دۆناڵد ترەمپ: لـە هـەر سـەرۆكـێـكـی تـر زیــاتر كـارم كـردووە
دۆناڵد ترەمپ: لـە هـەر سـەرۆكـێـكـی تـر زیــاتر كـارم كـردووە ‌ 5/5/2017
جولی پیس
ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس

بە بۆنەی تێپەڕینی 100 بەسەر دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كۆشكی سپی، ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس ئەم دیدارەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ساز كردووە و (دۆسێ) پوختەیەكی بڵاودەكاتەوە.

+ دەتوانین بڵێین لەوەتەی لە كۆشكی سپی دەستبەكاربوویت گۆڕانكاریت كردووە؟ سەرۆك چۆن دەتوانێت گۆڕانكاری بكات؟
- مەسەلەی ئەم سەد رۆژە، بەربەستێكی گریمانەییە، شتێك نییە مانایەكی گەورەی هەبێت. پێموایە توانیومە بناغەی پەیوەندییەكی باش دابنێم لەو ماوەیەی لێرە دەمێنمەوە. جا چوار ساڵ بێت یان هەشت ساڵ. پێموایە بناغەیەكی باشمان داناوە بۆ پەیوەندی لەگەڵ هەندێك وڵاتان. بەتایبەتی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر و سەرۆكی چین. لەوانەیە زۆر كەس هەبن باوەڕیان نەكردبێت شتێكی لەو جۆرە رووبدات، بەڵام ئەوەتا روویدا. 
زۆر كەس دەڵێن من ناتوانم بە باشی مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی وڵاتاندا بكەم، بەڵام ئەوەتا پەیوەندییەكی زۆر باشم لەگەڵیاندا دامەزراندووە.
+ تۆ هەست دەكەیت گۆڕانكارییەكت كردووە؟ دەمەوێت بە دیاریكراوی باسی بكەیت.
- با نموونەیەكت بۆ باس بكەن. پاش ماوەیەكی كەم لە دەستبەكاربوونم. وتارێكی بێزاركەر لەسەر فڕۆكەی جەنگی ئێف 35 نووسرا، باسی ئەوە كرا بوو چەندین ملیار دۆلاری زیادەی تێدا خەرجكراوە، هەروەك وادەی رادەستكردنەكەشی تا حەوت ساڵی تر درێژ كراوەتەوە. بە راستی كارەسات بوو. لەگەڵ كۆمپانیای لوكهید قسەم كردو پێموتن، ببوورن، پێویستە ئەم گرێبەستە بگوازینەوە بۆ كۆمپانیایەكی تر، لەوانە بۆینگ. بەڵام دواجار بڕیارم لەسەر بۆینگ دا. ئیتر خاوەنی گرێبەستی كێبڕكێكاریین. نزیكەی 275 ملیۆن دۆلارمان لە 90 فڕۆكەدا گێڕایەوە. ئێستاش بە نیازین گرێبەستی هاوشێوە بۆ 3600 فڕۆكەی تر بكەین.
+ بەڵام تۆ پلانێكت هەبوو بۆ 100 رۆژی یەكەمت. پێت باشە لەسەر ئەوە لێپرسینەوەت لەگەڵدا بكرێت؟
- لە راستیدا كەسێك لە تیمەكەم شتێكی لەو جۆرەی كردبوو. من ئێستا سەرقاڵی ئەوەم زۆرینەی شتەكان جێبەجێ بكەم. تەماشایەكی بكە و قسەت لەگەڵدا دەكەم. 
لە راستیدا گۆڕانكاری روودەدات. با نموونەیەكت بدەمێ. پەیوەندییەكی زۆر مەزنمان لەگەڵ چین و سەرۆكەكەی هەیە. ئەگەر پێی بڵێم زۆر دەست لە بەهای دراوی یەن وەردەدەیت و پاشان داوای لێبكەم پێكەوە لەسەر كۆریای باكوور كاربكەین چی روودەدات. دەبێت نەرمی بنووێنین ئەمە یەك. دووەم، كات و مەسەلەكان زۆر هەستیار بوون.
بەڵام لەوەتەی من بوومەتە سەرۆكی ئەمریكا، سەرۆكی چین و چینییەكان بە گشتی دەستیان لە بەهای یەن وەرنەداوە، لەوانەیە لەبەرئەوە بێت كە بزانن من وەڵامم دەبێت، دیارە لە مەسەلەی بەهای یەن گرنگتر، وێنە گەورەكەیە. وێنە گەورەكەش بریتییە لە دۆسێی كۆریای باكوور و ئەگەری بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی.
جا هەندێك میدیا و كەناڵی راگەیاندن لەو مەسەلانە تێدەگەن و هەندێكیشیان خۆی لێ لادەدەن، چونكە زۆر گێلن، یان نایانەوێت راستییەكە بڵێن. 
+ با بگەڕێینەوە سەر پلانی 100 رۆژە. هەست دەكەیت خەڵك ئەوەی لە بەرچاوە كە تۆ خاوەنی گۆڕانكارییەكانیت؟
- لەم ماوەیەدا بنەمای زۆر شتمان داناوە. با نموونەیەكت بدەمێ. مەسەلەی دادوەریی دادگایی باڵام لە پلانی 100 رۆژەدا دانەنا بوو، بەڵام كردم. ئەوە گرنگترین شت بووم كە كردم.
+ بە راستی پێت وایە ئەوە گرنگترین سەركەوتن بوو؟
- بەڵێ. نیل گورسوش پیاوێكی مەزنە، پێموایە شتێكی باشە كە ئەو لە پۆستەكەدا بێت لە دادگای باڵا. زۆرجار گوێم لەوە بووە كە دیاریكردنی دادوەری دادگای باڵا باشترین شتە كە سەرۆك بیكات. نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت، ئەو دادوەرە دەتوانێت بۆ ماوەی 40 ساڵ لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە و ئەویش ئێستا پیاوێكی گەنجە. بەڵێ، ئەوە گرنگترین شتە كە كردوومە.
جگە لەوەش، ئێستا سوپای ئەمریكا سەریان بەرزە و شانازی بەخۆیانەوە دەكەن، پێشتر سەریان نەوی بوو، سەریان بەرز بۆتەوە و دەستمان كردووە بە بونیادنانەوەی سوپا مەزنەكەمان.
+ وەك خۆت، ئەو مەسەلەی 100 رۆژە كاریگەریی لەسەرت هەبووە؟ یان پۆستەكەت كاریگەریی لەسەر خۆت داناوە؟
- بۆ هەموو كەسێك ئەم قسەیە دەكەم. دركم بەوە نەكردبوو مەسەلەكە چەند گەورەیە. كاروبارەكان ئاڵۆزن و بەرپرسیارێتییەكان زۆر گەورەن. كاتێك بڕیارماندا بە تۆماهۆك بۆردومان فڕۆكەخانەیەكی سوریا بكەین، دەمانزانی بەو هۆیەوە كەسانێك دەمرن، بە تایبەتی ئەگەر یەكێك لە موشەكەكان هەڵە بكات و هاووڵاتیانی مەدەنی بكاتە ئامانج، بۆیە بڕیارێكی لەو جۆرە زۆر گەورەترە لە بڕیارێكی تر كە پەیوەندیی بە ژیانی مرۆڤی ترەوە نەبێت.
مەسەلەی تری گرنگیش پارە و كۆمپانیاكانە. ویلایەتە یەكگرتووەكان گەورەترین كۆمپانیای جیهانە، دووەم گەورەترین كۆمپانیاش، وەزارەتی بەرگرییە، پاشان سیستمی تەئمینی كۆمەڵایەتی و پاشان لیستەكە درێژ دەبێتەوە.
+ ئەی لە بارەی ئێرانەوە چی دەڵێیت؟ بە تایبەتی لە كاتی كەمپینی هەڵبژاردنی زۆر باسی ئەو وڵاتەت دەكرد؟
- نەموتووە ئێران پابەندی رێكەوتنی ئەتۆمییە یان نا، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە ئێران پابەندی رۆحی رێكەوتنەكە نییە و بە پێچەوانەوە كاریان كردووە، ئەوەشیان تەنیا لە شوێنێك نەكردووە، بەڵكو لە هەموو شوێنێك پێچەوانەی روحی رێكەوتنی ئەتۆمی بوون. 
+ لەو بارەیەوە قسەت لەگەڵ سەرۆك و سەركردە و بەرپرسی باڵای وڵاتان نەكردووە؟
- لەو مەسەلەیەشدا رای سەرۆك و سەركردەی وڵاتان وەرناگرم، لەوانەیە ئەوان بۆچوونی خۆیان هەبێت، منیش بۆچوونی خۆم هەیە، پێم باشە پرسیار لەوان بكەیت، ئایا ئێران پابەندی رێكەوتنەكەیە یان نا.
+ كە دەستبەكار بوویت، داوات لە پەنتاگۆن كرد لە ماوەی 30 رۆژدا پلانێك بۆ شەڕی دژی داعش دابنێن، دەزانم ئەو پلانەیان بۆ ناردویت، ئایا رەزامەندیت لەسەری دا؟ ستراتیجت چی دەبێت؟
- پلانێكی زۆر بەهێزمان هەیە، بەڵام ناتوانم قسەی لەسەر بكەم.
+ واتە بڕیارت لەسەر پلانێك داوە؟
- بیرتە چەند جارێك قسەم لەسەر شەڕەكە كرد، بە تایبەتی شەڕی موسڵ. چەند مانگێكە لەو شارە شەڕدەكەین، دەزانیت بۆچی؟ چونكە ئەوان ئامادە بوون، ئەگەر پێشتر بمانكردایە، لە ماوەی مانگێكدا هەموو شتێك تەواو دەبوو. لێ هەردەبێت لە دەستی داعش رزگارمان بێت، رێگایەكی ترمان لە بەردەستدا نییە.
+ ژمارەی هێزەكانتان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەكەن؟
- پێدەچێت كەمێك ژمارەیان زیاد بكەین، بەڵام ئێمە پلانێكمان هەیە و دەبێت جێبەجێی بكەین، مەسەلەكە ئەوەیە. لە ماوەی 100 رۆژی یەكەمدا، لە هەر سەرۆكێكی تری ئەمریكا زیاتر كارم كردووە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP