چین و ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان
چین و ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان ‌ 21/9/2017
ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

رۆژنامه‌ی « گه‌لی» چینی،‌رۆژنامه‌یه‌کی فه‌رمیه‌و گوزارشت له‌ سیاسه‌تی حکومه‌تی چین ده‌کات،  راپۆرتێکی له‌سه‌ر ریفراندۆمی کوردستان بڵاوکردۆته‌وه‌ تێیدا شرۆڤه‌یه‌کی سیاسییانه‌ی بۆ ئه‌م پرسه‌و کاریگه‌ری له‌سه‌‌ر هه‌رێم و عیراق و ناوچه‌که‌ خستۆته‌ روو. ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ پێی وایه‌، ئه‌م ریفراندۆمه‌ ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی کێشه‌ی نوێ له‌ناوچه‌که‌، چونکه‌ پرسی کورد په‌یوه‌ندی به‌چه‌ند ده‌وڵه‌تێکی ناوچه‌که‌وه‌ هه‌یه‌.له‌هه‌مانکاتیشدا پێی وایه‌، له‌ئێستادا ریفراندۆم له‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورد له‌ عیراقدا نییه‌. من لێره‌دا پێمباشبوو پوخته‌ی راپۆرته‌که‌ بخه‌مه‌ ڕوو،بۆئه‌وه‌ی له‌نزیکه‌وه‌ ئاگاداری هه‌ڵوێستی  وڵاتی چین بین له‌به‌رامبه‌ر پرسی ریفراندۆم. 

1/5 رووبه‌ری گشتی عیراق ده‌گرێته‌وه‌
 له‌ سه‌ره‌تای  راپۆرته‌که‌دا هاتووه‌: ریفراندۆمه‌که‌ پارێزگاکانی « هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک و که‌رکووکیش ده‌گرێته‌وه‌» ئه‌مه‌ش ده‌گاته‌ نزیکه‌ی 1/5 کۆی گشتی رووبه‌ری عیراقه‌، جگه‌له‌وه‌ش له‌م ناوچایه‌دا گه‌وره‌ترین و گرنگترین کێڵگه‌ی نه‌وتی عیراقی تێدایه‌. هه‌روه‌ها  کۆی گشتی ژماره‌ی دانیشتوانه‌ی هه‌رێمه‌که‌ ده‌گاته‌ 5 ملیۆن که‌س. 

ئێران  هه‌ڕه‌شه‌ ده‌کات
دواتر رۆژنامه‌که‌ درێژه‌ به‌ راپۆرته‌که‌ی ده‌دات و ده‌ڵێت: گه‌لی کورد نزیکه‌ی 25 ملیۆن که‌سێک ده‌بن و به‌سه‌ر  وڵاتانی تورکیا که‌ زۆریه‌نه‌ی کوردی تێدا ده‌ژی، له‌گه‌ڵ ئێران و سوریا و عیراق دابه‌شبوون.  دواتریش ده‌ڵێت: ئه‌م ریفراندۆمه‌ کاریگه‌ری به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ ده‌بێت، هه‌ربۆیه‌ ره‌حیم سه‌فه‌ویی راوێژکاری  سه‌ربازی عه‌لی خامه‌نئی رابه‌ری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگه‌یاند: ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی کێشه‌و ئاژاوه‌ له‌عیراق  وته‌واوی ناوچه‌که‌ و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ مایه‌یه‌ ئه‌وه‌ی که‌ هێزه‌ بیانییه‌کان ده‌ست بخه‌نه‌ ناو کاورباری ناوچه‌که‌و هه‌ژموونی خۆیان به‌سه‌ر ناوچکه‌دا بسه‌پێنن.
کاریگه‌رییه‌کانی به‌سه‌ر ناوچه‌که‌
دواتر رۆژنامه‌که‌ باس له‌ کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌م ریفراندنۆمه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و عیراق وناوچه‌که‌ کردووه‌و که‌ له‌ سێ خاڵدا باسیکردووه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌:

یه‌که‌م: کاریگه‌ری به‌سه‌ر ئارامی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین ده‌بێت
رۆژنامه‌که‌ له‌باره‌ی کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌م ریفراندۆمه‌وه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌که‌ ده‌ڵێت: گه‌ر ریفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان بکرێت، ئه‌وا یه‌کسه‌ر هانی کورده‌کانی تورکیا و سوریاو ئێرانیش ده‌دات، که‌ ریفراندۆم بکه‌ن و له‌و وڵاتانه‌ جیاببنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی که‌مبوونه‌وه‌ی هه‌ستی نیشتمانی له‌و وڵاتانه‌و  ناوچه‌که‌ به‌ره‌‌و دابه‌شبون و له‌سه‌ر بنه‌مای ئێتنی  وتایه‌فی  ده‌بات، له‌کاتێکدا ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ کۆمه‌ڵێک نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌بی جیاواز دروستبوون، هه‌رله‌به‌رئه‌مه‌شه‌ زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ دژی پرۆسه‌ی ریفراندۆمی کوردستانی عیراقن.

دووه‌م: ریفراندۆم ده‌بێته‌ هه‌لێک بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی تیرۆر
له‌خاڵی دووه‌مدا ده‌ڵێت: له‌پاش داگیرکردنی به‌شێکی زۆری خاکی عیراق  و سوریا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ساڵی 2014، دواتریش هێزه‌ کوردییه‌کان توانیان رووبه‌روی داعش ببنه‌وه‌و به‌شێکی زۆری ئه‌و ناوچانه‌ داگیربکه‌ن، که‌ جگه‌ له‌کورد، عه‌ره‌بی سوونه‌ و شیعه‌ و تورکمانی تێدا ده‌ژی. ده‌شڵێت: گه‌ر کورده‌کان  له‌ عیراق جیاببنه‌وه‌، ئه‌وا دووباره‌ عه‌ره‌به‌ سوونه‌کان  که‌ پێشتر هه‌واداری سه‌دام حسێن بوون، ناچارده‌بن هانا بۆ هێزی ده‌ره‌کی ببنه‌وه‌، به‌دڵنییایه‌ گرووپه‌ تیرۆریسته‌کانی داعش  و قاعیده‌ باوه‌شیان بۆده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌مانیش یارمه‌تی ئه‌و گروپانه‌ ده‌ده‌ن، به‌مه‌ش دووباره‌ ناوچه‌که‌ ده‌بێته‌وه‌ مه‌یدانێکی گه‌وره‌ بۆ جه‌نگی گرووپه‌ تیرۆریسته‌کان و به‌مشێویه‌ش ئه‌و گرووپانه‌ به‌هێز ده‌بن. ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه‌ که‌ داعش به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت.

سێهه‌م: له‌به‌رژه‌وه‌ندی کوردا نییه‌
له‌ خاڵی سێهه‌م و کۆتاییدا رۆژنامه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌و ده‌ڵێت: ئه‌م ریفراندۆمه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی کوردا نییه‌، چونکه‌ به‌شێکی زۆری داهاتی هه‌رێمه‌که‌ له‌سه‌ر نه‌وت به‌ستراوه‌، ئه‌مانیش هیچ ده‌روازه‌یه‌کی ئاوییان  نییه‌ له‌سه‌ر ده‌ریا تاوه‌کو نه‌وته‌که‌یان بنێرنه‌ بازاڕه‌کانی ده‌ره‌وه‌. له‌کاتێکدا  ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ سنووره‌کانیان دابخه‌ن، ئه‌وکاته‌ هه‌رێم تووشی کێشه‌ی ئابووری گه‌وره‌ ده‌بێت، چونکه‌ جگه‌ له‌ نه‌وت هیچ داهاتێکی ئابووری تری نییه‌. 
ده‌شێڵت: به‌گشتی ریفراندۆمه‌که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی کورده‌کانی عیراق نییه‌، جگه‌له‌وه‌ش ئه‌م ریفراندۆمه‌ ده‌بێته‌ هۆی ته‌قینه‌وه‌ی  کێشه‌کانی ناوچه‌که‌ و رۆژهه‌ڵاتی ناڤین، له‌بنه‌ڕه‌تیشدا‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئارام نییه‌ و کێشه‌ی زۆری تێدایه‌.

سه‌ر‌چاوه‌:الانصاتت المرکزی. العدد. 6724. 19-9-2017


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP