ئیتر فەیسبووك رۆڵێكی گرنگ لە ژیانی سیاسیدا دەگێڕێت
ئیتر فەیسبووك رۆڵێكی گرنگ لە ژیانی سیاسیدا دەگێڕێت ‌ 5/5/2017
بۆ یەكەمین جار، تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دان بەوەدا دەنێت، كە هەندێك حكومەت و لایەنی وڵاتان، لە رێگەی تۆڕەكەوە یاری بە رای گشتی و دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكەن. بۆ ئەوەش ئاماژە بە دووبارە بوونەوەی ئەو حاڵەتە دەكات لە هەردوو هەڵبژاردنی ئەمریكا و فەرەنسادا.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، بەشی سیكوریتی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و بۆ یەكەمین جار دانی بەوەدا نا كە لە رێگەی تۆڕەكەی ئەوانەوە زانیاری و داتای سیاسی بۆ پێكانی ئامانجی سیاسی بڵاوكراوەتەوە. 
تەنانەت هەندێك جار ئەكاونتی وەهمی بۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵی ساختە و هەڵبەستراو بەكارهێنراوە. ئامانجی ئەوەش شكاندنی بۆچوونی سیاسی لایەنێك و زاڵكردنی بۆچوونی سیاسی لایەنێكی تر بووە، كە دواجار بۆتە هۆی لەرزۆك بوونی پەیوەندی و متمانە بە دامەزراوە سیاسییەكانی وڵاتان.
فەیسبوك ئاماژەی بەوەشداوە، هەرچەندە ئەو تۆڕە، تۆڕێكی كۆمەڵایەتییە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا بە شێوەیەكی بەربڵاو بۆ مەرامی سیاسی بەكارهێنراوە، تەنانەت بۆتە گۆڕەپانێكی سیاسی و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕای سیاسی. ئاماژەشی كردووە، ئێستا فەیسبوك لە هەندێك وڵاتی جیهاندا رۆڵێكی گرنگ و سەرەكی لە ژیانی سیاسیدا دەگێڕێت، بۆیە تا دێت لە جاران زیاتر فەیسبوك بۆ مەرامی سیاسی بەكاردێت.
سایتی سی بی سی نیوزی ئەمریكی لەگەڵ بڵاوكردنەوەی راگەیەنراوەكەی فەیسبوكدا ئاماژەی بەوەش كردووە، ئێستا فەیسبوك كاریگەریی گەورەی لەسەر ژیانی سیاسی و هاوسەنگی و رووداوە ناوخۆییەكانی زۆرێك لە وڵاتانی جیهان داناوە.
بەشی سیكوریتی فەیسبوك ئاشكراشی كردووە، هەندێك لە حكومەت و رێكخراوەكان پەنایان بردۆتە بەر هەندێك كەس و گروپ كە شارەزایی تەكنەلۆژی و توانستی زمانەوانی و ئاگاداریی سیاسییان بۆ ئەوەی بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەكاریبهێنن یان لەو رێگایەوە دژایەتی كەسانێك یان بۆچوونێكی پێبكەن، تەنانەت بۆ لەكەداركردنی هەندێك كەسیش بەكارهێنراوە. 
دیارە ئەوەش لە رێگەی بڵاوكردنەوەی هەواڵی ساختە و هەڵبەستراوەوە، یان داواكردنی هاوڕێیەتی و ناردنی ریكویست بۆ هەندێك كەس و چینی دیاریكراو، یان كۆكردنەوەی لایك و شەیر بۆ لینك و زانیاری و بابەتێك كە زانیاریی هەڵبەستراو یان ناڕاستی تێدا بووە.
جگە لە ئاشكراكردنی ئەو زانیاریانە، فەیسبوك ئەوەشی خستۆتەڕوو، كە لە ئێستاوە، لە جاران زیاتر دژایەتی بڵاوكردنەوەی زانیاریی و هەواڵی ساختە و هەڵە دەكەن، چونكە فەیسبوك پێیوایە، ئەو حاڵەتە زۆر مەترسیدار ترە لە هەوڵەكانی هاككردن. بۆیە هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە بۆ دەستنیشان كردنی ئەكاونت و پەیجە وەهمییەكان و سڕینەوەیان بە یەكجاری، بۆ ئەوەش سوود لە پرۆگرامی ئەلیكترۆنی پێشكەوتوو وەردەگرن.
ئاشكراشی كردووە، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فەرەنسادا، بە شێوەیەكی بەربڵاو پەنابراوەتە بەر بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاریی هەڵە و چەواشەكاری، بۆیە بە ناچاری بڕیاریانداوە بە داخستنی زیاتر لە 30 هەزار پەیج و ئەكاونتی فەیسبوك پێش ئەوەش خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فەرەنسا بەڕێوە بچێت.
هەروەك ئاشكراشی كردووە، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا كە كۆتایی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، چەندین ئیمەیل و بەڵگەنامەی رەسمی دزەی پێكراوە و لە فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر دەنگدان و بۆچوونی دەنگدەرانی ئەمریكی دروست بكرێت و رای گشتی بەرەو ئامانجی سیاسی دیاریكراو ئاراستە بكرێت.
لەو بارەیەوە، جین گولبیك مامۆستای زانكۆی میریلاندی ئەمریكی بە سی بی سی نیوزی ئەمریكی راگەیاندووە، ئەو راپۆرتەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك گومانەكان لەسەر دەستوەردان و یاریكردنی روسیا بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا زیاتر دەكات. بە تایبەتی لەو رووەوە كە روسیا لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە و دوور لە ئاژانس و میدیاكانی خۆی، ئەوەی ویستویەتی كردویەتی.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژەشی كردووە، روسیا لە وڵاتانی تر باشتر لە گرنگی و بایەخی فەیسبوك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هەروەها مەترسییەكانیشیان تێگەیشتووە. چینیش بە هەمان شێوە ئەودیوی مەسەلەكە دەبینێت. بۆیە زۆرجار هەردوو وڵات، چین و روسیا، بڕیار دەدەن بە داخستن یان لە كار راگرتنی فەیسبوك لە سنووری وڵاتەكانیان، نەك بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری و هەواڵی ساختە و چەواشەكاری، بەڵكو پێشیانوایە دەكرێت فەیسبوك بە ئامرازێكی نوێی كوشتن، بە تایبەتی كوشتنی سیاسی، دابنرێت.
هەر لەو بارەیەوە، ئەلیكس ستامۆس بەڕێوەبەری بەشی سیكۆریتی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بە سی بی سی نیوزی ئەمریكی راگەیاندووە، فەیسبوك خاوەنی زیاتر لە یەك ملیار بەشدار بووە. رێكخستن و بەڕێوەبردن و كۆنترۆڵكردنی ئەو ژمارە بەشدار بووە قورس و زەحمەتە. ئێستا ئەولەویەتمان ئەوەیە بەركارهێنەرەكانمان چالاكتر و گورجتر بكەن.
وتیشی، ئیدارەی فەیسبوك ئامانجی لە پێشینەی ئەوەیە بەرەنگاری بڵاوكردنەوەی زانیاریی هەڵە ببێتەوە، سنوورێكیش بۆ ئەكاونتی وەهمی و یاریكردن بە پەیج و ئەكاونتەكان دابنێت و مشتومڕ و گفتوگۆكان باشتر رێكبخاتەوە.
باسی لەوەش كرد، ئیدارەی فەیسبوك سەرقاڵی دانانی ئالیەتێكی تازەیە بۆ دۆزینەوە و پوچەڵكردنەوەی هەڵمەت و هەواڵە ساختە و چەواشەكارییەكان و ئاشكراكردنی درۆكان، ئەویش لە رێگەی رێ و شوێنێكی ئەمنییەوە كە ئاگاداری ئەو كەسانە دەكاتەوە كە دەكرێنە ئامانجی هەڵمەتی چەواشەكاری و ساختەكاری


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7280
30/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ كیربیر ماڵئاوایی كرد 30/5/2017
‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ ده‌باته‌ سه‌ر 30/5/2017
زانست
‌ خواردنه‌وه‌ی دوو كوپ قاوه‌ له‌ ڕۆژێكدا به‌سووده‌ 30/5/2017
‌ به‌ر له‌ به‌كارهێنانی بۆنخۆشكه‌ری هه‌وا ده‌بێت ئه‌م ڕاپۆرته‌ بخوێنینه‌وه‌ 30/5/2017
‌ كیوكن هۆف، سه‌رچاوه‌ی نان به‌ گوڵ 28/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP