ململانێ‌ و بەرژەوەندییەكانی پشت داعش
ململانێ‌ و بەرژەوەندییەكانی پشت داعش ‌ 23/6/2017
دیاری هەركی
دەوترێت داعش سوودی لەو شەڕی تایەفی‌ و ناكۆكیانە وەرگرتووە كە لەناوچەكەدا بە گشتی هەبووە‌ و سەریهەڵدا، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە و كەسیش پێشبینی نەدەكرد، ئەوەیە داعش لەماوەیەكی كەمدا توانی نزیكەی نیوەی سوریا داگیر بكات‌ و لە عیراقیش ناوچەیەكی فراوان بكاتە ناوچەی داگیركراوی خۆی.
پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، داعش ئەگەر لە سوریاش دەرفەتی باشی هەبوو بێت‌ و لە گەرمەی ململانێی نێوان حكومەت ‌و هێزە نەیارەكانیدا دەستی خۆی وەشاندبێت، ئەی لە عیراق بۆچی توانی لە ماوەیەكی زۆر كەم ‌و پێوانەییدا شاری موسڵ بگرێت‌ و سوپای عیراق ببەزێنێت بەو هەموو چەك ‌و جبەخانەیەوە كە ئەمریكا داویەتێ ‌و پڕچەكی كردووە؟
د. زیدان خولیف پسپۆڕی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌ و مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی سۆربۆنی فەرەنسا رایگەیاند، سەركەوتنی داعش لە ناوچەكەدا دوو هۆكاری هەیە، یەكەمیان هۆكاری سیاسییە ‌و دەكرێت بەوە ناوی بەرین كە هاوئاهەنگی لە نێوان وڵاتانی ناوچەكەدا نەبووە بە هۆی بەرژەوەندی جیاوازەوە، هۆكاری دووەمیشیان سەربازییە ‌و خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە ستراتیژێكی روون بۆ بەرەنگار بوونەوەی گروپێكی تیرۆریستی لە شێوەیە لە ئارادا نەبووە.
د. زیدان رایگەیاند، ئەو ستراتیژەی وڵاتانی هاوپەیمان پەیڕەویان كرد لەروبەڕوبونەوەی داعشدا سەركەوتوو نەبوو، لە بەرئەوەی بە تەنها پشتی بەهێرشی ئاسمانی بەستبوو، هیچ دوژمنێكیش لە دنیادا تەنها بە هێرشی ئاشمانی تێكناشكێت، بەشێكی ئەو وڵاتانەی لەو هاوپەیمانییەدا بەشدارن، نایانەوێت سەركێشی بكەن بە ناردنی هێزی زەمینی بۆ شەڕی داعش ‌و ئەو ئەركەیان بەجێ هێشتووە بۆ سوپای عیراق. 
ئەو پسپۆڕەی زانكۆی سۆربۆن دەڵێ، پۆڵ بریمەر لە دوای رووخانی رژێمی بەعس سوپا كۆنەكەی بەعسی هەڵوەشاندەوە‌ و سوپایەكی نوێی دامەزراند، لەم هەنگاوەشدا ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەرانی سوپای پێشووی لە سوپا دەركرد كە ئەزموونێكی زۆریان لە بواری سەربازیدا هەبوو، ئەمانە دەستێكی باڵایان هەیە لە ئاڵۆزییەكانی عیراقدا، چونكە بەو هەموو ئەزموون‌ و شارەزاییەی خۆیان لە بواری سەربازی ‌و جوگرافیشدا كە لە سەردەمی سەدامدا بە دەستیانهێناوە، چوونە ناو ریزەكانی داعشەوە.
رۆژنامەی شتوت گارد باس لەوە دەكات، هۆكارێكی سەرەكی بارودۆخەكە، پشتگوێخستنی سوننەكان بوو لە لایەن دەسەڵاتەكەی مالكی ‌و گوێ نەدانیان بوو بە داواكارییەكانی سوننە، ئەوەش سەرەنجام رێگای بۆ دەركەوتنی داعش خۆش كرد. 
رۆژنامەكە جەخت دەكاتەوە، ئەمریكا لە دوای رووخاندنی رژێمەكەی سەدام ساڵی 2003، ئەو ئیدارە كاتییەی لە عیراق داینابوو، لە ئاست هەڵوەشانی عیراق‌ و سەرهەڵدانی دابەش بوون‌ و دەركەوتنی كێشە ئیقلیمییەكان‌ و شەڕی تایەفیدا چاوی داخست ‌و دەنگی نەكرد‌ و هەوڵی رێگریكردنی نەدا، ئەنجامەكەشی بەو شێوەیە كەوتەوە، كە تۆڵەسەندنەوە بەرامبەر بە سوننە پەرەی سەند، لەبەر ئەوەی پێشتر سەدام كە سوننە بوو دڕندانە حوكمی عیراقی كردبوو، هەموو ئەمانەش بوونە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ كە تا ئەمڕۆش بەردەوامە ‌و هەر لەو شەڕی ناوخۆیەشەوە تۆوی دوو بەرەكی‌ و رق ‌و كینە لە عیراقدا چەكەرەی كرد و داعیشیش بەكاریهێنا.
هەر چەندە بەشێك لەو سەرۆك عەشیرەتانەی چووبوونە پاڵ داعش لە عیراق، لە خۆشەویستی ئەو گروپە تیرۆریستییەوە نەبوو، بەڵكو بۆ رزگار كردنی خۆیان بوو لەدەستی داعش، بەڵام هێشتا ئەمریكا لەوە دەترسێ، حكومەتی عیراق میلیشیا شیعەكان بنێرێتە سەر سوننەكان‌ و لە ئەنجامی شەڕێكی خوێناویدا شەڕی تایەفی هێندەی تر پەرە بسێنێت، هەر بۆیە رۆژنامەی شتوت گارد پێی وایە روبەڕوبونەوەی داعش ئەركی سەرجەم كۆمەڵی نێودەوڵەتییە، نەك وڵاتێك‌و دوان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP