قه‌ره‌یلان: توركیا چه‌كی ئه‌تۆمیش به‌كاربهێنێت،ناتوانێت ببێته‌ ئاسته‌نگ بۆ كورد
قه‌ره‌یلان: توركیا چه‌كی ئه‌تۆمیش به‌كاربهێنێت،ناتوانێت ببێته‌ ئاسته‌نگ بۆ كورد ‌ 26/12/2016
موراد قه‌ره‌یلان ئه‌ندانی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی پارتی كرێكارانی كوردستان رایگه‌یاند: ده‌وڵه‌تی توركیا راستیی ئه‌و دۆخه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا ده‌شارێته‌وه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ی باب ده‌گوزه‌رێت‌و ئاماژه‌ به‌و چالاكییانه‌ش ده‌كات كه‌ بزووتنه‌وه‌ی هه‌ڵۆكانی كوردستان ده‌یكه‌ن‌و پێیوایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی جه‌نگدا ناكۆك نییه‌.
قه‌ره‌یلان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ هه‌نوكه‌ سه‌رجه‌م هێزه‌كان  له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه‌ سیاسه‌ته‌كانی خۆیان سه‌باره‌ت به‌سوریا بگونجێنن، له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسه‌تی ئه‌مریكا له‌دوای ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆكی نوێ له‌ 20ی كانوونی دووه‌می داهاتوودا، ئه‌مه‌ سه‌رباری سیاسه‌ته‌كانی سوریا‌و روسیا له‌دوای شه‌ڕی حه‌ڵه‌ب.
توركیا له‌حه‌ڵه‌ب ده‌ستبه‌رداری براكانی بوو 
موراد قه‌ره‌یلان باسی له‌سیاسه‌ته‌كانی توركیا كرد له‌هه‌مبه‌ر سوریا‌و وتی: سیاسه‌ته‌كانی توركیا له‌سوریا شكستی هێنا‌و ئه‌وه‌ی كه‌ به‌م دواییه‌ له‌حه‌ڵه‌ب شكستیخوارد، به‌ره‌ی نوسره‌ نه‌بوو، یان ئه‌وه‌ی ناوی خۆی ناوه‌ «سوپای ئازاد»، به‌ڵكو ئه‌ردۆغان‌و حزبه‌كه‌شی شكستیان هێنا‌و ده‌ڵێت: توركیا پشتی كرده‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ پێپی ده‌وتن «براكانمان» له‌حه‌ڵه‌ب، له‌به‌رامبه‌ر رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ روسیادا له‌ئاڵووێرێكدا له‌ژێر ناوی (باب به‌رامبه‌ر به‌ حه‌ڵه‌ب).
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان هۆشداریشیدا له‌وه‌ی كه‌ توركیا راستییه‌ك له‌ رای گشتیی توركیا ده‌شارێته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌و دۆخه‌ی له‌ باب ده‌گوزه‌رێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توركیا شكستیهێنا له‌وه‌ی بتوانێت كۆنترۆڵی باب بكات‌و ئه‌مه‌ش‌و ئه‌وه‌ش ده‌شارێته‌وه‌ كه‌ تائێستا چه‌ند كه‌سی لێ كوژراوه‌، هه‌روه‌ها وتی: سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك جار ناوی به‌شێك له‌كوژراوه‌كان ئاشكرا ده‌كات، به‌ڵام راستییه‌كه‌ به‌وجۆره‌ نییه‌، به‌ڵكو ژماره‌ی كوژراوه‌كانی توركیا زۆر له‌وه‌ زیاتره‌.
ناتوانێت به‌ چه‌كی ئه‌تۆمیش ئاسته‌نگ بۆ كورد دروست بكات
له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا قه‌ره‌یلان باسی له‌ سیاسه‌ته‌كانی سه‌باره‌ت به‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد‌و وتی: دۆخی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رووه‌و گۆڕانكاریی ده‌چێت، هه‌موو هێزێكیش گه‌ره‌كێتی سیاسه‌ته‌كانی خۆی بچه‌سپێنێت، به‌ڵام توركیا له‌وه‌دا شكست ده‌هێنێت، سه‌باره‌ت به‌هۆكاره‌كانی ئه‌و شكستهێنانه‌ش، قه‌ره‌یلان ده‌ڵێت: له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌وه‌ری سیاسه‌ته‌كانی توركیا له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌سه‌ر بنه‌مای دروستكردنی ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م مافه‌كانی كورددا بنیاتنراوه‌، واته‌ دژایه‌تیی كورد. 
قه‌ره‌یلان وتیشی: له‌ساڵانی بیسته‌كاندا نكۆڵی له‌كورد كرا‌و مافه‌كانیان زه‌وت كرا‌و دابه‌شكران، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وێ رۆژێ ئه‌وان لاوازبوون‌و له‌مه‌یدانی سیاسه‌ته‌وه‌ دووربوون، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌ستێره‌ی كورد روو له‌گه‌شانه‌وه‌یه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا، بۆیه‌ هیچ بوارێك بۆ سیاسه‌ته‌كانی توركیا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ بتوانێت رێگریی له‌كورد بكات تا قه‌واره‌یه‌ك بۆخۆی چێ بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حزب دادو گه‌شه‌پێدان بۆمبـی ئه‌تۆمیش به‌كاربهێنێت دژی پارتی كرێكارانی كوردستان‌و بۆ قه‌لاچۆكردنی گه‌لی كورد له‌باكووری كوردستان، ئه‌وا ناتوانێت ببێته‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنی كورد له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی پارتی كرێكارانی كوردستان روونیشیكردۆته‌وه‌ كه‌ به‌رپرسیارێتی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌جه‌نگی ناو توركیا‌و باكووری كوردستاندا ده‌بنه‌ قوربانی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی ئاكه‌په‌، راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان هه‌رگیز جه‌نگ‌و كوشتاری پێ باش نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نكوڵی كردن له‌ مافه‌ ره‌واو سروشتییه‌كانی گه‌ل هه‌روا بمێنێته‌وه‌، هه‌وڵی قه‌ڵاچۆكردنی بدرێت به‌ڕێگه‌ی توندوتیژیی، ئه‌وا پارتی كرێكارانی كوردستان رووبه‌ڕووی ئه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌.
پیاوانی پۆلیس، منداڵی بێتاوان نین
موراد قه‌ره‌یلان له‌وه‌ڵامی ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌دا كه‌ ده‌یانه‌وێت بڵێن ئه‌و پۆلیسانه‌ی له‌چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كاندا ده‌كوژرێن «كه‌سانی بێتاوانن» روونیكرده‌وه‌ كه‌ له‌وڵاتانی دیموكراتدا ئه‌ركی پۆلیس‌و پۆلیسی هاتوچۆ پاراستنی هاووڵاتییانه‌، به‌ڵام ئه‌و پۆلیسانه‌ی توركیا له‌سه‌ر كوشتنی خه‌ڵك پێكراوه‌و ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ كوشتنی چه‌ندین كه‌سدا، ئه‌دی هه‌ر ئه‌وانه‌ نه‌بوون كه‌ بوركان عه‌لوانی ته‌مه‌ن 15ساڵ‌و ئه‌دهه‌م ساریسولوكیان كوشت؟ ئاخۆ دیلیك دۆغان به‌ده‌ستی ئه‌وان له‌ماڵه‌كه‌یدا نه‌كوژرا؟ بۆیه‌ ئه‌و پۆلیسانه‌ منداڵی بێ تاوان نین، به‌ڵكو هێزی جه‌نگن، بۆیه‌ هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێك ئه‌و هێزانه‌ بكاته‌ ئامانج، ناكۆك نییه‌ له‌گه‌ڵ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی جه‌نگدا.
پابه‌ندن به‌ یاساكانی جه‌نگه‌وه‌
سه‌باره‌ت به‌و چالاكییانه‌ش كه‌ بزووتنه‌وه‌ی هه‌ڵۆكانی كوردستان جێبه‌جێیان ده‌كه‌ن، قه‌ره‌یلان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ پێشتریش ئێمه‌ ره‌خنه‌مان له‌ هه‌ندێك له‌ چالاكییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی هه‌ڵۆكانی كوردستان گرتووه‌، به‌ڵام هه‌موو چالاكییه‌كانیشیان به‌ خراپ نازانین، بۆنموونه‌ چالاكییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ له‌چوارچێوه‌ی یاساكانی جه‌نگدا جێبه‌جێ كراوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌و چالاكییانه‌ی كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی جه‌نگدا به‌ڕێوه‌ده‌چن، به‌هه‌ڵه‌ی نازانین.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP