سیسی نقومی گێژاوێكی قوڵە
زۆر خۆشحاڵ و شادمانە بە هاتنی ترەمپ سیسی نقومی گێژاوێكی قوڵە ‌ 26/12/2016
رۆلا خەلەف فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی

لەوەتەی عەبدولفەتاح سیسی بۆتە سەرۆك كۆماری میسر، ئەو وڵاتە لە ناو گێژاوێكی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی قوڵ و هەمەلایەنەدایە. ئێستاش ئەو قەیرانانە هێند قوڵ بوونەتەوە كە هیچ سەردەمێكی میسری نوێ ئەوەندە ئاڵۆز و بەیەكداچوو و قەیراناوی نەبووە.
بۆ ئەوەی باشتر لە تێڕوانین و بیركردنەوەی سیسی تێبگەین، رەنگە نموونەیەكی باش بێت لەوەوە تەماشای بكەین كە بۆچوون و تێڕوانینی چۆنە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا.

سیسی زۆر خۆشحاڵ و شادمانە

ترەمپ خاوەنی كەسایەتییەكی بەیەكداچووە و بۆچوونێكی دیاریكراوی نییە لە بارەی ئایندەوە، بە تایبەتی بەرامبەر ئایندەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە زۆرینەی وڵاتانی ناوچەكە و سەرۆك و پاشا و سەركردەكانی ئەو ناوچەیە بە گومان و نیگەرانییەوە چاوەڕێی ترەمپن، كەچی عەبدولفەتاح سیسی زۆر خۆشحاڵ و شادمانە.
لە سەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و راگەیاندنی ئەنجامەكان، میدیاكانی میسر بە سەرسوڕمانەوە باسی تێڕوانینی سیسیان دەكرد بۆ ترەمپ. چونكە هەر لە سەرەتاوە، پێش ئەوەی هەڵبژاردن بكرێت و ئەنجامەكانیش رابگەیەنرێت، لە چەند بۆنەیەكدا سیسی هەڵوێستی خۆی لە بارەی ترەمپەوە یەكلایی كردەوە، ئەوە بوو لە كاتی چوونی بۆ ئەمریكا بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكان چاوی پێی كەوت.

بۆچوونی هاوبەش

میدیاكانی میسر و چاودێرانی ئەو وڵاتە پێیان وایە سیسی و ترەمپ لە هەندێك بابەت و مەسەلەدا بۆچوونی هاوبەشیان هەیە. بۆ نموونە هەردووكیان پێیان وایە روسیا هێزێكی جیو پۆلەتیكی گرنگە لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشێكی راستەقینەیە لەو ناوچەیەدا و نابێت پەراوێز بخرێت.
یەكێكی تریش لەو هەڵوێستانەی ترەمپ و سیسی تیایدا هاوبەشن، تێڕوانین و بیركردنەوەیانە بەرامبەر ئیسلامی سیاسی و هەروەها ئیسلامی جیهادی و ئەوەی پێی دەوترێت بزووتنەوەی جیهادی.

ئەسڵی مەقسەدی ئەم وتارە

ئەگەر مەسەلەی ترەمپ بەجێ بهێڵین و بێینەوە سەر ئەسڵی مەقسەدی ئەم وتارە كە خودی سیسییە، دەبێت باسی ئەوە بكەین، لەوەتەی عەبدولفەتاح سیسی بۆتە سەرۆك كۆماری میسر، ئەو وڵاتە بە قۆناغێكی سەختی هەمەلایەنەدا تێدەپەڕێت. هەر لە مەسەلەی سیاسی و ئازادیی سیاسییەوە تا دەگاتەوە بە مەسەلە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان و ئەو گرفتە ئابوورییانەی خەڵكی میسر لە راییكردنی ژیانی رۆژانەیدا رووبەڕووی دەبێتەوە.
ئامارەكان دەڵێن، بارودۆخی ئێستا میسر باش نییە. لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان بە رێژەی ساڵانەی 2.5%، ئەو وڵاتە بۆتە شوێنی نیشتەجێ بوونی نزیكەی 92 ملیۆن كەس كە 27% یان لە خوار هێڵی هەژارییەوە دەژین، ئەوەش 255% زیاترە لەو رێژەی هەژارییەی بەر لە بەهاری عەرەبی و ساڵی 2011 هەبوو.
ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری لە ناو گەنجان و لاوانی میسردا، قەرزی ناوخۆیی بە رێژەی 100% زیاتر بووە لە چاو داهاتی ناوخۆیی.
لە هەمووشی گرنگتر، سیسی تا ئێستا نەیتوانیوە بەرەی ناوخۆیی میسر بەهێز بكات، سەرەڕای ئەو رێ و شوێنانەی گرتویەتیە بەر بەرامبەر ئیخوان موسلمین، بەڵام هێشتا بەسەریاندا زاڵ نەبووە، هەروەك نەشیتوانیوە زەمینەی وا بڕەخسێنێت كە خەڵكی میسر لەو رێكخراوە ئیسلامییە لەبەریەك هەڵوەشاوە و لاوازە دوور بكەوێتەوە.

چارەسەری گونجاو

لەسەر ئاستی هەرێمایەتیش، سیسی نەیتوانیوە وا بكات میسر سەقامگیری بەدی بهێنێت. دوای چەند ساڵێك لە باشبوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عەرەبستانی سعودی، دواجار پەیوەندییەكانی قاهیرە و ریاز رووی لە خراپی كرد. ئێستا ئەوەندەی بیر لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنقەرە و ئەردۆغان دەكاتەوە، ئەوەندە خەیاڵی لەلای ئەو وڵاتەی كەنداو نییە كە لە سەروبەندی لەكارلادانی محەمەد مورسی بەهانایەوە هاتن و پارە و پشتیوانی سیاسی و ئابووری و ستراتیجی گەورەیان پێشكەشی ئەو جەنەراڵەی سوپای میسر كرد بۆ ئەوەی دەست بەسەر كورسی سەرۆكایەتیدا بگرێت.
هەموو ئەو بارە خراپە ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەی میسر بڕوای سیسی وای لێنەكردووە بیر لە چارەسەری گونجاو بكاتەوە. بەڵكو بە پێچەوانەوە، ئەو بەردەوامە لەسەر گوتاری كاری سیاسی خۆی. لە بەرامبەر رەخنە و پلارەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، سیسی دەستی داوەتە بەكارهێنانی میدیاكانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندیی خۆی، كە بەرای چاودێران میدیای رەسمی سەردەمی سیسی زۆر جیاواز نییە لە میدیای رەسمی سەردەمی حوسنی موبارەك.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7276
25/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌كورتی 25/5/2017
‌ ته‌نیا هه‌نگاوی كۆتایی ماوه‌ 25/5/2017
زانست
‌ بیری یاقوب چاڵێكی ده‌م كراوه‌ له‌ ته‌كساس 25/5/2017
‌ هۆكاری سێیه‌كی مردنی مرۆڤ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا 25/5/2017
‌ دایكێكی ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ ٣٨ منداڵی هه‌یه‌ 25/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP