كۆریا؛ وڵاتێك و دوو سیستم
كۆریا؛ وڵاتێك و دوو سیستم ‌ 13/5/2017
دیاری هەركی
ئێستا نیمچە دوورگەی كۆریا بە رۆژگارێكی پڕ لە ئاڵۆزی و گرژیدا تێدەپەڕێت. بە تایبەتی دوای ئەوەی حكومەتەكەی بەشی باكوور، زنجیرەیەك تاقیكردنەوەی مووشەكیی ئەنجامدا كە زۆرینەشیان سەركەوتوو نەبوون و شكستیان هێنا.
بە هۆی ئەو تاقیكردنەوانەی بیۆنگیانگ ئەنجامیان دەدات، تا دێت گرژیی زیاتر روو لە ناوچەكە دەكات، بە تایبەتی دوای ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كەشتیگەلێكی جەنگیی لە هەرێمە ئاوییەكانی ئەو ناوچەیەدا بڵاوكردەوە. هەروەك واشنتۆن لەگەڵ سیۆل دەستیان كرد بە مانۆڕێكی سەربازیی هاوبەش، كە مانۆڕێكی ساڵانەیە و باكوورییەكان وەك گێچەڵپێكردن تەماشای دەكەن.
دیارە كۆریای باشوور و كۆریای باكوور بە شێوەیەكی پراكتیكی هێشتا لە حاڵەتی شەڕدان. چونكە لە ساڵی 1953 ەوە تا ئێستا هیچ رێكەوتن یان ئاگربەستێكیان نەكردووە، بۆیە هەم ناوچەكە گرژ و ئاڵۆزە، هەمیش سنووری نێوان هەردوولا بە سەربازیترین سنووری نێوان دوو وڵات دادەنرێت، بەو هۆیەشەوە كۆریای باشوور پشتی بە 28 هەزار سەرباز ئەمریكی بەستووە.
لەو چوارچێوەیەشدا، لە ماوەی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، رەنگە ئەمریكا تووشی بەریەككەوتنێكی زۆر گەورە ببێت لە خۆرهەڵاتی ئاسیا.
ئیتر كاتی پرسیارەكەیە، دەرەنجامی ئەو بەریەككەوتن و پێكدادانە چاوەڕوانكراوە لە سەر ناوچەكە و جیهان چی دەبێت؟
لە رووی ئابوورییەوە 
بە پێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، داهاتی گشتی نیشتمانی لە كۆریای باكوور لە كۆی 193 وڵاتی جیهان، لە پلەی 180 دایە. بۆیە زیاتر لە نیوەی دانیشتووان و هاووڵاتیانی باكوور، كە دەكاتە نزیكەی 12 ملیۆن كەس، لە هەژارییەكی كوشندەدا دەژین.
بەڵام كۆتایی مانگی رابردوو، رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی راپۆرتێكی بڵاوكردەوە تیایدا ئاماژەی بەوە كردووە، سەرەڕای گوشار و گەمارۆ و داخراویی باكوور، كەچی بوژانەوەیەكی ئابووریی بەخۆیەوە دیوە.
نیویۆرك تایمز دەڵێت، لەوەتەی لە ساڵی 2011 ەوە كیم جۆنگ ئون بۆتە سەرۆكی كۆریای باكوور، ئەو وڵاتە رووی لە گەشەكردنی ئابوورییە و لەو ماوەیەدا چەندین بازاڕی تازە لەو وڵاتە كراونەتەوە.
ئێستا نەوە یان چینێكی بازرگان و بزنسكاری كۆری سوودیان لە پشتیوانی دەسەڵاتدارانی پیۆنگیانگ وەرگرتووە و خەریكی گەشەپێدان و بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی ئابووریی وڵاتەكەن. تەنانەت پایتەختی ئەو وڵاتە، لە ساڵانی پێشوو زیاتر قەرەباڵغتر و جەنجاڵ ترە و ژمارەیەكی زۆرتری ئۆتۆمبیل لەسەر شەقامەكان دەبینرێن.
لە بەرامبەردا، كۆریای باشوور خاوەنی ئابوورییەكی زۆر بەهێز و پتەوە، لەسەر ئاستی جیهان بە خاوەنی 11 هەمین ئابووری دادەنرێت. بەڵام لە كارلادانی پارك گیونی سەرۆكی پێشووی كۆریا بە تۆمەتی گەندەڵی، كاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووری و ئاسایشی ئابووریی ئەو وڵاتە داناوە.
دەشبێت ئاماژە بەوە بكەین، لە ساڵی 1950 ەوە كە واشنتۆن و سیئۆل جۆرێك لە رێكەوتنیان كردووە و ئەمریكا دەستوەردانی سەربازیی لە نیمچە دوورگەی كۆریا كردووە، كۆریای باشوور و ئەمریكا بوونەتە هاوپەیمانی یەكتری.
لە رووی سیاسییەوە
لە رووی سیاسییەوە، كۆریای باكوور خاوەنی سیستمێكی حوكمڕانی مەركەزیی و لە ژێر دەسەڵات و كۆنترۆڵی پارتی كرێكارانی شیوعیی كۆریایە، سەركردەی ئێستا كوڕێكی گەنجە بە ناوی كیم جۆنگ ئون، كە دەسەڵاتی لە باوك و باپیرییەوە بۆ ماوەتەوە و لە ساڵی 2011 ەوە لەسەر كورسی سەرۆكایەتی دانیشتووە.
لەو كاتەشەوە تا ئێستا سەرپەرشتی 50 تاقیكردنەوەی موشەكی و 3 تاقیكردنەوەی ئەتۆمی كردووە.
بەڵام لە كۆریای باشوور دیموكراتی و كراوەیی سیاسی پەیڕەو دەكرێت. تەنانەت، لە چەند مانگی رابردوودا، بۆ یەكەمین جار پارك گوین های سەرۆكی پێشووی كۆریای باشوور، بە بڕیاری دادگا و بە هۆی تێوەگلانی لە گەندەڵی لەسەر كارەكەی لادرا.
دیارە ئەو رووداوە پێشهاتێكی گرنگی نیمچە دوورگەی كۆریایە، چونكە دوای مانگێكی پڕ لە گرژی و ناكۆكی و پشێوی هات كە بە هۆی خۆپیشاندانی جەماوەرییەوە لانی كەم 3 كەس كوژران.
لە رووی بازرگانییەوە
چین نزیكترین هاوپەیمانی كۆریای باكوورە و گەورەترین سەرچاوەیەتی بۆ دابینكردنی خۆراك و سووتەمەنی و كەلوپەلی پیشەسازی. لە راستیدا، 80% ئابووریی كۆریای باكوور پشتی بەستووە بە بازرگانی لەگەڵ چین. بۆیە ئیدارەی ترەمپی ئەمریكا گوشارەكانی لەسەر چین زیاتر كردووە بۆ ئەوەی كۆریای باكوور بێبەش بكات لە نەوت و پارە و سەرچاوەكانی تر.
بەرامبەر بەوە، بەهای هاوردە و هەناردەی كۆریای باشوور 85%ی داهاتی نەتەوەیی دەستەبەر دەكات، بەو جۆرەش بووەتە پێنجەم گەورەترین ئابووریی جیهانی كە پشت بە هەناردەكردن ببەستێت، لەگەڵ ئەوەشدا، چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی كۆریای باشوورە پاشان ئەمریكا دێت.
لە رووی هێزی چەكدارەوە
ژمارەی هێزە چەكدارەكانی كۆریای باكوور نزیكەی 1.2 ملیۆن سەربازە، بەو جۆرەش، سوپای كۆریای باكوور چوارە گەورەترین سوپای جیهانە لە رووی ژمارەوە، چونكە حكومەتی پیونگیانگ 22%ی داهاتی گشتی خۆی لە سوپادا خەرج دەكات.
لە بەرامبەردا، كۆریای باشوور خاوەنی 655 هەزار سەربازە كە پشت بە 28 هەزار سەربازی ئەمریكی دەبەستن. لەگەڵ ئەوەشدا، سیئولی پایتەخت كە 10 ملیۆن كەسی تێدا دەژی، تەنها 35 میل لە سنوورەكانی باكوورەوە دوورە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP