دۆسێی كوردی سوریا‌و رۆڵی توركیا له‌ویلایەتی تره‌مپ-دا
دۆسێی كوردی سوریا‌و رۆڵی توركیا له‌ویلایەتی تره‌مپ-دا ‌ 26/12/2016
شێخ نه‌زمی
دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا، له‌ حكومه‌ته‌كه‌یدا، رووبه‌ڕووی چه‌ندین دۆسێی گه‌رمی ده‌ره‌كیی ده‌بێته‌وه‌، كه‌ دیارترینیان بریتییه‌ له‌ رۆڵی توركیا له‌ دۆسێی سوریادا كه‌ دۆسێیه‌كی ئاڵۆز‌و تێكچڕژاوه‌، چونكه‌ توركیا وڵاتێكی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكایه‌و ئه‌ندامی رێكخراوی ناتۆیه‌، هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانێتی له‌جه‌نگی دژی داعشدا، سه‌ره‌ڕای ته‌مبه‌ڵی‌و خۆدزینه‌وه‌ی له‌ شه‌ڕی داعش، بگره‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و گروپه‌دا له‌هه‌ریه‌كه‌ له‌سوریا‌و عیراقیش‌و هه‌روه‌ها تاكه‌ ده‌روازه‌ی هاموشۆی چه‌كداره‌كان‌و هێنان‌و بردنی چه‌ك‌و بازرگانیی نه‌وت بوو له‌گه‌ڵ داعشدا، بۆیه‌ به‌شداریكردنی ئه‌م دواییه‌شی له‌ جه‌نگ دژ به‌داعشدا، ته‌نها شتێكی رووكه‌شییه‌، چونكه‌ ئامانجی سه‌ره‌كیی توركیا له‌و هه‌نگاوه‌، دژایه‌تیی كورد‌و وه‌ستانه‌وه‌یه‌ به‌ڕوویاندا‌و رێگریی كردنه‌ له‌وه‌ی بتوانن له‌ئاینده‌ی سوریادا مافه‌ ره‌واكانیان به‌ده‌ست بهێنن.
واشنتۆن یەپەگە
 بە هێزی سەرەکی دەزانێت
ئیداره‌ی ئۆباما تا ئاستێكی زۆر توانیی هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان هاوپه‌یمانێتییه‌كانی ناو ئه‌و دۆسێیه‌دا رابگرێت، ئه‌ویش به‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر پشتیوانیی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌لی كرد كه‌ به‌هێزێكی سه‌ره‌كیی  ده‌زانێت له‌جه‌نگی دژی داعشدا.
به‌ڵام توركیا ئه‌و هێزانه‌ به‌ لقێكی پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌بینێت له‌سوریادا‌و بۆیه‌ به‌هێزێكی دژ به‌خۆی حسابیان بۆ ده‌كات.
حكومه‌تی ئۆباما توانیی قه‌ناعه‌ت به‌توركیا بكات له‌وه‌ی ده‌ست وه‌رنه‌داته‌ ئه‌و پشتگیرییانه‌ی كه‌ پێشكه‌ش به‌ هێزه‌ كوردییه‌كان ده‌كرێت، هه‌روه‌ك هه‌ندێك هه‌ڵوێستی تری ئه‌و حكومه‌ته‌ هه‌یه‌ وه‌ك رێگریی له‌ توركیا له‌وه‌ی بتوانێت گورز له‌هێزه‌ كوردییه‌كان بووه‌شێنێت، به‌و مه‌به‌سته‌ش ئاڵای ئه‌مریكا له‌چه‌ند پێگه‌یه‌كی ئه‌و هێزه‌ كوردییانه‌ چه‌قێنراوه‌ تا نه‌توانرێت بۆردومان بكرێت، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی توركیاوه‌. دواهه‌مین هه‌ڵوێستیش ئه‌وه‌بوو كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌شدارییان له‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر شاری باب-دا نه‌كرد. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌مریكا رازیی نییه‌ له‌ سیاسه‌ته‌كانی توركیا له‌دۆسێی باكووری سوریادا‌و هه‌روه‌ها وه‌ستانی له‌پشت هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ی هێزه‌كه‌ی له‌ هێزی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌لدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌.
لە پشتیوانیی سەربازییەوە 
بۆ سیاسی
تره‌مپ له‌ كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یدا رایگه‌یاندبوو كه‌ پشتیوانیی سه‌ربازیی كورد ده‌كات له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعشدا، ئه‌مه‌ش واتا زیادبوونی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ یه‌په‌گه‌، كه‌ ره‌نگه‌ ببێته‌ پێشكه‌شكردنی پشتیوانیی سیاسیش.
ترسی توركیا له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی نێوان كورد‌و ئه‌مریكا له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. ئاماژه‌ی بۆ وه‌رچه‌رخانی ئه‌و پشتگیرییه‌ بۆ پشتگیرییه‌كی سیاسی له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ دیمیستۆرا-ی نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك رایگه‌یاند: كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی سوریا كانتۆنێكی بنیات بنێت بۆ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ خۆرهه‌ڵاتی حه‌ڵه‌ب، بێگومان ئه‌م پێشنیازه‌ی دیمیستۆراش هه‌روا له‌هه‌واوه‌ نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ پێشنیازی زلهێزه‌كانه‌ بۆ ئاینده‌ی سوریایه‌كی فیدراڵ. سوریایه‌كی به‌سوود، ئه‌مه‌ش به‌واتای ئه‌وه‌ی كه‌ رژێمی سوریا واقیعیتره‌ له‌ ئۆپۆزسیۆن له‌چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سوریادا‌و سوریایه‌كی فیدراڵیی یه‌كگرتوو باشتر‌و به‌هێزتره‌، ئه‌مه‌ش شه‌رعییه‌تێكی یاسایی ده‌دات به‌ كورد‌و كانتۆنه‌كانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری، مه‌ترسییه‌كه‌ی توركیاش له‌ تره‌مپ له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، كه‌ زیاتر له‌ جارێك رایگه‌یاندبوو كه‌ ده‌یه‌وێت پشتگیرییه‌كی زیاتر پێشكه‌ش به‌كورد بكات، به‌ڵام تاچه‌ند پشتیوانیی كورد ده‌كات له‌سه‌ر سنووره‌كانی باشووری توركیا‌و ئاخۆ ئه‌و پشتگیرییه‌ سه‌ربازییه‌ ده‌گۆڕدرێت بۆ پشتگیرییه‌كی سیاسی‌و فیدرالیزمێكی دیكه‌ی كوردی لێ به‌رهه‌م دێت؟ له‌كاتێكدا كه‌ توركیا فیدراڵی به‌ مه‌ترسییه‌ك بۆسه‌ر خۆی ده‌زانێت، چونكه‌ توركیا گه‌وره‌ترین به‌شی كوردستانی داگیركردووه‌و كورده‌كانیشی له‌ كه‌مترین مافی نه‌ته‌وه‌یی‌و سیاسی بێبه‌شن.
داخستنی دەرگا لەسەر 
باسی فیدراڵی
هه‌ندێك پێیانوایه‌ كه‌ ئه‌مریكای نوێ ده‌یه‌وێت به‌واڵاكردنی ده‌ستی روسیا چاره‌سه‌ری گرفتی سوریا بكات، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ توركیا بیه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی زیاتر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ روسیادا بكات بۆ له‌گۆڕنانی خواسته‌كانی كورد‌و داخستنی ده‌روازه‌ی فیدرالیزه‌كردنی سوریای ئاینده‌.
توركیا پێیوایه‌ كه‌ روسیا له‌سه‌نگه‌ر دژایه‌تیی   فیدرالیی سوریادا له‌گه‌ڵی ده‌بێت، هه‌ربۆیه‌شه‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ مۆسكۆدا باش بكات، به‌و هیوایه‌ی بتوانێت پشتگیریی روسیا له‌ فیدرالیزه‌كردنی سوریا‌و فیدراڵی كورد له‌ ئاینده‌دا رابگرێت.
هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌نوكه‌ توركیا خه‌ریكی مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ روسیا بۆ كڕینی مووشه‌كی جۆری ئێس 400 له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌وڵاتانی دیكه‌ی بكڕێت، یاخود خۆی په‌ره‌ به‌سیستمی مووشه‌كیی خۆی بدات، ئه‌مه‌ش خۆی بۆ كڕینی هه‌ڵوێستی سیاسیی روسیایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشتگیریی هیچ پڕۆژه‌یه‌كی فیدرالیزه‌كردنی سوریای داهاتوو نه‌كات.
تره‌مپ وتی: ئه‌و نایه‌وێت رژێمی سوریا بڕووخێت‌و سه‌رسامه‌ به‌ سیاسه‌ته‌كانی سه‌رۆكی روسیا، به‌ڵام ئه‌مریكا به‌رژه‌وه‌ندیی ستراتیژیی خۆی هه‌یه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا، بۆیه‌ ناكرێت كه‌ رێگه‌ به‌توركیا‌و روسیا بدرێت ته‌نها ئه‌وان كاریگه‌رییان به‌سه‌ر خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌بێت‌و به‌تایبه‌تیش له‌ دۆسێی سوریادا ئه‌ویش له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی واشنتۆن.
ئالێره‌وه‌ قسه‌ دێته‌ سه‌ر پشتیوانیی ئه‌مریكا بۆ كورد، كاتێك توركیا له‌ ساڵی 2003دا له‌شه‌ڕی رووخاندنی رژێمی عیراقدا بێئومێدی كردن، پاشان له‌شه‌ڕی دژی داعشدا‌و پشتیوانیی ژێربه‌ژێری توركیا بۆ داعش، ته‌نانه‌ت تائێستاش هه‌وڵه‌كانی توركیا له‌ قه‌لاچۆكردنی پڕۆژه‌ی كورد له‌ناوچه‌كه‌دا چڕبۆته‌وه‌ نه‌ك له‌ دژایه‌تیی داعشدا.
لە دیموکراسییەوە بۆ دیکتاتۆرییەتی ئەردۆغانی
ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌وروپای پڕكردووه‌ له‌ په‌نابه‌ر‌و توركیای له‌ دیموكراسییه‌وه‌ گۆڕیووه‌ به‌ سیستمێكی دیكتاتۆریی ئه‌ردۆغانی، بۆیه‌ ناشێت بۆ دوورمه‌ودا پشتی پێ ببه‌سترێت. 
ئالێره‌وه‌ خاڵی وه‌رچه‌رخانی ئه‌مریكا ده‌ستپێده‌كات بۆ هاوپه‌یمانی به‌ستن له‌گه‌ڵ كورددا له‌ناوچه‌كه‌‌و رێگرتن له‌ توركیا له‌په‌لهاویشتن بۆ پشتیوانیی توندڕه‌ویی‌و هێنانه‌ئارای ره‌وشێكی ناسه‌قامگیر له‌ناوچه‌كه‌دا. 
بۆیه‌ ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا ئامانجی سه‌ره‌كیی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆره‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌ر له‌داعشه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و رێكخراوانه‌ی دیكه‌ كه‌ به‌تیرۆریست ناوزه‌دی كردووه‌.
بەخشینی رۆڵی گوەرەتر بە کورد
به‌پێی لێدوانی تره‌مپ‌و تیمه‌كه‌ی ئه‌م جه‌نگه‌ هێزگه‌لێكی گه‌ره‌كه‌ كه‌ بڕوای به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ ئه‌و تیرۆریستانه‌ بوونه‌ته‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر چاره‌نووسی ناوچه‌كه‌‌و ده‌توانن تیرۆریزم له‌ناوبه‌رن‌و سه‌قامگیریی له‌ناوچه‌كه‌دا مسۆگه‌ر بكه‌ن،  له‌وه‌شدا كورد توانیویانه‌ توانای ناوازه‌ی خۆیان بسه‌لمێنن له‌ تێكشكاندنی داعش له‌ عیراق‌و باكووری سوریادا‌و پێموایه‌ كه‌ حكومه‌تی نوێی ئه‌مریكا رۆڵێكی گه‌وره‌تر به‌ كورد ده‌به‌خشێت له‌ دۆسێی سوریادا:
یه‌كه‌م: به‌هۆی دژایه‌تیكردنیان بۆ تیرۆریزم‌و دابینكردنی سه‌قامگیریی له‌و ناوچانه‌ی كه‌ ئازادی ده‌كه‌ن.
دووه‌م: خولقاندنی هاوسه‌نگیی له‌نێوان هێزه‌كاندا له‌سوریا، كه‌ كورد رۆڵێكی گرنگیان هه‌یه‌ له‌چاره‌سه‌ری دیپلۆماسیی سوریای داهاتوودا.
سه‌باره‌ت به‌ توركیاش، كابینه‌ی تره‌مپ كارده‌كات بۆ دوورخستنه‌وه‌ی توركیا له‌ میحوه‌ری روسیا ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ بتوانێت‌و هه‌روه‌ك هه‌وڵده‌دات هاوكاربێت له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌ی توركیا‌و كورددا، له‌ناو توركیادا ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستاندنی نێوان حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره‌و پارتی كرێكارانی كوردستان، ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌نگاوه‌یه‌ كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ بهاوێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7173
20/1/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان 19/1/2017
‌ گراند سلامی ئوستورالیا 19/1/2017
زانست
‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خوێنه‌رانی‌ كتێب ساڵی‌ 1960 زیاتر بووه‌ له‌ ئێستا 19/1/2017
‌ زیانه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی خوێ 19/1/2017
‌ تێچووی جگه‌ره‌كێشان له‌سه‌ر ئابوری جیهان گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ یه‌ك تریلیۆن دۆلار 19/1/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP