له‌ یادی 23ساڵه‌ی شه‌هیدبوونـی حه‌سه‌ن كوێستانیی سه‌ركرده‌و هاوڕێكانیدا
له‌ یادی 23ساڵه‌ی شه‌هیدبوونـی حه‌سه‌ن كوێستانیی سه‌ركرده‌و هاوڕێكانیدا ‌ 17/5/2017
شه‌هید حه‌سه‌ن، رۆڵه‌ی‌ رۆژی‌ ته‌نگانه‌
دوای‌ كاره‌ساتی‌ هه‌كاری‌ له‌ دۆڵی‌ (نێی‌) ه‌وه‌ به‌ ناچاری‌ به‌ره‌و (دۆڵی‌ خیلاپ) به‌ڕێكه‌وتین تا رزگاربین له‌ بۆردومانی‌ رۆژانه‌ی‌ هه‌لیكۆپته‌ره‌كانی‌ (شا).
هه‌موومان 44 پێشمه‌رگه‌ مابووینه‌وه‌، نیوه‌مان بێ چه‌ك بووین، زۆریش بێ پاره‌ بوین ده‌ستمان نه‌ده‌گه‌یشته‌ شاره‌كانیش واته‌ له‌ ته‌نگانه‌دابووین.
به‌ڵام كه‌ له‌ (دۆڵی‌ خیلاپ) گواستمانه‌وه‌ بۆ (دۆڵی‌ سه‌رشێخان) توانیمان په‌یوه‌ندی‌ بكه‌ین به‌ رێكخستنی‌ كۆمه‌ڵه‌وه‌ كه‌ لێپرسراوه‌كه‌ی‌ شه‌هیدی‌ نه‌مر حه‌سه‌ن كوێستانی‌ بوو. ئه‌ویش دلێرانه‌ فریامان كه‌وت. هه‌م خواردن و كه‌لوپه‌ل و هه‌م پاره‌شی بۆ دابینكردین، هه‌م زۆریش دڵی‌ خۆشكردین به‌ گه‌شه‌كردنی‌ رێكخستنه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ سه‌دان تێكۆشه‌ری‌ ئازا و به‌جه‌رگی‌ له‌ خۆ كۆكردبۆوه‌. ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جاربوو شه‌هید حه‌سه‌ن و كرداره‌كانیم ده‌بیست هه‌رله‌و ساوه‌ بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ رۆرڵه‌ی‌ رۆژی‌ ته‌نگانه‌ویه‌.
پاشان ئه‌وه‌ بو هاته‌ ده‌ره‌وه‌ش بۆ پێشمه‌رگایه‌تی‌، له‌م بواره‌دا هه‌ر رۆڵه‌یه‌كی‌ قاره‌مان و خۆڕاگر و بێباك بو له‌ زه‌حه‌متییه‌كان و گێچه‌ڵ و گیروگرفته‌كانی‌ شۆڕش، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ رۆڵه‌یه‌كی‌ ژیر و هۆشیار بوو. هه‌ر بۆیه‌ زوو پێش كه‌وت و له‌ ژێلڵا هێنای‌ تا گه‌یشته‌ پله‌ی‌ سه‌ركرده‌یی له‌ پێشمه‌رگایه‌تیی و حزبایه‌تییدا.
سه‌ره‌ڕای‌ ئازایه‌تی‌ و هۆشیاری‌ شه‌هیدی‌ نه‌مر خه‌باتگێرێتی‌ رووخۆش و قسه‌ خۆش و گونجاو بوو له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ جیاجیاكاندا، زمانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵكیشی ده‌زانی‌، بۆیه‌ كه‌ ده‌چووه‌ ناویان خێرا جێگه‌ی‌ خۆی‌ و ئه‌ركه‌كانی‌ له‌ ناویاندا ده‌كرده‌وه‌. هه‌ر به‌ڕاستی‌ تێكۆشه‌رێكی‌ جه‌ماهیری‌ و خاكی‌ و گونجاو و لێزان بوو.
سه‌د مه‌خابن له‌ شه‌ڕی‌ گڵاوی‌ ناوخۆدا له‌ هه‌وڵێكدا بۆ دامركاندنه‌وه‌و كوژاندنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕ و پێكدادان شه‌هید كرا، له‌وه‌ختێكدا كه‌ له‌ هه‌وڵی‌ چه‌سپاندنی‌ هودنه‌ و راگرتنی‌ شه‌ڕی‌ براكوژه‌ بوو.
به‌ڵام ناوی‌ شه‌هیدی سه‌ركرده‌ حه‌سه‌ن كوێستانی‌ له‌مێژووی‌ گه‌له‌كه‌مان و شۆڕشه‌كانی‌ (ی‌.ن.ك) دا هه‌میشه‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌.
مام جه‌لال
1٢/5/2012

خانه‌واده‌ی مام ئه‌حمه‌دی گه‌ڵاڵه‌
شانازیی شه‌هید بوون و  خۆڕاگریی له‌ زیندان و شاخ دا 
ئاوات كۆكه‌یی
رۆژی 17ی ئایار، یادی  زامێكی قوڵی جه‌سته‌ی كوردستانه‌، له‌و رۆژه‌دا سه‌ركرده‌یه‌كی هۆشیارو دیار، فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازاو رۆشنبیرێكی خامه‌ به‌بڕشت، تێكۆشه‌رێكی ماندووی كوردایه‌تی و  خه‌مخۆری ئاشتی و ته‌بایی، كاك حه‌سه‌ن كوێستانی، له‌كاتی هه‌وڵدان بۆ ته‌شه‌نه‌ نه‌سه‌ندنی ئاگری شه‌ڕی ناوخۆو  له‌پێناو پاراستنی ئه‌زموونی تازه‌ی كوردستانی دوای راپه‌ڕین، خۆی خسته‌ به‌رده‌م تیغی ژه‌هراوی تا به‌ڵكو ئه‌مه‌ خوایه‌ ئه‌و تیغه‌ بچێته‌وه‌ كالان و نه‌چێته‌ سه‌ر جه‌سته‌ی  براكان، به‌ڵام له‌ئه‌نجامدا ئه‌و تیغه‌ به‌غه‌در جه‌سته‌ی ئه‌و كۆتره‌ سپییه‌ی ئاشتی بڕی و شه‌ڵاڵی خوێنی كرد، كوێستانی رێگه‌ی هات و نه‌هاتی گرته‌ به‌ر تا به‌ڵكو بتوانێت ئاوێكی ره‌حمه‌ت بكات به‌سه‌ر ئاگری جۆشدراوی شه‌ڕی ناوخۆدا، به‌ڵام رێگه‌كه‌ (نه‌هات)ی هێناو ده‌ستی غه‌در لێنه‌گه‌ڕا كۆتره‌ سپییه‌كه‌ی كوێستانان نامه‌ی ئاشتی بگه‌یه‌نێته‌ مه‌نزڵ، له‌نیوه‌ی رێدا، له‌ بۆسه‌یه‌كی دزێودا كوێستانی و براكه‌ی، كوێستانی و ئامۆزاكه‌ی، كوێستانی و پێنج رێبواری دیكه‌ی رێگه‌ی ئاشتی، شه‌هید و شه‌ڵاڵی خوێن كران.
به‌ڵگه‌ش بۆ نیازپاكی ئه‌و شه‌هیده‌ سه‌ركرده‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌بێ هیچ خۆئاماده‌كردن و هێزێكی ئه‌وتۆ چووه‌ ناوچه‌ی مه‌ترسییه‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و پیاوه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسیی دیارو خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازیی دیاری خاون هێزبوو و به‌ یه‌ك ئاگادارییه‌ك ده‌یتوانی به‌سه‌دان پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه‌، به‌ڵام چونكه‌ ئه‌و نییه‌تی شه‌ڕنه‌بوو و مه‌به‌ستی بوو ئاشتی به‌رقه‌رار بێت، ئه‌و موجازه‌فه‌یه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ كردو ژیانی خۆی و براو ئامۆزاو پێنج هه‌ڤاڵیشی له‌سه‌ر دانا.
ئیدی به‌وجۆره‌، بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی، ی.ن.ک و ده‌ڤه‌ره‌ ره‌نگینه‌ی باڵه‌كایه‌تی و هه‌موو كوردستان، ماته‌م بارو كۆستكه‌وتووبوون.

هه‌موویان زیندانی كران
خه‌باتی شه‌هید كوێستانی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌ دژی داگیركه‌رانی كورستان، قوربانیدان و ماندوبوون و ده‌رده‌سه‌رییه‌كانی ئه‌وان له‌ دیرۆكی دوروو درێژی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستانه‌ ده‌گمه‌ن و نموونه‌ییه‌، له‌ هه‌ناوی هه‌ر ویژدان زیندوویه‌كدا دیارو و به‌رچاوو و له‌بیر نه‌كراوه‌.
ئه‌و خێزان و بنه‌ماڵه‌یه‌ هه‌ریه‌كێكیان بۆخۆی تێكۆشه‌رێكی خاوه‌ن باوه‌ڕو كاریگه‌ر بووه‌، بۆ نموونه‌: ئه‌وكاته‌ی حكومه‌تی به‌عس بۆی ئاشكرا بووه‌ كه‌ حه‌سه‌ن كوێستانی له‌رێكخستندایه‌و كاری سیاسی ده‌كات، كوێستانی ده‌چێته‌ لای دایكی و پێی ده‌ڵێت:(دوو رێگه‌م له‌به‌رده‌مدایه‌، یان ئه‌وه‌تا ده‌بێت بچمه‌ شاخ، یان خۆم به‌ده‌سته‌وه‌بده‌م، دایكیشی له‌هه‌ڵوێستێكی چاونه‌ترسانه‌و شۆڕشگێڕانه‌ ئاسای خۆیدا به‌حه‌سه‌نی كوڕی ده‌ڵێت: بڕۆ بۆشاخ، كوێستانیش ده‌ڵێت: ئاخر سه‌رو ماڵتان تیا ده‌چێ و تووشی گیران و ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌بن، دایكی پێی ده‌ڵێته‌وه‌: ببه‌ به‌پێشمه‌رگه‌و ئه‌گه‌ر تۆش شه‌هید ببیت، یان منیش بگیرێم هه‌موو شتێكم قبوڵه‌، ئیتر هه‌رچیه‌ك ده‌بێت با ببێت).
بێگومان هه‌ڵوێستی ئه‌ودایكه‌ كوڕی ئاوای لێبه‌رهه‌م دێت، ئازایه‌تی و هه‌ستی تێكۆشان و كوردایه‌تیی دایكی كوێستانی و مام ئه‌حمه‌دی باوكی بوو كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی لایه‌كی گه‌وره‌ له‌خه‌باتی گه‌له‌كه‌یان بكه‌نه‌وه‌و ئه‌ركێكی گه‌وره‌ به‌جێبهێنن.
رژێمی داگیركه‌ری ئه‌وسای عیراق بۆ هه‌ره‌سهێنانی وره‌ی ئه‌و خێزانه‌ و ناچاركردنیان به‌ وازهێنانی له‌ ره‌وتی تێكۆشانی گه‌له‌كه‌یان چه‌ندین رێگه‌ی گرته‌به‌ر، هه‌ر له‌ خشته‌بردنیان به‌سامان و ئیمتیازاتی جۆراوجۆر تا ده‌گاته‌ ئازاردان و هه‌ڕه‌شه‌و ده‌ستگیركردنیان، بۆ چه‌ندینجارو  له‌سه‌ر یه‌ك له‌ساڵانی 1977- 1982دا، رژێمی عیراق دایك و باوك و مام و خوشك و برای شه‌هید كوێستانی ده‌ستگیرو زیندانیی كردن، دواتر ده‌ستی به‌سه‌ر ماڵ و داراییه‌كه‌یاندا گرت، به‌ڵام هیچ كام له‌وانه‌ توانای له‌قكردنی ئیراده‌ی كوێستانی و باوك و دایك و براكانیی ئه‌ویان نه‌بوو، له‌سه‌نگه‌ری شه‌ره‌فی كوردایه‌تیدا مانه‌وه‌و سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاسته‌نگه‌كان هه‌وڵێستی زێڕینیان هه‌ر له‌ دره‌وشانه‌وه‌دابوو، هه‌رئه‌و بیرو باوه‌ڕه‌شبوو وایكرد كوڕه‌كانی مام ئه‌حمه‌د گه‌ڵاڵه‌یی ته‌واوی ژیانی لاوێتیان له‌شاخ  به‌سه‌ر به‌رن و هه‌ر له‌ شاخیشداو به‌ر له‌كوێستانی، دووكوڕی دیكه‌ی مام ئه‌حمه‌د كه‌ پێشمه‌رگه‌بوون (حه‌مه‌ڕه‌ش و حاجی)، هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ نه‌به‌ردییه‌كدا له‌نێوان ساڵانی 1981 و 1983دا، شه‌هیدبوون.
قۆناغی نوێ و ئه‌ركی سه‌خت
شه‌هیدی سه‌ركرده‌ حه‌سه‌ن كوێستانی، هه‌رله‌سه‌ره‌تای لاوێتییدا وه‌ك كه‌سێكی كامڵ و  به‌ئه‌زموون هاتۆته‌ پێش چاوان، هۆشیارو ئاگاداری بارودۆخی كوردستان و واقیعی تاڵی ئه‌و رۆژگاره‌ بووه‌، بۆیه‌ وه‌ك ده‌ستبه‌كاربوون له‌یه‌كه‌م وێستگه‌ی خه‌باتدا  ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو تێكه‌ڵی بزوتنه‌وه‌ی قوتابیان بووه‌، دوای ئاوێته‌ بوونیشی له‌ رێكخراوه‌ پڕشانازییه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران زیاتر گه‌شه‌ به‌ لایه‌نی هۆشیاری و بیروباوه‌ڕی كوردانه‌ ده‌دات و به‌كارامه‌ییه‌وه‌ ئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێكردووه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول له‌ساڵی 1975دا، ئه‌ركی لێپرسراوێتی كۆمیته‌ی راپه‌ڕینی كۆمه‌ڵه‌ی ئیش و كاره‌كانی رێكخستن له‌وكاته‌دا زۆر سه‌خت و دژوار بووه‌، رژێمیش له‌وپه‌ڕی به‌ده‌سه‌ڵاتی و خاوه‌ن تۆڕی سیخوڕی و دارایی زۆردا بووه‌، بۆیه‌ زوو زوو پۆلێك له‌تێكۆشه‌ران به‌تایبه‌ت هه‌ڤاڵانی كۆمه‌ڵه‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرا ده‌بوون و ده‌كه‌وتنه‌ زیندانه‌كانه‌وه‌، كوێستانیش كه‌لێپرسراوێكی دیاری رێكخستنه‌كان و كه‌سێكی به‌جموجۆڵ و چالاكی ناوشار بووه‌، له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌وسای عیراقه‌وه‌ ئاشكرابووه‌و بڕیاری ده‌ستگیركردنی ده‌ركراوه‌.
دوای چه‌ندساڵێك له‌خه‌باتی نهێنی ناوشاره‌كان و بوونی به‌ پێشمه‌رگه‌، گورجوگۆڵتر له‌ قۆناغی نوێدا ده‌چێته‌ مه‌یدانی خه‌باته‌وه‌و رۆڵ و كاریگه‌رییه‌كانی باشتر ده‌رده‌كه‌ون، هه‌ربۆیه‌ به‌زوویی ئه‌رك و لێپرسراوێتی گه‌وره‌ترو سه‌ختتری پێده‌سپێردرێت.
 لێپرسراوێتی سیاسی و لایه‌نی هۆشیاریی له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌دا، فه‌رمانده‌یی كردنی پێشمه‌رگه‌و  سه‌رپه‌رشتی كردنی داستانه‌كان و شه‌ڕه‌ سه‌خته‌كان، چوونه‌ سه‌ركردایه‌تی و  بوون به‌ یه‌كێك له‌ بڕیارده‌ره‌كانی شۆڕش و حزب،  زۆری دیكه‌ش و هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌لایه‌ن كوێستانییه‌وه‌ به‌تواناو گیانبازی و شایسته‌یی بوون به‌ده‌ستهێنراوه‌.
به‌هه‌مان شێوه‌ش تۆماركردنی سه‌ركه‌وتن له‌كاتی شكستی راپه‌ڕین و كۆڕه‌وی خه‌ڵكی كوردستاندا له‌ هه‌ردوو شه‌ڕه‌كه‌ی (كۆڕێ) له‌ رۆژانی 7 و 11/4/1991، جارێكی دیكه‌ ئه‌وه‌ی سه‌لمانده‌وه‌ كه‌ كوێستانی پیاوی ته‌نگانه‌یه‌و  له‌ شكستدا سه‌ركه‌وتن ده‌خوڵقێنێت.
یاداشتی شه‌ڕی كۆڕێ
خۆ ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی شه‌هید كوێستانی فه‌رامۆش بكه‌ین و ته‌نیا وه‌ك نووسه‌رو رۆشنبیرێكیش سه‌یری به‌رهه‌مه‌كانی بكه‌ین، ئه‌وا هێشتا ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی باڵاو خاوه‌ن شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ لایه‌نی رۆشنبیریی به‌گرنگ زانیوه‌و له‌و بواره‌شدا خامه‌یه‌كی به‌بڕشت بووه‌، له‌زۆربه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی سه‌رده‌می شاخ و شار، نووسینی جۆراوجۆری به‌پێزی بڵاوكردۆته‌وه‌، خاوه‌ن ئیمتیازی گۆڤاری سه‌رهه‌ڵدان بووه‌، كه‌مه‌ڵبه‌ندی (4)ی بادینان به‌كوردی و عه‌ره‌بی ده‌ریده‌كرد، هه‌روه‌ها كتێبێكیشی به‌زمانی عه‌ره‌بی نووسیوه‌.
یه‌كێكی دیكه‌ له‌ نووسینه‌كانی شه‌هید كوێستانی، تۆماركردنی یاده‌شته‌كانی رۆژانی شه‌ڕو به‌رگرییه‌كانی كاتی كۆڕه‌وی خه‌ڵكی كوردستانه‌ له‌ نیسانی 1991 له‌ داستانه‌ به‌ناو بانگه‌كه‌ی كۆڕێدا.
شه‌هید كوێستانی به‌وردی رۆژانی ئه‌و به‌رگرییه‌ قاره‌مانانه‌یه‌ی تۆماركردووه‌و له‌رووی مێژووییه‌وه‌ بایه‌خێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، چونكه‌ به‌وردی و له‌نزیكه‌وه‌ كه‌ خۆی فه‌رمانده‌ی داستانه‌كه‌ بووه‌، هه‌موو زانیارییه‌كانی یادداشت كردووه‌.
هاوڕێیانی كوێستانی، شه‌هیدانی ئاشتی
*شه‌هید یوسف ئیبراهیم گه‌ڵاڵه‌یی، ساڵی‌1957 له‌شارۆچكه‌ی‌ گه‌ڵاڵه‌ له‌دایكبووه‌، ساڵی‌ 1977 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌وه‌و رۆژی 22/7/1979 بووه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌رێمی‌ 7، له‌به‌هاری‌ هه‌مان ساڵ‌ له‌نه‌به‌ردییه‌كه‌ی‌ مامه‌ رووته‌ به‌سه‌ختی‌ بریندار بووه‌، ساڵی‌ 1981 بووه‌به‌ لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ تایبه‌تی‌ شه‌هید كوێستانی‌ له‌تیپی‌ 12ی سۆران، ساڵی‌ 1985 بۆته‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رت له‌باره‌گای‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ سێ‌ لای‌ شه‌هید كوێستانی‌.
له‌وماوه‌یه‌دا به‌شداری‌ ده‌یان چالاكی‌‌و داستانی‌ گه‌وره‌ی‌ كردووه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ (مامه‌ رووت، گه‌ڵاڵه‌، كاروخ، قه‌ندیل، دۆڵی‌ ئاكۆیان، خۆشناوه‌تی‌، بێتواته‌، سه‌ركردایه‌تی‌، ده‌شتی‌ هه‌ریر ..هتد)‌و سێ‌ جاریش بریندار كراوه‌.
له‌ڕاپه‌ڕینی‌ 1991دا تا ڕزگاركردنی‌ كه‌ركوك له‌ته‌ك شه‌هید كوێستانی‌ بووه‌، هه‌مانساڵ بووه‌ به‌فه‌رمانده‌ی‌ به‌تالیۆنی‌ 46ی‌ گه‌ڵاڵه‌، دواتر بۆته‌ یاریده‌ده‌ری‌ فه‌رمانده‌ی فه‌وج له‌لیوای‌ 33.
له‌كه‌ڵ كوێستانی‌ شه‌هید كرا.
*شه‌هید خدر ره‌سوڵ مینه‌ ناسراو به‌سه‌ید خدر، ساڵی‌  1965 له‌گوندی‌ (زینو)ی‌ قه‌زای‌ چۆمان له‌دایكبووه‌و ساڵی‌ 1979 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌رانی‌ كوردستانه‌وه‌، چالاكانه‌ ئه‌ركه‌كانی‌ رێكخستنی‌ جێبه‌جێ‌ كردووه‌، ساڵی‌ 1987 بووه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ له‌تیپی‌ 19ی كۆڕه‌ك، به‌شداری‌ ده‌یان نه‌به‌رد‌و شه‌ڕی‌ كردووه‌‌و ڕۆڵی‌ كاریگه‌ری‌ تێدا بینیوه‌ و به‌شداری‌ له‌ڕاپه‌ڕیندا كردووه‌ تاڕزگاركردنی‌ كه‌ركوك.
له‌شكستی راپه‌ڕین و هێرشی‌ سوپای به‌عسدا، رۆڵی‌ دیاری‌ هه‌بوو له‌به‌ر په‌رچدانه‌وه‌یاندا، به‌تایبه‌تی‌ له‌شه‌ڕی‌ گه‌وره‌ی‌ كۆڕێ‌ كه‌زۆر ئازایانه‌ هه‌ڵی‌ كوتاوه‌ته‌ سه‌ر ده‌بابه‌كانی‌ داگیركه‌ر.
شه‌هید، كادرێكی‌ ژیرو هۆشیارو لێهاتوو بوو، ئه‌كته‌رێكی‌ به‌توانای‌ بواری‌ شانۆش بوو.
دوای‌ دامه‌زراندنی‌ داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بووه‌ته‌ مفه‌وه‌زی‌ ئاسایشی‌ چۆمان.
له‌گه‌ڵ كوێستانی شه‌هید كرا.
*شه‌هید محه‌مه‌د عه‌لی‌ مسته‌فا، ساڵی‌ 1972 له‌گوندی‌ (ده‌ربه‌ندی‌ رایات)ی‌ قه‌زای‌ چۆمان له‌دایكبووه‌ و ساڵی‌ 1988 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی‌ ی‌.ن.ك و ئازایانه‌ كاره‌كانی‌ رێكخستنی‌ ئه‌نجام داوه‌.
له‌ڕاپه‌ڕینی‌ 1991 رۆڵی باڵای‌ له‌شانه‌ چه‌كداره‌كان‌و راماڵینی‌ داموده‌زگای‌ به‌عسییاندا بینی، دوای‌ دامه‌زراندنی‌ هێزه‌كان بووه‌ به‌فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رت له‌تیپی‌ 25ی‌ زینه‌تیری‌ سه‌ر به‌به‌تالیۆنی‌ 48ی‌ هه‌ڵگورد.
له‌گه‌ڵ كوێستانی شه‌هید كرا.
*شه‌هید خدر حه‌مه‌د ئه‌مین خدر، ساڵی‌  1968 له‌گوندی‌ (ده‌ربه‌ندی‌ رایات)ی قه‌زای‌ چۆمان له‌دایكبووه‌و ساڵی‌ 1986 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی‌ ی‌.ن.ك، ساڵی1991 بۆته‌ پێشمه‌رگه‌و له‌ڕاپه‌ڕیندا رۆڵی كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌و تاڕزگاركردنی‌ كه‌ركوك به‌شداربووه‌.
دواتر بۆته‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رت له‌ به‌تالیۆنی‌ 28ی‌ شیوه‌زوور.
له‌گه‌ڵ كوێستانی شه‌هید كرا.
*شه‌هید مینه‌ ئه‌حمه‌د ئیسماعیل، ساڵی‌ 1973 له‌گوندی (سوره‌بان)ی‌ شارۆچكه‌ی‌ قه‌سرێ‌ له‌دایكبووه‌، ساڵی‌ 1987 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی‌ ی‌.ن.ك، له‌راپه‌ڕینیی 1991 رۆڵی‌ كاریگه‌ری‌ نواندووه‌و له‌پاككردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كانی‌: شه‌قڵاوه‌ هه‌ولێر، كه‌ركوك. دواتر له‌سه‌رداوای خۆی گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆلای شه‌هید كوێستانی و له‌وێ ئه‌ركه‌كانی پێشمه‌رگایه‌تی به‌جێهێناوه‌، شه‌هید مینه‌ ڕه‌وشتبه‌رزو جێگه‌ی‌ رێز‌و خۆشه‌ویستی‌ هاوڕێیانی‌ بووه‌.
له‌گه‌ڵ كوێستانی شه‌هید كرا.
*شه‌هید مه‌حمود ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا ناسراو به‌خوله‌، ساڵی‌ 1967 له‌شارۆچكه‌ی گه‌ڵاڵه‌ له‌دایكبووه‌، له‌ته‌مه‌نی‌ شه‌ش ساڵییه‌وه‌ خراوه‌ته‌ به‌ر خوێندن‌و تائه‌و كاته‌ی‌ هه‌موو ماڵه‌وه‌یان بوونه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، درێژه‌ی‌ به‌خوێندن داوه‌.
ساڵی‌ 1982 بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ لای‌ شه‌هید حه‌سه‌ن كوێستانی‌ برای‌، ئازا‌و وریا‌و به‌ده‌ست‌و برد‌و نیشانه‌ شكێن بووه‌، به‌شداری‌ ده‌یان چالاكی‌‌و نه‌به‌ردی‌ كردووه‌، ساڵی‌ 1983 كه‌(حاجی‌) براشی‌ شه‌هید بوو، ئه‌و به‌گوڕترو به‌جۆشتر كه‌وته‌ خۆ‌و له‌پاڵ‌ كاری‌ پێشمه‌رگانه‌، سه‌ركه‌وتووانه‌ كاری‌ رێكخراوه‌یی‌ ئه‌نجامده‌داهه‌میشه‌ ده‌سته‌ی هێرشبووه‌و ئازابووه‌ له‌شه‌ڕه‌كاندا.
له‌راپه‌ڕین له‌ته‌ك شه‌هید كوێستانی‌ به‌شداری‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌، له‌رزگاركردنی شه‌قڵاوه‌ تاڕزگاركردنی‌ كه‌ركوك.
دوای‌ راپه‌ڕین چه‌ندین كاری‌ رێكخراوه‌یی‌‌و پیشه‌یی‌‌و پێشمه‌رگانه‌ی‌ پێسپێردراوه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ‌ دامه‌زراندنی‌ سوپای‌ یه‌كگرتووی‌ كوردستان بۆته‌ ئه‌فسه‌ر هه‌واڵگری‌ لیوای‌ 33.
له‌گه‌ڵ كوێستانی شه‌هید كرا.


شه‌هید حه‌سه‌ن كوێستانی له‌ ئینسكلۆپیدیای ی.ن.ك دا
پێشمه‌رگه‌ و كادیری رێكخستن و فه‌رمانده‌ و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان. ناوی ته‌واوی حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا. له‌دایكبووی ساڵی 1950ی شارۆچكه‌ی گه‌ڵاڵه‌ له‌پارێزگای هه‌ولێر. تا قۆناغی ئاماده‌یی خوێندووه‌.
ژیانی سیاسی له‌ساڵی 1972 ده‌ست پێده‌كا، كاتێك له‌مانگی تشرینی دووه‌مدا په‌یوه‌ندیی به‌ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ كرد. له‌مانگی ئایاری ساڵی 1977 ده‌زگا ئه‌منییه‌كان گورزێكی گورچكبڕیان له‌ڕێكخستنه‌كانی هه‌ولێر وه‌شاندو له‌ئاكامدا ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌ندامان گیران و ئه‌وانه‌ش كه‌ ده‌ستگیر نه‌كران، خۆیان له‌به‌ر چاوان ون كرد یان په‌یوه‌ندییان به‌هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كرد له‌وانه‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی هه‌رێمی هه‌ولێرو سه‌رپه‌رشتیاری رێكخستنه‌كانی ناو هه‌ولێر شاخه‌وان عه‌باس كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كرد. بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی‌ شڵه‌ژانی‌ ره‌وشی‌ رێكخستنه‌كان، كۆمیته‌ی راپه‌ڕین دامه‌زراو لێپرسراوه‌تییه‌كه‌ی به‌كوێستانی سپێردرا. ئه‌م كۆمیته‌یه‌ گڕو تینێكی زۆری به‌ڕێكخستنه‌كان به‌خشی و له‌ره‌واندزو چۆمانیش چالاكیی رێكخراوه‌یی نواند.
ساڵی 1979 په‌یوه‌ندیی به‌هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردو بووه‌ لێپرسراوی كۆمیته‌ی ئازادی. ساڵی پاشتر بووه‌ رابه‌ری سیاسیی هه‌رێمی 7ی باڵه‌ك. له‌ تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 1981كرایه‌ فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی 12ی سۆران و پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌ و پێكهێنانی تیپی 12ی سۆران، كرایه‌ یه‌كه‌م فه‌رمانده‌ی تیپه‌ تازه‌كه‌، ساڵی 1983 بووه‌ لێپرسراوی عه‌سكه‌ریی مه‌ڵبه‌ندی 3.
ساڵی 1984 له‌كۆنفره‌نسی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان به‌ئه‌ندامی یه‌ده‌كی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردراو دوای كۆنفره‌نسه‌كه‌ كرایه‌ ئه‌ندامی ده‌زگای رێكخستنی كۆمه‌ڵه‌. ساڵی 1985 بووه‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران و دواتریش لێپرسراوه‌تیی مه‌ڵبه‌ندی 3ی پێ سپێردرا. 
له‌مانگی ئابی 1988دا بۆ ماوه‌ی 40 رۆژ رابه‌رایه‌تیی مه‌فره‌زه‌ پارتیزانه‌كانی كرد له‌ ناوچه‌ سوتماك كراوه‌كان. مانگی تشرینی یه‌كه‌م كرایه‌وه‌ به‌لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی 3.
له‌مانگی ئه‌یلولی 1990 بووه‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان. له‌راپه‌ڕینی ساڵی 1991دا رۆڵێكی به‌رچاوی له‌ڕزگاركردنی شه‌قڵاوه‌و پیرمام و ئۆردوگاكانی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێرو شاری هه‌ولێردا گێڕا. له‌به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشه‌كانی سوپای عیراق دوای راپه‌ڕین، رۆڵێكی دیاری نواند، به‌تایبه‌تی له‌هه‌ردوو شه‌ڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی نیسانی ساڵی 1991ی كۆڕێ.
ساڵی‌ 1992 به‌ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌ڵبژێردراو هه‌ر  ئه‌و ساڵه‌ لێپرسراوه‌تیی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ 4ی‌ رێكخستنی‌ بادینانی‌ گرته‌ ئه‌ستۆ. له‌وێ‌ په‌ره‌ی‌ به‌چالاكیی‌ رێكخراوه‌یی‌‌و جه‌ماوه‌ری‌ داو وه‌ك خاوه‌نی‌ ئیمتیاز به‌شدار بوو له‌سه‌رخستنی‌ پڕۆژه‌ی‌ گۆڤاری‌ «سه‌رهلدان» كه‌یه‌كێ‌ له‌چاكترین گۆڤاره‌ رۆشنبیرییه‌كانی‌ ده‌ڤه‌ری‌ بادینان بووه‌و ژماره‌ی‌ یه‌كه‌می‌ له‌شوباتی‌ ساڵی‌ 1993 ده‌رچووه‌.
له‌ 17ی ئایاری 1994دا، له‌ مانگی یه‌كه‌می شه‌ڕی ناوخۆدا، له‌ بۆسه‌یه‌كدا خۆی و شه‌ش پێشمه‌رگه‌ به‌ناوی یوسف برایم گه‌ڵاڵی و خدر ره‌سوڵ مینه‌ و محه‌مه‌د عه‌لی مسته‌فا و خدر حه‌مه‌د ئه‌مین خدر و مینه‌ ئه‌حمه‌د ئیسماعیل و مه‌حمود ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا شه‌هیدكران.

له ‌مێژوودا
شه‌هید حه‌سه‌ن كوێستانی، به‌ر له‌شه‌هید بوونی خۆی و خوله‌ی برای و یوسفی ئامۆزای و هه‌ڤاڵه‌كانی دیكه‌ی، له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا دوو برای دیكه‌ی كه‌ پێشمه‌رگه‌بوون و به‌ته‌مه‌نێكی كه‌مه‌وه‌ روویان كردبووه‌ خه‌باتی سه‌ختی پێشمه‌رگایه‌تی، شه‌هیدبوون و خوێنی خۆیان به‌خشییه‌ خاكی داگیركراوی كورستان، ئه‌وانیش (كاكه‌ حاجی و كاكه‌ حه‌مه‌ ره‌ش)ی جوانه‌مه‌رگن.
شه‌هید حه‌مه‌ره‌ش
شه‌هید عوسمان ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا  ناسراو به‌ حه‌مه‌ ڕه‌ش، ساڵی‌1961  له‌ خانه‌واده‌یه‌كی‌ كوردپه‌روه‌ری شارۆچكه‌ی گه‌ڵاڵه‌  له‌دایكبووه‌.
خراوه‌ته‌ به‌ر خوێندن و خوێندكارێكی‌ زیره‌ك بووه‌، هه‌میشه‌ خولیای‌ خۆ په‌روه‌رده‌كردن بووه‌،  ساڵی‌1975 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ ڕێكخستنه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی 1979دا خوێندن جێده‌ هێڵێ و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمی‌ حه‌وتی ئه‌وسا. 
پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازاو كادرێكی هۆشیار بوو، له‌ ساڵی 1980دا وه‌ك كادیری‌  ڕێكخستنی‌ كۆمه‌ڵه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت  و له‌ پال پێشمه‌ركایه‌تی‌ كاری‌ ڕێكخراوه‌یی‌ ده‌كات.
له‌ ژیانی‌ پێشمه‌رگایه‌تیدا  به‌ شداریی‌ ده‌یان نه‌به‌ردی‌ و داستانی كردووه‌.
به‌داخه‌وه‌، رۆژی 17/11/1981 له‌ شاخی‌ كارۆخ  شه‌هید كرا.
شه‌هید حاجی
شه‌هید  حاجی‌ ئه‌حمد عه‌بدوڵڵا، ساڵی 1957  له‌ خانه‌واده‌یه‌كی‌ كوردپه‌روه‌ری شارۆچكه‌ی گه‌ڵاڵه‌  له‌دایكبووه‌، له‌به‌ر بچێوی چیان و به‌هۆی پیشه‌ی شوانییه‌وه‌ نه‌خراوه‌ته‌ به‌ر خوێندن، به‌ڵام له‌ خوێندنی‌ ئێواران فێری‌ خوێنده‌واری‌ بووه‌،  له‌  پێشمه‌رگایه‌تیش خوێندن و نووسین به‌ پیتی‌ لاتینی‌ فێربووه‌.
ساڵی 1976  په‌یوه‌ندی‌ كردووه‌ به‌ ڕێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌، له‌  كۆتایی‌  ئه‌وساڵه‌دا بووه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌فره‌زه‌سه‌ره‌تاییه‌كانی شۆڕشی نوێدا، له‌ساڵی 1977 بۆته‌  فه‌رمانده‌ی‌ مه‌فره‌زه‌، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ باوك و دایكی‌ و خوشكی‌ ده‌ستگیر كراون  و براونه‌ته‌ زیندانیی  عه‌ماره‌ی خواروی عیراق.
ساڵی 1987 كراوه‌ته‌ جێگری فه‌رمانده‌ی كه‌رت  له‌  هه‌رێمی  حه‌وتی ئه‌وسا و ساڵی دواتر بۆته‌  فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رتی‌ گه‌ڵاڵه‌ی هه‌مان هه‌رێم.
له‌گه‌ڵ دروستبوونی‌ تیپه‌كان  بۆته‌ فه‌رمانده‌ی كه‌رت  له‌  تیپی 76ی  باڵه‌ك،  له‌ ژیانی‌ پێشمه‌رگایه‌تییدا فه‌رمانده‌یی‌ ده‌یان چالاكی‌ هه‌مه‌جۆری‌ كردووه‌.
به‌داخه‌وه‌ له‌رۆژی 17/8/1983 له‌ قه‌ندیل شه‌هیدكرا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP