ریفراندۆمی کوردستـان لــــه‌دیدی میدیای جیهانییه‌وه‌
ریفراندۆمی کوردستـان لــــه‌دیدی میدیای جیهانییه‌وه‌ ‌ 27/9/2017
ئاماده‌کردنی: ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

ته‌واوی جیهاندا ریفراندۆمه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان مایه‌ی گرنگی پێدان و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌رکردن بوو، هه‌ر‌ئه‌مه‌ش وایکرد که‌ به‌شێکی زۆری میدیاکانی جیهان، به‌گرنگییه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م ریفراندۆمه‌ بکه‌ن و راپۆرتی له‌سه‌ر بڵاوبکه‌نه‌وه‌. زۆربه‌شیان له‌و باوه‌ڕه‌دان، ئه‌م ریفراندۆمه‌ کاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هه‌رێم و ناوچه‌که‌ ده‌بێت.

عه‌بادی  گوێ به‌ ده‌رئه‌نجامی ریفراندۆم نادات
ئاژانسی بی بی سی به‌ریتانیا ماوه‌ی چه‌ند رۆژێکه‌ چه‌ندین راپۆرتی له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌که‌ و هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ بڵاوکردۆته‌وه‌، له‌دوایین راپۆرتیشدا باسی ده‌رئه‌نجامه‌کانی ئه‌م ریفراندۆمه‌ ده‌کات و ده‌ڵێت: هه‌ر له‌پاش ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زایرنی عیراق به‌ میدیاکانی راگه‌یاند: حکومه‌تی عیراقی هیچ دانوستانێک له‌باره‌ی ده‌رئه‌نجامی ریفراندۆمه‌که‌ی  کوردستان، له‌گه‌ڵ  حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ناکات و ئه‌و ریفراندۆمه‌که‌‌شی به‌کارێکی ناده‌ستووری وه‌سفکرد.  عه‌بادی راشیگه‌یاند: ده‌بێت به‌رپرسه‌کانی کوردستانی عیراق،  به‌رپرسیارێتی ئه‌م ریفراندۆمه‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆ، نه‌ک هاوڵاتییه‌ کورده‌کان. 

زۆربه‌ی کورده‌کان چاوه‌ڕوانی سه‌ربه‌خۆبوون ده‌که‌ن
رۆژنامه‌ی کوریێره‌ی نه‌مساوی له‌ راپۆرتێکدا به‌ناوی: زۆربه‌ی کورده‌کان  چاوه‌ڕوانی سه‌ربه‌خۆبوونن، باسی له‌ ریفراندۆمه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان کردووه‌و‌ ده‌ڵێت: کورده‌کانی عیراق تواناییان ریفراندۆمێکی مێژووی بکه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م کاره‌ش کاردانه‌وه‌ی توندی جیهانی لێکه‌وته‌وه‌، به‌ڵام کورده‌کان ریفراندۆمه‌که‌ی خۆیان ئه‌نجامدا. له‌ درێژه‌ی راپۆرته‌که‌شدا هاتووه‌: له‌ 90% ی کورده‌کان ده‌نگیان به‌سه‌ربه‌خۆبوون داوه‌و رێژه‌ی به‌شداربوونیش له‌م ریفراندۆمه‌ گه‌یشتۆته‌ 72% کۆی دانیشتوان. ده‌شڵێت: ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی به‌شداری پرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌یان کردووه‌ ده‌گاته‌ 3.3 ملیۆن که‌س. 

 ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی سه‌ربازی ده‌کات
گۆڤاری فۆکوسی ئه‌ڵمانیاش راپۆرتێکی له‌مباره‌یه‌وه‌ نووسیوه‌و ده‌ڵێت:  به‌پێی دوایین ده‌رئه‌نجامه‌کان بێت، ‌ کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان ئاشکرایکرد که‌ نزیکه‌ی 90% ی خه‌ڵكی هه‌رێمی کوردستان  ده‌نگی به‌ به‌ڵیێ بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌عیراق داوه‌. 

نه‌ته‌وه‌ی یه‌کگرتووه‌کان ترسی هه‌یه‌
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ فۆکوس لێدوانێکی  ئه‌نتۆنیۆ گوتێریسی سکرتێری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان وه‌رگرتووه‌ که‌ ده‌ڵێت:  ئه‌م ریفراندۆمه‌ ده‌بێته‌ هۆی درروسبوونی پشێوی له‌ناو‌چه‌که‌. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ گۆڤاره‌که‌ باسی هه‌ڵوێستی تورکیا ده‌کات ئه‌وه‌ش له‌زاری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆکی تورکیاوه‌، کاتێک هه‌ڕه‌شه‌ی به‌کارهێنانی هێرشی سه‌ربازیی و داخستنی ده‌روازه‌ سنووره‌یه‌کان و نه‌هێشتنی فرۆشتنی نه‌وتی کوردستان کردووه‌. 

ترس له‌ دروستبوونی کێشه‌ی نوێ 
گۆڤاری شپیگلی ئه‌ڵمانیاش راپۆرتێکی درێژی له‌مباره‌یه‌وه‌ نووسیوه‌و ده‌ڵێت: هه‌رچه‌نده‌ ده‌رئه‌نجامی کۆتایی ریفراندۆمه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستانی عیراق ده‌رنه‌که‌وتووه‌، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ترسیان له‌دروستبونی کێشه‌ و پشێویی نوێ له‌ناوچه‌که‌ هه‌یه‌. 

سته‌مکاری حکومه‌تی ناوه‌ند
له‌درێژه‌ی راپۆرته‌که‌ی شپیگلدا هاتو‌وه‌: ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ کورده‌کان خه‌ون به‌ سه‌ربه‌خۆبوونی وڵاته‌که‌یانه‌وه‌ ده‌بینن ، هۆکاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، که‌ ماوه‌یه‌کی زۆره‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تی ناوندی به‌غداوه‌ ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌، له‌کاتێکدا له‌دژیان گازی کیمیاوی به‌کارهێناوه‌ به‌تایبه‌تی له‌شاری هه‌ڵه‌بجه‌، جگه‌ له‌کوشتنی هه‌زارانی کوردی تر، به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می رژێمی سه‌دام حوسێندا، که‌ هه‌تاوه‌کو‌ ئێستاش خه‌ڵكی ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ تاڵانه‌یان له‌بیر ناچێته‌وه‌. 

کورده‌کان گوێ بۆ هه‌ڕه‌شه‌کان ناگرن
ئاژانسی رۆیته‌رزیش که‌له‌ ماوه‌ی پشوودا رۆژانه‌ راپۆرتی له‌مباره‌یه‌وه‌ بڵاوده‌کرده‌وه‌، راپۆرتێکی له‌ژێرناونیشانی « کورده‌کان گوێ بۆ ‌هه‌ڕه‌شه‌کان ناگرن و به‌رێژه‌یه‌کی زۆر به‌شداری ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌ن» له‌و راپۆرته‌دا  ده‌ڵێت: کورده‌کان هیچ گوێیان به‌ فشاره‌کانی به‌غداو هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیاو ئێران و هۆشدارییه‌کانی ده‌وڵه‌تانی جیهان نه‌گرت و به‌رێژه‌یه‌کی زۆر به‌شداری پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان  کرد. 

کاریگه‌ری به‌سه‌ر کورده‌کانی تره‌وه‌ هه‌یه‌
له‌درێژه‌ی راپۆرته‌که‌دا هاتووه‌: کورده‌کان ژماره‌یان‌ ده‌گاته‌ نزیکه‌ی 30 ملیۆن و به‌سه‌ر چه‌ند ده‌وڵه‌تێکدا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤین دابه‌شکراون، هه‌رئه‌مه‌ش وایکرد که‌ ئێران و تورکیا به‌توندی دژی ئه‌م ریفراندۆمه‌ بوه‌ستنه‌وه‌، چونکه‌ ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ هه‌ستی سه‌ر‌به‌خۆیی بگاته‌ لای کورده‌کانی ئه‌وانیش. 

به‌بێ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غداد ناتوانین سه‌ربه‌خۆ بین
ئه‌ریکا سۆلۆمۆن له‌ رۆژنامه‌ی فایناشنال تایمز، راپۆرتێکی له‌مباره‌یه‌وه‌ بڵاوکردۆته‌وه‌و‌ ده‌ڵێت: وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت، که‌ ده‌نگی به‌ڵێ زۆرینه‌ بهێنێت. له‌ درێژه‌ی راپۆرته‌که‌یشدا ده‌ڵێت: حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، که‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم به‌بێ دانوستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی به‌غدا، ناتوانن بگه‌ینه‌ سه‌ر‌به‌خۆبوون  و جیابوونه‌وه‌ .


جه‌نگی دژ به‌داعش لاواز ده‌کات
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ باسی هه‌ڵوێستی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانان ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌وان دژی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌که‌ بوون، چونکه‌ ئه‌مه‌ ناوچه‌که‌ به‌ره‌و پشێوییه‌کی نوێ ده‌بات و له‌م نێوه‌نده‌شدا زه‌ره‌ر له‌جه‌نگی دژ به ‌داعش ده‌گه‌یه‌نێت. 
کوردستانی عیراق ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ سامانی نه‌وت
ئاژانسی فرانس پرێسیش راپۆرتێکی درێژی له‌باره‌ی مێژوو، جوگرافیا و ژماره‌ی دانیشتوان و سامانی سروشتی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ بڵاوکردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت: دانیشتوانی هه‌رێمی کوردستانی عیراق  ژماره‌یان ده‌گاته‌ 4.6 ملیۆن که‌س رێژه‌ی 15بۆ20% کۆی گشتی دانیشتوانی عیراق پێکده‌هێنن . ئه‌م هه‌رێمه‌ش زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ سامانی نه‌وت و گاز. 
حکومه‌تی و په‌رله‌مانێکی داخراوه‌
له‌درێژه‌ی راپۆر‌ته‌کدا باسی مێژووی حوکمڕانی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات و ده‌ڵێت: له‌ مانگی ئابی 2015 ه‌وه‌ ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعود به‌رزانی کۆتایی هاتووه‌،له‌گه‌ڵ بوونی ناڕه‌زایی گه‌وره‌ له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونی ، به‌ڵام ئه‌و واز له‌کورسی ده‌سه‌ڵات ناهێنێت، جگه‌له‌وه‌ش له‌ ساڵی 2015 ه‌وه‌ په‌رله‌مانی کوردستان داخراوه‌. 
سه‌رچاوه‌ : ئاژانسه‌کان


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7392
17/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ رۆجێر فێدره‌ر بۆ جاری چواره‌م له‌م وه‌رزه‌دا له‌ نادالی برده‌وه‌ 17/10/2017
‌ دۆڤیزیسیۆ قۆناغی ژاپۆنی مۆتۆ جی پی برده‌وه‌ 17/10/2017
زانست
‌ ته‌كنیكی نوێ بۆ نووسینی نامه‌ بێ ده‌ستدان له‌ كیبۆرد 17/10/2017
‌ ئه‌ندۆنیزیا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵپژانی گڕكانێكه‌ 17/10/2017
‌ زرێبار هه‌ورامی: ژیان جه‌نگه‌، له‌گه‌ڵ خۆت و له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ت 16/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP