عه‌لی‌ عه‌بدوڵڵا ساڵح: بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ كۆلێرا له‌ یه‌مه‌ن ده‌ستی‌ سعودیه‌ی‌ له‌پشته‌
ئیخوان به‌ كاڵایه‌كی‌ ئه‌مریكایی‌ داده‌نێت عه‌لی‌ عه‌بدوڵڵا ساڵح: بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ كۆلێرا له‌ یه‌مه‌ن ده‌ستی‌ سعودیه‌ی‌ له‌پشته‌ ‌ 15/7/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان
عه‌لی‌ عه‌بدوڵڵا ساڵح سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ یه‌مه‌ن، كۆمه‌ڵی‌ «ئیخوان موسلیمین» به‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ تیرۆریست دادانێت و پێیوایه‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپا و هه‌موو شوێنێك بڵابووه‌ته‌وه‌، به‌پێویستیشی‌ ده‌زانێت جیهان به‌ سیاسه‌تی‌ دووفاقی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا نه‌كات. 
عه‌لی‌ عه‌بدوڵڵا ساڵح، له‌میانی‌ چاوپێكه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كه‌سێتی‌ خێڵه‌كی‌ له‌ پارێزگای‌ به‌یزا رایگه‌یاند»كۆمه‌ڵی‌ ئیخوان موسلیمین، كاڵایه‌كی‌ ئه‌مریكاییه‌ و پشتیوانی‌ له‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ ده‌كات و به‌كارده‌هێنرێت،پێشتریش بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت ره‌وانه‌ی‌ ئه‌فغانستان كراوه‌، سه‌ركرده‌ ئیخوانییه‌كانیش له‌سه‌رو هه‌موویانه‌وه‌، عه‌بدولمه‌جید زندانی‌ سه‌ركرده‌ی‌ حزبی‌ گردبوونه‌وه‌ی‌ یه‌مه‌نی‌ بۆ ئیسڵاح، له‌كاتی‌ خۆیدا كه‌ سه‌فه‌ری‌ بۆ ئه‌مریكا كرد، پاره‌ و كۆمه‌كی‌ له‌ ره‌وه‌ندی‌ یه‌مه‌نی‌ كۆكرده‌وه‌ له‌پێناو به‌گژداچوونه‌وه‌ی‌ كۆمۆنیستی‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ ناوه‌ڕاستی‌ یه‌مه‌ن». 
به‌ وته‌ی‌ ساڵح، كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئیخوان له‌ یه‌مه‌ن، «حزبی‌ گردبوونه‌وه‌ی‌ یه‌مه‌نی‌ بۆ ئیسڵاح»، هاوبه‌ش بووه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و له‌كاتی‌ رووداوه‌كانی‌ ساڵی‌ 2010شدا لایه‌نگرانی‌ له‌ گه‌ڕه‌كی‌ جامیعه‌ له‌ سه‌نعا ده‌ستییان به‌ مانگرتن كرد، تا به‌ ته‌واوه‌تی‌ ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بگرن»، به‌دووریشی‌ زانی‌ ئیخوان په‌ناگه‌یه‌كی‌ ئارام بۆخۆی‌ بدۆزێته‌وه‌ و وتی‌، چۆن له‌ سعودیه‌ وه‌ده‌رنرا، له‌ توركیا و قه‌ته‌ر و ئیمارات و هه‌موو شوێنه‌كانی‌ تر وه‌ده‌رده‌نرێت. 
سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ یه‌مه‌ن، داوای‌ له‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیخوان موسلیمن كرد له‌ یه‌مه‌ن كه‌ پشتیوانی‌ له‌ هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌كات، «سود له‌ لێوردنی‌ گشتی‌ وه‌ربگرێت كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ سیاسییه‌وه‌ پێكهێنراوه‌ و له‌ كۆمه‌ڵی‌ ئه‌نساروڵڵا (حوسییه‌كان) و حزبی‌ كۆنگره‌ی‌ میللی‌ گشتی‌ پێكدێت، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ئیخوان ده‌ست له‌ زیانگه‌یاندن به‌ پارێزگاكانی‌ به‌یزا و عه‌ده‌ن و شبوه‌ و حه‌زره‌مه‌وت و مه‌ئره‌ب و ته‌عز حجه‌ و سه‌عده‌ و عه‌مران هه‌ڵبگرێت».
ساڵح سه‌رۆكی‌ حزبی‌ «كۆنگره‌ی‌ میللی‌ گشتی» كه‌ گه‌وره‌ترین حزبه‌ له‌ یه‌مه‌ن ده‌ڵێت «رێز له‌ گه‌لی‌ ئه‌مریكا ده‌گرین و دژ به‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان نین، به‌ڵام دژ به‌و كۆمه‌كه‌ لۆجستییه‌ین كه‌ وڵاته‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و به‌ریتانیا پێشكه‌ش به‌ هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ « به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سعودیه‌» له‌ یه‌مه‌نی‌ ده‌كات و لێوه‌ی‌ منداڵانمان ده‌كوژرێن و لانه‌ و ماڵه‌كانمان خاپورده‌كرێن.
سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ یه‌مه‌ن «سعودیه‌ و هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ یه‌مه‌ن» له‌ڕێی‌ به‌كارهێنانی‌ چه‌كی‌ كاولكاریی‌ وه‌ك بۆمبی‌ هێشوویی‌ و بۆمبه‌كانی‌ تر كه‌ كاریگه‌ریی‌ گه‌وره‌یان له‌سه‌ر دانیشتوانی‌ یه‌مه‌نی‌ دروست كردووه‌، به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ كۆلێرا له‌و وڵاته‌دا تۆمه‌تبار ده‌كات. 
سه‌باره‌ت به‌ هاوپه‌یمانی‌ حزبی‌ كۆنگره‌ی‌ میللیش له‌گه‌ڵ حوسییه‌كان، ساڵح ده‌ڵێت»كۆنگره‌ قوربانی‌ ده‌دات و دیدی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و سه‌ربازی‌ خۆی‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئاشتی‌ له‌ یه‌مه‌ن هه‌یه‌»، ره‌تیشیده‌كاته‌وه‌ نیازی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بێت بۆ ده‌سه‌ڵات، یان یه‌كێك له‌خانه‌واده‌كه‌ی‌ ئاماده‌ بكات بۆ ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ست وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك  بۆ ئه‌حمه‌دی‌ كوڕی‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هێزه‌كانی‌ گاردی‌ كۆماری‌ و هێزه‌ تایبه‌ته‌كان ده‌كات و پێشتر باڵێوزی‌ یه‌مه‌ن بووه‌ له‌ ئیمارات. 
عه‌لی‌ عه‌بدوڵڵا ساڵح دوای‌ زیاتر له‌ 30 حوكمڕانی‌ له‌ یه‌مه‌ن، له‌ پاش رووداوه‌كانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌، له‌ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌ دوورخرایه‌وه‌.
له‌ سه‌ره‌تادا په‌نای‌ برده‌ به‌ر شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌، به‌ڵام دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌و وڵاته‌ و له‌پاش دروستبوونی‌ گرژی‌ و ئاڵۆزییه‌ سه‌ربازییه‌كان، توانی‌ جڵه‌وه‌ی‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌ نیزامییه‌كان بگرێته‌وه‌ده‌ست و له‌گه‌ڵ حوسییه‌كاندا له‌ باكوور، هاوپه‌یمانی‌ ببه‌ستێت و له‌دژی‌ عه‌بد ره‌به‌ مه‌سنور هادی‌ «سه‌رۆكی‌ شه‌رعی‌» رابوه‌ستێت. 
سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ یه‌مه‌ن، له‌گه‌ڵ قوڵبوونه‌وه‌ی‌ ناكۆكییه‌كان و دروستبوونی‌ پشێوی‌ له‌و وڵاته‌،جارێكی‌ تر و  به‌شێوه‌یه‌كی‌ جیاواز خۆی‌ له‌نێو گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ یه‌مه‌نیدا بینییه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ جارێكی‌ تر ته‌ماحی‌ له‌ گرتنه‌وه‌ده‌ستی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تیدا هه‌بێت، به‌ڵام هه‌موو ده‌سته‌واژه‌كان روو له‌وه‌، ساڵح بیه‌وێت به‌سه‌رپشتی‌ حوسییه‌كاندا خۆی‌ بگه‌یه‌نێته‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ یه‌مه‌ن كه‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ هێنده‌ی‌ تر شه‌كه‌ت و مانووی‌ كرد. 
هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ سعودیه‌ كه‌ پشتیوانی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ عه‌بد ره‌به‌ مه‌سنور هادی‌ ده‌كات، بۆ چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ یه‌مه‌ندا هه‌ڵمه‌تێكی‌ سه‌ربازی‌ ده‌ستپێكردووه‌، له‌ڕێی‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانییه‌وه‌، كاولكاری‌ و كوشتارگه‌یه‌كی‌ سامناكی‌ له‌و وڵاته‌دا دروست كردووه‌، له‌ئێستاشدا وێڕای‌ شه‌ڕوپێكدادانه‌كان، بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ په‌نای‌ كۆلێرا له‌ یه‌مه‌ن، كاره‌ساتێكی‌ تری‌ بۆ ئه‌و گه‌له‌ دروست كردووه‌، به‌پێی‌ دوایین ئاماریش قوربانیانی‌ ده‌ستی‌ ئه‌و په‌تایه‌ بۆ نزیكه‌ی‌ 1700 كه‌س رووی‌ له‌ به‌رزبوونه‌ووه‌ كردووه‌ و ده‌یان هه‌زار كه‌سی‌ تریش پێوه‌ی‌ گیرۆده‌ن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP