كوشتـنی باڵیـۆز
گومان‌و پرسیار يان دووركەوتنەوە یان نزیكبوونەوەی زیاتر؟ كوشتـنی باڵیـۆز ‌ 26/12/2016
دەستگیرنەكردنی بكوژەكەی باڵیۆزی روسیا گومان و پرسیاری لای هەندێك لە چاودێرانی نێودەوڵەتی دروستكردووە، بەڵام سەرۆك كۆماری توركیا پاساو دێنێتەوە و بەرگریی لە جوڵەی هێزە ئەمنییەكان دەكات، كە بكوژەكەیان لە شوێنی تاوانەكەدا كوشتۆتەوە.

پێشانگایەكی هونەری 

ئەندرێ كارلۆڤ باڵیۆزی روسیا لە توركیا رۆژی دووشەممەی رابردوو لە كاتی پێشكەشكردنی وتەیەكدا لە پێشانگایەكی هونەری لە ئەنقەرە تەقەی لێكرا و كوژرا، بەپێی ئەو وێنانەش كە لە ساتی رووداوەكەدا گیراون، مەولود تەنتاشی تەمەن 22 ساڵ، كە ئەفسەری پۆلیسی توركیا بووە، لە پشتەوە تەقەی لە باڵیۆزەكەی روسیا كردووە.
دەستبەجێ دوای رووداوەكەش، بكوژەكە بە دەستی هێزە ئەمنییەكانی توركیا كوژراوە، ئەمەش پرسیاری لای هەندێك دروستكردووە كە بۆچی پۆلیس نەیتوانیوە تەنتاش دەستگیر بكات. نوێنەرانی داواكاری گشتی دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردوە لە بارەی هۆكاری دەستگیرنەكردنی بكوژەكە.
بەپێی ئەنجامی سەرەتایی لێكۆڵینەوەكان، تەنتاش، دوای كوشتنی باڵیۆزەكەی روسیاش، بەردەوام بووە لە تەقەكردن لەنێو هۆڵی پێشانگاكەدا و تەقەشی لەو هێزە ئەمنییانە كردووە، كە دوای رووداوەكە هاتونەتە نێو باڵەخانەكەوە.

ناتوانن بە زیندوویی دەستگیرم بكەن

لە زاری یەكێك لە لێكۆڵەرەكانەوە بڵاوكراوەتەوە، تەنتاش تەقەی كردووە و وتویەتی ناتوانن بە زیندوویی دەستگیرم بكەن. ئەمەش وای لە هێزە ئەمنییەكان كردووە، تەقەی لێبكەن و لە ئەنجامیشدا تەنتاش كوژراوە.
رەجەب تەیب ئەدرۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش بەرگریی دەكات لە كاردانەوەی هێزە ئەمنییەكان و دەڵێت، هەندێك گومانیان هەبووە لەوەی بۆچی بكوژەكە بە زیندوویی دەستگیر نەكراوە، بەڵام تەماشا بكەن لە بێشكتاش چی روویدا كاتێك هەوڵدرا یەكێك لە هێرشبەرەكان بەزیندوویی دەستگیر بكرێت.
ئەردۆغان مەبەستی لە دوو تەقینەوەكەی ئەم مانگەی ئیستانبوڵ بوو، كە لە دەرەوەی یاریگای بێشكتاش روویاندا و 44 كوژراوی لێكەوتەوە. هێرشی دووەم لە لایەن خۆكوژێكەوە ئەنجامدرا، ئەگەرچی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانیشەوە گەمارۆ درابوو.
لە لایەكی دیكەوە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا هۆكاری كوشتنی باڵۆزەكەیان و بەرگری نەكردن لێی ئاشكرا دەكات و بە پەرلەمانتارانی وڵاتەكەی وتوە یاسایەك هەیە و لە زۆربەی وڵاتاندا بە توركیاشەوە كاری پێدەكرێت، كە هیچ پاسەوانێكی باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەكان لە دەرەوەی بینای نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەكان بۆیان نییە بە چەكەوە بچنە دەرەوە، بۆیە پاسەوانەكان نەیانتوانی كارلۆڤ بپارێزن.
بۆیە هیوای خواست میكانیزمێك بۆ پاراستنی دیپلۆماتكارە روسییەكان لەو وڵاتانەدا دابنرێت كە هەندێك تایبەتمەندییان هەیە.

شرۆڤەو لێكدانەوەی جیاواز

میدیاكانی جیهان شرۆڤە و لێكدانەوەی جیاواز بۆ رووداوی كوشتنی باڵیۆزی روسیا لە توركیا دەكەن. زۆرینەشیان پێیان وایە، بە پێچەوانەی ئەوەی بیری لێدەكرێتەوە، ئەو رووداوە دەبێتە مایەی زیاتر لێكنزیكبوونەوەی مۆسكۆ و ئەنقەرە نەك لە یەكتریان دوور بخاتەوە.
لەو بارەیەوە گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئەمریكی شرۆڤەیەكی بڵاوكردۆتەوە و باسی پێنج سیناریۆ دەكات كە رەنگە ئاماژەی خراپی دوای كوشتنی باڵیۆز ئەندرێ كارلۆڤ بن.

هێرشی ئەلیكترۆنی دژی توركیا

فۆرن پۆلیسی دەڵێت، دەبێت چاوەڕوانی هێرشی ئەلیكترۆنی فراوانی روسیا بین لە دژی توركیا. وەك چۆن بەم دواییانە لە روسیاوە هێرشێكی فراوانی لەو جۆرە كرایە سەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
پێدەچێت لەو هێرشە ئەلیكترۆنییە چاوەڕوانكراوەدا دەزگا تایبەتی و گرنگەكان بكرێنە ئامانج بۆ ئەوەی زانیاری و نهێنی جۆراوجۆریان دەست بكەوێت. رەنگە دەزگا و دامەزراوەی نزیك لە خودی ئەردۆغان و كەسە نزیك و ئەندامانی خێزانەكەی ئەو بكرێنە ئامانجی پلە یەك.

سیناریۆی جیاواز

یەكێكی تر لە سیناریۆكان ئەوەیە كە پەیوەندییە لەرزۆكەكانی نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە بەرەو خراپی زیاتر بڕوات بە تایبەتی لە لایەنی ئابووری و گەشتیارییەوە. سیناریۆی سێیەمیش ئەوەیە رەنگە ئەو رووداوە بكرێتە پاساوێك بۆ سەركوتكردنی ئازادییەكان لە هەردوو وڵاتی روسیا و توركیا.
سیناریۆی چوارەمی رووداوی كوشتنی باڵیۆزی روسیا لە توركیا بە تێڕوانینی گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئەمریكی ئەوەیە كە ئەو ئاگربەستەی لە شاری حەلەبی سوریا راگەیەنراوە هەرەس بهێنێت.
دوایین سیناریۆی ئەو گۆڤارە ئەمریكییە پەیوەندیی بە كوردەوە هەیە. رەنگە روسیا پەیوەندییە مێژووییەكانی لەگەڵ كورد وەك كارتی گوشار بەكاربهێنێت، جا ئەو بەكارهێنانە لە سوریا بێت یان لە ناوخۆی توركیاشدا بێت.

ئاماژەیەكی ترسناك
بۆ جیهان 

هاوكات رۆژنامەی نیویۆرك تایمز راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە و ئاماژەی كردووە كە رووداوی كوشتنی باڵیۆز ئەندرێ كارلۆڤ باڵیۆزی روسیا لە توركیا ئاماژەیەكی ترسناكە بۆ جیهان و كۆمەڵیكی زۆر پرسیار و گومان و گریمانە دەوروژێنێت و ئەگەرێكی زۆریش هەیە لە مەدای نزیك و دووردا كاردانەوە و رەنگدانەوەی جیاوازی لێبكەوێتەوە.
هاوكات لەگەڵ ئەو شرۆڤە و لێكدانەوانەی گۆڤار و رۆژنامە و میدیا جیهانییەكان پێشكەشی دەكەن، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش رۆڵێكی گەورەیان وەرگرتووە بۆ نیشاندانی دیوێكی تری ئەو رووداوە و بەراوردكردنی بە رووداوە هاوشێوەكان لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە.

بەراوردكردنی تیرۆركردنی كارلۆڤ
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تویتەر و فەیسبوك وێنە و پۆست و كۆمێنتی جۆراوجۆر هەن. 
گرنگترینیان بەراوردكردنی تیرۆركردنی كارلۆڤە بە تیرۆركردنی یەكێك لە شازادەكانی نەمسا كە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەكەم.
هەر لەو بارەیەوە ماكس فیشەر لە ستوونەكەی خۆیدا لە رۆژنامەی نیویۆرك تایمز نووسیویەتی، ئەو گوازرشت و دروشم و دەستەواژانەی مەولوت تەنتاشی تیرۆریست و ئەفسەری پۆلیسی توركیا لە كاتی تیرۆركردنی كارلۆڤدا بە راشكاوی باسی كردن بۆ ئەوەیە كە دووراییەكی سیاسیی ناوچەیی بداتە رووداوەكە و خۆیشی وەك تیرۆریستێكی خاوەن تێڕوانینی سیاسی نیشان بدات، ئەوەش لە كاتێكدایە تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە هیچ گروپ و رێكخراو و لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆیان لەو رووداوە رانەگەیاندووە.

بە پێچەوانەی بۆچوونی باوەوە

فیشەر پێی وایە بە پێچەوانەی بۆچوونی باوەوە، ئەو رووداوە نابێتە مایەی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی روسیا و توركیا، بەڵكو ئەگەرێكی زۆر هەیە ببێتە مایەی توند و تۆڵتر بوونی پەیوەندییەكان و كاری هاوبەش و پێكەوەیی لەسەر ئاستی ناوچەكە، هەر لە دۆسێ شەڕی سوریا و شاری حەلەبەوە تا دەگاتە وەرچەرخانی ئاراستەی توركیا لە ئەوروپا و خۆرئاواوە بەرەو خۆرهەڵات و ئەگەر بوونە ئەندامی لە رێكەوتنی شەنگهای.

رێكەوتنێكی نا رەسمی نەنووسراو

ئەو نووسەرەی نیویۆرك تایمز باسی ئەگەرێكی تریش دەكات، ئەویش گەیشتنە بە رێكەوتنێكی نا رەسمی نەنووسراو لە نێوان ئەنقەرە و مۆسكۆدا لە بارەی هەندێك بابەتی هەستیارەوە. توركیا لە لای خۆیەوە دەست هەڵدەگرێت لە پشتیوانی ئەو گروپانە لە ناو سوریادا كە كێشە بۆ روسیا دروست دەكەن.

لە بەرامبەریشدا روسیا هاوكارییەكانی بۆ كورد كەمدەكاتەوە و رێگە دەدات یان لانی كەم كاردانەوەی توند نانونێنێت ئەگەر توركیا و سوپاكەی لە سەر سنووری سوریا و توركیا ئامادەیی زیاتری هەبێت، تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە روسیا رازی ببێت هەندێك ناوچەی تری باكووری سوریا بكەوێتە دەست توركیا كە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعشدایە لە بری ئەوەی بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی كوردەوە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP