ئاماژه‌كانی دوای شه‌ڕی‌ ته‌له‌عفه‌ر
ئاماژه‌كانی دوای شه‌ڕی‌ ته‌له‌عفه‌ر ‌ 31/8/2017
راپۆرت : سه‌ڵاح ره‌نجده‌ر
دوای هه‌فته‌یه‌ك له‌ هه‌ڵمه‌تی‌ چڕو فراوانی سوپا‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق به‌ پاڵپشتی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی هێزی ئاسمانیی هاوپه‌یمانان، سه‌ره‌نجام هێزه‌كانی گروپی تیرۆریستی داعش شكستیان هێناو رۆژی 27ی ئاب فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكرنی ته‌له‌عفه‌ر كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م گه‌ڕه‌كه‌كانی شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ری راگه‌یاند.
شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر ناوه‌ندی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر 22 گوند له‌ خۆده‌گرێت‌و ژماره‌ی دانیشتووانی 205 هه‌زار كه‌سه‌ كه‌ له‌ توركمانی شیعه‌و سوننه‌و كوردو عه‌ره‌ب پێكهاتوون. ته‌له‌عفه‌ر ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاوای شاری موسڵ به‌ دووری 70 كیلۆمه‌تر‌و نزیكه‌ی 38 كیلۆمه‌تریش له‌ سنووری رۆژهه‌ڵاتی سوریاوه‌ دووره‌.

پانۆڕامای رووداوه‌كانی ته‌له‌عفه‌ر
 - دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی داعش ده‌ستیان به‌ سه‌ر شاری موسڵدا گرت له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌15 ی حوزه‌یرانی ساڵی 2014 دا په‌لاماری شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ریان دا‌و دوای شه‌ڕ‌و پێكدادانێكی كورتخایه‌ن، هێزه‌كانی سوپای عیراق پاشه‌كشه‌یان كرد‌و شاره‌كه‌ كه‌وته‌ ده‌ستی تیرۆریستانی داعشه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌شه‌وه‌ به‌ سه‌دان كه‌س له‌ دانیشتووانی شیعه‌ مه‌زهه‌ب‌و كورد‌و پێكهاته‌كانی دیكه‌، دووچاری كوشتن‌و راوه‌دوونان بوون‌و به‌ هه‌زاران كه‌سیش موڵك‌و ماڵی خۆیان به‌ جێهێشت‌و ئاواره‌ی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوون.
- له‌ رۆژی 20ی ئابی  2017 دا، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران‌و فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئازادكردنی ته‌له‌عفه‌ری له‌ ژێر ناوی (قادمون یا تلعفر) راگه‌یاند.
- رۆژانی 21‌و 22ی ئاب هێزه‌ عیراقییه‌كان گونده‌كانی رۆژئاوای شاره‌كه‌یان ئازاد كرد‌و ناحیه‌ی (محلبیه‌) یان گه‌مارۆدا.
- رۆژانی 23‌و 24ی ئاب هێزه‌كانی عیراق گونده‌كانی باشووری محلبیه‌ یان ئازاد كرد‌و دواتر چوونه‌ ناو شاره‌كه‌‌و  هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی (حی الكفاح) و (حی التنك) یان له‌ ناوجه‌رگه‌ی ته‌له‌عفه‌ر ئازاد كرد.
- رۆژانی 25 تا 27ی ئاب قه‌ڵای ته‌له‌عفه‌ر‌و  سه‌رجه‌م گه‌ڕه‌كه‌كان له‌لایه‌ن سوپا‌و دژه‌ تیرۆر‌و هه‌ردوو لیوای 11‌و 29ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ ئازادكران. له‌ ئێستاشدا پرۆسه‌ی راوه‌دوونانی چه‌كدارانی داعش له‌ ده‌وروبه‌ری (عیاضیه‌)‌و گوند‌و شارۆچكه‌كانی ناوچه‌كه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌. 

ئاماژه‌كانی دوای ته‌له‌عفه‌ر
له‌ سه‌ر‌وبه‌ندی ئازادكردنی ته‌له‌عفه‌ردا، چاودێران‌و ناوه‌نده‌ سیاسییه‌ ئیقلیمی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی ململانێی مه‌زهه‌بی‌و ئیتنی‌و شه‌ڕی ئه‌هلی له‌ ته‌له‌عفه‌ر‌و ناوچه‌كانی ده‌ور‌وبه‌ری ده‌كه‌ن، هه‌ندێك له‌ ناوه‌نده‌ سوننیه‌ ناوخۆیی‌و ئیقلیمییه‌كان پێشبینی به‌رپابوونی هه‌ڵمه‌تی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌و هۆز‌و بنه‌ماڵه‌ سوننیانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ساڵی 2014 دا هاوكاری داعشیان كردووه‌‌و ده‌ستیان له‌ كوشتن‌و راوه‌دونانی شیعه‌كاندا بووه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێشتا رێگه‌ به‌ زۆربه‌ی ئاواره‌كانی پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین‌و دیاله‌‌و ئه‌نبار نه‌دراوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر موڵك‌و ماڵی خۆیان، چ جای ئاواره‌كانی ته‌له‌عفه‌ر كه‌ ململانێی مه‌زهه‌بی توند له‌ نێوان بنه‌ماڵه‌كانی ئه‌و شاره‌دا هه‌یه‌. هه‌رچی به‌ره‌ی توركمانیشه‌ داوا ده‌كات ته‌له‌عفه‌ر له‌ نه‌خشه‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عیراق ده‌ركرێت‌و رێگه‌ به‌ كورد نه‌درێت ده‌ستكاری ناسنامه‌ی توركمانێتی ته‌له‌عفه‌ر بكات، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ خودی توركمانه‌كانی شاره‌كه‌ به‌ سه‌ر دوو مه‌زهه‌بی ناكۆكی شیعه‌و سوننه‌دا دابه‌شبوون. هێزه‌ سوننیه‌كان ئێران به‌ هه‌وڵدان بۆ به‌كارهێنانی ته‌له‌عفه‌ر وه‌كو پردی په‌ڕینه‌وه‌ بۆ سوریاو ته‌واوكردنی هیلالی شیعی تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ چه‌ندین په‌رله‌مانتار‌و كه‌سایه‌تی ناو لایه‌نه‌ شیعییه‌كان هۆشداری سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردانی‌ توركیا‌و هه‌وڵدان بۆ ده‌رباز كردنی سه‌ركرده‌ هه‌ڵاتووه‌كانی داعش ده‌ده‌نه‌ حكومه‌تی عیراق.
رێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ دوای 3 ساڵ له‌ ته‌له‌عفه‌ر وه‌ده‌رنرا‌و له‌ دوای خۆیشیه‌وه‌ چه‌ندین پرسیار‌و دڵەڕاوكێی به‌جێهێشتوه‌ كه‌ تا ئێستا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ روون نین‌و قه‌زای حه‌ویجه‌‌و چه‌ندین شارۆچكه‌‌و گوندی پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین‌و ئه‌نباریش له‌ چاوه‌ڕوانی شه‌ڕ‌و پێكدادانی خوێناویدا ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌مان ترس‌و دڵه‌ڕاوكێكانی ته‌له‌عفه‌ریان تێدا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵێوراوانی خه‌ڵاته‌كانی فیفا زه‌ بێسته‌كان به‌ بردنه‌وه‌ی جام و نازناو دیاریی ده‌كرێن یان ئاستی هونه‌ری؟ 25/9/2017
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP