باكگـراونـدی سـەرهـەڵـدانـی داعـش
باكگـراونـدی سـەرهـەڵـدانـی داعـش ‌ 5/5/2017
ماگنوس نۆریل
2-2
گەڕانەوەی خەلافەت كتێبێكە لەسەر رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) كە ساڵی 2015 لە سوید چاكراوە. (دۆسێ) چەند بەشێكی بە زنجیرە بڵاودەكاتەوە.
لە سویدییەوە: عوسمان حەمە ڕەشید
سەركەوتنەكانی جەبهەی نوسرە لە سوریا، بوونە هاندەر بۆ دامەزراندنی دامەزراوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیاندا. مەبەستەكاش ئەوە بوو خەڵكی لەسەر جێبەجێكردنی حوكمی شەریعەت رابهێنن. ئەو ناوچانەش بۆ ئەو هاووڵاتییە سوریانەی لە جەنگ بێزار بوون، پەناگەیەكی ئارام بوو، كە چەند ساڵێك دەبوو لە شوێنەكانی تر ئاشتی نەمابوو. بۆیە تا ڕادەیەك پێشوازی لە جەبهەی نووسرە كرا. تەنیا دووركەوتنەوە لە جەنگ و لەو بێ سەروبەری و بێ یاساییەی لە ناوچەكانی گروپە چەكدارییەكانیتر، خۆی لە خۆیدا نیعمەتێك بوو.

دەوڵەتێكی نوێ

سەركەوتنەكان وای لە بەغدادی كرد لە نیسانی 2013 دا ناوەكە لە دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق (ISI) بگۆڕێت بۆ دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام  (ISIS) بەو مەبەستەی لای هەمووان روونببێتەوە كە بە ڕاستی كاردەكەن بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگە و دەوڵەتێكی نوێ. 
هۆكارێكیتری ناو گۆڕینەكە، بریتیی بووە لە جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی جەبهەی نوسرە و دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق، یەك رێكخراون. بەڵام پلانەكە سەری نەگرت، سەركردەی جەبهەی نوسرە، (ئەلجۆلانی) بە فەرمی پابەندنەبوونی بە بڕیارەكانی بەغدادییەوە ڕاگەیاند و دووبارە بەیعەتی بۆ قاعیدە و زەواهیری دووپاتكردەوە. 
زەواهیری هەوڵی ناوبژیوانی دا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. بەغدادی هەوڵێكیتری دا، رایگەیاند، كە داعش هەر لە سوریا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەم دان بەو سنوورەدا نانێت كە لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە لە لایەن (سایكس – پیكۆ) دارێژراوە. 
دواتر لە عیراقەوە بارگەی گواستەوە بۆ سوریا، چەكدارانێكی زۆریش لە جەبهەی نوسرەوە سەنگەریان گواستەوە بۆ ناو داعش. 

ناكۆكییەكانى ژێر پەردە

گەرچی هەردوو گروپ لە 2013 دا هەوڵیان دەدا وا دەربخەن كە پێكەوە تەبان، بەڵام ناكۆكییەكان لە ژێر پەردەوە بوونیان هەبوو. تا لە ئەنجامدا لە شوباتی 2014 قاعیدە راگەیەندراوێكی فەرمیی بڵاوكردەوە، كە ئیتر داعش بەشێك نییە لە قاعیدەی جیهاد، لەمەودوا قاعیدە بەرپرس نییە لە كارەكانی داعش. 
ناكۆكییە شەخسییەكانی نێوان بەغدادی و جۆلانی لە دەرئەنجامدا بوو بە هۆی پەرت بوونی بزووتنەوەی جیهادیزمی لە جیهاندا. هەروەها راگەیاندنی خەلافەتی نوێ و دەوڵەتی ئیسلامی  (IS) لە یەكەم رۆژی رەمەزانی 2014 دا، بوو بە ئاماژەیەكی ئاشكرا، كە قاعیدە ركابەرێكی سەرسەختی، لە مەیدانە خوێناوییەكەدا، بۆ پەیدا بووە.
فاكتەرێكیتری گرنگ بۆ سەركەوتنەكانی داعش لە سەرەتادا، بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە عیراق و سوریا، بریتی بووە لە هەوڵدانی چالاكانە و نزیكبوونەوەی پلان بۆ داڕێژراو لەگەڵ ئەو هۆزە عەرەبە سونییانەی لە رۆژئاوای عیراق (بۆ نموونە، پارێزگای ئەنبار) و رۆژهەڵاتی سوریا (بادیەی سوریا كە 55% رووبەری سوریا دەگرێتەوە) خاوەن دەسەڵاتن. 

تەشەنەسەندنی راپەڕینەكە

هەرگیز بێ هاوكاری، یان بێدەنگیی ئەم هۆزانە،‌ داعش نەیدەتوانی لەو ناوچانەدا شوێنی خۆی بكاتەوە. 
لەو فەوزایەدا كە بەهۆی جەنگی ناوخۆی سوریا، هاتبووە ئاراوە و بە هۆی ئەو شەپۆلی نارەزایەتییەی لە ناو هۆزە سونییەكانی عیراقدا بەرانبەر سەرۆك وەزیران (مالیكی) پەرەی سەندبوو، بۆشاییەكی سیاسی و ئابووری پەیدا بوو بوو، داعش توانی بە قازانجی خۆی بەكاریانبهێنێت.   
داعش ئەو رەوشەی قۆستەوە،‌ كە رژێمی سوریا، پێش بەتەواوی تەشەنەسەندنی راپەڕینەكە، لە بەهاری 2011، كەوتبووە‌ كەمكردنەوەی دەسەڵاتی هۆزەكان، بۆ ئەوەی نەتوانن كاریگەرییان بەسەر حكومەتەوە هەبێت. نیگەرانی و ناڕازیبوونی هۆزەكان سەبارەت رژێمەكەی ئەسەد، لە دەرئەنجامی كەمكردنەوەی رۆڵ و دەسەڵاتیان لەگەڵ ئەو كێشانەی بەهۆی ڕاپەڕینەكەوە سەریانهەڵدا، لە لایەن داعشەوە سوودیان لێبینرا. 
رژێمەكەی ئەسەد بەتوندی وەڵامی ئەو ناڕەزایەتییانەی دایەوە، كە لەناو هۆزەكانی بادیەی سوریادا هاتبووە كایەوە. ئەو جۆرە میتۆدە جاران كاریگەر بوو، بۆ لەناوبردنی هەر ناڕەزایەتییەك پێش تەشەنەكردنی. بەڵام لەو كاتانەدا كە لە زۆربەی ناوچەكانیتری سوریا ناڕەزایەتی دەربڕین دەستیپێكردبوو، توندوتیژییەكانی ڕژێم و بانگەشەكانی داعش بۆ پشتگیریكردنی هۆزەكان، هۆكاربوون بۆ ئەوەی ئەم هۆزانەش، كە جاران بە ترادیسۆن لایەنگری ڕژێم بوون، بچنە پاڵ راپەڕین. 
لێرەوە داعش توانی وەك كاراكتەرێكی نوێ و خاوەن توانا ئەو جێگەیە بگرێتەوە كە جاران ڕژێم هەیبوو. داعش توانی دەریبخات كە گوێڕایەڵی سوودی خۆی هەیە و هۆزەكانیش لە بەرانبەر بەیعەتدان بە داعش، توانیان لە بەڕێوەبردنی ناوچەكانی خۆیان بەردەوام بن.
لە هەمانكاتیشدا داعش توانی بە ڕوونی نیشانی بدات، كە وەستان لە دژی، بۆ لایەنی بەرانبەر، زۆر گران دەكەوێت. گەر لە پای بەیعەت و گوێڕایەڵییەكەیان سوودی ئابووری و بەڕێوەبردنی ناوچەكەیان و گفتی پاراستنیان لە هێرشی رژێم پێدرابوو، ئەوا هەڕەشەی یەكجار توند و ئاشكرا لەوانە كرابوو كە دژ بە داعش دەوەستنەوە. ئەو هەڕەشە توندانە،‌ بۆ گەیاندنی پەیامی هەڵبژاردنی بژاردەی سەركەوتنی داعش، یان بژاردەی مردن بوو، بە دڕندەترین شێواز. 
بێگومان ئەوە كاری خۆی كردو ئەو حەقیقەتەش كە داعش پشت بە شەریعەت دەبەستێت بۆ جێبەجێكردنی سزای مل پەڕاندن و لە خاچدان  زیاتر پێگەی داعشیان پتەوتر كرد.
دەرئەنجام، دوای ئەوە، قاعیدە و لقەكەی لە سوریا، واتە جەبهەی نوسرە، رووبەرێكی زۆریان لەدەست دا، پێشكەوتنەكانی داعشیش، بوونە هۆكار بۆ ئەوەی چەندەها گروپی كۆن و نوێ، لە لایەنگرانی قاعیدە لە سەرتاپای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا چونە ناو ریزەكانی داعش و بەیعەتیان بە خەلیفە نوێیەكە دا.
پێویستە بگوترێت لە ڕووی پراكتیكی و ئایدۆلۆجییەوە، جیاوازییەكی گەورە لە نێوان قاعیدەو داعشدا نییە. بۆ نموونە، هەردوولا بانگەشە بۆ جیهاد و پەلاماردان دەكەن، نەك لە ناوچەكانی خۆیان، بەڵكو لە ئەوروپاش.
بۆ نموونە دەركەوتووە كە تیرۆریستەكانی پەلاماردانەكانی 7-9/1/2015 پەیوەندییان بە هەردوو رێكخراوەوە هەبووە، (برایانی كواشی، كە لە هێرشەكەیاندا بۆ سەر دەستەی نووسەرانی چارلی هیبدۆ 12 كەسیان كوشت) سەر بە قاعیدە بوون و (عیماد كولیبالی كە 5 كەسی كوشت) سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی بووە. 
هەردوو لایەنیش سەر بە هەمان  تۆڕی ئیسلامی بوون بەناوی تۆڕی (Buttes-Chaunmon) كە ناوی پاركێكە لە پاریس، كە زیاتر كۆبوونە‌وەكانیان تیادا دەكرد. ناكۆكییەكانی نێوانیان نەبۆتە ڕێگر لە بەردەم لایەنگرانیاندا كە هەماهەنگی لە كارەكانیاندا بكەن، چەندینجار ناكۆكییەكانی نێوان سەركردەكانیان وەلاوەنراون و سەرەڕای پێكهەڵپژانی سیاسیش لە نێوانیاندا لە سوریا، بەڵام لە كاتی تردا شان بە شانی یەكتر، دژی هێزەكانی ڕژێم، یان دژ بە گروپە چەكدارەكانیتر جەنگاون.

سەرچاوە: Kalifatets återkomst- Stockholm, 2015. 
(كتێبێكە لەسەر داعش، بەناوی گەڕانەوەی خەلافەت)


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7280
30/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ كیربیر ماڵئاوایی كرد 30/5/2017
‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ ده‌باته‌ سه‌ر 30/5/2017
زانست
‌ خواردنه‌وه‌ی دوو كوپ قاوه‌ له‌ ڕۆژێكدا به‌سووده‌ 30/5/2017
‌ به‌ر له‌ به‌كارهێنانی بۆنخۆشكه‌ری هه‌وا ده‌بێت ئه‌م ڕاپۆرته‌ بخوێنینه‌وه‌ 30/5/2017
‌ كیوكن هۆف، سه‌رچاوه‌ی نان به‌ گوڵ 28/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP