پیاوە نەخۆشـەكە
لە پاكستان دەچێت یان خەلافەتی عوسمانی؟ پیاوە نەخۆشـەكە ‌ 9/1/2017
رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی

رۆژنامەیەكی بەریتانی هاوشێوەی سەد ساڵ لەمەوبەر وەسفی توركیای ئەمڕۆ دەكات و رایدەگەیەنێت، توركیا خەریكە دەبێتەوە پیاوە نەخۆشەكەی ئەوروپا.

پیاوە نەخۆشەكەی ئەوروپا
مارك ئەلموند ئەكادیمی و نووسەری مێژوویی بەریتانی لە وتارێكیدا لە رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافدا باسی بارودۆخی ئەمڕۆی توركیا دەكات و بەراوردی دەكات بە توركیا 100 ساڵ لەمەوبەر. ئەوكاتە بە توركیای سەردەمی عوسمانی دەوترا پیاوە نەخۆشەكەی ئەوروپا، ئێستاش بە هۆی ئەو بارگرژی و شەڕ و تەقینەوانەی لەو وڵاتە بە شێوەیەكی رۆژانە روودەدەن، خەریكە دەبێتەوە پیاوە نەخۆشەكە.
مارك ئەلموند سەرەتا لە باسكردنی رووداوی تەقەكردنەكەی شەوی سەری ساڵی یانەیەكی شەوانەی شاری ئەستانبوڵ دەست پێدەكات و دەڵێت، زیاتر لە هەر رووداوێكی تر، ئەو رووداوە نیشانی دەدات كە توركیا خەریكە ببێتەوە بە پیاوە نەخۆشەكەی ئەوروپا.
دەشڵێت، ئەوەی سەری ساڵی 2017 لە ئەستانبوڵ روویدا جگە لەوەی ئەو سەردەمەمان بە بیر دەهێنێتەوە كە بە توركیای عوسمانی دەوترا پیاوە نەخۆشەكە، هەروەك ئەوەشمان بە بیر دەهێنێتەوە كە چەند ساڵێك لەمەوبەر لە پاكستان روویدا.
ئەوەی لە پاكستان روویدا ئەوە بوو كە بەرپرسانی ئەو وڵاتە زۆر خزمەتی بزووتنەوەی تاڵیبانیان كرد و لە چەندین گرفت و تەنگژەدا هاوكارییان كرد، بەڵام دواجار ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە بووە هەڕەشەیەكی راستەوخۆ لەسەر پاكستان. ئێستاش خەریكە هەمان شت لە توركیا روودەدات. ئەو توركیایەی پشتیوان و هاوكاری داعش بوو، پشتیوان و هاوكاری ئیسلامییە توندڕەوە جیهادییەكانی سوریا بوو، خەریكە دەبێتەوە ئامانجی راستەوخۆ و یەكەمی ئەو گروپانە.
خەلافەتی عوسمانی
لە ساتەكانی كۆتایی خەلافەتی عوسمانیدا، شانشینی بەریتانیا ئەو خەلافەتەی بە پیاوە نەخۆشەكەی ئەوروپا وەسف كردووە، چونكە ئەو كاتە دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی پیر بوو بوو بەرەو پەككەوتەیی دەڕۆیشت.
ئەلموند دەڵێت، هەمیشە هاووڵاتیان بە دوای سەركردە و سەرۆكێكدا دەگەڕێن كە قەیران و كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكات، بە تایبەتی كاتێك نەهامەتی و چەرمەسەری روویان تێدەكات، بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە، ئەو كاتەی خەڵك پێویستی بە سەرۆك و سەركردە هەبێت، چی دەگوزەرێت كە وڵات و دەوڵەتەكە خۆی تووشی فەوزا و بێ سەروبەرەیی ببێت بە هۆی ئەو سەرۆكە بەهێزەوە؟
بۆیە دەڵێت، بارودۆخی ئێستا توركیا زۆر مەترسیدارە. سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی بەهێزترین سەرۆك كۆمارە لە دوای كودەتای ساڵی 1980 ەوە، تەنانەت لە سەردەمی خودی كەمال ئەتاتوركیشەوە، بەڵام وەك دەردەكەوێت، ئەردۆغان ناتوانێت دەسەڵات و فەرمانڕەوایی بەردەستی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان!
رەجەب تەیب ئەردۆغان بەردەوامە لە قۆرغكاریی دەسەڵاتەكان لە دەوڵەتی توركیادا، بەڵام قەیرانەكانی وەك كوشتنی هەڕەمەكەی و هێرشی خۆكوژی چارەسەر ناكات، تەنانەت بارودۆخی باشووری خۆرهەڵاتی وڵاتەكەی كە دەكاتە باكووری كوردستان، لە دەرەوەی كۆنترۆڵ و ئامانجەكانی ئەودان. 

كەسێك كە حەزی لە دەسەڵاتە
ئەلموند پێی وایە، ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا جگە لە كەسێك كە حەزی لە دەسەڵات و كۆنترۆلكردنە شتێكی تر نییە، چونكە ناتوانێت دەسەڵات و كۆنترۆڵكردنەوەی لە بەرژەوەندیی وڵاتەكەی و كۆمەڵگەكەیدا بەكاربهێنێت. تەنانەت، ئەردۆغان، شێوازێكی سەیر و سەمەرەی حوكمڕانی هەیە، نەك ناتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵكو خەریكە دۆخی گشتی وڵاتەكە بەرەو خراپتر دەبات.
ئەو نووسەرە بەریتانییە دەڵێت، ئەردۆغان بە شێوەیەكی گەورە و كاریگەر پشتیوانی ئەو گروپ و هێزانەی كرد كە دەستیان كرد بە شەڕ و شۆڕش دژی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا، بەڵام ئێستاش چاوی خۆی دەنوقێنێت لە مەرتسییەكانی هەڵگەڕانەوەی ئەو گروپ و هێزانە و سوود وەرگرتن لەو ئاسانكاریانەی پێشتر لە توركیا پێشكەشیان كراوە.
ئەمانەش لە كاتێكدا كە توركیا لە واقیعی خۆی و سیاسەتەكانی هەڵدێت. ئێستا سیاسەتەكانی ئەنقەرە وەرچەرخاوە، لە بری دژایەتی روسیا و ئێران ئێستا دۆستایەتیان دەكات، تەنانەت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تۆمەتبار دەكات بەوەی لە پشت هێرش و پشێوییەكانی ناو توركیاوەیە.
لە بارەی دۆخی ئابووریشەوە، ئەلموند دەڵێت، توركیا قۆناغی گەشەكردنی خێرای بڕی و ئێستا كەوتۆتە ناو قۆناغی كەوتن و پاشەكشەی خێراوە. ئابووریی توركیا دەرەنجامی گرنگ و دەسكەوتی گەورەی بەدەست دەهێنا بە هۆی پەیوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ بازاڕی كۆمەڵگە و وڵاتە ئیسلامییەكان، بەڵام ئەو شەڕ و پشێویانەی ئێستا لە هەر یەك لە عیراق و سوریا روودەدەن، رێگەی خۆش كردووە بۆ پاشەكشەیەكی گەورەی ئابووری و زیانێكی زۆریش لە كەرتی گەشتیاریی توركیا دەدات.

توركیا وەك پاكستانی لێدێت
ئێستاش كاتی پرسیارە سەرەكییەكەیە، ئایا توركیا بۆتەوە پیاوە نەخۆشەكەی ئەوروپا؟ یان ئێستا لە پاكستان دەچێت كە دامەزرێنەر و پشتیوانی بزووتنەوەی تالیبان بوو، بەڵام لە پڕ ئەو بزووتنەوەیە بووە هەڕەشەیەكی جددی لەسەری، بۆیە توركیا وەك پاكستانی لێدێت بە هۆی ئەو دۆخەی لە سوریا هەیە و پێشتر پشتیوانی جیهادییەكانی ئەوێندەری كردووە؟
بۆیە هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوەن، ئەو توركیایەی بۆ چەند ساڵێك بوو بووە نموونەی جێگەی چاو تێبڕینی وڵاتانی تری ناوچەكە لە رووی سەقامگیری و گەشەكردنەوە، ئێستا لەسەر وەرچەرخانە بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەكی تری هاوشێوەی پاكستان و بەرەو هەڵدێر گلۆر دەبێت.
 لە بارەی باری ناوخۆیی ناو حزبەكەی ئەردۆغانیشەوە، ئەو نووسەرە بەریتانییە دەڵێت، رەنگە هەندێك كەس و كەسایەتی هەبن لە ناو پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) دا كە ناڕازی بن لە سیاسەت و ئاراستەی ئەردۆغان، بەڵام پێم وانییە كە ئەوەندە بن یان ئەوەندە هێز و ئازایەتییان هەبێت بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەردۆغان ببنەوە. بۆیە چاوەڕوان نەكراوە كە ئازار و نەهامەتییەكانی توركیا بەو جۆرە كۆتاییان بێت یان ئارامی بەخۆیانەوە ببینن. كاتێكیش تەماشای پێگەی جیو سیاسی هەستیاری توركیا دەكەین، بۆمان دەردەكەوێت، بە شێوەیەكی كرداری، نا سەقامگیریی توركیا، نا سەقامگیریی خۆرئاوای لێدەكەوێتەوە.

چارەسەری قەیرانی حەلەب
هاوكات، نوعمان كورتولموش، جێگری سەرۆك وەزیران و وتەبێژی حكومەتی توركیا رایگەیاند، سیاسەتی وڵاتەكەی بەرامبەر سوریا هەر لە سەرەتاوە هەڵە بووە و ئێستاش دەیانەوێت هەڵەكە راست بكەنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی ئیرنا، كورتولموش لە سەردانێكیدا بۆ رۆژنامەی حوڕییەتی توركی، ئەوەی بە رۆژنامەنوسەكانی ئەو رۆژنامەیە راگەیاندووە. بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ روسەكان لەسەر چارەسەری قەیرانی حەلەب گەیشتوینەتە رێكەوتن، دەشمانەوێت ئەو ئاشتییەی حەلەب سەرتاسەری سوریا بگرێتەوە.
كورتولموش وتوێتی، دەبێ دوای ئاگربەست، گفتوگۆكان بەردەوام بن و ناكرێت لەگەڵ حكومەتی ئێستای سوریا لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆببینەوە، چونكە ئەو حكومەتە خوێنی زۆرێك لە هاووڵاتییانی سوریای رشتوە، بەڵام بڕیاری كۆتایی لای بەشداربوانی كۆبوونەوەكانە.
كورتولموش ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتانی زلهێز دەیانەوێت هاوشێوەی سەد ساڵ پێش ئێستا، جارێكی تر لە ناوچەكەدا سایكس پیكۆیەكی تر دابڕێژن كە تەنها توركیا دەتوانێت تێكی بدات.
كورتولموش هەوڵەكانی بۆ گۆڕانكاری لە جوگرافیای ناوچەكەی بە سایكس پیكۆی دووەم ناوبرد.

زانیاریی ورد لە سەر هاوكاریی توركیاو داعش

ئەفسەرێكی پێشوی سوپای توركیا هەندێك زانیاری لەسەر دامەزراندنی رێكخراوی داعش ئاشكرا دەكات‌و دەڵێت، ئەرۆدغان خۆی سەردانی كەمپی مەشقی داعشی كردوە.
ئەحمەت قەهوەچی ئەفسەرێكی پێشوی سوپای توركیایە كە ماوەیەك فەرماندەی حامیەی سەربازی شاری ئامەدی باكوری كوردستان بوە، زانیاریی ورد لەسەر پرۆسەی دامەزراندنی داعش لەلایەن توركیاو سعودیە بەهاوكاریی كۆمپانیایەكی ئەمریكی بڵاودەكاتەوە.
قەهوەچی دەڵێت، چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەناوچەكانی سنوری توركیا لەگەڵ عیراق و سوریا مەشقیان پێكراوەو چەند جارێكیش رەجەب تەیب ئەردۆغان مەشقی ئەو چەكدارانەی بەسەر كردۆتەوە.
سایتی عیراق تایمز لەزاری قەهوەچییەوە دەڵێت، دامەزراندنی داعش بەپشتیوانی توركیاو سعودیە بوە، توركیا شوێنی بۆ مەشق و راهێنان دابینكردوە، سعودیەش گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای بلاك وۆتەری ئەمریكی كردوە بۆ راهێنانی ئەو چەكدارانە.
دەشڵێت، توركیاو سعودیە لەناوچەو وڵاتانی جیاجیاوە سوپایەكیان بۆ داعش پێكهێنا، بەتایبەتی لەچین‌و ئۆزبەكستان‌و تاجیكستان‌و چیچان‌و ئەنگۆشیاو داغستان‌و تایلاند‌و سیریلانكاو ئەندۆنیسیا‌و بەنگلادیش‌و كشمیرەوە چەكداریان بۆ هێنا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7345
20/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ شاراپۆڤا داوه‌تنامه‌ی‌ گراندسلامی ئه‌مریكای پێشكه‌ش كرا 20/8/2017
‌ نه‌یمار به‌ باڵیۆزی نیازپاكیی رێكخراوی هاندیكاپ دیاری كرا 20/8/2017
زانست
‌ شوقه‌ ژینگه‌یه‌ك بۆ ئاسووده‌یی هاوبه‌ش 20/8/2017
‌ له‌ سوید فه‌رشی فڕیو دروست كرا 20/8/2017
‌ پلان بۆ داهاتووی داده‌نێت 20/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP