌ ده‌نگی‌ دووباره‌، پڕه‌ له‌ ده‌نگی‌ وه‌همی‌، پڕه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك سلبیات كه‌ ناتوانێت گره‌نتی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ بێگه‌ردو خاوێن له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ئاینده‌ بكات، له‌به‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ گرنگ‌و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم پێكبێن له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان له‌به‌ر خاتری‌ خه‌ڵك.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوكات له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ په‌رله‌مان به‌زووترین كات‌و به‌بێ مه‌رج كارا بكرێته‌وه‌، تا چه‌ترێكی‌ یاسایی به‌ باڵای‌ ریفراندۆم دا بكات كه‌ له‌ رێكه‌وتی‌ 25 /9/ 2017 له‌ كوردستانی‌ باشوور به‌ڕێوه‌دەچێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵێوراوانی خه‌ڵاته‌كانی فیفا زه‌ بێسته‌كان به‌ بردنه‌وه‌ی جام و نازناو دیاریی ده‌كرێن یان ئاستی هونه‌ری؟ 25/9/2017
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP