كورد مافی‌ چاره‌ی‌ خۆی‌ ده‌نه‌خشێنێت و عیراقییه‌كانیش سه‌رلێشێواون
كورد مافی‌ چاره‌ی‌ خۆی‌ ده‌نه‌خشێنێت و عیراقییه‌كانیش سه‌رلێشێواون ‌ 13/10/2017
ره‌وته‌كان- 
سۆزی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كورده‌كان له‌ كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم و له‌ دوای‌ پرۆسه‌كه‌ش، ده‌رهاویبشته‌ی‌ په‌نخواردنی‌ خواستی‌ گه‌لێك بوو له‌پێناو راگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌ت و جێگیركردنی‌ پێگه‌ی‌ خۆی‌ له‌ نه‌خشه‌ی‌ جیهان، ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ محه‌مه‌د عه‌لی‌ فه‌ره‌حات نوسری‌ عه‌ره‌به‌ كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ (الحیاه‌)ی‌ له‌نده‌نی‌ له‌ دوتوێی‌ وتارێكدا به‌ ناونیشانی‌ « كورد مافی‌ چاره‌ی‌ خۆی‌ ده‌نه‌خشێنێت و عیراقییه‌كانیش سه‌رلێشێواون» له‌ 30/9/2017، بڵاوكرایه‌وه‌.  
 ئه‌و ده‌ڵێت»كورده‌كان توانیان حوكمی‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردن په‌ره‌پێبده‌ن كه‌ له‌پاش حوكمی‌ سه‌دام حسێن و تاوانی‌ بۆردومانكردنی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ چه‌كی‌ كیمیایی‌ به‌ده‌ستیانهێنا. فه‌ره‌نسای‌ مێتێران و كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تیش باریده‌ده‌ربوون بۆ په‌ره‌پێدانی‌ ئه‌و حوكمه‌ كه‌ پشتێنه‌ی‌ ئه‌منی‌ بۆ كوردستان ره‌خساند و بواری‌ خۆش كرد تا ناوچه‌یه‌كی‌ ئارام له‌ دروست ببێت له‌ چوارده‌وری‌ عیراق كه‌ به‌هۆی‌ جه‌نگ و نه‌هامه‌تییه‌كانییه‌وه‌ دووچاری‌ كاره‌سات و كاولكاریی‌ هاتبوو». 
محه‌مه‌د عه‌لی‌ فه‌ره‌حات پێیوایه‌،سه‌ركردایه‌تی‌ كورد تایانه‌وێت ئه‌زمونی‌ كۆماری‌ مه‌هاباد دووباره‌ ببێته‌وه‌ و سه‌ركرده‌كانی‌ به‌ده‌ری‌ قازی‌ محه‌مه‌د بچن كه‌ به‌ده‌ستی‌ شای‌ ئێران له‌سێداره‌دران و له‌ گرتوخانه‌كاندا توندكران، به‌ڵكو پێیوایه‌ سه‌ركرده‌كانی‌ كورد رێكه‌وتنی‌ ژێربه‌ژێریان هه‌یه‌ و له‌وڕێگه‌یه‌وه‌ لانی‌ كه‌م قه‌واره‌یه‌كی‌ كوردی‌ كۆنفیدراڵی‌ عیراقی‌ و بگره‌ ره‌نگه‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنن و له‌لایه‌ن پایته‌خته‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌ له‌پاش گفتوگۆی‌ دوورودرێژ دانپێدانان به‌ده‌ستبهێنن. 
چاودێران وایده‌بینن توركیای‌ ئه‌ردۆغانیش لایه‌نێكی‌ تری‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ ناڕاگه‌یه‌نراوه‌ بێت، وه‌ك محه‌مه‌د عه‌لی‌ فه‌ره‌حات باسی‌ ده‌كات  كه‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و»توڕه‌بوونی‌ سه‌رۆكی‌ توركیا و تۆمه‌تباركردنی‌ كورده‌كان به‌ ناپاكی‌ نابێته‌ مایه‌ی‌ پاشه‌كشه‌كردن و گۆڕینی‌ راوبۆچوونه‌كان، بگره‌ راگرتنی‌ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان بۆ هه‌ولێر و به‌پێچه‌وانه‌وه‌، مانای‌ سه‌پاندنی‌ سزاكان ناگه‌یه‌نێت دژ به‌ كوردستان، بگره‌ مانۆڕێكی‌ سه‌ربازییه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ سه‌پاندنی‌ گه‌مارۆیی‌ ئابوریش به‌ ئاسانی‌ پێشێل ده‌كرێت». 
ئه‌و نوسه‌ره‌ عه‌ره‌به‌ پێیوایه‌، به‌غدا له‌ هه‌موان له‌پێشتر و په‌یوه‌ندیدارتره‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك كه‌ روو له‌ قه‌واره‌یه‌كی‌ سیاسی‌ عیراق ده‌كات، به‌دوور له‌ كاردانه‌وه‌ سۆزدارییه‌كان درك به‌وه‌ ده‌كات، به‌ڵام به‌ ته‌نیا ده‌سته‌وستانه‌ به‌رانبه‌ر به‌ هه‌وڵه‌كانی‌ جیابوونه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ست به‌ متمانه‌ ده‌كات به‌رانبه‌ر به‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ كه‌ توركیا و ئێرانن. 
محه‌مه‌د عه‌لی‌ فه‌ره‌حات ئاماژه‌ی‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ جیاجیاكان ده‌كات كه‌ ره‌نگه‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ كورده‌كان له‌ عیراق هه‌لێك بێت بۆ ئه‌نقه‌ره‌ و تاران تا ته‌ئكید له‌سه‌ر هه‌ژمونی‌ خۆیان بكه‌نه‌وه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌ عیراقی‌ و سورییه‌كان كه‌ پێیانوایه‌ لێوه‌ی‌ خواسته‌ هاوشێوه‌كان كوردی‌ تێیدا له‌و دوو وڵاته‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات. 
فه‌ره‌حات ده‌ڵێت، كورد ده‌وڵه‌تی‌ خۆی‌ به‌ كۆه‌ڵگه‌یه‌كی‌ كراوه‌ و مۆدێرن وێنا ده‌كات، له‌گه‌ڵ خسته‌نه‌ڕووی‌ پرۆژه‌ و سه‌نته‌رێكی‌ ئابوری‌ و كلتوری‌  كه‌ پشت به‌ شاره‌زایانی‌ كوردستان ده‌به‌ستن له‌ شه‌راكه‌تی‌ ئابوری‌ له‌گه‌ڵ دوروبه‌ر و له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا و ئه‌مریكاییه‌كان و روسه‌كان، هه‌ولێریش وه‌ك شارێكی‌ په‌یوه‌ندی‌ دارایی‌ و سیاسی‌ و كلتوری‌ پێگه‌یشتوو ئاماده‌كراوه‌ كه‌ پڕبووه‌ له‌وانه‌ی‌ به‌شوێن هه‌لی‌ ئابوریدا ده‌گه‌ڕێن و ئه‌و  پێداویستیانه‌ی‌ لێوه‌ ده‌خه‌ڕوو بۆ ده‌وروبه‌ر كه‌ گیرۆده‌ی‌ مللانێی‌ عه‌قائدی‌ و سه‌ربازیی‌ بوون، بۆیه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كوردستان رێگه‌نادات هه‌موو شتێك له‌ده‌ستبدات، به‌ تایبه‌ت عیراق و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌ی‌ له‌گه‌ڵ توركیا دروستیكردووه‌ كه‌ ده‌گاته‌ ئاستی‌ هاوپه‌یمانی‌. 
نوسه‌ری‌ « كورد مافی‌ چاره‌ی‌ خۆی‌ ده‌نه‌خشێنێت و عیراقییه‌كانیش سه‌رلێشێواون» باس له‌و هاوسه‌نگیانه‌ ده‌كات كه‌ «ده‌بنه‌ مایه‌ی‌ سه‌رسوڕمان و لێوه‌ی‌ به‌ڵێنه‌ شاردراوه‌كانی‌ ژێر په‌رده‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ سۆزداریی‌ و نادیار ئاشكراده‌كات. وه‌ك ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ی‌ له‌ سودانی‌ باشوور رویدا، ئه‌وه‌ش تاكه‌ نمونه‌ی‌ گونجاوه‌، بۆیه‌ هیچ بوارێك نییه‌ به‌ ئیسرائیل به‌راورد بكرێت، چونكه‌ كورده‌كان خڵكی‌ نوێ‌ نین و نایانه‌وێت كه‌س له‌سه‌ر خاكی‌ خۆیان ده‌ربكه‌ن، نیشتیمان نیشتیمانی‌ خۆیانه‌ و خاك خاكی‌ خۆیانه‌، وێڕای‌ به‌ڵێندانیان به‌ خۆیان و به‌ كه‌مینه‌ عه‌ره‌بی‌ و ئاشوری‌ و توركمانی‌ و ئێزدییه‌كان به‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ سایه‌ی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ دیموكراتدا كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ هاولاتیبوون داده‌مه‌زرێت». 
فه‌ره‌حات ئاماژه‌ به‌ ده‌ركه‌وتنی‌ دروشمه‌ تونده‌كان ده‌كات هاوشێوه‌ی‌ هه‌موو ئه‌و دوورێیانانه‌ی‌ له‌ ناوچه‌كه‌ماندا دروستده‌بن، له‌ وانه‌»گه‌ر دۆستایه‌تی‌ ئیسرائیل قبوڵ بكه‌یت، چی‌ ده‌كه‌ی‌ بیكه‌»، بۆ زیانگه‌یاندن به‌ هه‌ڵكه‌وتنی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد، یان «دوژمنایه‌تی‌ خۆت به‌رانبه‌ر به‌ ئیسرائیل رابگه‌یه‌نه‌، چی‌ ده‌كه‌یت بیكه‌»، بۆ زیانگه‌یاندن به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و دزینی‌ دارایی‌ گشتی‌ و پچڕاندنی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ كلتوره‌كانی‌ جیهان و گشتاندنی‌ دواكه‌وتوویی‌ له‌ژێر په‌رده‌ی‌ خه‌بات له‌دژی‌ دوژمنی‌ ئیسرائیلی‌. 
ئه‌و نوسه‌ره‌ عه‌ره‌به‌ ده‌ڵێت»زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌زۆری‌ كورده‌كان خواستی‌ خۆیان بۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ خسته‌ڕوو. ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ش وه‌ك خۆیان باسی‌ ده‌كه‌ن، دیموكراتی‌ ده‌بێت ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی‌ دراوسێ‌ ئیسلامی‌ سیاسییه‌ تایه‌فی‌ و نیمچه‌ تایه‌فییه‌كان كه‌ هه‌ندێك جار به‌ به‌رگی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ داپۆشراون، وه‌ك «خومه‌ینیی‌»ئێران «ئیخوانی‌» توركیا، و «حزبی‌ ده‌عوه‌»ی‌ فه‌رمانڕه‌وا له‌ عیراق. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ ده‌بینین كورد هێزه‌ ئیقلیمی‌ و بیانییه‌كان پشتیوانیان ده‌كه‌ن له‌و  كاروانه‌ قورسه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وانه‌ی‌ رێگری‌ له‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌ی‌ كورد ده‌كه‌ن، دووچاری‌ ئاسته‌نگ و ساتمه‌ و سه‌رلێشێوان ده‌بن كه‌ پیلانه‌كانیان لێتكده‌چێت بۆ له‌باربردنی‌ خه‌ونی‌ كورده‌كان یان رێگرتن له‌ هێنانه‌دی‌ ئه‌و خه‌ونه‌. 
فه‌ره‌حات دیالۆگ به‌ پێویست ده‌زانێت و دواخستنی‌ دیالۆگیش به‌ زیانگه‌یاندن به‌ دراوسێكانی‌ كورد به‌ر له‌ زیان گه‌یاندن به‌ كورد وه‌سف ده‌كات، به‌ڵام پێیوایه‌» گه‌ر ئه‌ردۆغان پیلان بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر كه‌ركوك و موسڵ و خامنه‌ییش پیلان بۆ زیاتر ده‌ستگرتن به‌سه‌ر كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و به‌سره‌دا دابنێن، دۆخێكی‌ تر ده‌ڕه‌خسێت». 
محه‌مه‌د عه‌لی‌ فه‌ره‌حات له‌ كۆتایی‌ وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:»كورد بایه‌خ به‌ چاره‌نوسی‌ خۆی‌ ده‌دات و عیراقییه‌كانیش له‌نێوان ئایدۆلۆژیای‌ كۆن و گه‌نده‌ڵی‌ نوێدا سه‌ریان لێشێواوه‌. به‌رده‌وام دوكه‌ڵ و ته‌مومژ رێگه‌ له‌ بینین ده‌گرن له‌ وێستگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ دابڕان و خۆپێكهێنانه‌وه‌».


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP