توركیا و ده‌ستپێكردنی‌ نیو‌ عوسمانیزم‌
پڕۆژه‌كه‌ی‌ ئاكه‌په‌ به‌کوێ‌ گه‌یشتووه‌؟ توركیا و ده‌ستپێكردنی‌ نیو‌ عوسمانیزم‌ ‌ 8/5/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان
ئیمپراتۆریی‌ یان خه‌لافه‌ت یان ده‌وڵه‌تی‌ عوسمانی‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ 600 ساڵ درێژه‌ی‌ كێشا و له‌ ساڵی‌ 1299وه‌ بۆ ساڵی‌ 1923 به‌رده‌وام بوو، بۆ سیاسه‌توانانی‌ ئێستای‌ توركیا، چه‌رخی‌ زێڕینی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ تورك بووه‌ و توركه‌كان توانیویانه‌ له‌ڕێی‌ ئاینه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی‌ خۆیان به‌سه‌ر وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌دا بسه‌پێنن، له‌وه‌ش زیاتر په‌ل بۆ خۆرهه‌ڵاتی‌ ئه‌وروپا ببه‌ن كه‌ به‌ لانكه‌ و سه‌رچاوه‌ی‌ شارستانی‌ كیشوه‌ره‌ پیره‌كه‌ و هه‌موو جیهان داده‌نرێت.
هێنانه‌دی‌ خه‌ونی‌ ده‌ستپێكردنی‌ سه‌رده‌مێكی‌ نوێی‌ عوسمانی‌ و كاریگه‌ركردنه‌وه‌ی‌ رۆڵی‌ توركیا له‌ ناوچه‌كه‌ و رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی‌ قۆناغی‌ پاش قبوڵنه‌كردنی‌ توركیا له‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا، پرۆژه‌ی‌ پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدانه‌، پارته‌كه‌ش له‌پێناو جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌كه‌یدا ته‌واوی‌ تواناكانی‌ خستووه‌ته‌گه‌ڕ و ده‌م له‌وه‌ ده‌خوڕێت  توركیا بكاته‌وه‌ به‌ پێشه‌نگی‌ وڵاتانی‌ ئیسلامی‌ و ئه‌و ئامانجه‌ بهێنێته‌دی‌ كه‌ پێشتر نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان به‌ ره‌فاهی‌ ئیسلامی‌ و سه‌عاده‌ت و فه‌زیله‌ نه‌یتوانی‌ به‌دی‌ بهێنێت. 

وانه‌ی‌ ئه‌وروپا داده‌دات له‌باره‌ی‌ پێكه‌وه‌ژیانی‌ ئاشتیانه‌   
پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان كه‌ له‌ئێستادا كار بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و چه‌رخه‌ زێرینه‌ی‌ تورك ده‌كات و خۆی‌ به‌ هه‌ڵگری‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ داده‌نێت، پێیوایه‌ عوسمانییه‌كان وانه‌كانی‌ مرۆڤایه‌تی‌ و ئاشتی‌ و سه‌قامگیرییان له‌ جێناكۆكترین ناوچه‌ی‌ جیهاندا به‌رجه‌سته‌ كردووه‌ و توانیویانه‌ پێكه‌وه‌ژیانی‌ نێوان ئاینه‌كان به‌ كردار له‌ شارێكی‌ وه‌ك قودسدا پراكتیزه‌ بكه‌ن. 
نه‌عمان كورتوڵموش جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا، له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا له‌ وتارێكی‌ له‌ كۆڕبه‌ندی‌ جیهانی‌ تایبه‌ت به‌ شاری‌ قودس كه‌ له‌ژێر ناونیشانی‌ «قودس له‌ سه‌رده‌می‌ عوسمانی‌» به‌سه‌رپه‌رشتی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆماری‌ توركیا و له‌ زانكۆی‌ مه‌ڕمه‌ڕه‌ سازكرا، به‌پێویستی‌ زانی‌ پێوه‌ره‌كانی‌ ئاشتی‌ لای‌ عوسمانییه‌كانی‌ بكرێنه‌ پێوه‌ری‌ ئاشتی‌ جیهانی‌ له‌ئێستادا»، باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ «كیشوه‌ری‌ ئه‌وروپا وه‌ك شارستانیترین ناوچه‌ی‌ جیهان، له‌مڕۆدا، ناتوانێت به‌رپرسیارێتی‌ چه‌ند ملیۆنێك بیانی‌ له‌ئه‌ستۆ بگرێت». 
له‌باره‌ی‌ ره‌وشی‌ ئێستای‌ پێكه‌وه‌ژیانی‌ نێوان ئاینه‌كانیش له‌ ئه‌وروپا، جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا له‌ وتاره‌كه‌یدا پرسیاری‌ كرد كه‌ «ده‌بێت ئاشتی‌ و ئازادی‌ و رێزگرتن له‌ ئاینه‌كانی‌ دی‌ له‌ ئه‌وروپا له‌كوێدابن؟ له‌كاتێكدا له‌سه‌ر دیواره‌كان ده‌نوسن با توركه‌كان بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و وێنه‌ی‌ خاچ به‌ده‌رگای‌ مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسن».  
توركیای‌ ئێستا به‌وپێیه‌ی‌ توانی‌ له‌ڕێی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ چه‌ندان به‌ندی‌ ده‌ستوری‌ وڵاته‌كه‌ی‌ هه‌موار بكات كه‌ گرنگترینیان فراوانكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان بوو، هه‌وڵه‌كانی‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئۆسمانلیزمی‌ خستووه‌ته‌گه‌ڕ، له‌وه‌ش زیاتر ده‌یه‌وێت به‌ چاوقایمی‌ جارانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عوسمانی‌، به‌گژ كیشوه‌ری‌ ئه‌وروپادا بچێت و له‌و شه‌ڕه‌شدا  دیسانه‌وه‌»شیر و تیغی‌ ئیسلام» و هه‌ستی‌ مسوڵمانان به‌كارده‌هێنێت، نمونه‌ی‌ زه‌قی‌ ئه‌و به‌گژداچوونه‌وه‌یه‌ش، زه‌قكردنه‌وه‌ و خستنه‌ڕووی‌ دروشمه‌ ره‌گه‌زپه‌رستییه‌كانی‌ ئێستای‌ ئه‌وروپایه‌ له‌لایه‌ن توركه‌كانه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌  «ئیسلامۆفۆبیا»وه‌ له‌ هه‌ندێك وڵاتانی‌ ئه‌و كیشوه‌ره‌ به‌رزده‌كرێنه‌وه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ كورتوڵموش ئاماژه‌ به‌ لێدوانی‌ هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌ ئه‌وروپاییه‌كان ده‌كات كه‌ باسیان له‌ «پێویستی‌ رێگریكردن له‌ ئیسلام و ده‌ركردنی‌ مسوڵمانان بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ كیشوه‌ری‌ ئه‌وروپا» كردبوو.    
ئاكه‌په‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ بێ‌ ئومێده‌ له‌ چوونه‌ناوه‌وه‌ی‌ توركیا بۆ نێو یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا، وانه‌كانی‌ پێشووی‌ پێكه‌وه‌ ژیانی‌ ئاشتیانه‌ی‌ نێوان نه‌ته‌وه‌كان له‌سه‌رده‌می‌ حوكمڕانی‌ عوسمانیدا له‌ هه‌ندێك جێگه‌ وه‌بیر ئه‌وروپاییه‌كان و جیهان ده‌خاته‌وه‌، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كوشتارگه‌ی‌ ئه‌رمه‌نه‌كان تێده‌په‌ڕێنێت و گوێی‌ خۆی‌ له‌و تاوانه‌ سامناكه‌ كه‌ڕده‌كات.    
عوسمانییه‌ نوێیه‌كان، وه‌ك له‌ قسه‌ و لێدوانی‌ به‌رپرسه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ركه‌وێت، بڕیاریانداوه‌ ته‌نیا قسه‌ بكه‌ن و گوێ‌ بۆ هیچ راوبۆچوونێكی‌ تری‌ جیاواز نه‌گرن، ئه‌وان له‌ بری‌ قسه‌كردن له‌باره‌ی‌ ئاشته‌وایی‌ ناوخۆیی‌ و پێكه‌وه‌ژیانی‌ نێو وڵاته‌كه‌یان، باس له‌و دۆزه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ وته‌ی‌ چۆمسكی‌ مێژووه‌كه‌ی‌ بۆ چه‌ندان سه‌ده‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ناكرێت به‌ قسه‌ی‌ سه‌رپێی‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

«سوڵتان ئه‌ردۆغانی‌ یه‌كه‌م» و كۆتایی‌ سه‌رده‌می‌ كوده‌تاچییه‌كان  
حوكمی‌ عه‌سكه‌ر، به‌ حوكمی‌ شكستهێنانی‌ كوده‌تای‌ ته‌مموزی‌ 2016،  له‌ توركیادا كۆتایی‌ هات. 
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان وه‌ك كه‌سێتییه‌كی‌ به‌هێزی‌ نێو گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌، له‌ئێستادا سیحری‌ كوده‌تای‌ له‌نێو دامه‌زراوه‌ی‌ سه‌ربازی‌ توركیادا به‌تاڵ كردووه‌ته‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و پله‌دارانه‌شی‌ له‌ كونجی‌ زیندان قایكردووه‌ كه‌ خورپه‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ كوده‌تا به‌ دڵیاندا هاتووه‌ و خه‌یاڵی‌ كارێكی‌ وه‌ها له‌مێشكیاندا دروست بووه‌. 
هه‌ڵمه‌ته‌ ره‌شبیگرییه‌كانی‌ نێو ریزه‌كانی‌ سوپا و هێزه‌كانی‌ ناوخۆی‌ ئه‌و وڵاته‌، نمونه‌یه‌كی‌ حاشاهه‌ڵنه‌گرن بۆ ئه‌و راستییه‌ و به‌ر له‌وه‌ش دروستكردنی‌ قه‌ڵغانی‌ مرۆیی‌ به‌ڕووی‌ تانك و زریپۆشه‌كانی‌ سوپا له‌نێو شاره‌كاندا كه‌ له‌ دوایین كوده‌تادا بینرا، له‌مپه‌رێكی‌ تره‌ به‌ڕووی‌ هه‌موو ئه‌و نه‌خشانه‌ی‌ كه‌ عه‌سكه‌ر بۆ زاڵ بوون به‌سه‌ر حوكمی‌ مه‌ده‌نیدا دایڕشتووه‌، یان له‌ ئاینده‌دا دایده‌ڕێژێت.    
سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا یان (سوڵتان ئه‌ردۆغانی‌ یه‌كه‌م)، له‌ خولی‌ دووه‌می‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ توركیا، په‌یامێكی‌ به‌هێزی‌ بۆ لایه‌نگرانی‌ و بگره‌ بۆ نه‌یارانیشی‌ له‌ڕێی‌ كۆپله‌یه‌ك شیعره‌وه‌ ره‌وانه‌كرد: 
هه‌رگیز قه‌ده‌ر وای‌ كرد... 
قه‌ده‌رێكی‌ تر له‌پاش قه‌ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌... 
چی‌ بكه‌ن و چی‌ پیلانێك دابڕێژن بێ‌ سوده‌... 
بڕیارێك هه‌یه‌ له‌ قوڵایی‌ ئاسمانه‌وه‌ دێته‌خوار... 
بۆیه‌ گه‌ر خۆریش ئاواببێت زیانی‌ نییه‌...  
شه‌وگار چه‌ند درێژ بێت روناكی‌ له‌ئاسۆ ده‌رده‌كه‌وێت..
گه‌ر بسوتێم، جه‌سته‌م شورایه‌ك له‌ خۆڵه‌مێش و سوتماك دروست ده‌كات... 
سه‌ركه‌وتنه‌كانیش له‌پاش هه‌موو شكستێك گه‌شه‌یان كردووه‌  و كه‌ڵه‌گه‌ت بوون.. 
به‌ بردنه‌وه‌ی‌ «ئاكه‌په‌» له‌ خولی‌ دووه‌می‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ و به‌ شكستهێنانی‌ كوده‌تاكه‌ی‌ ته‌مموزی‌ 2016 و به‌ سه‌رگرتنی‌ ریفراندۆمی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ هه‌مواری‌ ده‌ستوری‌ توركیا، ئه‌درۆغان بووه‌ سوڵتانی‌ یه‌كه‌می‌ عوسمانییه‌ نوێیه‌كان و قۆناغێكی‌ تری‌ له‌ سه‌رده‌می‌ ئۆسمانلیزم له‌ توركیادا ده‌ستیپێكرد. 

سه‌ركرده‌كانی‌ ئاكه‌په‌ شانازیی‌ به‌ ئۆسمانلیزمییه‌وه‌ ده‌كه‌ن 
سه‌ركرده‌كانی‌ پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په‌) شانازیی‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ عوسمانییه‌ نوێیه‌كان ناوده‌برێن، ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵۆش كه‌ پێشتر پۆسته‌كانی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ و سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیای‌ له‌ڕێی‌ ئه‌و پارته‌وه‌ گرتبووه‌ده‌ست، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ له‌ مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2009 رایگه‌یاندبوو:» خاوه‌نی‌ میراتێكی‌ گه‌وره‌ین و له‌ ده‌وڵه‌تی‌ عوسمانییه‌وه‌ بۆمان به‌جێماوه‌، كاتێكیش پێمان ده‌ڵێن عوسمانییه‌ نوێیه‌كان، به‌ شانازییه‌وه‌ ده‌ڵێین كه‌ به‌ڵێ‌ ئێمه‌ عوسمانییه‌ نوێیه‌كانین». 
سه‌باره‌ت به‌ خواستی‌ توركیاش بۆ درێژكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ژمونی‌ خۆی‌ له‌ وڵاته‌ ئیسلامییه‌كان و به‌ تایبه‌تیش له‌ وڵاتانی‌ باكووری‌ ئه‌فریقا، داود ئۆغڵۆ باسی‌ له‌وه‌كردبوو كه‌ ئه‌وان پابه‌ندن به‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌بێت بایه‌خ به‌ وڵاتانی‌ باكووری‌ ئه‌فریقا بده‌ن، «كاتێكیش سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نسا به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ كرانه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ به‌ڕووی‌ باكووری‌ ئه‌فریقادا به‌دی‌ ده‌كات، ده‌بێت هێنده‌ی‌ تر ئه‌و سه‌رسوڕمانه‌ی‌ زیاتر بكه‌ین و كارێك بكه‌ین له‌هه‌رشوێنێك سه‌ری‌ به‌رزكرده‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌، باڵێوزخانه‌ی‌ توركیا و ئاڵای‌ توركیا به‌دی‌ بكات». 
سكۆلاریزمه‌كانی‌ توركیا، پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان به‌ جێبه‌جێكردنی‌ «پیلانی‌ نهێنی‌ به‌ئیسلامكردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ توركیا» تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ كه‌ پۆسته‌ باڵاكانی‌ ده‌وڵه‌ت به‌و كه‌سانه‌ پڕده‌كاته‌وه‌ كه‌ وه‌فادار و ده‌رچووی‌ قوتابخانه‌ی‌ پارته‌كه‌ن . 
هه‌وڵه‌كانی‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ عوسمانییه‌ نوێیه‌كان شكستخواردووبوون، به‌ تایبه‌تیش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ دادگای‌ ده‌ستوری‌ له‌ توركیا به‌ زۆرینه‌یه‌كی‌ كه‌م سكاڵای‌ داخستنی‌ پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدانی‌ به‌ تۆمه‌تی‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ وڵات له‌ سیستمی‌ سكۆلاریزمی‌ و بردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و ئیسلامی‌ بوون ره‌تكرده‌وه‌، به‌ڵام وێڕای‌ ئه‌و ره‌تكردنه‌وه‌یه‌ نامه‌یه‌كی‌ هۆشداریی‌ ره‌وانه‌ی‌  پارته‌كه‌ كرد به‌وه‌ی‌ سزای‌ دارایی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت له‌ڕێی‌ بێ‌ به‌شكردنی‌ له‌ نیوه‌ی‌ پشكی‌ پارته‌كه‌ له‌ خه‌زێنه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه‌ش وای‌ له‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی‌ حزبه‌كه‌ و سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئه‌و ده‌مه‌ی‌ توركیا كرد، جه‌خت له‌سه‌ر رێكردنی‌ «ئاكه‌په‌» له‌سه‌ر رێڕه‌وی‌ پاراستنی‌ نه‌ریته‌ كۆمارییه‌كان و سكۆلاریزم له‌ وڵاتدا بكاته‌وه‌. 
به‌ڵام وێڕای‌ ئه‌و پاشه‌كشه‌ ماكیاڤیلیزمییه‌ كاتییه‌ی‌ «ئاكه‌په‌»، سه‌ركردایه‌تی‌ پارته‌كه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا توانی‌ زۆرێك له‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌ باڵایانه‌ له‌ سوپا دووربخاته‌وه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌هێز پشتیوانیان له‌ سكۆلاریزمی‌ ده‌كرد و له‌جێگه‌یاندا ئه‌و فه‌رمانده‌ نوێیانه‌یان له‌ سوپادا دانا كه‌ ته‌واوی‌ پشتتیوانیان بۆ پارته‌كه‌ هه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرێك له‌ فه‌رمانده‌كانی‌ سوپای‌ توركیا له‌لایه‌ن «ئاكه‌په‌»وه‌ به‌ تۆمه‌تی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و تێوه‌گلان له‌ كوده‌تای‌ سیاسی‌ راپێچی‌ گرتوخانه‌كان كران، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گه‌مه‌ سیاسییه‌ نادروستانه‌ی‌ كه‌ دادو گه‌شه‌پێدان له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا كردونی‌، به‌ڵام توانیویه‌تی‌ توركیا له‌ قه‌یرانی‌ ئابوری‌ قوتار بكات و وڵاته‌كه‌ بگه‌یه‌نێته‌ ئاستی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ له‌ حاڵه‌تی‌ گه‌شه‌ی‌ ئابوریدان، به‌ جۆرێك كه‌ قه‌باره‌ی‌ هه‌نارده‌ی‌ ساڵانه‌ی‌ توركیا له‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دواییدا گه‌یشته‌ نیو ترلیۆن دۆلار. 
عوسمانییه‌ نوێیه‌كان، به‌وشێوه‌یه‌ توركیا له‌ قۆزاخه‌ی‌ سكۆلاریزمی‌ كه‌مالی‌ ده‌رده‌هێنن و به‌ره‌و سه‌رده‌می‌ ئۆسمانلیزمی‌ ده‌یگێڕنه‌وه‌، به‌ڵام پێناچێت ئۆسمانلیزمییه‌كه‌ی‌ سوڵتان ئه‌ردۆغانی‌ یه‌كه‌م، هاوشێوه‌ی‌ سوڵتانه‌كانی‌ پێشوو بێت و ره‌نگه‌ كراوه‌ته‌تر و منجڕتر له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سیاسه‌ت بكات.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7280
30/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ كیربیر ماڵئاوایی كرد 30/5/2017
‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ ده‌باته‌ سه‌ر 30/5/2017
زانست
‌ خواردنه‌وه‌ی دوو كوپ قاوه‌ له‌ ڕۆژێكدا به‌سووده‌ 30/5/2017
‌ به‌ر له‌ به‌كارهێنانی بۆنخۆشكه‌ری هه‌وا ده‌بێت ئه‌م ڕاپۆرته‌ بخوێنینه‌وه‌ 30/5/2017
‌ كیوكن هۆف، سه‌رچاوه‌ی نان به‌ گوڵ 28/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP