حه‌شدی شه‌عبی، چەند گروپێكی جیاواز له‌ژێر چه‌ترێكدا
حه‌شدی شه‌عبی، چەند گروپێكی جیاواز له‌ژێر چه‌ترێكدا ‌ 26/12/2016
پیشه‌كی 
هه‌رچه‌نده‌ كوردو شیعه‌ ساڵانێكی زۆر پێكه‌وه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژێمه‌ «سوننه‌كان»‌و به‌ تایبه‌تیش رژێمی سه‌دام حسێندا چه‌وساونه‌ته‌وه‌‌و دووچاری جینۆساید بوونه‌ته‌وه‌‌و پێكه‌وه‌ له‌شه‌ڕی ئازادكردنی عیراقدا هاوكاربوون‌و شه‌هیدیان به‌خشیووه‌، هه‌روه‌ها له‌شه‌ڕی تیرۆریستانی داعشیشدا هاوپه‌یمان بوون‌و پێكه‌وه‌ شه‌ڕ‌و چالاكییان كردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌شه‌ڕه‌كانی جه‌له‌ولا‌و یه‌نگیجه‌‌و زه‌رگه‌ له‌خورماتوو، هه‌روه‌ها  به‌شیر له‌باشووری كه‌ركوك‌و به‌ره‌ی شه‌ڕی موسڵ، جگه‌ له‌مانه‌ش پێكه‌وه‌ خاڵی پشكنینی هاوبه‌ش‌و كۆنترۆڵكردنی ئاساییشیان له‌هه‌ندێك جێگه‌دا به‌ڕێوه‌ بردووه‌، به‌ڵام ئه‌م هێزانه‌ ترس‌و دڵه‌ڕاوكێشیان بۆ ئاینده‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان خۆیان‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌دڵی هاووڵاتیاندا دروستكردووه‌، به‌تایبه‌تیش دانیشتووانی كوردی ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابڕێنراوه‌كان. 
ره‌نگه‌ شه‌ڕه‌كانی قه‌زای خورماتوو فاكته‌ری گرنگی بێمتمانه‌یی خه‌ڵكی كوردستان بێ به‌ حه‌شدی شه‌عبی كه‌ له‌ رۆژی 12/11/2015‌و ڕۆژانی دواتر له‌نێوان  هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌‌و حه‌شدی شه‌عبیدا روویاندا‌و بووه‌ هۆی  كوژرانی ١٣ كوردی بێتاوان‌و 27 كه‌سیش بریندار بوون‌و 26 كه‌سیش به‌ بارمته‌ گیران. 
هه‌روه‌ها  زیاتر له‌200 دوكان‌و 150 ماڵی كوردیش سووتێندران.
 له‌مانگی نیسانی 2016 شدا، پێكدادان له‌نێوان كوردو حه‌شددا دووباره‌ بۆوه‌ ، به‌پێی زانیارییه‌كانی سایتی پیوكه‌ی میدیا به‌هۆی شه‌ڕ‌و پێكدادانه‌كانی نێوان حه‌شدی شه‌عبی‌و هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌  له‌ رۆژی 24/4/2016 دا 25 چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی كوژران‌و 37ی تریش بریندار بوون، هه‌روه‌ها 7 پێشمه‌رگه‌ش شه‌هیدبوون،  هه‌موو ئه‌مانه‌ وایان كردووه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ متمانه‌یان به‌ ئاشتی‌و پێكه‌وه‌ژیان له‌رزۆك بێت، به‌تایبه‌تی له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك كه‌ حه‌شدی شه‌عبی توركمانه‌كانیشی گرتۆته‌وه‌‌و لیوای تایبه‌تیان له‌ناو ئه‌م هێزه‌دا بۆ پێكهێنراوه‌. دوور نییه‌ ناكۆكییه‌كانی عه‌ره‌ب‌و توركمانه‌كان  له‌سه‌ر كوردستانێتی كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری سیاسییانه‌‌و ئاشتیانه‌یان بۆ نه‌دۆزرێته‌وه‌، له‌ئاینده‌دا شه‌ڕی خوێناوی گه‌وره‌‌و ماڵوێرانی بۆ هه‌موو لایه‌ك لێ بكه‌وێته‌وه‌. 
به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ رۆژی 26/11/2016دا  ده‌نگی له‌سه‌ر یاسای حه‌شدی شه‌عبی داو به‌و پێیه‌ش حه‌شدی شه‌عبی به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ بۆی ده‌بێت له‌هه‌موو پارێزگاكانی عیراقدا به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌  به‌فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتی دابه‌ش ببێت‌و هێزه‌كانی بڵاوبكاته‌وه‌. 
هه‌رچه‌نده‌ یاساكه‌ جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حه‌شدی شه‌عبی دوور له‌ئینتمای سیاسی‌و حزبی ده‌بێت، به‌ڵام دڵنیابوون له‌م بابه‌ته‌ كاتی ده‌وێت تا راستی‌و ناڕاستی نیازه‌كان له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ده‌رده‌كه‌وێت. 
لێره‌دا وه‌كو هه‌وڵێكی سه‌ره‌تایی ئه‌م بابه‌ته‌مان ئاماده‌كرد كه‌ تیایدا هه‌وڵمان داوه‌ پێناسه‌‌و زانیاریی پێویست له‌سه‌ر هێزه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بخه‌ینه‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ران. ئومێده‌واریشین ئه‌و پێشبنییانه‌ی له‌باره‌ی پێكاهه‌ڵپژانی ئاینده‌یی نێوان كورد‌و حه‌شدی شه‌عبی باس ده‌كرێن واده‌رنه‌چن‌و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتییانه‌ كاڵای پڕ به‌باڵای عراقییه‌كان بێت‌و وڵاته‌كه‌ له‌شه‌ڕ‌و كاولكاریی به‌دوور بێت.
سەڵاح رەنجدەر
یاسای‌ ده‌سته‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌
ژماره‌ (     ) ساڵی‌ 2016
مادده‌ی‌:
یه‌كه‌م: ده‌سته‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ سه‌رله‌نوێ‌ دامه‌زرێنراو به‌پێی‌ فه‌رمانی‌ دیوانیی‌ 91 له‌ (24/2/2016) دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی‌ مه‌عنه‌وی‌ ده‌بێت‌و به‌شێك ده‌بێت له‌هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراق‌و به‌فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌.
دووه‌م:- ئه‌و ماددانه‌ی‌ له‌فه‌رمانی‌ دیوانیی‌ ژماره‌ 91دا هاتوون به‌شێك ده‌بن له‌م یاسایه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ن:
1-حه‌شد پێكهاته‌یه‌كی‌ سه‌ربازیی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌و به‌شێكه‌ له‌هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عێراق‌و به‌فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌.
2-ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ پێكدێت له‌فه‌رمانده‌یی‌‌و ده‌سته‌ی‌ ئه‌ركان‌و ڕشته‌كان‌و لیوا جه‌نگاوه‌ره‌كان.
3-ئه‌م پێكهاته‌یه‌‌و ئه‌ندامه‌كانی‌ له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ ملكه‌چی‌ یاسا سه‌ربازییه‌ په‌یڕه‌وكراوه‌كان ده‌بن.
4-كارمه‌ندو به‌رپرس‌و فه‌رمانده‌كانی‌ ئه‌م پێكهاته‌یه‌ راده‌سپێردرێن به‌پێی‌ رێكاره‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ ته‌راتوب‌و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و سه‌رجه‌م ماف‌و ئه‌ركه‌كان.
5-كارمه‌ندانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ په‌یوه‌ندیی‌ ده‌ترازێنن له‌گه‌ڵ هه‌موو قه‌واره‌ سیاسی‌‌و حزبی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و رێگا نادرێت كاری‌ سیاسی‌ له‌ریزه‌كانیدا بكرێت.
6-یه‌كه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ له‌حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌ئه‌ركان‌و لیواو كارمه‌نده‌كانییه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی‌ پابه‌ندده‌بن به‌و وه‌سفانه‌ی‌ ئه‌م پێكهاته‌یه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو (له‌ماوه‌ی‌ 3 مانگدا رێكده‌خرێت).
7-لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان ئه‌حكامی‌ ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كه‌ن.
سێیه‌م: هێزی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌پێكهاته‌كانی‌ گه‌لی‌ عێراق پێكده‌هێنرێ‌‌و به‌شێوه‌یه‌ك گره‌نتی‌ بێت بۆ ماده‌ی‌ 9ی‌ ده‌ستوور له‌پارێزگاكاندا ته‌نیا له‌سه‌ڵاحیاتی‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كاندا ده‌بێت.
مۆرو واژۆ
لیژنه‌ی‌ ئه‌من‌و به‌رگریی

حــه‌شـدی شـه‌عـبـی، چەند گـروپێكــــی  جـیــاواز ، لــه‌ژێـر چــه‌تـرێـكـدا

حه‌شدی شه‌عبی
ئاراسته‌ی فیكری‌و عه‌قیده‌گه‌رایی
هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ 13/4/2014دا دوای ده‌ركردنی فه‌توایه‌كی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌ له‌سه‌ر پێویستی جیهادی كیفائی بۆ به‌رگریكردن له‌خاكی عیراق دامه‌زرا.
له‌ڕاستیدا ئه‌م هێزه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای شیعه‌گه‌رایی‌و دژ به‌ رێكخراوی داعش‌و هه‌ر هێزێكی دیكه‌ كه‌ دژ‌و رێگربێت له‌چه‌سپاندنی حوكمی شیعه‌ له‌عیراقدا كارده‌كات‌و هیچ ئاراسته‌‌و عه‌قیده‌یه‌كی فیكری‌و سیاسیی یه‌كگرتووی تێدا نییه‌.
دوای راگه‌یاندنی ئه‌م هێزه‌ چه‌ندین رێكخراوی وه‌كو هێزه‌كانی به‌در‌و عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق‌و سه‌رایا سه‌لام‌و كه‌تیبه‌كانی حزبوڵا‌و هی تر خزانه‌ ریزه‌كانییه‌وه‌‌و جگه‌ له‌مانه‌ش به‌هه‌زاران هاووڵاتی خۆبه‌خشی شیعه‌ مه‌زهه‌ب له‌سه‌رجه‌م شاره‌كانی عیراقه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌كرد‌و چه‌كیان بۆ هه‌ڵگرت. به‌م شێوه‌یه‌ ئێستا چه‌كداره‌كانی حه‌شد به‌ده‌یان هه‌زار كه‌س مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێن‌و به‌رپرسه‌كانیش له‌باره‌ی ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌م هێزانه‌وه‌ زانیاریی ته‌واو ده‌رناخه‌ن.
هه‌رچه‌نده‌ حه‌شدی شه‌عبی به‌پێشێلكردنی مافی مرۆڤ‌و كوشتنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی‌و تاڵانكردن تۆمه‌تباركراوه‌‌و هیومان رایتس وۆچ‌و چه‌ندین رێكخراوی ناوخۆییش ئه‌وه‌یان دووپات كردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران  به‌مه‌رسومی تایبه‌ت بڕیاری داوه‌ كوژراوه‌كانیان هه‌مان مووچه‌و ئیمتیازاتی سه‌ربازه‌ شه‌هیده‌كانی سوپای عیراقیسان پێ بدرێت، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ به‌فه‌ڕمی ده‌یناسێت‌و ئه‌وه‌ی دووپات كردۆته‌وه‌ كه‌ حه‌شد هێزێكه‌ له‌چوارچێوه‌ی سیستمی به‌رگریی نیشتمانیی عیراقدا.
 هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی
1- هێزه‌كانی به‌در
هێزه‌كانی فه‌یله‌قی به‌در یه‌كێكه‌ له‌میلیشیا شیعه‌كانی عیراق‌و ناوچه‌كه‌ كه‌ ده‌یان هه‌زار جه‌نگاوه‌ر‌و چه‌ك‌و جبه‌خانه‌ی سووك‌و ناوه‌ندی‌و قورسی هه‌یه‌‌و له‌لایه‌ن راهێنه‌ره‌ ئێرانییه‌كانه‌وه‌ مه‌شقی باشی پێ كراوه‌، به‌شداریی ده‌یان شه‌ڕی قورسی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی به‌عس‌و قاعیده‌‌و داعشدا كردووه‌. مێژووی دروستبوونی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوای هاتنی سه‌دام بۆ ده‌سه‌ڵات له‌ساڵی 1979 كه‌ سێ سریه‌ی به‌ناوی (هیجره‌)‌و (جیهاد)‌و (شه‌هاده‌)وه‌ لێ دروستكراو فه‌وجێكیان به‌ناوی فه‌وجی شه‌هید سه‌در لێ دروستكرد كه‌ (ئه‌بو عه‌لی به‌سری) فه‌رمانده‌یی ده‌كرد. دواتر ئه‌م فه‌وجه‌ گه‌شه‌ی پێدرا‌و لیوای ( ئیمام سادق )ی لێ پێكهێنرا. ئه‌م لیوایه‌ بوو به‌ناوكی پێكهێنانی فه‌یله‌قێكی گه‌وره‌ به‌ناوی فه‌یله‌قی به‌در‌و دامه‌زرێنه‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌م فه‌یله‌قه‌ش یه‌كێك له‌ئه‌فسه‌ره‌ گه‌وره‌كانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو به‌ناوی (ده‌قائیقی) كه‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌ عیراقییه‌كانی كۆكرده‌وه‌‌و ئه‌م فه‌یله‌قه‌ی لێ دروستكرد.
پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ ئایه‌توڵڵا محمد باقر حه‌كیم ژماره‌یه‌كی زۆری له‌ دیله‌ عیراقییه‌ شیعه‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕی هه‌شتاكانی عیراق‌و ئێران له‌دیلی ده‌رهێناو كردنی به‌سه‌رباز به‌ناوی (تۆبه‌كاران -التوابین)ه‌وه‌ له‌ڕیزه‌كانی ئه‌م فه‌یله‌قه‌دا دایمه‌زراندن‌و شه‌ڕی سوپای به‌عسی پێ ده‌كردن.
ئیدی رشته‌كانیان جیاكرده‌وه‌‌و چه‌ندین فیرقه‌ی جیاجیا‌و كه‌تیبه‌كانی تۆپهاوێژ‌و تانك‌و دژه‌ ئاسمانی‌و موخابه‌ره‌‌و ده‌ریایی‌و هتد... دروستكران‌و ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانیان گه‌یشته‌ 35 هه‌زار كه‌س. 
سه‌ركردایه‌تی به‌در
هێزه‌كانی به‌در وه‌ك باڵی سه‌ربازیی شۆڕشی ئیسلامی له‌عیراق له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌لایه‌ن محمد باقرحه‌كیم‌و دواتر له‌لایه‌ن عه‌بدولعه‌زیزی برایه‌وه‌ سه‌ركردلایه‌تی ده‌كرا ، له‌دوای ئه‌مانیش فه‌رمانده‌ییه‌ مه‌یدانیه‌كه‌ی به‌ (ئه‌بو عه‌لی به‌سری)‌و ئینجا (ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس)‌و له‌دواییشدا به‌هادی عامری سپێردرا كه‌ تائێستا به‌رده‌وامه‌.
له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عسه‌وه‌ محمد باقر حه‌كیم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌در واته‌ باڵی سه‌ربازیی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی راگه‌یاند، چونكه‌ به‌ڕای ناوبراو ئه‌ركی ئه‌م هێزانه‌ كه‌ رووخاندنی رژێمه‌ كۆتایی هاتووه‌و چیتر پێویست به‌مانه‌وه‌ی ناكات‌و زیانی له‌قازانجی زۆرتر ده‌بێت، به‌ڵام باڵه‌كه‌ی هادی عامری به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ قایل نه‌بوون‌و بڕیاری جیابوونه‌وه‌یان وه‌ك رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆ به‌ناوی به‌دره‌وه‌ راگه‌یاند‌و له‌ئیئتلافی ده‌وڵه‌تی یاسا نزیكبوونه‌وه‌.  له‌ئێستاشدا باڵی سیاسیی به‌در له‌په‌رله‌ماندا 22 كورسیان هه‌یه‌‌و قاسم ئه‌عره‌جی سه‌رۆكی لیسته‌كه‌یانه‌‌و چوار وه‌زاره‌تیشیان به‌ركه‌وتووه‌ وه‌كو شاره‌وانی‌و ناوخۆ‌و گواستنه‌وه‌‌و مافی مرۆڤ.
ئه‌رك‌و چالاكییه‌كانی هێزه‌كانی به‌در
هێزه‌كانی به‌در میلیشیای تایفه‌ گه‌رایین‌و له‌هه‌ركات‌و شوێنێك شیعه‌كان‌و به‌رژه‌وه‌ندیی شیعه‌ بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئه‌رك‌و فرمانی ئه‌وان ده‌ست پێده‌كات. بۆنمونه‌ كاتێك له‌سوریا شه‌ڕی تایفی هه‌ڵگیرسا‌و شارۆچكه‌ی «سه‌یده‌ زه‌ینه‌ب» كه‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، هێزه‌كانی به‌در روویان له‌سوریا كرد‌و له‌دوورایی 10 كم له‌دیمه‌شقی پایته‌خته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزی سوننه‌كاندا كه‌وتنه‌ شه‌ڕه‌وه‌‌و 100 چه‌كداریشیان له‌و شه‌ڕانه‌دا لێ كوژرا. هێزه‌كانی به‌در له‌ ئێستادا باسكی به‌هێزی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌ پێكده‌هێنن‌و بریتین له‌ 10 لیوا‌و زیاتر له‌ 20هه‌زار چه‌كدار كه‌ چه‌كی سوك‌و ناوه‌ندی‌و قورس‌و كامإرای گه‌رمی‌و ئامێری په‌یوه‌ندییه‌كان‌و كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگیی جۆراوجۆریان له‌عیراق‌و ئێرانه‌وه‌ پێدراوه‌.
هێزه‌كانی به‌در له‌چوارچێوه‌ی حه‌شدی شه‌عبیدا به‌شداریی چه‌ندین شه‌ڕیان له‌دژی هێزه‌كانی داعش كردووه‌ له‌وانه‌ش: شه‌ڕه‌كانی ده‌ور‌وبه‌ری به‌غدا‌و ناحیه‌كانی عوزێم‌و ئامرلی‌و شه‌ڕه‌كانی حه‌مرین‌و زه‌رگه‌‌و ئه‌لبو عجێل‌و عۆجه‌‌و سه‌رجه‌م شه‌ڕه‌كانی پارێزگای دیاله‌‌و حه‌وزی سامه‌ڕا‌و تكریت‌و بێجی‌و گه‌یاره‌‌و شه‌رگات. هه‌روه‌ها له‌شه‌ڕه‌كانی ئه‌نبار‌و فه‌لوجه‌‌و روتبه‌دا به‌شداریی كاریگه‌ریان هه‌بووه‌.
2- سه‌رایا ئه‌لسه‌لام  (سریه‌كانی ئاشتی )
 یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین میلیشیاكانی شیعه‌ كه‌ سوپای مه‌هدی له‌پێكهێنه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانێتی‌و دوای ئه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌دری سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در له‌ساڵی 2007دا ئه‌م سوپایه‌ی سڕكرد له‌11ی حوزه‌یرانی ساڵی 2014دا به‌ناوێكی نوێوه‌ كه‌ (سریه‌كانی ئاشتی)ه‌ دروستكرایه‌وه‌‌و له‌ئێستادا ده‌یان هه‌زار كه‌سی چه‌كدار له‌خۆ ده‌گرێت. 
جه‌نگاوه‌ره‌كانی ئه‌م رێكخراوه‌ راسته‌وخۆ فرمان له‌موقته‌دا سه‌در وه‌رده‌گرن‌و زۆر گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كانی ئه‌ون، له‌كاریگه‌ریی هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق‌و ئێرانیش به‌دوورن. ئه‌م رێكخراوه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی موقته‌دا پارێزگاریی له‌شوێنه‌ پڕشكۆكانی شیعه‌ ده‌كات‌و له‌و رووه‌شه‌وه‌ به‌شداریی كاریگه‌ریان له‌شه‌ڕه‌كانی جرف الصخر‌و بوحه‌یرات كردووه‌، چه‌كه‌كانیان چه‌كی سووك‌و ناوه‌ندییه‌‌و هاوكاریی له‌ تۆپخانه‌ی سوپا وه‌رناگرن. ئه‌م رێكخراوه‌ پشت به‌زۆریی ژماره‌ی جه‌نگاوه‌رانی ده‌به‌ستێت. 
3- كه‌تیبه‌كانی حزبوڵای عیراق- كتائب حزب الله -العراق
كه‌تیبه‌ی زۆر نهێنین‌و تائێستا سه‌ركردایه‌تییه‌كانیان به‌ته‌واوی نه‌ناسراون. دوای چه‌ندین ساڵ له‌شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ سوپای ئه‌مریكا ساڵی 2007 به‌ به‌لاغێكی ره‌سمی دامه‌زراندنی ئه‌م رێكخراوه‌ راگه‌یه‌ندرا كه‌ تێیدا چه‌ندین رێكخراوی چه‌كدار كۆبوونه‌وه‌‌و یه‌كیان گرت له‌وانه‌:
1-لیوای ئه‌بو فه‌زلی عه‌باس،
2- كه‌تیبه‌كانی كه‌ربه‌لا
3- كه‌تیبه‌كانی به‌رماڵ
4- كه‌تیبه‌كانی زه‌ید كوڕی عه‌لی
ئه‌م رێكخراوه‌ فه‌رمانده‌یی گشتی‌و مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كان‌و وته‌بێژی فه‌رمیی هه‌یه‌و به‌یاننامه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌‌و داوای دامه‌زراندنی كۆماری ئیسلامی ده‌كات.ده‌وترێ ئایه‌توڵڵا محمد سه‌نه‌د كه‌ له‌لوبنان داده‌نیشێت، سه‌رپه‌رشتیارێتی‌و  به‌رپرسی یه‌كه‌م ناوی ئه‌بو كازمه‌ كه‌ كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌.
كه‌تائیب ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كداری هه‌یه‌‌و به‌باشی رێكخراون. ئه‌م چه‌كدارانه‌ له‌شه‌ڕه‌كانی جرف ئه‌لسه‌خر‌و دیاله‌‌و قه‌زای به‌له‌ددا به‌شداربوون.
جۆری چه‌ك
كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵای عیراق چه‌كی سووك‌و  ناوه‌ندی به‌كارده‌هێنن‌و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ چه‌ك‌و كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگییان پێده‌درێت‌و به‌په‌یوه‌ندیی باشیان له‌گه‌ڵ ئێراندا ناسراون.
4- عه‌سایبی ئه‌هلی حه‌ق- عصائب اهل الحق 
میلیشیایه‌كی شیعه‌یه‌ له‌ ده‌سته‌ بژێری سوپای ئیمامی مه‌هدیو به‌هێزی به‌ره‌نگاری ئیسلامی ناوزه‌د ده‌كرێت، چونكه‌ له‌ناو هه‌ناوی سوپای مه‌هدییه‌وه‌ هاتۆته‌ كایه‌وه‌، كه‌ له‌دژی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ساڵی 2004 دروستكراو شه‌ڕێكی فراوانی له‌شاره‌كانی نه‌جه‌ف‌و كه‌ربه‌لا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكا‌و پاسه‌وانی نیشتمانی عیراقدا كرد كه‌ له‌سه‌رده‌می كابینه‌كه‌ی ئه‌یاد عه‌لاویدا كه‌ سه‌ره‌نجام سه‌ركوتكرا. 
له‌ساڵی 2007 دا كه‌ موقته‌دا سه‌در فه‌رمانی سڕكردنی سوپای مه‌هدی ده‌ركرد، هه‌ردوو شێخی توندڕه‌وی شیعه‌ قه‌یس خه‌زعه‌لی‌و ئه‌كره‌م كه‌عبی گوێرایه‌ڵی فه‌رمانه‌كه‌ نه‌بوون‌و له‌ساڵی 2008دا عه‌سائیبیان دامه‌زراند‌و له‌ئێستادا (خه‌زعه‌لی)  كه‌ یه‌كێكه‌ له‌خوێندكاره‌ دێرینه‌كانی سه‌ید محه‌مه‌د ئه‌لسه‌دری باوكی موقته‌دا، فه‌رمانده‌ی گشتیی ئه‌م میلیشیایه‌یه‌. ناوبراو ماوه‌یه‌ك لای ئه‌مریكاییه‌كان به‌ندكراوه‌‌و ساڵی 2010 ئازادكراوه‌. ژماره‌ی عه‌سائیب به‌ده‌یان هه‌زار چه‌كدار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت‌و دووه‌م رێكخراوی شیعه‌یه‌ له‌ڕووی ژماره‌ی چه‌كداره‌وه‌ له‌دوای سرایا السلام.
ئه‌م هیزه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی  هزرو به‌رنامه‌ی محه‌مه‌د محه‌مه‌د ئه‌لسه‌دری باوكی موقته‌دا سه‌دری سه‌ركرده‌ی به‌ناوبانگی شیعه‌ كارده‌كات‌و شیخ له‌یس فه‌رمانده‌ی سه‌ربازییانه‌. له‌ئێستادا عه‌سایب دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر چه‌ند باڵێكی سه‌ربازیدا له‌وانه‌:
كه‌تیبه‌ی ئیمام عه‌لی
كه‌تیبه‌ی ئیمام كازم
كه‌تیبه‌ی ئیمام هادی
كه‌تیبه‌ی ئیمام عه‌سكه‌ری
جۆری چه‌ك‌و شه‌ڕه‌كانیان
عه‌سایب له‌شه‌ڕه‌كانی جرف ئه‌لسه‌خه‌ر به‌له‌دو ئامرلی‌و ئه‌نبار‌و فه‌لوجه‌ به‌شداربوون‌و چه‌كی سووك‌و ناوه‌ندیان هه‌یه‌‌و له‌شه‌ڕدا پشت به‌هاوكاریی ئاگری تۆپخانه‌ی سوپای عیراقیش ده‌به‌ستن. هه‌روه‌ها له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا گه‌شه‌یان به‌جبه‌خانه‌ی خۆیان داوه‌‌و ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆر مووشه‌كیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هاوه‌نی  80ملم هاوه‌نی 81 ملم‌و دۆشكاو ئاربی جی‌و...هتد، به‌تایبه‌تی دوای به‌شداریكردنیان له‌شه‌ڕه‌كانی پشتیوانی سوپای سوریا.
ده‌وترێت عه‌سائیب كارگه‌ی دروستكردنی مووشه‌كیان هه‌یه‌‌و موشه‌كێك دروست ده‌كه‌ن به‌ناوی ئه‌شته‌ر، هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ش ده‌ڵێن عه‌سائیب په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ خامنه‌ئی رابه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌یه‌‌و ئه‌و پشتیوانییان ده‌كات.
1-كه‌تیبه‌كانی سه‌یدلشوهه‌دا
ئه‌م رێكخراوه‌ له‌كتیبه‌كانی حزبوڵڵا جیابوونه‌ته‌وه‌و دوای ئه‌وه‌ی  ئایه‌توڵا سیستانی فه‌توای بۆ شه‌ڕی داعش ده‌ركرد‌و (حاجی وه‌لا) سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات‌و (ئه‌بو سه‌یف) به‌رپرسی سه‌ربازیی رێكخراوه‌كه‌ بوو، به‌ڵام له‌ شه‌ڕه‌كانی سامه‌ڕادا له‌ساڵی 2015دا كوژرا. نزیكه‌ی 3 بۆ 4 هه‌زار چه‌كداری ده‌بێت. گۆڕه‌پانی سه‌ره‌كیی ئه‌م رێكخراوه‌ شاره‌كانی عه‌مماره‌‌و ناسریه‌‌و ناوچه‌ی كازمیه‌یه‌ له‌به‌غدا‌و توانیوێتی له‌ڕێگه‌ی چالاكیی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ خۆشه‌ویستی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ده‌ست بهێنێت‌و خه‌ڵكێكی زۆر له‌ده‌وری ئاڵاكه‌ی كۆبكاته‌وه‌. زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانیشی ده‌رچووی زانكۆن.
كه‌تیبه‌كانی سه‌ید ئه‌لشوهه‌دا له‌شه‌ڕه‌كانی سامه‌ڕا‌و زابتیه‌‌و ئامرلی‌و ئه‌نبارو فه‌لوجه‌دا به‌شدارییان كردووه‌. چه‌كی جه‌نگاوه‌ره‌كانی سووك‌و ناوه‌ندین‌و  له‌شه‌ڕدا پشت به‌ئاگری چه‌كی قورسی سوپا ده‌به‌ستن.
6-سریه‌كانی جیهاد‌و بنیاتنان
ئه‌م رێكخراوه‌ له‌ئه‌نجامی یه‌كگرتنی 3 رێكخراوی شیعه‌ له‌ساڵی 2011دا هاته‌ كایه‌وه‌ كه‌ بریتی بوون له‌:
1-بزووتنه‌وه‌ی حزبوڵڵای عیراق
2- حزبی راپه‌رینی عیراق
3-بزووتنه‌وه‌ی سه‌ید ئه‌لشوهه‌دا
حه‌سه‌ن ئه‌لساری وه‌زیری پێشوو كه‌ ئێستا ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌، ئه‌مینداری گشتی ئه‌م رێكخراوه‌یه‌. ناوبراو یه‌كێكه‌ له‌سه‌ركرده‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامیی عیراق كه‌ عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات. له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ وه‌كو ئه‌ڵته‌رناتیفی هێزی به‌در ته‌ماشا ده‌كرێت كه‌ پێشتر له‌ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ جیابۆته‌وه‌. ژماره‌ی چه‌كداره‌كانی سێ هه‌زار كه‌س ده‌بێت‌و به‌وه‌ ناسراون كه‌ له‌شه‌ڕدا زۆر توندو دڕن‌و عه‌قیده‌ی ئایینی‌و مه‌زهه‌بی توندیان هه‌یه‌. 
ئه‌م رێكخراوه‌ له‌شه‌ڕه‌كانی ره‌واشدو جوه‌یزات‌و ئه‌نبار به‌شدارییان كردوه‌‌و چه‌كه‌كانیان سووك‌و ناوه‌ندیین‌و له‌شه‌ڕدا پشت به‌تۆپخانه‌ی سوپا ده‌به‌ستن.
7-كه‌تیبه‌كانی ره‌وتی ریسالی
ئه‌م رێكخراوه‌ له‌دوای ده‌رچوونی فه‌تواكه‌ی سیستانی وه‌كو باڵی سه‌ربازیی ره‌وتی ریسالی دامه‌زرا‌و هاته‌ كایه‌كه‌وه‌ ، سكرتێری گشتیی ئه‌م رێكخراوه‌ شێخ عه‌دنان شه‌حمانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌ كه‌ ساڵێكی له‌زیندانی عیراقدا به‌سه‌ربردوه‌‌و له‌ساڵی 2012دا ئازادكراوه‌.
 شه‌حمانی ژیانی سیاسی‌و سه‌ربازیی خۆی له‌ناو حزبی ده‌عوه‌دا ده‌ستپێكردوه‌‌و به‌ڵام دواتر له‌سوپای مه‌هدی جیابۆوه‌، چونكه‌ ناكۆكی له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در هه‌بوو، هۆی ناكۆكییه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ موقته‌دا له‌ساڵی 2007دا رێگریی له‌ خۆكاندیدكرنی شه‌حمانی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كردووه‌، سه‌ید كازمی حائیری كه‌ لایه‌نگری خامنه‌ئییه‌، مه‌رجه‌عی ئه‌م گروپه‌یه‌. كه‌تیبه‌كانی ریسالی رۆڵی باشیان له‌شه‌ڕی دژی داعشدا هه‌بووه‌‌و توانییان ناوچه‌ی مه‌عامل له‌فه‌لوجه‌ ئازادبكه‌ن، هه‌روه‌ك له‌شه‌ڕی زابتیه‌دا رۆڵیان گێڕاوه‌.
ئه‌م گروپه‌ چه‌كی سووك‌و ناوه‌ندیان هه‌یه‌‌و له‌شه‌ڕیشدا پشت به‌ئاگری تۆپخانه‌ی سوپای عیراق ده‌به‌ستن.
8- سریه‌كانی خۆراسانی 
له‌ساڵی 2013دا وه‌كو باڵی پارتی ته‌لیعه‌ی ئیسلامی له‌ژێر دروشمی به‌رگریكردن له‌شوێنه‌ پیرۆزه‌كانی سوریا خۆی راگه‌یاند. سه‌ركرده‌ی فیعلیشیان حامید جه‌زائیرییه‌ نه‌ك ئه‌مینداری گشتی حزبی ته‌لیعه‌ كه‌ عه‌لی یاسریه‌. نزیكه‌ی سێ هه‌زار چه‌كداری هه‌یه‌. ئه‌م رێكخراوه‌ چه‌كی سووك‌و ناوه‌ندی به‌كارده‌هێنێت‌و له‌شه‌ڕدا پشت به‌ئاگری تۆپخانه‌ی سوپای عیراق ده‌به‌ستێت. تائێستاش به‌شداریی سه‌رجه‌م شه‌ڕه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كردووه‌. 
9- سریه‌كانی عاشورا
دوابه‌دوای فه‌تواكه‌ی سیستانی وه‌كو باڵی سه‌ربازیی ئه‌نجومه‌نی ئیسلامی هاته‌ كایه‌وه‌، ژماره‌یان 5 هه‌زار كه‌سه‌‌و زۆر به‌باشی رێكخراون‌و مه‌شقیان كردووه‌، پێشتریش له‌سوپای به‌در بوون، بۆیه‌ ئه‌زموونی باشیان هه‌یه‌. له‌شه‌ڕه‌كانی قه‌زای به‌له‌دو زابتیه‌ به‌شدارییان كردووه‌‌و له‌شه‌ڕی فه‌لوجه‌شدا رۆڵی باشیان هه‌بووه‌ كه‌ به‌چه‌كی سووك‌و ناوه‌ندیی‌و به‌پشتیوانی تۆپخانه‌ی عیراق شه‌ڕیان كردووه‌ .
10- بزووتنه‌وه‌ی حزبوڵڵای نه‌جیب زاده‌كان 
ئه‌م رێكخراوه‌ له‌ساڵی 2013 له‌ رێكخراوی عه‌سیب جیابۆوه‌ كه‌ ئه‌كره‌م كه‌عبی جێگری ئه‌مینداری گشتی عه‌سائیب سه‌رۆكایه‌تییان ده‌كات. ناوبراو له‌سوریا فه‌رمانده‌ی لیوای عه‌ماری كوڕی یاسر بوو كه‌ یه‌كێك بوو له‌لیواكانی عه‌سایب ئه‌هلی حه‌ق.. چه‌كداره‌كانی دوو تا سێ هه‌زار كه‌س ده‌بن‌و له‌خه‌ڵكه‌ هه‌ره‌ مه‌زهه‌ب په‌رست‌و توندڕه‌وه‌كانی شیعه‌ پێكهاتوون. 
له‌زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی دژ به‌داعشدا به‌شداربوون‌و مووشه‌كی ئه‌شته‌ر دروست ده‌كه‌ن‌و به‌چڕی به‌كاری ده‌هێنن.
سریه‌كانی عه‌ته‌بات
بریتییه‌ له‌و سریه‌ سه‌ربازییانه‌ی تایبه‌تن به‌پاراستنی شوێنه‌ پیرۆزه‌كانی شیعه‌كان‌و له‌دوای ده‌رچوونی فه‌توای سه‌ید عه‌لی سیستانی بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ی داعش‌و پاراستنی عیراق له‌خزمه‌تگوزاره‌كانی شوێنه‌ پیرۆزه‌كان (خزمه‌تگوزار به‌مانای شه‌رعی) پێكهێنراوه‌. كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ :
1-سریه‌كانی  عه‌ته‌باتی عه‌باسی كه‌ شێخ مه‌یسه‌م فه‌رمانده‌یه‌تی‌و نزیكه‌ی پێنج هه‌زار چه‌كداری هه‌یه‌، كه‌ به‌شدارییان له‌شه‌ڕه‌كانی سه‌ید غه‌ریب‌و جرف ئه‌لسه‌خر-دا كردووه‌‌و پاره‌و پوولی زۆر باشیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت كه‌ له‌پاره‌ی نه‌زری زیاره‌تكارانی شوێنه‌ پیرۆزه‌كانه‌وه‌یه‌. چه‌كدارانی ئه‌م سریانه‌ چه‌كی سووك‌و ناوه‌ندییان هه‌یه‌ كه‌سوپا ده‌یانداتێ.
2-سریه‌كانی عه‌ته‌به‌ی عه‌له‌وی كه‌ شێخ كه‌ریم سه‌رپه‌رشتیی ده‌كات‌و نزیكه‌ی هه‌زار چه‌كداری هه‌یه‌ ، له‌گه‌ڵ سریه‌كانی عه‌ته‌به‌ی حسێنیدا كه‌ ئه‌وانیش هه‌زار كه‌سێك ده‌بن‌و شێخ مه‌هدی سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات، پێكه‌وه‌ به‌شداریی زۆربه‌ی  شه‌ڕه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیان دژ به‌داعش كردووه‌. به‌ڵام ئه‌م دوو رێكخراوه‌ له‌شه‌ڕدا زۆر كاریگه‌رییان نییه‌‌و له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ لاوازن.
گرووپه‌كانی دیكه‌
ژماره‌یه‌ك گرووپی چه‌كداری دیكه‌ له‌ناو حه‌شدی شه‌عبیدا هه‌ن كه‌ گروپی بچووكن‌و كاریگه‌ریی‌و چالاكییان له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌متره‌ كه‌ دیارترینیان ئه‌مانه‌ن:
1-فه‌یله‌قی په‌یمانی راستگۆیانه‌ ( فیلق الوعد الصادق)
2-لیوای شێری سه‌ركه‌وتووی خوا ( لوا‌ء اسد الله الغالب)
3-كه‌تیبه‌كانی پشتیوانانی حوجه‌ت (كتائب انصار الحجة‌)
4-لیوای قارعه‌ ( لوا‌ء القارعة‌ )
5-سریه‌كانی زه‌هرا
6-سریه‌كانی پشتیوانانی عه‌قیده‌ ( سرایا انصار العقیدة)
7-كه‌تیبه‌كانی تووڕه‌یی (كتائب الغضب )
8-بزوتنه‌وه‌ی گۆڕین  ( حركة‌ الابدال )
9-لیوای مونته‌زه‌ر
10-كه‌تیبه‌كانی قه‌ڵغانی شیعه‌ ( كتائب درع الشیعة)
11-سوپای موختار
12حزبوڵای شۆڕشگێڕان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7204
26/2/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌ورۆز، شیروانه‌، كه‌ركوك، پ.هه‌ولێر بۆ چوارگۆشه‌ی زێڕین 26/2/2017
‌ پێكانه‌كه‌ی‌ كازۆرلا تا كۆتایی وه‌رز درێژه‌ی ده‌بێت 26/2/2017
زانست
‌ هۆكاری خه‌وتنی مرۆڤ و زینده‌وه‌رانی تر ئاشكرا بوو 22/2/2017
‌ میكانیزمێكی نوێ بۆ وه‌ستاندنی خوێنبه‌ربوونی مێشك 22/2/2017
‌ كونێكی ڕه‌ش له‌ گه‌له‌ ئه‌ستێره‌كه‌ماندا خۆی شاردووه‌ته‌وه‌ 22/2/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP