سه‌رۆكی‌ سوریا له‌ یه‌كلایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ جه‌نگه‌كه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌
وڵاتێكی‌ وێران و ئابورییه‌كی‌ ماندوو چاوه‌ڕوانی‌ ده‌كات سه‌رۆكی‌ سوریا له‌ یه‌كلایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ جه‌نگه‌كه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ ‌ 22/9/2017
ره‌وته‌كان- 
به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی‌ سوریا له‌ یه‌كلایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ جه‌نگی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ و ریسی‌ نه‌یاره‌كانی‌ ده‌كاته‌ خوری‌ كه‌ پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سه‌ركه‌وتووبوون له‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ پشتیوانییه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ فراوان له‌پێناو داواكارییه‌كانیان كه‌ یه‌كێكیان ده‌ستهه‌ڵگرتنی‌ ئه‌سه‌د بوو له‌ حوكمڕانی‌ ئه‌و وڵاته‌، ئه‌سه‌د وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ئێستادا سه‌رۆكی‌ وڵاتێكی‌ وێران و ئابورییه‌كی‌ مانووه‌، به‌ڵام گره‌وی‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ كرد و مایه‌وه‌. 
ئارۆن لۆند پسپۆڕ له‌ كاروباری‌ سوریا له‌ دامه‌زراوه‌ی‌ «سانچۆری‌» بۆ توێژینه‌وه‌ به‌ ئاژانسی‌ فرانس پرێسی‌ راگه‌یاندووه‌: «ئه‌سه‌د ده‌ستی‌ به‌سه‌ر به‌شی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ی‌ خاكی‌ سوریادا گرتووه‌ كه‌ زۆرترین چڕی‌ دانیشتوانی‌ تێدایه‌، بۆیه‌ له‌و بڕوایه‌دام به‌رده‌وام بێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌و به‌شه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ سوریا». 
لۆند پێیوایه‌»جه‌نگ به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌سه‌د له‌ڕووی‌ ستراتیژییه‌وه‌ توانی‌ ئه‌وانه‌ تێكبشكێنێت كه‌ ده‌یانویست بیڕوخێنن، به‌ده‌ر له‌ هه‌ندێك دۆخی‌ ناچاوه‌ڕوانكراو، پێشبینی‌ ده‌كه‌م حكومه‌تی‌ سوریا قۆناغ به‌ فۆناغ هه‌موو به‌شه‌كانی‌ تری‌ وڵاته‌كه‌ كۆنترۆڵ بكاته‌وه‌». 
له‌ڕووی‌ مه‌یدانییه‌وه‌،پشتیگیری‌ و پشتیوانی‌ روسیا و ئێران، رۆڵی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان هه‌بوو له‌ شكاندنه‌وه‌ی‌ پارسه‌نگی‌ هێز به‌لای‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سوریا. دوای‌ زنجیره‌یه‌ك سه‌ركه‌وتنی‌ مه‌یدانی‌ كه‌ گرنگترینیان كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ ته‌واوه‌تی‌ شاری‌ حه‌ڵه‌ب (باكوور) و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ به‌شێكی‌ فراوانی‌ بادیه‌ی‌ سوریا و شكاندنی‌ گه‌مارۆی‌ سه‌ر شاری‌ دێر ئه‌لزور بوو له‌ خۆرهه‌ڵات، سوپای‌ سوریا له‌ئێستادا زیاتر له‌ نیوه‌ی‌ خاكی‌ سوریای‌ خستووه‌ته‌ ژێر كۆنترۆڵی‌ خۆیه‌وه‌.
به‌ وته‌ی‌ فابرێس باڵانس پسپۆڕ له‌ جوگرافیای‌ سوریا،»له‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ هێزه‌ حكومییه‌كان، زیاتر له‌ سێ‌ یه‌كی‌ دانیشتوان نیشته‌جێن، هاوكات كورده‌كان 23%ی‌ خاكی‌ سوریایان كۆنترۆڵ كردووه‌» . 
له‌به‌رانبه‌ردا، لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن و ده‌سته‌ی‌ ته‌حریری‌ شام (له‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان و به‌ره‌ی‌ نوسره‌ی‌ پێشوو پێكدێت)، جگه‌ له‌ 12%ی‌ خاكی‌ سوریایان له‌ده‌ستدا نه‌ماوه‌. ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامیش (داعش) به‌ وته‌ی‌ بڵانش له‌ كه‌مبوونه‌وه‌دایه‌ و ته‌نیا 15%ی‌ خاكی‌ سوریا پێكده‌هێنێت. 

پێگه‌ی‌ هێز 
له‌ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا، ستیڤان دی‌ مستۆرا نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ سوریا پرسیاری‌ ئه‌وه‌ی‌ كرد كه‌ «ئایا حكومه‌تی‌ سوریا ئاماده‌یه‌ له‌پاش رزگاركردنی‌ دێر ئه‌لزور و ره‌قه‌ دانوستان بكات، یان پشت ده‌كاته‌ دانوستان و ته‌نیا ئاڵای‌ سه‌ركه‌وتن به‌رزده‌كاته‌وه‌؟»، «ئایا ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت یه‌كبگرێت و واقعی‌ بێت و درك به‌وه‌ بكات كه‌ له‌ جه‌نگه‌كه‌دا براوه‌ نابێت؟». 
لێدوانه‌كانی‌ دی‌ مستۆرا، ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریای‌ توڕه‌ كرد و ده‌ستبه‌جێ‌ له‌ڕێی‌ نه‌سر حه‌ریری‌ سه‌رۆكی‌ وه‌فدی‌ دانوستانكاره‌وه‌ بۆ جنڤێڤه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ لێدوانه‌كان «مایه‌ی‌ شۆك و بێئومێدی‌ بوون»،داواكاریی‌ رۆیشتنی‌ به‌شار ئه‌سه‌دیشی‌ دووپاتكرده‌وه‌. 
به‌ڵام ئه‌و داواكارییه‌ وه‌ك رابردوو سه‌رنجڕاكێش نه‌ماوه‌، له‌كاتێكدا حكومه‌تی‌ سوریا له‌ پێگه‌یه‌كی‌ زۆر به‌هێزدایه‌، دوای‌ نزیكه‌ی‌ شه‌ش ساڵ له‌ ناكۆكییه‌كی‌ خوێناوی‌.
ئاینده‌ی‌ سه‌رۆكی‌ سوریا، ئاسته‌نگێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ نێوان حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا دروست كردبوو له‌ هه‌موو خوله‌كانی‌ دانوستان له‌ جنێڤ كه‌ له‌ ساڵی‌ 2014وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ چه‌سپاندنی‌ ئاشتی‌ و دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ر بوو بۆ ته‌نگژه‌كانی‌ ئێستای‌ ئه‌و وڵاته‌.   
دیمه‌شق هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ی‌ له‌سه‌ر مێزی‌ دانوستانه‌كان ره‌تكرده‌وه‌ و له‌ئێستاشدا زۆر به‌دوورده‌زانرێت ئه‌و خواسته‌ قبوڵ بكات. 
هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌ به‌شار ئه‌سه‌د له‌ئێستادا گرنگترین شاره‌كانی‌ سوریای‌ كۆنترۆڵ كردووه‌ و هێزێكی‌ ئاگرینی‌ به‌هێزی‌ له‌ده‌ستدایه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ڕێی‌ ئه‌و پشتیوانییه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ له‌لایه‌ن روسیا و ئێرانی‌ هاوپه‌یمانییه‌وه‌ لێیده‌كرێت. 
مه‌ها یه‌حیا به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ «كارنیگی‌» بۆ تنوێژنه‌وه‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست به‌ فرانس پرێسی‌ راگه‌یاندبوو»نازانم (ئه‌سه‌د) سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت یان نا، به‌ڵام به‌ته‌ئكید توانی‌ هێز و توانای‌ خۆی‌ په‌یدا بكاته‌وه‌». 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێت: «به‌ڵام به‌ راشكاوی‌، ئه‌و ده‌ست به‌سه‌ر وڵاتێكی‌ ته‌واو ێرانه‌دا ده‌گرێت، بۆیه‌ نازانم سه‌ركه‌وتن له‌جه‌نگێكی‌ وه‌هادا چ مانایه‌ك ده‌به‌خشێت، سوریایه‌كی‌ سه‌قامگیر له‌ ئاینده‌دا به‌دی‌ ناكه‌م». 
شرۆڤه‌كارانی‌ تر پێیانوایه‌، رژێم فشه‌ڵه‌ له‌ وڵاتێكدا كه‌ دابه‌شبونێكی‌ قوڵ به‌خۆوه‌ده‌بینێت. 
تۆما بێیر پسپۆڕ له‌ كاروباری‌ سوریا له‌ زانكۆی‌ ئه‌ده‌نبره‌ ده‌ڵێت»ئه‌سه‌د بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دوورو درێژ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌مێنێته‌وه‌..به‌ڵام ئه‌گه‌رێكی‌ گه‌وره‌یه‌ هه‌یه‌ بزوتنه‌وه‌ یاخیبووه‌ چه‌كداره‌كان به‌رده‌وامبن». 
به‌ وته‌ی‌ بێیر»ئه‌و بزوتنه‌وه‌ چه‌كدارانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ راسته‌وخۆ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوه‌ندی‌ دروست ناكه‌ن، به‌ڵامخ ده‌كرێت رژێمێكی‌ لاواز بهێننه‌ له‌رزه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ئابوری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و دیموگرافی‌». 

ئابورییه‌كی‌ لاواز 
جه‌نگی‌ سوریا كاولكارییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ ژێرخانی‌ ئابوری‌ ئه‌و وڵاته‌دا دروست كرد كه‌ به‌ كوژرانی‌ زیاتر له‌ 330 هه‌زار كه‌س مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، وێڕای‌ ئاواره‌بوون و په‌ڕاگه‌نده‌بوونی‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی‌ دانیشتوان له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌. 
رێژه‌ی‌ بێكاریی‌ له‌ سوریا ده‌گاته‌ 50% و رێژه‌ی‌ هه‌ژاریش 85%. 
جیهاد یازجی‌ شرۆڤه‌كاری‌ ئابوری‌ و سه‌رنوسه‌ری‌ بڵاوكراوه‌ی‌ ئابوری‌ ئه‌لكترۆنی‌ «سیریا ریپۆرت»، پێشبینی‌ ده‌كات «له‌پاش پێشڕه‌وی‌ مه‌یدانی‌ سوپای‌ سوریا، كرانه‌وه‌یه‌كی‌ ئابوری‌ بۆ ماوه‌ی‌ 18 مانگ تا دوو ساڵ بێته‌ئارا، به‌و هۆیه‌ی‌ كه‌ كاره‌با له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی‌ دیتاریكراو چاكده‌كرێته‌وه‌ و ده‌توانرێت سه‌رله‌نوێ‌ پترۆڵ و غاز به‌رهه‌مبهێنرێن». 
یازجی‌ ده‌ڵێت: «به‌ڵام له‌سایه‌ی‌ دۆخی‌ ئێستادا، له‌وبڕوایه‌دانیم بتوانرێت پرۆسه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ده‌ستپێبكرێت، به‌هۆی‌ ئه‌و زیانه‌ گه‌ورانه‌ی‌ كه‌ به‌ر ئابوری‌ وڵاته‌كه‌ كه‌وتووه‌». 
بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ راپۆرتێكیدا كه‌ له‌ مانگی‌ ته‌مموزی‌ رابردوو بڵاویكرده‌وه‌، زیانه‌ ئابورییه‌كانی‌ سوریا به‌ 226 ملیار دۆلار به‌هۆی‌ جه‌نگه‌وه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كات. 
بانكه‌كانی‌ سوریا له‌ئێستادا ناتوانن سه‌رپه‌رشتی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بكه‌ن، به‌و هۆیه‌ی‌ به‌های‌ پشكه‌كانی‌ هه‌ر دوانزه‌ بانكه‌كه‌ی‌ سوریا ته‌نیا ده‌گاته‌ 3.5 ملیار دۆلار. به‌ هه‌مان شێوه‌ حه‌واڵكردنی‌ ره‌وه‌ند و په‌نابه‌رانیش له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ كه‌مه‌. 
لیره‌ی‌ سوری‌ به‌هۆی‌ جه‌نگه‌وه‌ 90%ی‌ به‌های‌ خۆی‌ له‌ده‌ستداوه‌ له‌به‌رانبه‌ر دۆلار، ئه‌وه‌ش وێنه‌ی‌ ئابورییه‌كی‌ مانوو ده‌خاته‌ڕوو به‌هۆی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ داهات و دابه‌زینی‌ ئاستی‌ یه‌ده‌گی‌ وڵاته‌كه‌ له‌ دراوی‌ بیانی‌. 
یازجی‌ رونیده‌كاته‌وه‌:»ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ وه‌ك وڵاتانی‌ كه‌نداو و یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا و بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كه‌ ده‌توانن ته‌مویلی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بكه‌ن، له‌ئێستادا به‌نیازنین ئه‌و كاره‌ بكه‌ن». 
بۆ بۆچوونی‌ شرۆڤه‌كاری‌ ئابوری‌ و سه‌رنوسه‌ری‌ بڵاوكراوه‌ی‌ ئابوری‌ ئه‌لكترۆنی‌ «سیریا ریپۆرت»، ئه‌و لایه‌نانه‌ ته‌مویلكردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سوریا ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ داوای‌ روخاندنیان كردووه‌ و به‌ پێشێلكردنی‌ مافی‌ مرۆڤ و ئه‌نجامدانی‌ تاوانی‌ جه‌نگ و به‌كارهێنانی‌ چه‌كی‌ كیمیایی‌ له‌ دژی‌ مه‌ده‌نییه‌كان (نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر كرده‌وه‌) تۆمه‌تباریی‌ ده‌كه‌ن. 
ناكۆكییه‌كان له‌ سوریا له‌پاش هه‌ڵایسانی‌ به‌ناو به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ ساڵی‌ 2011وه‌ له‌و وڵاته‌دا ده‌ستیپێكرد و زۆرێك له‌ ناوچه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ی‌ گرته‌وه‌. 
له‌ سه‌ره‌تاوه‌ داواكارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌ خۆیان نواند،به‌ڵام دواتر په‌ره‌یان سه‌ند و بونه‌ مایه‌ی‌ به‌رپابوونی‌ جه‌نگێكی‌ ئه‌هلی‌ خوێناوی‌. 
له‌سایه‌ی‌ دۆخی‌ پشێوی‌ وڵاته‌كه‌ش، زۆێك له‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان سه‌ریناهه‌ڵدا كه‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌ باڵی‌ سوریا (به‌ره‌ی‌ نوسره‌) و رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ (داعش) له‌نێوان ئه‌و گروپانه‌دا بوون و توانیان له‌ زۆرێك له‌ ناوچه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌دا جێ‌ پێی‌ خۆیان بكه‌نه‌وه‌، دواتر هه‌ر ئه‌و گروپه‌ توندڕه‌وانه‌ جگه‌ له‌ سوریا، هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییان له‌سه‌ر هه‌موو جیهان دروستكرد.  
به‌هۆی‌ جه‌نگ و ململانێ‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ سوریا، نزیكه‌ی‌ 330 هه‌زار كه‌س كوژراون و زیاتر له‌ نیوه‌ی‌ دانیشتوانی‌ وڵاته‌كه‌ش له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ئاوه‌ربوون. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP