بازاڕی زێڕی رەش دەبوژێتەوە؟
بازاڕی زێڕی رەش دەبوژێتەوە؟ ‌ 26/12/2016
دیاری هەركی

لە سەرەتای ساڵی تازەوە بازاڕی نەوت لە جیهاندا بوژانەوەیەكی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت. بە هۆی رێكەوتنی وڵاتانی ئۆپیك ‌و هەروا دەرەوەی ئۆپیكیشەوە لەسەر كەمكردنەوەی بڕی هەناردەكراوی نەوت، نرخی زێڕی رەش بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت.

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا 
ماوەی دوو ساڵە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا رووی لە نشێوە. ئەوەش كاریگەریی گەورەی دانا لەسەر باری ئابووری و سیاسی و لایەنەكانی تری ژیان لە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت ‌و زۆربەیانی دووچاری قەیرانی دارایی قوڵ كردەوە.
لەو دوو ساڵەدا نرخی یەك بەرمیل نەوت لە دەوروبەری 115 دۆلارەوە دابەزی بۆ نزیكەی 27 دۆلار، پێش ئەوەی جارێكی تر ملی رێگا بگرێتەوە بەر و بەرز بوونەوە هەنگاو بنێت لە دەوروبەری 45 دۆلار جۆرێك لە جێگیری بەدەست بهێنێت، ئێستاش بە هۆی ئەو رێكەوتنەوە ئەگەری بەهێز هەیە بۆ ئەوەی نرخەكەی بگاتە سەرو 60 دۆلار.
ماوەی 15 ساڵە وڵاتانی هەناردەكاری نەوت، جا لە چوارچێوەی رێكخراوی ئۆپیك بێت یان لە دەرەوەی بە هیچ جۆرێك رێكەوتنێكی لەو جۆرەیان نەكردووە بۆ ئەوەی بازاڕی نەوت بەرەو بەرزبوونەوە ئاراستە بكەن. بگرە تا ماوەیەكی كەم لە مەوبەریش ئەو وڵاتانە دژی ئەوە بوون دەست لە بازاڕ وەربدەن بۆ دیاریكردنی نرخ، بەڵام رووداوەكانی دوو ساڵی رابردوو، بەدیاریكراوی لە هاوینی 2014 ەوە تا ئێستا وڵاتانی هەناردەكاری نەوتی ناچار كرد بیر لە رێكەوتنێكی لەو جۆرە بكەنەوە.
هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا جۆراوجۆرن، بەڵام یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان ئەوە بوو كە ناكۆكی سیاسی نێوان هەندێك وڵات كاریگەریی هەبوو بۆ ئەوەی ركابەری بكەن لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمەكانیان. لەمەشدا پشكی شێر بەر عەرەبستانی سعودی و روسیا و كۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریكا دەكەوێت. 

یاریكەری سەرەكی
لە ناو ئەو وڵاتانەی ناومان هێنان، یاریكەری سەرەكی عەرەبستانی سعودی بوو كە دەیویست زێڕی رەش وەك چەكێك بەرامبەر نەیارەكانی بەكاربهێنێت. جا نەیارەكانیشی بە روسیا دەستی پێدەكرد تا دەگەیشتە ئێران و پاشان ئەمریكا.. ئامانجی ستراتیجیشی ئەوە بوو كە ببێتە یاریكەری سەرەكی بازاڕی نەوت و كۆنترۆڵی ئەو بازاڕە بكات.

زێڕی رەش
بەڵام وەك دەركەوت، عەرەبستانی سعودی لەو یارییەدا سەركەوتوو نەبوو. لانی كەم لەوەدا كە یارییەكەی كاریگەریی گەورەی لەسەر خۆیشی بەجێهێشت. یەدەگی ستراتیجی نەختینەی ئەو وڵاتە لە نزیكەی 750 ملیارەوە دابەزی بۆ كەمتر لە 200 ملیار.
ئێستاش كە رێكەوتن كراوە لەسەر ئەوەی بڕی هەناردەكراوی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان كەمبكرێتەوە تا دەرفەتێك بدرێتە بازاڕەكان و نرخی نەوت بەرز بێتەوە، هەر عەرەبستانی سعودی باجەكەی داوە. ئەوەتا نزیكەی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە سەرەتای ساڵی 2017ەوە كەم دەكاتەوە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ نزیكەی 20 ساڵ لەمەوبەر دەبینین نرخی نەوت لە دەوروبەری 20 دۆلاری ئەمریكی یاریی دەكرد، بەڵام دوای 15 ساڵ نرخی یەك بەرمیلی زێڕی رەش لە دەوروبەری 100 دۆلار یاری دەكرد، ئەمەش رۆڵێكی زیاتری دایە ئەو وڵاتانەی نەوتیان هەیە كە كاریگەری و هەژموونی سیاسی و ستراتیجی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و جیهان دروست بكەن. ئەمەش لە دوو ئاستی ستراتیجیدا زیانی بەو وڵاتانە خۆیان گەیاند.
ئەو وڵاتانەی ناچار كرد كە خاوەنی نەوت نین بە جددی بیر لە چارەسەری گونجاو بكەنەوە بۆ ئەو دۆخەی بەسەریان هاتووە، بۆیە پەرەیاندا بە پیشەسازی و تەكنەلۆژیای وزەی جێگرەوە. ئەو دەستكەوتانەی لە بەرازیل و هەندێك وڵاتی تر لە دروستكردنی وزەی رووەكی بەدەستهاتوون لە ئایندەدا دەبنە ركابەری نەوت.
هەروەك هانی هەندێك كۆمپانیای زەبەلاح و وڵاتانی تری دا كە پیشەسازیی نەوتیی خۆیان پەرە پێبدەن، بەرزی نرخی نەوتیش هاندەر بوو بۆ ئەوەی كۆمپانیاكان ئەو نەوتانەش دەربهێنن كە تێچوویەكی زۆرتریان هەیە، چیرۆكی ئەمریكا و كەنەدا لە بواری دەرهێنانی نەوتی بەردین چیرۆكێكی پەندئامێزە، دەشێت لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاتری لە بارەوە بكرێت.
ئێستا وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت و هەروا وڵاتانی تری جیهانیش چاوەڕوانی ساڵی تازەن بۆ ئەوەی رێكەوتنی كەمكردنەوەی هەناردەكردنی بەرهەم بۆ بازاڕەكانی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. پرسیارەكەش ئەوەیە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت چ بەرهەمێكی دەبێت؟ 
لەسەر ئاستی كوردستانیش پرسیاری جددی ئەوەیە، ئەو گەندەڵی و بە هەدەردانەی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە دەركەوت چۆن چارەسەر دەكرێت لە كاتێكدا خەریكە نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و رەنگە دەرفەت بۆ هەندێك كەس و لایەن لەبار بێت بۆ داپۆشینەوەی گەندەڵییەكان. بەڵام ئایا دایدەپۆشن یان چارەسەری دەكەن؟


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7204
26/2/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌ورۆز، شیروانه‌، كه‌ركوك، پ.هه‌ولێر بۆ چوارگۆشه‌ی زێڕین 26/2/2017
‌ پێكانه‌كه‌ی‌ كازۆرلا تا كۆتایی وه‌رز درێژه‌ی ده‌بێت 26/2/2017
زانست
‌ هۆكاری خه‌وتنی مرۆڤ و زینده‌وه‌رانی تر ئاشكرا بوو 22/2/2017
‌ میكانیزمێكی نوێ بۆ وه‌ستاندنی خوێنبه‌ربوونی مێشك 22/2/2017
‌ كونێكی ڕه‌ش له‌ گه‌له‌ ئه‌ستێره‌كه‌ماندا خۆی شاردووه‌ته‌وه‌ 22/2/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP