دوای بەریتانیا نۆرەی چ وڵاتێكە؟
دوای بەریتانیا نۆرەی چ وڵاتێكە؟ ‌ 13/5/2017
مەیسون جەحا
سایتی 24ی ئیماراتی
لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بەریتانیا بە یەكجاری یەكێتی ئەوروپا بەجێدەهێڵێت، ئێستاش هاووڵاتیانی ئەوروپا پرسیار دەكەن، دوای بەریتانیا نۆرەی چ وڵاتێكە یەكێتییەكە بەجێبهێڵێت؟
چەند ساڵێكە رەوتی دژە ئەوروپا لە كۆماری چیك رووی لە هەڵكشانە. ئەو رەوتە هەر لەو كاتەوە دەستیپێكرد كە ساڵی 2004 ئەو وڵاتە بووە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا. پاڵنەری سەرەكی بەهێزبونی رەوتی دژە ئەوروپا لە چیك لە پلەی یەكەمدا دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی كۆچەران.
یەكێتی ئەوروپا سیاسەتێكی یەكگرتووی هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كۆچەران، بەڵام كۆماری چیك ئەو سیاسەتەی بە دڵ نییە و كەیفی بە كۆچەران نایەت.
هەرچەندە ئێستا چاوەكە لەسەر فەرەنسا و هۆڵەندایە بۆ ئەوەی یەكێتی ئەوروپا بەجێبهێڵن، بەڵام بە گوێرەی ئەو ئاماژانەی دەردەكەون پێناچێت چیك زۆر بمێنێتەوە.
بیڵ ویرترز ئەندامی رێكخراوی یەنگ ڤۆیسسی تایبەت بە گەنجانی ئەوروپا وتارێكی شیكاریی گرنگی نووسیوە و باسی ئەوە دەكات، هەڕەشەی داهاتووی سەر یەكێتی ئەوروپا لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپاوە دێت نەك خۆرئاوا.
ویرتز دەڵێت، تا دێت رەوتی دژە ئەوروپا لە ناو كۆماری چیكدا رووی لە گەشەكردن و فراوان بوون. دیارە وەك لە پێشیشەوە وتمان، ئەو رەوتە لە رۆژگاری سەرەتای ئەندامێتی چیك لە یەكێتی ئەوروپا دەست پێدەكات و هۆكار و پاڵنەری سەرەكیش مەسەلەی كۆچ و كۆچەرانە، چیك دژی پێشوازیكردن و لەخۆگرتنی كۆچەرانە.
كۆماری چیك، نەك حكومەت و دەوڵەتەكەی بەڵكو خەڵكەكەشی دژی لەخۆگرتنی كۆچەرانە. بە پێی راپرسییەكی ساڵی 2015، نزیكەی 94%ی خەڵكی ئەو وڵاتە پێیان باشە دەرگای وڵاتەكەیان بە رووی شەپۆلی كۆچەرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دابخەن.
دیارە ئەو راپرسییەش بۆتە كەرەستەیەكی خاو بۆ زۆرێك لەو سیاسیانەی دەیانەوێت سوود لەو هەستە گشتی و جەماوەرییە وەربگرن، ئێستا زۆرێك لە سیاسەتمەدار و حزبەكان، تەنانەت كاندید و كەسایەتییە سەربەخۆكانیش كار لەسەر دروشمی دژایەتی كۆچ و كۆچەران دەكەن.
ئەو بارودۆخەی لە چیك روودەدات روبەڕوە لەگەڵ بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا كە پەیڕەوی سیاسەتی دەرگای كراوە بەرامبەر كۆچەران دەكەن، بە تایبەتی ئەڵمانیا. دیارە ئەمەش ناكۆكی لە نێوان وڵاتان و سەرۆكی ئەو وڵاتانەدا دروست كردووە. بۆیە شتێكی ئاساییە كە میلۆس زیمانی سەرۆكی كۆماری چیك بە راشكاوی دژایەتی كۆچ و كۆچەران و سیاسەتی كۆچی ئەوروپا، بە تایبەتی ئەڵمانیا دەكات.
بە هۆی بەرنامە و گوتارەكەی كە نزیك بوو لە خۆرئاوا و ئەوروپا، میلۆس زیمان لە ساڵی 2013 ەوە بۆتە سەرۆك كۆماری چیك، بەڵام ئێستا وەك جاران نییە و پشتیوانی سیاسەتەكانی خۆرئاوا نییە بەرامبەر كۆچەران، بۆیە ئەوەی روودەدات وەرچەرخانی ئەولەویەتەكانی سەرۆك كۆمارە لەسەر خواستی جەماوەر و خەڵكی وڵاتەكەی.
مەسەلەكەش هەر بەوەوە نەوەستاوە، سەرەڕای وەرچەرخانی گوتار و ئەولەویەتی زیمان، بەڵام سەرۆك كۆمار روبەڕوی شەپۆلێكی دژایەتی و ركابەریی ناوخۆیی دەبێتەوە، چەكی بەهێزی ئەو دژایەتی و ركابەرییەش بێگومان و كۆچ و كۆچەران و سیاسەتی حكومەتی پراگە لەو بارەیەوە.
میلۆس زیمانی تەمەن 73 ساڵ روبەڕوە لەگەڵ شەپۆلێكی جەماوەریی و سیاسیی فراوان دژی نوخبەی سیاسی حوكمڕانی پراگ و مەسەلەی كۆچەرانیش وەك چەكێك بەكاردێت.
لە وتارێكی جەماوەریدا زیمان دەڵێت، هەموو كەسێك ئازادە لەوەی بە ئازادی گوزارشت لە بۆچوونەكانی بكات، بەڵام زۆرم رق لەو كەسانەیە كە پێیان وایە هەر ئەوان راست دەكەن و بۆچوونەكەی ئەوان نموونەییە. زۆرینەی ئەو كەسانە سیاسەتمەدار شكستخواردون و ناتوانن نوێنەرایەتی یان گوزارشت لە بۆچوونی گشتی و ویژدانی خەڵك بكەن.
وەك نیشانەیەكیش بۆ جیاوازیی بۆچوونەكانی سەرۆكی چیك لە سەرۆك و سەركردەی وڵاتانی ئەوروپا، زیمان پێشوازیی لە بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ و بوونە سەرۆكی لەو پیاوە سەرشێتە كرد. لە كاتێكدا هیچ سەركردەیەكی ئەوروپی بۆچوونی لەو جۆرەی بەو راشكاوییە دەرنەبڕی.
دیارە شتێكی لەو جۆرەش نیشانەیەكی روون و ئاشكرایە كە زیمان هاتۆتە سەر ئەو بۆچوونەی پەیوەندییەكانی پراگ و برۆكسل ئیتر ئەوەندە بنچینەیی و گرنگ نییە بۆ چیك.
خاڵەكانی جیاوازیی زیمان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئەو سیاسەتەی یەكێتی ئەوروپا پەیڕەویی دەكات زۆرن، بەڵام گرنگترینیان بریتییە لە بەرنامەی ئەوروپا بۆ تێكەڵاوكردنی كۆچەرانی موسوڵمان بە خەڵكی ئەوروپا و پێی وایە، شتێكی لەو جۆرە مەحاڵە. بەشێكیش لە كێشە و خاڵە جیاوازییەكان بریتین لە هەندێك بڕیار و بەرنامەی بەرپرسانی برۆكسل و ستراتسبۆرگ.
گرنگترین خاڵەكانی ناكۆكی چیك و ئەوروپا بە تایبەتی و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا لەگەڵ برۆكسل برتییە لە نیەتی یەكێتی ئەوروپا بۆ كۆنترۆڵكردنی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا لە رێگەی بەرنامەیەكی برۆكسل بە پارەداركردنی پڕۆژەكانی ژێرخان و كەرتی كشتوكاڵی، كە دواجار ببێتە مایەی پابەندبوونی سەركردە و سەرۆكی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا بەو سیاسەت و بەرنامانەی لە برۆكسلەوە ئاراستە دەكرێن.
كاتێك زۆرینەی خەڵكی بەریتانیا دەنگیاندا بۆ جیابوونەوە لە یەكێتی ئەوروپا، لوبومیر زاو رالیك وەزیری دەرەوەی چیك داوای لە جان كلود جونكەر سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا كرد دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە چونكە سەركەوتوو نەبووە لە پاراستنی یەكێتییەكە، بەڵام ئەو داوایە زۆر بە ئاسانی پشتگوێ خرا، لێ ئەگەر داوایەكی لەو جۆرە لە لایەن ئەڵمانیا یان فەرەنساوە بكرایە، زوو بە زوو دەبووە مایەی دووركەوتنەوەی ئەو پیاوە لە پۆستەكەی.
بۆیە هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوەن كە ئەگەر یەكێتی ئەوروپا تواناكانی خۆی پێشنەخات و پێ بە پێ لەگەڵ خواستنی وڵاتانی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئەوروپا رێنەكات، ئەوا بێگومان تا دێت متمانەی نێوان برۆكسل، وەك ناوەندی یەكێتی ئەوروپا، لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەرەو داڕوخانی یەكجارەكی دەڕوات، تەنانەت دوور نییە هەندێك لەو وڵاتانە، وەك بەریتانیا، یەكێتییەكە بەجێبهێڵن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP