بۆ ده‌سته‌به‌ركرنی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران شه‌ش كاندید له‌ كێبڕكێدان
هۆكاره‌كانی‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد ئاشكراده‌بن بۆ ده‌سته‌به‌ركرنی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران شه‌ش كاندید له‌ كێبڕكێدان ‌ 1/5/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان
وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ ئێران ئاماژه‌ به‌ مانه‌وه‌ی‌ شه‌ش كاندید ده‌كات بۆ پێشبڕكێی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كه‌ له‌ 19ی‌ ئه‌م مانگه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، وته‌بێژی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ستوری‌ ئه‌و وڵاته‌ش، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد په‌یوه‌ندی‌ به‌ راسپاردن و داواكاریی‌ رابه‌ری‌ باڵای‌ كۆماری‌ ئیسلامیه‌وه‌ هه‌بێت. 
له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ژماره‌ 12ی‌ كۆماریی‌ ئیسلامی‌ ئێراندا، وه‌ك وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ ئه‌و وڵاته‌ ئاماژه‌ی‌ پێكربوو، شه‌ش كاندید بۆ ئه‌نجامدانی‌ پێشبڕكێی‌ گه‌یشتن به‌ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ (حه‌سه‌ن روحانی‌، ئیبراهیم ره‌ئیسی‌، محه‌مه‌د باقر قالیباف، ئیسحاق جه‌هانگیری‌، مسته‌فا هاشمی‌ ته‌با، و مسته‌فا میر سه‌لیم) پێكدێن، عه‌باس كخدائی‌ وته‌بێژی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پاراستنی‌ ده‌ستوری‌ ئێرانیش له‌باره‌ی‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ مه‌حمود ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ ته‌له‌ڤیزیۆنی‌ ره‌سمی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ راگه‌یاندبوو، داواكاری‌ و راسپارده‌كه‌ی‌ عه‌لی‌ خامنه‌یی‌ رابه‌ری‌ باڵای‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ ئێران بۆ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد تا خۆی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كاندید نه‌كات، په‌یوه‌ندی‌ به‌ بڕیاری‌ دوورخستنه‌وه‌كه‌یه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ پاراستنی‌ ده‌ستوره‌وه‌ ده‌رچووه‌.  
به‌ وته‌ی‌ كخدائی‌، هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ شایسته‌یی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار، وه‌ك هه‌موو كه‌سێتییه‌كانی‌ تر بووه‌ و په‌یوه‌ندی‌ به‌ خولی‌ ئێستاوه‌ هه‌یه‌ و هیچ جیاوازییه‌كی‌ تێدا نه‌كراوه‌، ره‌تیشكرده‌وه‌ دوورخستنه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد هۆكاریی‌ تایبه‌تی‌ له‌ پشته‌وه‌ بوبێت.
وته‌بێژی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پاراستنی‌ ده‌ستوری‌ ئێران،  هۆكاری‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ بۆ ئه‌و مه‌رجانه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌كه‌وه‌ بۆ كاندیده‌كان دیاركراوه‌، به‌دووریشی‌ زانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پاراستنی‌ ده‌ستور، له‌كاتی‌ رێگریه‌كه‌یدا كه‌سێتی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژادی‌ بۆ به‌شداریی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تیدا به‌ناشایسته‌ دانابێت.   

كاندیده‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران 
حه‌سه‌ن روحانی‌: له‌دایكبووی‌ 1948ی‌ شاری‌ سه‌رخه‌یه‌ و له‌ خێزانێكی‌ ئاینپه‌روه‌ره‌، بڕوانامه‌ی‌ ماسته‌ری‌ له‌ یاسادا ساڵی‌ 1995 و دكتۆرا له‌ ساڵی‌ 1999 له‌ زانكۆی‌ گلاسكۆ كالدونیان به‌ده‌ستهێناوه‌.
له‌ دوای‌ شۆڕش به‌شداریی‌ له‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ سوپای‌ ئێران و بنه‌ما سه‌ربازییه‌كاندا كردووه‌. 
له‌ ساڵی‌ 1980 به‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورا (په‌رله‌مان) هه‌ڵبژێردراوه‌، بۆ ماوه‌ی‌ پێنج ولایه‌تی‌ ته‌واو له‌نێوان ساڵانی‌ 1980 و 2000 له‌ په‌رله‌مان ماوه‌ته‌وه‌. 
له‌ دوو ماوه‌دا، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن بووه‌، سه‌رۆكایه‌تی‌ لیژنه‌كانی‌ به‌رگری‌ و سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌یشی‌ كردووه‌.
سه‌رۆكایه‌تی‌ لیژنه‌ی‌ چاودێری‌ ده‌زگای‌ راگه‌یاندنی‌ نیشتیمانی‌ كردوو له‌نێوان ساڵانی‌ 1980 و 1983. 
روحانی‌ نوێنه‌ری‌ رابه‌ری‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ بوو له‌ ئه‌نجومه‌ن، پاشان بووه‌ ئه‌مینداری‌ ئه‌نجومه‌ن و ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌و پۆسته‌دا مایه‌وه‌. 
بۆ ماوه‌ی‌ 13 ساڵ راوێژكاری‌ هه‌ردوو سه‌رۆك، هاشمی‌ ره‌فسنجانی‌ و محه‌مه‌د خاته‌می‌ بووه‌ بۆ كاروباری‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌. 
له‌ ساڵی‌ 2013وه‌ سه‌رۆكی‌ ئێرانه‌ و به‌ كه‌سێكی‌ نزیك له‌ ره‌وتی‌ ریفۆرمخواز داده‌نرێت.
ئیبراهیم ره‌ئیسی‌: له‌دایكبووی‌ ساڵی‌ 1960ی‌ گه‌ڕه‌كی‌ نوغانی‌ شاری‌ مه‌شهه‌ده‌ و له‌ ساڵی‌ 1980دا له‌ ده‌زگای‌ داواكاریی‌ گشتی‌ له‌ شاری‌ كه‌ره‌جی‌ خۆرئاوای‌ تاران ده‌ستبه‌كاربووه‌، هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا بووه‌ته‌ داواكاری‌ گشتی‌ كه‌ره‌ج. 
له‌ساڵی‌ 1985 پۆستی‌ جێگری‌ داواكاری‌ گشتی‌ تارانی‌ وه‌رگرتووه‌، له‌پاش كۆچی‌ دوایی‌ خومه‌ینی‌، ره‌ئیسی‌ پۆستی‌ داواكاری‌ گشتی‌ تارانی‌ وه‌رگرتووه‌، له‌ ساڵی‌ 1989 تا ساڵی‌ 1994 له‌و پۆسته‌دا ماوه‌ته‌وه‌،  پاشان پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ پشكنه‌ری‌ گشتی‌ له‌ ئێران وه‌رگرتووه‌ و تا ساڵی‌ 2004 له‌و پۆسته‌دا ماوه‌ته‌وه‌. 
ره‌ئیسی‌ له‌ ساڵی‌ 2004 تا 2014 یاریده‌ده‌ری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ریی‌ بووه‌، له‌ 2014وه‌ تا 2016 پۆستی‌ داواكاری‌ گشتی‌ له‌ ئێران وه‌رگرتووه‌. 
ره‌ئیسی‌ یه‌كێكه‌ له‌ده‌ركه‌وتووترین نوێنه‌ر و كاندیدی‌ ره‌وتی‌ موحافیزكاران. 
محه‌مه‌د باقر قالیباف: له‌دایكبووی‌ ساڵی‌ 1961ی‌ ناوچه‌ی‌ ترقبه‌ی‌ شاری‌ مه‌شهه‌ده‌. 
چه‌ندان پۆستی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ وه‌رگرتووه‌ و هه‌ڵگری‌ بڕوانامه‌ی‌ دكتۆرایه‌ له‌ جوگرافیای‌ سیاسی‌ زانكۆی‌ «تربیت موده‌ریس»ی‌ تارانی‌ پایته‌خت.
ئه‌ندامی‌ ده‌زگای‌ وانه‌بێژی‌ بووه‌ له‌ كۆلێژی‌ جوگرافیای‌ مرۆیی‌ له‌ زانكۆی‌ تاران. 
خولی‌ فڕۆكه‌وانی‌ له‌ كۆمپانیای‌ «ئیبرباس»ی‌ فه‌ره‌نسایی‌ ته‌واوكردووه‌. 
به‌یه‌كێك له‌ فڕۆكه‌وانه‌كانی‌ كۆمپانیای‌ هێڵی‌ ئاسمانی‌ ئێرانی‌ داده‌نرێت. 
پێشتر عه‌لی‌ خامنه‌یی‌ رابه‌ری‌ باڵای‌ ئێران، وه‌ك فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌ ئاسمانییه‌كان له‌ سوپای‌ پاسداران ده‌ستنیشانی‌ كردبوو. 
له‌سه‌ر ره‌وتی‌ موحافیزكاره‌كان حیسابه‌، به‌ڵام بانگه‌شه‌ بۆ هه‌ندێك بیرۆكه‌ی‌ گۆڕانكاریی‌ و ریفۆرم ده‌كات. 
بۆ چه‌ندان ساڵ سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ تاران بوو، له‌ ساڵی‌ 2013دا خۆی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كاندیدكرد كه‌ تێیدا روحانی‌ بردنه‌وه‌ی‌ به‌ده‌ستهێنا و قالیبافیش 6 ملیۆن ده‌نگی‌ ده‌سته‌به‌ركرد. 
ئیسحاق جه‌هانگیری‌:  له‌ساڵی‌ 1958 له‌دایكبووه‌ و سیاسه‌توانێكی‌ ئێرانیه‌ و جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆك حه‌سه‌ن روحانیه‌.
له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ محه‌مه‌د خاته‌می‌ سه‌رۆكی‌ پێشووتردا وه‌زیری‌ پیشه‌سازی‌ و كانه‌كان بوو. 
بۆ دوو خولی‌ له‌سه‌ر یه‌ك له‌نێوان ساڵانی‌ 1984 و 1992 ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورا بووه‌.
مسته‌فا میرسه‌لیم: ته‌مه‌نی‌ 69 ساڵه‌ و خه‌ڵکی‌ تارانی‌ پایته‌خته‌.
هه‌ڵگری‌ بڕوانامه‌ی‌ ماسته‌ره‌ له‌ ئه‌ندازیاری‌ میكانیكی‌ زانكۆی‌ «بواتێ‌»ی‌ فه‌ره‌نسایی‌.   
مسته‌فا سه‌لیم به‌ یه‌كه‌م كاندیدی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران داده‌نرێت.
له‌ ماوه‌ی‌ دووه‌می‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هاشمی‌ ره‌فسنجانی‌ له‌نێوان ساڵانی‌ 1993 و 1997 له‌ پۆستی‌ وه‌زیری‌ رۆشنبیریدا بووه‌. 
مسته‌فا هاشمی‌ ته‌با: وه‌زیری‌ پێشووتری‌ پیشه‌سازی‌ و سه‌رۆكی‌ پێشووتری‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ نیشتیمانی‌. 
  بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران كه‌ بڕیاره‌ له‌ 19ی‌ ئه‌م مانگه‌دا سازبكرێت، ئه‌م شه‌ش كاندیده‌ی‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێكردن، كێبڕكێ‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ داهاتووی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ئێستادا به‌ وڵاتێكی‌ گرنگ و یاریكه‌رێكی‌ به‌رچاو له‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا داده‌نرێت. 

په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد و رابه‌ری‌ باڵای‌ شۆڕش 
سه‌باره‌ت سروشتی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان نه‌ژاد و رابه‌ری‌ باڵای‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌، ره‌نگه‌ ئه‌و پیاوه‌ له‌ ماوه‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ خۆیدا، وه‌ك كوته‌كی‌ ده‌ستی‌ خامنه‌یی‌ بوبێت به‌سه‌ر ره‌وتی‌ ریفۆرمخوازی‌ بێزاركه‌ر له‌ ئێران، گومانیشی‌ تێدا نییه‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد سودی‌ له‌ پشتیوانی‌ خامنه‌یی‌ و له‌ پشت ئه‌ویشه‌وه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ی‌ پاسداران وه‌رگرتووه‌. 
له‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ 2016، گۆڤاری‌ سیاسه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئه‌مریكایی‌ (فۆرین ئه‌فیرز) ئاماژه‌ی‌ به‌ بوونی‌ حاڵه‌تێكی‌ نوێ‌ كرد له‌ سیاسه‌تی‌ ئێرانی‌ كه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ ئێران بوو، ئه‌ویش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ردانی‌ گونده‌ دووره‌ده‌سته‌كانی‌ له‌ ئێران كرد و له‌ سه‌ردانه‌كانی‌ و له‌نێو مزگه‌وته‌كانی‌ ئه‌و گوندانه‌دا قسه‌ی‌ بۆ خه‌ڵك كرد له‌باره‌ی‌ ئه‌گه‌ری‌ خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران، بیانویشی‌ بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌، تۆمه‌تباركردنی‌ حه‌سه‌ن روحانی‌ سه‌رۆكی‌ ئێستا بوو به‌ شكستخواردن له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌ نێوان ئێران وڵاته‌ زلهێزه‌كان له‌ (ته‌مموزی‌ 2015)، تۆمه‌ته‌كانیشی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بونیادنابوو كه‌ روحانی‌ قوربانی‌ به‌ پرۆژه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ ئێران داوه‌ له‌به‌رانبه‌ر هه‌ندێك ده‌ستكه‌وتی‌ نارۆشن و نا دیاریكراو. 
میدیاكانی‌ ئێرانیش له‌ زاری‌ رابه‌ری‌ باڵای‌ كۆماری‌ ئیسلامییه‌وه‌ بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ ئامۆژگاری‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژادی‌ كردووه‌ ئه‌و كاره‌ نه‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئاواڵاكردنی‌ ده‌رگای‌ خۆكاندیدكردن له‌ 12ی‌ نیسانی‌ رابردوو، ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ گوێ‌ به‌ ئامۆژگارییه‌كانی‌ خامنه‌یی‌ بدات، خۆی‌ كاندیدكرد، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ده‌ستنیشانكردنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌سه‌ر ناشایسته‌یی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌و پیاوه‌ی‌ دوورخسته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن عه‌باس كخدائی‌ وته‌بێژی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پاراستنی‌ ده‌ستوری‌ ئێرانه‌وه‌ وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێكرد، له‌ دوایین لێدوانیدا ره‌تكرایه‌وه‌ و دوورخستنه‌وه‌كه‌ی‌ بۆ هۆكارێكی‌ تر گه‌ڕانده‌وه‌.  

نوێبوونه‌وه‌ی‌ دوژمنایه‌تی‌ نێوان ئێران و ئه‌مریكا له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد 
نوێبوونه‌وه‌ی‌ دوژمنایه‌تی‌ نێوان ئێران و ئه‌مریكا به‌رده‌وامی‌ به‌خۆوه‌ده‌بینێت و ئه‌و راستییه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی‌ روون له‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا به‌رجه‌سته‌بووه‌ كه‌ به‌ رۆشنترین دوژمنایه‌تی‌ ئه‌م سه‌ده‌یه‌ داده‌نرێت، له‌كاتێكدا ئێرانی‌ ره‌فسنجانی‌ و خاته‌می‌ له‌ هه‌ستی‌ بێلایه‌نبوونی‌ ئێرانی‌ به‌رانبه‌ر به‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان نزیكده‌بووه‌وه‌، جۆرج بوشی‌ كوڕ پێداگری‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئێران له‌ قۆزاخه‌ی‌ جه‌مسه‌ره‌كانی‌ شه‌ڕه‌نگێزی‌ له‌ جیهاندا ده‌رنه‌هێنێت، تۆمه‌تباریشی‌ كرد به‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌ستی‌ له‌ په‌لاماره‌كانی‌ 11ی‌ سێپته‌مبه‌ری‌ 2001دا هه‌یه‌، له‌ ساڵی‌ 2003شدا جارێكی‌ تر ئه‌و وڵاته‌ی‌ به‌ داڵده‌دانی‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ ده‌ستییان له‌ ده‌ستدرێژكردنه‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌مریكادا هه‌بوو له‌ سعودیه‌ و تێیدا هه‌شت ئه‌مریكایی‌ بونه‌ قوربانی‌. 
له‌گه‌ڵ په‌رتبوونی‌ به‌ره‌ی‌ ریفۆرمخوازانی‌ ئێران، هه‌ندێك پێیانوابوو فراوانبوونی‌ كه‌لێنه‌كان له‌گه‌ڵ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان گاڵته‌جاڕییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌یان له‌یاد كرد كه‌ خاته‌می‌ و پێشتریش ره‌فسنجانی‌، بڕوایان وابوو كه‌ پێویسته‌ هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامبن تا ئێران زیاتر به‌ره‌و جیهانیبوون ببه‌ن، به‌ڵام رۆژگاره‌كانی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد له‌ ترۆپكی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێران له‌ ساڵی‌ 2005 هاته‌ئارا و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ په‌رته‌وازه‌كرد. 
كامێرای‌ ته‌له‌ڤیزیۆنه‌كان روویان كرده‌ ماڵه‌كه‌ی‌ و ده‌ریانخست كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هاوڵاتییه‌ ساده‌ و ساكاره‌كان، مه‌حمود ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد له‌ چینی‌ ناوه‌ند و ژێره‌وه‌یه‌ و پشت و په‌نای‌ چه‌وساوه‌كانه‌. 
باوكی‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی‌ كاوه‌ی‌ ئاسنگه‌ر وه‌ك له‌ ئه‌فسانه‌ی‌ شانامه‌دا هه‌یه‌، ئاسنگه‌ر بووه‌.   
له‌ دوای‌ چوونه‌ده‌سه‌ڵاتیش له‌ مانگی‌ ئابی‌ 2005، ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد سه‌ركردایه‌تی‌ جه‌نگی‌ دژ به‌ گه‌نده‌ڵی‌ كرد و پشتگیری‌ له‌ هه‌ژاران كرد و شۆڕشی‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ خومه‌ینی‌ گێڕایه‌وه‌، به‌وشێوه‌یه‌ له‌لایه‌ن توێژێكی‌ فراوانی‌ گه‌لی‌ ئێرانه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كرا. كاری‌ له‌سه‌ر زیادكردنی‌ موچه‌ كرد، به‌ تایبه‌تیش بۆ فه‌رمانبه‌ربانی‌ حكومی‌، ئه‌وه‌ش له‌پێناو دابه‌زاندنی‌ ئاستی‌ هه‌ژاری‌ و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی‌ بێكاریی‌ و نیشته‌جێ و یارمه‌تیدانی‌ ئه‌وانه‌ی‌ تازه‌ هاوسه‌رگیریان كرد، له‌ وتاره‌كانیشیدا رێڕه‌وی‌ چه‌سپاندنی‌ عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ گرته‌به‌ر و ئه‌و هه‌نگاوه‌یشی‌ به‌سه‌ر چوار ته‌وه‌ردا دابه‌ش كرد كه‌ پێكهاتبوون له‌: بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ دادپه‌روه‌ریی‌ و فراوانكردنی‌، سۆز، پێشكه‌وتن و خۆبه‌رزڕاگرتن له‌به‌رانبه‌ر مادده‌ و بایه‌خدان به‌ لایه‌نی‌ روحی‌، و گه‌یاندنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ خه‌ڵك. 
ئه‌ركی‌ ئاماده‌كاریی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ پێشوازیی‌ له‌ مه‌هدی‌ مونته‌زه‌ر بۆ خۆی‌ دیاریی‌ كردبوو، ئه‌وه‌یشی‌ به‌ روونی‌ خسته‌ڕوو كه‌ شۆڕش له‌پێناو چه‌سپاندنی‌ دیموكراتی‌ خۆرئاوایی‌ به‌رپانه‌كراوه‌، به‌ڵكو له‌پێناو چه‌سپاندنی‌ دادپه‌روه‌ریی‌ ئیسلامدابوو، له‌و پێناوه‌شدا هه‌وڵێكی‌ زۆری‌ خسته‌گه‌ڕ و سه‌ردانی‌ زۆرێك له‌ ناوچه‌كانی‌ ئێرانی‌ كرد، ئه‌وه‌ش پشتیوانییه‌كی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ بێ‌ پێشینه‌ی‌ بۆ په‌یدا كرد. 
 
دووبه‌ره‌كییه‌كان و كزبوونی‌ ئه‌ستێره‌ی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد  
دووبه‌ره‌كییه‌كان له‌پاش هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد بۆ ماوه‌ی‌ دووه‌می‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ ساڵی‌ 2009وه‌ ده‌ستیانپێكرد، كاتێك ره‌وتی‌ ریفۆرمخوازان گومانیان به‌رانبه‌ر به‌ بردنه‌وه‌كه‌ی‌ ده‌ربڕی‌ كه‌ رێژه‌ی‌ 63%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا و موسه‌وی‌ دووه‌م و ره‌زائی‌ و كه‌ڕوبی‌ سێیه‌م و چواره‌م بوون. 
«ناڕه‌زاییه‌كان به‌بیانووی‌ بوونی‌ ساخته‌كاریی‌، وه‌ك ده‌مامكێك به‌كارهات له‌لایه‌ن ره‌وتی‌ فیتنه‌بازانه‌وه‌» كه‌ فه‌رمانده‌كانی‌ سوپای‌ پاسداران له‌و ده‌مه‌دا به‌ پشتیوانی‌ رابه‌ر بۆ كاندیدكردنی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد له‌ خولی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 2005 ئاماژه‌یان پێكرد، له‌به‌رانبه‌ردا كه‌ڕوبی‌ له‌ نامه‌یه‌كیدا بۆ رابه‌ری‌ باڵای‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌ 20ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2005 هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ رونكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: «وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ جه‌نابتان روون و ئاشكران، به‌ڵام ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ (سه‌د موجته‌با)ی‌ كوڕی‌ به‌رێزتان پشتیوانی‌ له‌ یه‌كێك له‌ كاندیده‌كان بكات، دواتر له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ كه‌سێتییه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ پێتان راگیه‌ندرا كه‌  (كوڕی‌ سه‌ید پشتیوانی‌ له‌ فڵان ده‌كات) وه‌ڵامی‌ ئێوه‌ش ئه‌وه‌ بوو: ئه‌و كوڕی‌ سه‌ید نییه‌، بگره‌ خۆی‌ سه‌یده‌، ئه‌و قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه‌ ئه‌و پشتیوانییه‌ی‌ باس كراوه‌ له‌لایه‌ن سه‌ید موجته‌باوه‌ بووه‌ نه‌ك له‌لایه‌ن جه‌نابتانه‌وه‌». 
ئه‌و پشتیوانییه‌ تا سه‌ر به‌رده‌وام نه‌بوو، ئه‌وه‌بوو له‌ ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ دووه‌م (2009-2013) ناكۆكی‌ و دووبه‌ره‌كی‌ تێكه‌وت، ئاكامه‌كه‌یشی‌ ئه‌وه‌ بوو له‌ 20ی‌ نیسانی‌ رابردوو، ئه‌نجومه‌نی‌ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان، ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژادی‌ وه‌ك كاندید بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ داهاتوو، دوورخسته‌وه‌.     

سوپای‌ پاسداران و ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد
مشتومڕێكی‌ زۆر سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان سوپای‌ پاسداران و ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد دروستبوو، له‌كاتێكدا سوپای‌ پاسداران به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو پشتیوانی‌ له‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد ده‌كرد و پشتیوانییه‌كه‌یشی‌ له‌ هه‌ردوو كه‌رتی‌ بازرگانی‌ و پیشه‌سازیدا هه‌موو ئه‌ندازه‌كانی‌ تێپه‌ڕاند، ئه‌وه‌ش وایكرد ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد هه‌ژمونی‌ فراوانی‌ ببێت و هۆكاری‌ ئه‌وه‌یش بۆ ده‌ستگرتنی‌ به‌سه‌ر دۆسێی‌ ئه‌منیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ رێخۆشكه‌ر بۆی‌ تا ده‌ست به‌سه‌ر زۆرێك له‌ پرۆژه‌كاندا بگرێت به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ ئاشكراكاندا به‌شداریی‌ بكات.   
هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌حمه‌د وه‌حیدی‌ بۆ پۆستی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سێتییه‌كانی‌ سوپای‌ پاسداران و له‌لایه‌ن پۆلیسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ (ئینته‌رپوڵ)ه‌وه‌ داواكراوه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌و پیاوه‌ی‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كه‌دا به‌ته‌واوه‌تی‌ خسته‌ڕووه‌، ئه‌وه‌ش توڕه‌بوونی‌ واشنتۆن و دامه‌زراوه‌كانی‌ دادپه‌روه‌ریی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ لێكه‌وته‌وه‌، هه‌ڵبژاردنی‌ وه‌حیدی‌ ناردنی‌ چه‌ندان په‌یامی‌ گه‌یاند كه‌ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌كانی‌ پاش شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ وه‌بیرخسته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد ده‌یزانی‌ كه‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ناتوانێت سه‌فه‌ری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات بكات. 
ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد ده‌یویست رۆڵێكی‌ ئابوری‌ هه‌بێت تا بارگرانی‌ ئه‌و سزایان سوك بكات كه‌ به‌هۆی‌ دۆسێی‌ ئه‌تۆمییه‌وه‌ خرابونه‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانی‌ نه‌وت و غاز، بۆیه‌ ئیمبراتۆری‌ ئابوری‌ سوپای‌ پاسداران وه‌ك زامنكه‌ری‌ به‌رده‌وامبوونی‌ پرۆژه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ ئێران بوو له‌ سایه‌ی‌ سزا یه‌كله‌دوا یه‌كه‌كان، چونكه‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ ئێران ده‌یزانی‌ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی‌ خۆرئاوا ته‌نیا له‌ڕێی‌ پشتیوانی‌ پاسداران و لقی‌ ئابوری‌ ئه‌و دامه‌زاوه‌یه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌ «خاتم الانبیا‌و» ناوده‌برێت. 
بۆیه‌ كۆمپانیاكانی‌ ناوخۆ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ توندوتۆڵییان له‌گه‌ڵ سوپای‌ پاسداران هه‌بوو، له‌ بازاڕه‌كانی‌ ئێراندا جێگه‌ی‌ كۆمپانیا بیانییه‌كانیان گرته‌وه‌، به‌ جۆرێك وایلێهات سێیه‌كی‌ ئابوری‌ ئێران كه‌وته‌ ده‌ست ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌. 
سێبه‌ری‌ جمكی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد و سوپای‌ پاسداران، خۆی‌ به‌سه‌ر ململانێی‌ نێوان ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد و ره‌فسنجانیدا كێشا، به‌پێی‌ راپۆرته‌ حكومییه‌كانی‌ ئه‌و ده‌مه‌ش، ره‌فسنجانی‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌ هه‌وڵیداوه‌ ته‌گه‌ره‌ له‌به‌رده‌م چالاكییه‌كانی‌ سوپای‌ پاسداران له‌ كه‌رتی‌ نه‌وتدا دروست بكات، ئه‌وه‌ش به‌ روونی‌ له‌ لێدوانێكی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاددا ده‌ركه‌وت كه‌ رایگه‌یاند، «ده‌ستی‌ مافیای‌ نه‌وت له‌ ئێران بڕدرا، به‌وهۆیه‌ی‌ هه‌موو پرۆژه‌كان كه‌وتنه‌ ده‌ست سوپای‌ پاسداران»، ته‌نانه‌ت له‌و ده‌مه‌دا مه‌سعود میر كازمی‌ كه‌ سه‌ر به‌ سوپای‌ پاسداران بوو، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ وه‌زیری‌ نه‌وت ده‌ستنیشان كرا. 

ساتی‌ به‌ریه‌ككه‌وتن نزیك بوو، كاتێك ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد ویستی‌ دامه‌زراوه‌كه‌ بخاته‌ ژێر ركێفی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ ته‌نیا سودی‌ لێوه‌ربگرێت و به‌كاریبهێنێت، بۆیه‌ دواتر جه‌نگێكی‌ له‌گه‌ڵدا به‌رپاكرد له‌ بواری‌ ئه‌و كاره‌ ئابوریانه‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات و چاودێری‌ حكومه‌تدا بوون، پرسی‌ به‌نده‌ره‌ ده‌ریاییه‌ بێ‌ مۆڵه‌ته‌كانیش كه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی‌ حكومه‌تدا نه‌بوون، توڕه‌ی‌ كرد و بوونی‌ ئه‌و به‌نده‌رانه‌ی‌ به‌ نایاسایی‌ وه‌سفكرد. 
له‌ وتارێكیشیدا كه‌ له‌لایه‌ن ته‌له‌ڤیزیۆنی‌ ئێرانه‌وه‌ په‌خشكرا، ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژدا دامه‌زاروه‌كه‌ی‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ قاچاخچێتی‌ به‌ شتومه‌ك و كاڵا و دراوه‌ بیانییه‌كانه‌وه‌ ده‌كات، له‌ وه‌ڵامدا محه‌مه‌د عه‌لی‌ جه‌عفه‌ری‌ فه‌رمانده‌ی‌ سوپای‌ پاسداران، لێدوانه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ به‌ په‌رده‌پۆشكردن و شاردنه‌وه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ راسته‌قینه‌كانی‌ قاچاخچێتی‌ تۆمه‌تبار كرد.  
ماوه‌ی‌ دووه‌می‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد و واده‌ی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئیمام مه‌هدی‌    
له‌پاش هه‌ڵبژاردنی‌ به‌ سه‌رۆك، له‌ مانگی‌ ئابی‌ 2005 ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد یه‌كه‌م كۆنگره‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سه‌باره‌ت به‌ عه‌قیده‌ی‌ مه‌هده‌وی‌ سازكرد، كۆنگره‌كه‌ش راسته‌وخۆ دوابه‌دوای‌ پێشكه‌شكردنی‌ وتارێكی‌ بوو له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ تێیدا قسه‌ی‌ له‌سه‌ر مه‌هدی‌ مونته‌زه‌ر كرد كه‌ به‌ ده‌رچون له‌شێوازه‌ دیپلۆماسییه‌كان دانرا و بووه‌ مایه‌ی‌ شڵه‌ژانی‌ ئاماده‌بوان.            
ئاماژه‌كردنه‌كانی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد به‌ باسی‌ مه‌هدی‌ ئیمامی‌ غائب و نزیكبوونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ زۆربوون، به‌ جۆرێك كه‌ وه‌ك ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆی‌ له‌وه‌دا ته‌ماشای‌ ده‌كرد و پێوابوو كه‌ ده‌بێت ئیداره‌كه‌ی‌ كار بۆ دامه‌زراندنی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ نمونه‌یی‌ بكات تا شایشته‌ی‌ پێشوازییكردن بێت له‌و رووداوه‌ مه‌زنه‌.   
ئه‌و ئاراسته‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ره‌حیم مه‌شائی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نوسینگه‌ی‌ سه‌رۆكه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرا، له‌لایه‌ن زۆرێك له‌ فه‌رمانده‌كانی‌ سوپای‌ پاسداران و مه‌رجه‌عه‌ ئاینییه‌كانی‌ شیعه‌وه‌ ره‌خنه‌ی‌ لێگیرا و ره‌وت و گوتاری‌ حكومه‌تیان له‌و ده‌مه‌دا به‌ ره‌وتێكی‌ لاده‌ر له‌قه‌ڵه‌مدا.
وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ پیاوانی‌ ئاینی‌ چاوه‌ڕوانی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئیمام مه‌هدی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام دیاریكردنی‌ واده‌ی‌ ده‌ركه‌وتنی‌، یان پێشبینی‌ به‌ نزیكبونه‌وه‌ی‌ ده‌ركه‌وتنی‌، ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ بوو كه‌ به‌ڕووی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد و به‌ڕِێوه‌به‌ری‌ نوسینگه‌كه‌ی‌ به‌رزكرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ترۆپكی‌ ئه‌و ناكۆكییه‌ بوو كه‌ له‌نێوان ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد و پیاوانی‌ ئاینی‌ حه‌وزه‌كاندا دروست بوو. 
ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد له‌و جه‌نگه‌دا له‌گه‌ڵ پیاوانی‌ ئاینی‌، به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستا و لیستێكی‌ به‌ ناوی‌ گه‌نده‌ڵكاران «به‌ بۆچوونی‌ خۆی‌» ئاماده‌كرد كه‌ به‌ دروستكردنی‌ گروپه‌ تایبه‌ته‌ ئابورییه‌كان تۆمه‌تباری‌ كردن، پرسی‌ دزه‌كردنه‌كانی‌ بالیزدار «ترۆپكی‌ فیتنه‌ی‌ نێوان ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد و پیاوانی‌ حه‌وزه‌ بوو، ئه‌و كێشه‌یه‌ش په‌یوه‌ندی‌ به‌ موحازه‌ره‌یه‌كی‌ عه‌باس بالیزداره‌وه‌ هه‌بوو كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پێداچوونه‌وه‌ی‌ حیساباته‌كان له‌ دادگای‌ باڵا، له‌ موحازه‌ره‌كه‌دا له‌ زانكۆی‌ هه‌مه‌دان بالیزدار قسه‌ی‌ له‌سه‌ر دۆسێكانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ كرد و 44 كه‌سێتی‌ ناسراوی‌ له‌ ئێراندا تۆمه‌تبار كرد، له‌وانه‌ كاشانی‌ ئیمام و وتاربێژی‌ هه‌ینی‌ تاران، یه‌زدی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ریی‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژادیش كه‌ ره‌فسنجانی‌ بوو، ناوی‌ له‌نێو تۆمه‌تباره‌كاندا هات».
تێپه‌ڕاندنی‌ رابه‌ری‌ باڵا و ئاوابوونی‌ خۆری‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد  
پرسیارێكی‌ زۆر له‌باره‌ی‌ سروشتی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان رابه‌ری‌ باڵای‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ و ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد له‌ئارادابوو، یه‌كێك له‌ پرسیاره‌كانیش ئه‌وه‌ بوو كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد كوته‌كی‌ خامنه‌یی‌ بوبێت له‌سه‌ر ره‌وتی‌ ریفۆرمخوازانی‌ ئێران كه‌ به‌ ره‌وتێكی‌ بێزاركه‌ر داده‌نرا، گومانی‌ تێدا نییه‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد سودی‌ له‌ پشتیوانی‌ خامنه‌یی‌ و دامه‌زراوه‌ی‌ سوپای‌ پاسداران وه‌رگرت، به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دووچاری‌ زۆێك له‌ دووبه‌ره‌كی‌ بوو كه‌ تێیدا ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد له‌ سێ‌ وێستگه‌دا ئامۆژگارییه‌كانی‌ رابه‌ری‌ تێپه‌ڕاند و هه‌وڵیدا هه‌ژمونێكی‌ تایبه‌ت به‌ خۆی‌ و رێڕه‌وێكی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ به‌دوور له‌ رابه‌ری‌ باڵا، بگرێته‌به‌ر.  
یه‌كه‌م وێستگه‌ی‌ ئه‌و دووبه‌ره‌كییه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد، ره‌حیم مه‌شائی‌  زاوای‌ كرده‌ جێگری‌ خۆی‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ خواستی‌ خامنه‌یی‌ له‌سه‌ر بێت، له‌و بڕیاره‌ش پاشه‌كشه‌ی‌ نه‌كرد تا ئه‌و كاته‌ی‌ خامنه‌یی‌ راسته‌وخۆ فه‌رمانی‌ به‌ لابردنی‌ كرد.
مه‌شائی‌ به‌وپێیه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ راشكاوانه‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاراسته‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ خۆی‌ ده‌كرد، جێگه‌ی‌ ناكۆكی‌ نێوان ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد و پیاوانی‌ ئاینی‌ بوو، ته‌نانه‌ت له‌ مانگی‌ ته‌مموزی‌ 2008دا ئێرانییه‌كانی‌ به‌ هاوڕێ‌ و دۆستی‌ هه‌موو گه‌لانی‌ جیهان به‌ ئیسرائیلییه‌كانیشه‌وه‌ وه‌سفكرد، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی‌ پیاوانی‌ ئاینی‌ و خامنه‌یی‌ لێكه‌وته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆ داواكرا له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ لاببرێت، لیژنه‌ی‌ رۆشنبیریش له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورا داوای‌ كرد له‌ دانیشتێكی‌ ئاشكرادا لێپرسینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بكرێت، ئه‌وه‌ش ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی‌ توند بوو بۆ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد كه‌ كه‌له‌ڕه‌قی‌ نواند و له‌پاش لابردنی‌ مه‌شائی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نوسینگه‌ی‌ خۆی‌ دایمه‌زرانده‌وه‌، ئه‌و كاره‌ش رووبه‌ڕبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ئاشكرا بوو بۆ خامنه‌یی‌.
رووبه‌ڕبوونه‌وه‌كه‌ له‌و ئاسته‌دا نه‌وه‌ستا، بگره‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ مه‌شائی‌ زیادیان كرد و (16) ده‌سه‌ڵاتی‌ دیكه‌ بۆ پۆسته‌كه‌ی‌ زیادكرا. 
وێستگه‌یه‌كی‌ تری‌ ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد و رابه‌ری‌ باڵای‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌، له‌كاتێكدا ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد ویستی‌ منوچه‌هر موته‌كی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ لاببات، ئه‌ویش به‌هۆی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌پاش ئه‌وه‌ی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد رێڕه‌وێكی‌ دیپلۆماسی‌ هاوتای‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ دروستكرد كه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ خواسته‌كانی‌ خامنه‌یی‌ بوو. 
سێیه‌م وێستگه‌، له‌سه‌ركارلابردنی‌ حوجه‌تولئیسلام حه‌یده‌ر موسڵحی‌ وه‌زیری‌ هه‌واڵگری‌ ئێران بوو له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاده‌وه‌ كه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ ناڕه‌زایی‌ خامنه‌یی‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پێداگری‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاددا، خامنه‌یی‌ هه‌موو عورفه‌ سیاسییه‌ باوه‌كانی‌ ئێرانی‌ تێپه‌ڕاند و نامه‌یه‌كی‌ بۆ وه‌زیر ره‌وانه‌ كرد كه‌ تێیدا ستایشی‌ ده‌ستكه‌وت و كاره‌كانی‌ كرد و فه‌رمانی‌ پێكرد له‌ پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌.
له‌گه‌ڵ فراوانبوونی‌ رووبه‌ری‌ ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد و پیاوانی‌ ئاینی‌ له‌ قوم و هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانان و دادوه‌ریی‌، خامنه‌یی‌ زۆر له‌وه‌ نزیكبووه‌وه‌ كه‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد له‌سه‌ركار لاببات «ده‌ستور ئه‌و مافه‌ی‌ بۆ زامن كردووه‌»، به‌ڵام ویستی‌ پارێزگاریی‌ له‌ هه‌ره‌می‌ سیاسه‌تی‌ ئێرانی‌ بكات و چاوه‌ڕوانی‌ ته‌وابوونی‌ ماوه‌ی‌ دووه‌می‌ سه‌رۆكی‌ بێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7280
30/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ كیربیر ماڵئاوایی كرد 30/5/2017
‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ ده‌باته‌ سه‌ر 30/5/2017
زانست
‌ خواردنه‌وه‌ی دوو كوپ قاوه‌ له‌ ڕۆژێكدا به‌سووده‌ 30/5/2017
‌ به‌ر له‌ به‌كارهێنانی بۆنخۆشكه‌ری هه‌وا ده‌بێت ئه‌م ڕاپۆرته‌ بخوێنینه‌وه‌ 30/5/2017
‌ كیوكن هۆف، سه‌رچاوه‌ی نان به‌ گوڵ 28/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP