په‌رله‌مانتاران: كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان پێویست و گرنگە
په‌رله‌مانتاران: كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان پێویست و گرنگە ‌ 13/9/2017
دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ نزیكه‌ی‌ دوو ساڵ به‌سه‌ر په‌كخستنی‌ په‌رله‌مان‌و ده‌رنه‌كردنی‌ هیچ یاسا‌و بڕیارێك له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا، بڕیاردراوه‌ رۆژی‌ 14/9 په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌و هه‌نگاوه‌ گرنگه‌ش په‌رله‌مانتاران له‌فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌هۆكاری گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سه‌روه‌ریی یاسا‌و باشكردنی ژیان‌و گوزه‌رانی‌ هاووڵاتیان، ده‌ده‌نه‌ قه‌ڵه‌م.
كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان رۆڵێكی‌ گرنگی‌ ده‌بێت بۆ باشكردنی‌ ئه‌م بارودۆخه‌
ته‌لار له‌تیف ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌كوردستانی‌ نوێی راگه‌یاند: به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی‌ كوردستان رۆڵێكی‌ گرنگی‌ ده‌بێت بۆ باشكردنی‌ ئه‌م بارودۆخه‌‌و گوزه‌رانی خه‌ڵك، له‌سه‌رووی‌ هه‌مووشیانه‌وه‌ نه‌هێشتنی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران، جگه‌له‌وه‌ش ده‌بێته‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی یاسا بۆ هه‌رێمی كوردستان.
كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك گرنگه‌
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكی دیكه‌ گرنگه‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كارابكرێته‌وه‌، ئه‌وانیش كار بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم بكات‌و بتوانێت یاسای‌ پێویست ده‌ربكات، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و یاسا‌و بڕیارانه‌ی‌ په‌یوه‌ندییان به‌چاكسازییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ پێشتر كراوه‌ ته‌نیا له‌چوارچێوه‌ی‌ قسه‌‌و گفتوگۆدا بووه‌‌و له‌سه‌رووی‌ ئه‌مانه‌شه‌وه‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌بێته‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ چاودێر له‌سه‌ر حكومه‌ت‌و دانانی‌ سنوورێك بۆ هه‌موو ئه‌و پێشێلكارییه‌ یاساییانه‌ی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كراون، له‌گه‌ڵ بانگهێشتكردن‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌وه‌زیره‌كانی‌ حكومه‌ت؛ ئه‌وانه‌ی‌ هۆكارن بۆ دروستبوونی‌ قه‌یران‌و كێشه‌كان، ئه‌مانه‌ هه‌موو كاری په‌رله‌مانه‌ كه‌ ده‌توانرێ له‌گه‌ڵ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌ماندا ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنیان بكرێت، وتیشی: له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وام بوو و هه‌وڵه‌كانیشی به‌و ئاراسته‌یه‌ بوو هیچ لایه‌نێك په‌راوێزنه‌خرێت له‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانداو هه‌مووان به‌شداریی پێ بكرێت، كه‌ هیوادارین ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ر به‌هه‌مووان بگات‌و هه‌رێمی كوردستان له‌م بارودۆخه‌ رزگاری ببێت.
17 یاسا‌و 28 بڕیار
به‌پێی زانیارییه‌كان «به‌هۆی‌ په‌كخستنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ خولی چواره‌م به‌راورد به‌خوله‌كانی‌ رابردوو كه‌مترین یاسا‌و بڕیاری‌ تێدا ده‌ركراوه‌، به‌جۆرێك ئه‌م خوله‌ ته‌نها 17 یاسا‌و 28 بڕیاری‌ ده‌ركردووه‌». به‌وته‌ی‌ په‌رله‌مانتاران په‌كخستنی په‌رله‌مان كاریگه‌ریی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر كێشه‌ ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌بووه‌.
پاڵپشتیی‌ په‌رله‌مان زۆر گرنگه‌
لای خۆیشییه‌وه‌، شیرین حوسنی‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌فراكسیۆنی‌ پارتی‌، بۆ كوردستانی‌ نوێ، وتی‌: ئێستا زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ر له‌ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم كارابكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ی پاڵپشتیی‌ په‌رله‌مان زۆر گرنگه‌ بۆ ریفراندۆم، كه‌ پرسێكی‌ چاره‌نووسساز‌و نیشتمانییه‌، بۆیه‌ هیوادارین سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به‌شداربن له‌كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا‌و وتیشی: په‌رله‌مان وه‌ك باڵاترین ده‌زگای شه‌رعی له‌هه‌ر وڵاتێكدا زۆر پێویست‌و گرنگه‌، به‌تایبه‌تی‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ پێویستی‌ به‌ده‌ركردنی‌ بڕیار‌و یاسا هه‌یه‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا‌و له‌پێناوی چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كاندا.
هیوادارین كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌نجامێكیان هه‌بێت له‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا بێت
به‌پێی وته‌ی عادل عه‌زیز ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنی‌ گۆڕان، «نه‌بوونی‌ په‌رله‌مان، بۆشاییه‌كی‌ یاسایی گه‌وره‌ دروست ده‌كات، بۆیه‌ گرنگه‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ست به‌كاره‌كانی‌ خۆی بكاته‌وه‌، چونكه‌ یه‌كێكه‌ له‌ده‌زگا شه‌رعییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان»‌و وتیشی: بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پێنج خاڵی ده‌ستنیشانكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شداربین له‌كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌ماندا، كه‌ هیوادارین ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی له‌م كاتانه‌دا ده‌كرێن ئه‌نجامێكیان هه‌بێت له‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا.
له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ كوردستانی‌ نوێ، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان په‌كنه‌خرایه‌، ئه‌و كێشانه‌ی‌ ئێستا هه‌رێمی كوردستانی گیرۆده‌كردووه‌، به‌و جۆره‌ نه‌ده‌بوو.
په‌رله‌مان سێ كاری زۆر گرنگی‌ هه‌یه‌
له‌سه‌ر هه‌مان پرس‌و گرنگیی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، شوكریه‌ سمایل ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان له‌فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ، ئه‌وه‌ی ئاماژه‌پێكرد «كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان گرنگییه‌كی‌ زۆری هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌وڕوانگه‌یه‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مان سێ كاری زۆر گرنگی‌ هه‌یه‌، دانانی‌ یاسا‌و چاودێریی كردنی‌ كاره‌كانی‌ حكومه‌ت‌و په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌ی‌ ساڵانه‌»، بۆیه‌ هه‌ر وڵاتێك په‌رله‌مانی نه‌بێت‌و كارانه‌بێت ئه‌و وڵاته‌ په‌كی‌ ده‌كه‌وێت، جێگه‌ی داخیشه‌ ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ دوو ساڵه‌ ئه‌و ده‌زگا گرنگه‌ په‌كخراوه‌‌و به‌هۆی له‌كارخستنیشی چه‌ندین بڕیار ده‌ركراوه‌ له‌وانه‌ پاشه‌كه‌وتی‌ مووچه‌، كه‌ كاریگه‌ریی خراپی به‌جێهێشتووه‌، هه‌روه‌ها له‌و ماوه‌یه‌دا حكومه‌ت هه‌ر كارێكی كردبێت لێپرسینه‌وه‌ نه‌كراوه‌، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌شدا له‌په‌رله‌مانی كوردستان كارنه‌كراوه‌ بۆ په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی‌ ساڵانه‌، ئه‌وه‌شی كراوه‌ ته‌نیا كاری رۆتینی‌ رۆژانه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كان بووه‌و وه‌ك وه‌زیره‌كانیش ئاماژه‌یان پێكردووه‌ «به‌هۆی نه‌بوونی‌ بودجه‌یه‌كی‌ دیاریكراوه‌وه‌ ناتوانن هیچ پێشكه‌وتنێك له‌وه‌زاره‌ته‌كانیاندا بكه‌ن».
ده‌بوو زووتر بڕیاری كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بدرایه‌
بۆ هه‌مان پرس، نیعمه‌ت عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كوردستان ئه‌وه‌ی‌ به‌كوردستانی‌ نوێ وت: په‌كخستنی‌ په‌رله‌مان هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا كاریگه‌ریی خراپی بۆ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی‌ كوردستان دروستكرد، ده‌بوو زووتر بڕیاری كاراكردنه‌وه‌ی بدرایه‌، چونكه‌ په‌رله‌مان ده‌زگایه‌كی‌ شه‌رعیی گرنگه‌‌و ناكرێ كوردستان بێ په‌رله‌مان بێت، بۆیه‌ ئێستاش ده‌بێت ئه‌وله‌ویه‌ت بدرێت به‌كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی‌ پرسی ریفراندۆم چوارچێوه‌یه‌كی‌ یاسایی وه‌ربگرێت‌و پاشانیش به‌رده‌وام بێت. ئه‌وه‌شی وت: بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان رێڕه‌وی‌ خۆی وه‌ربگرێت پێویسته‌ له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌ست به‌كاره‌كانی‌ بكاته‌وه‌ كه‌ په‌كی‌ خراوه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ته‌نیا له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان رێكنه‌كه‌ون، به‌ڵكو له‌سه‌ر چۆنێتی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ كاره‌كانی‌ په‌رله‌مانیش رێكبكه‌ون‌و هه‌موو هه‌نگاوه‌كان به‌به‌رنامه‌‌و له‌چوارچێوه‌ی‌ یاسادا بێت.
رێككه‌وتنێكی‌ كۆنكرێتی‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا بكرێت
راشیگه‌یاند: ئه‌وه‌ی‌ له‌كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان گرنگتره‌، دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و هۆكارانه‌یه‌ كه‌ بوونه‌هۆی‌ په‌كخستنی‌ په‌رله‌مان، بۆیه‌ پێویسته‌ متمانه‌ی‌ ته‌واو له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دروست ببێت‌و رێككه‌وتنێكی‌ كۆنكرێتی‌ له‌نێوانیاندا بكرێت، تا جارێكیتر په‌رله‌مان په‌كی‌ نه‌كه‌وێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر متمانه‌ نه‌بێت مه‌ترسیی هه‌یه‌ جارێكی‌ تر كێشه‌ی گه‌وره‌تر رووبداته‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵێوراوانی خه‌ڵاته‌كانی فیفا زه‌ بێسته‌كان به‌ بردنه‌وه‌ی جام و نازناو دیاریی ده‌كرێن یان ئاستی هونه‌ری؟ 25/9/2017
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP