شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی‌ سودانی‌ باشووردا تێده‌په‌ڕێت
«ئه‌بیێ‌» وه‌ك بۆمبێكی‌ ته‌وقیتكراو ماوه‌ته‌وه‌ شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی‌ سودانی‌ باشووردا تێده‌په‌ڕێت ‌ 21/7/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان

شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ سودانی‌ باشووردا تێده‌په‌ڕێت و تائێستاش كێشه‌یه‌كی‌ زۆر له‌نێوان «خه‌رتوم و جوبا»دا به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی‌ ماونه‌ته‌وه‌، كێشه‌ی‌ «ئه‌بیێ‌»ش له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا به‌ گه‌وره‌ترین ئه‌و كێشانه‌ داده‌نرێت كه‌ جێگه‌ی‌ ناكۆكی‌ نێوان هه‌ردوولایه‌. 
بۆ مه‌به‌ستی‌ راگرتنی‌ جه‌نگی‌ ئه‌هلی‌ له‌و وڵاته‌ كه‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س تێیدا بونه‌ قوربانی‌ و به‌پێی‌ رێككه‌وتنێكی‌ نێوان بزوتنه‌وه‌ی‌ میللی‌ رزگاریخوازی‌ سودان به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ جۆن گرنگ و حكومه‌تی‌ خه‌رتوم به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیر، دانیشتوانی‌ سودانی‌ باشوور له‌ ساڵی‌ 2011دا له‌ڕێی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ چاره‌نوسی‌ خۆیان دیاریی‌ كرد و ده‌نگییاندا بۆ جیابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی‌. 
وێڕای‌ ئه‌و كێشه‌ و گیروگرفتانه‌ی‌ هاتوونه‌ته‌ رێگه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ سودانی‌ باشوور له‌ماوه‌ی‌ شه‌ش ساڵی‌ رابردوو، به‌ڵام تائێستاش ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌نێوان باكوور و باشووردا وه‌ك بۆمبێك ته‌ماشا ده‌كرێن و ئه‌گه‌ری‌ ته‌قینه‌وه‌یان هه‌یه‌. 
به‌پێی‌ رێككه‌وتنی‌ ئاشتی‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ی‌ «نیفاشا-2005» كه‌ پرۆتۆكۆڵێكی‌ تایبه‌ته‌ به‌ ناوچه‌ی‌ ئه‌بیێ‌، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ دیاریكردنی‌ چاره‌نوسی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه‌ی‌ باشووردا دایاریی‌ كرابوون، به‌ڵام له‌پاش شه‌ش ساڵ له‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ سودانی‌ باشوور، تائێستا دۆخی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ جێگه‌ی‌ مشتومڕه‌ و وه‌ك كێشه‌یه‌ك له‌نێوان هه‌ردوولادا به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی‌ ماوه‌ته‌وه‌. 

ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌بیێ‌ 
سودان ده‌ڵێت، به‌ڵگه‌نامه‌ كۆن و تازه‌كان ده‌یسه‌لمێنن، ناوچه‌كه‌ له‌ڕووی‌ جوگرافیاوه‌ سه‌ر به‌ باكووره‌، هه‌ر بۆیه‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ سودانی‌ ده‌درێته‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ (دینكا نقوك) و به‌ هاوڵاتی‌ سودانی‌ داده‌نرێن. 
پێشتر حكومه‌تی‌ خه‌رتوم و بزوتنه‌وه‌ی‌ میللی‌ سودان، په‌نایان بردبووه‌ به‌ر دادگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ لاهای‌، تا جوگرافی‌ ناوچه‌كه‌یان بۆ ده‌ربكه‌وێت، به‌ دیاریكردنی‌ سنوریش، ئاو كرا به‌سه‌ر ئه‌و ئاگره‌ی‌ كه‌ پێشبینی‌ جه‌نگێكی‌ ئه‌هلی‌ گه‌وره‌تری‌ لێده‌كرا.   
به‌ڵام باشووری‌ سودان له‌پاش جیابوونه‌وه‌ی‌ و هێرشكردنی‌ بۆسه‌ر كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ هجلیج، له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئیدانه‌كرا، به‌وپێیه‌ی‌ له‌ڕێككه‌وتنی‌ لاهای‌ كێڵگه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سنوره‌كانی‌ ئه‌بیێ‌ و له‌چوارچێوه‌ی‌ خاكی‌ سوداندا دیاریكراوه‌. 

پێشنیاره‌كه‌ی‌ دانفۆرت 
سیناتۆر جۆن دانفۆرت نێرده‌ی‌ تایبه‌تی‌ ئه‌مریكایی‌ له‌و ده‌مه‌دا پێشنیارێكی‌ پێشكه‌ش به‌ عه‌لی‌ عوسمان محه‌مه‌د ته‌ها جێگری‌ پێشووی‌ سه‌رۆكی‌ سودان و سه‌رۆكی‌ وه‌فدی‌ دانوستانكاریی‌ حكومه‌تی‌ سودان، و دكتۆر جۆن گرنگ سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ میللی‌ كرد كه‌ «پره‌نسیپی‌ رێككه‌وتنی‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌بیێ‌»ه‌وه‌ له‌خۆگرتبوو، ئه‌و كات هه‌ردوولا ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر پێشنیاره‌كه‌ ده‌ربڕی‌، وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌بیێ‌. 
هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا پرۆتۆكڵێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌بیێ‌ له‌ نیفاشای‌ كینا له‌ 26ی‌ ئایاری‌ 2004 وه‌ك به‌شێك له‌ رێككه‌وتنی‌ ئاشتی‌ له‌نێوان بزوتنه‌وه‌ی‌ میللی‌ و حكومه‌تی‌ سودانی‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 2005دا به‌ئه‌نجام گه‌یشت، ئیمزاكرا. 
پرۆتۆكۆڵه‌كه‌ ژماره‌یه‌ رێگه‌چاره‌ و چاره‌سه‌ری‌ بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان دانابوو، كه‌ دابه‌شكردنی‌ داهاته‌كانی‌ نه‌وت و رێكخستنی‌ دابه‌شكردنی‌ له‌وه‌ڕگاكانی‌ له‌خۆگرتبوو، ئاماژه‌ی‌ به‌ دۆخی‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ش كردبوو (خێڵه‌كانی‌ مسێریه‌ و دینكا) له‌ ئه‌بیێ‌ له‌حاڵه‌تی‌ یه‌كێتی‌ یان جیابوونه‌وه‌ی‌ باشوور، به‌ڵام له‌پاش تێپه‌ڕبوونی‌ شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌ی‌ سودانی‌ باشوور و دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ، تائێستاش كێشه‌ی‌ ئه‌بیێ‌ وه‌ك خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌ و چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌. 
    
ده‌مارگیریی‌ خێڵه‌كی‌ 
ئه‌ندازیار یه‌حیا جماع كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌رپرسه‌ شاره‌وانییه‌كانی‌ ئه‌بیێ‌ ده‌ڵێت، كێشه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ تائێستا به‌نده‌ به‌و ده‌مارگیرییه‌ خێڵه‌كیانه‌ی‌ كه‌ خێڵی‌ دینكا نقوك و هه‌ڵۆكانی‌ ئه‌و هۆزه‌ (دینق ئه‌ڵور و شوێنكه‌وتوانی‌) مامه‌ڵه‌ی‌ پێوه‌ده‌كه‌ن، به‌ وته‌ی‌ جماع كه‌ قسه‌ی‌ بۆ رۆژنامه‌ی‌ (الصیحه‌)ی‌ سودانی‌ كردووه‌، رێككه‌وتنی‌ ئه‌دیس ئه‌بابا هه‌ردوولا پابه‌ند ده‌كات به‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌بێت له‌ ئه‌بیێ‌ ئیداره‌یه‌كی‌ خۆی‌ دابمه‌زرێت و  ناوچه‌كه‌ ببێته‌ خاوه‌نی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ یاسادانان خۆی‌ و ژیانی‌ سیاسی‌ و ئیداریی‌ تێدا به‌رده‌وامبێت   
دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌ی‌ سودانی‌ باشوور و ئه‌و رووداوانه‌ی‌ له‌و ماوه‌یه‌دا رویاندا، یه‌حیا به‌پێویستی‌ ده‌زانێت ئه‌بیێ‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ بلكێنرێت به‌ باكووره‌وه‌، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی‌ پێكردووه‌:  «باشوور ده‌وڵه‌تێكی‌ له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاوه‌ و ناجێگیره‌ و دانوستانی‌ له‌گه‌ڵدا ناكرێت له‌سه‌ر ئه‌بیێ‌، چونكه‌ خێڵه‌كانی‌ دینكا نقوك ئاوه‌ربوون و هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌كانی‌ مسێریه‌ و ناوچه‌كانی‌ تری‌ باكووری‌ سودان و ره‌گه‌زنامه‌یان وه‌رگرتووه‌ و بونه‌ته‌ سودانی‌». 
یه‌حیا جموع پێیوایه‌، له‌به‌ر ئه‌و رووداوانه‌ی‌ له‌ سودانی‌ باشوور رووده‌ده‌ن، دۆخه‌كه‌ هه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ی‌ ئێستا ده‌مێنێته‌وه‌ و هیچ رێگه‌چاره‌یه‌كی‌ تر نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ ئه‌بیێ‌، ره‌خنه‌ی‌ توندیش له‌ له‌و پرۆتۆكۆڵه‌ ده‌گرێت كه‌ له‌لایه‌ن سیناتۆر «جۆن دانفۆرت»ه‌وه‌ دانراوه‌ و به‌ ناواقعی‌ و ناراسته‌قینه‌ وه‌سفی‌ ده‌كات و  ده‌ڵێت»رۆژگار و رووداوه‌كانی‌  ده‌وڵه‌تی‌ سودانی‌ باشوور، چه‌وتی‌ پرۆتۆكۆڵه‌كه‌یان سه‌لماند»، دۆخی‌ ئێستای‌ سودانی‌ باشووری‌ به‌ داڕماو دانا و به‌پێویستی‌ زانی‌ ئه‌بیێ‌ وه‌ك ئێستا بمێنێته‌وه‌. 

جێبه‌جێكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كان 
بختان ده‌غم به‌رپرسی‌ كاروباری‌ مرۆیی‌ له‌ ئه‌بیێ‌، ره‌خنه‌ له‌ جێبه‌جێنه‌كردنی‌ ئه‌و رێكه‌وتنانه‌ ده‌گرێت كه‌ له‌باره‌ی‌ «ئه‌بیێ‌»ه‌وه‌ ئیمزاكراون، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ رێكه‌وتنه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ هێزه‌ ئه‌سیپوپییه‌كانی‌ لێوه‌ هاتنه‌ ناوچه‌كه‌.    
بختان به‌ رۆژنامه‌ی‌ «الصیحه‌»ی‌ راگه‌یاندووه‌، پێكگه‌یشتنی‌ میللی‌ چاره‌سه‌ره‌ بۆ كێشه‌ی‌ ئه‌بیێ‌ له‌نێوان دینكا نقوك و مسێریه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌ رووداوی‌ كوژرانی‌ كواڵ دینق كرد له‌ ساڵی‌ 2012، كه‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و، ته‌نگژه‌كانی‌ له‌نێوان دینكا و مسێریه‌ ئاڵۆزكرد، «به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ئێستادا له‌نێوان دینكا و مسێریه‌ له‌پاش دامه‌زراندنی‌ بازاڕه‌كانی‌ ئاشتی‌ له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ باشترین دۆخدان و هه‌ردوولا به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش له‌یه‌كتر نزیكبوونه‌ته‌وه‌». 
دغم پێیوایه‌، دیپلۆماسی‌ میللی‌ ده‌توانێت رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان تێكبشكێنێت و پێكه‌وه‌ژیان له‌نێوان پێكهاته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌دا بڕه‌خسێنێت، به‌دوریشی‌ زانی‌ هیچ شتێكی‌ نوێ‌ به‌بێ‌ جێبه‌جێكردنی‌ رێكه‌وتننامه‌كان له‌ ئه‌بیێ‌ بێته‌ئارا، به‌ تایبه‌تیش كه‌ ئه‌بیێ‌ بێ‌ سه‌رپه‌رشتیار و ئیداره‌یه‌. 

پێكه‌وه‌ژیان
 لای‌ خۆیه‌وه‌ پرۆفیسۆر عه‌بدوللـه‌تیف ئه‌لبونی‌ بۆ به‌ رۆژنامه‌ی‌ «الصیحه‌» رایگه‌یاندووه‌، هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی‌ سودان و سودانی‌ باشوور، سه‌رقاڵی‌ كاریی‌ گرنگترن، كێشه‌ی‌ «ئه‌بیێ‌» له‌ئێستادا به‌ كێشه‌یه‌كی‌ نوستوو داده‌نرێت، به‌ڵام گه‌ر هه‌ردوولا له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ژیان به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ و ره‌زامه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ سودان رێكبكه‌ون، دۆخی‌ ئه‌بیێ‌ باشتر ده‌بێت، به‌دووریشی‌ زانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سودانی‌ باشوور بتوانێت رۆڵی‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌دا هه‌بێت، به‌ تایبه‌تیش له‌م ماوه‌یه‌دا كه‌ له‌ دۆخی‌ له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شان و ناكۆكی‌ نێوان پێكهاته‌كاندا ده‌ژی‌.  

چه‌ند وێستگه‌یه‌ك له‌پاش سه‌ربه‌خۆیی‌ سودانی‌ باشوور 
ده‌وڵه‌تی‌ سودانی‌ باشوور، به‌ چه‌ند وێستگه‌كی‌ ناكۆكی‌ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ و شه‌ڕی‌ ناوخۆ له‌پاش سه‌ربه‌خۆیی‌ له‌ ساڵی‌ 2011 تێپه‌ڕی‌، ئه‌و شه‌ڕوپێكدادانانه‌ش كه‌ رویاندا بونه‌ مایه‌ی‌ كوژرانی‌ هه‌زاران كه‌س (چه‌كدار و مه‌ده‌نی‌) و ئاواره‌بوونی‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك كه‌سیشی‌  لێكه‌وته‌وه‌، وێڕای‌ ته‌نگژه‌ی‌ ئابوری‌ و مرۆییه‌كان. 
له‌ مانگی‌ ته‌مموزی‌ 2011، سودانی‌ باشوور له‌ سودان جیابووه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی‌ راگه‌یاند. 
له‌مانگی‌ ئه‌یلولی‌ هه‌مان ساڵدا، حكومه‌تی‌ سودانی‌ باشوور، ده‌نگیدا بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ شاری‌ رامشیل كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ولایه‌تی‌ وه‌حده‌وه‌، تا ببێته‌ پایته‌ختی‌ داهاتووی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌. 
له‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌مدا، سه‌رۆك سلڤا كیر یه‌كه‌م سه‌ردانی‌ مێژوویی‌ له‌پاش سه‌ربه‌خۆیی‌ بۆ خه‌رتوم ئه‌نجامدا و هه‌ردوو وڵات له‌سه‌ر پێكهێنانی‌ چه‌ندان لیژنه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان رێككه‌وتن، هه‌ر له‌ هه‌مان مانگدا لانی‌ كه‌م 70 كه‌س كوژران به‌و هۆیه‌ی‌ یاخیبوانی‌ سوپای‌ رزگاریخوازی‌ سودانی‌ باشوور هێرشیان كرده‌ سه‌ر شاری‌ مایوم له‌ ولایه‌تی‌ وه‌حده‌. 
له‌ مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2011 باشووری‌ سودان، خه‌رتومی‌ به‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشی‌ ئاسمانی‌ بۆسه‌ر سه‌ربازگه‌ی‌ یه‌دای‌ په‌نابه‌ران له‌ ولایه‌تی‌ وه‌حده‌ تۆمه‌تبار كرد، سوپای‌ سودانیش ئه‌و تۆمه‌ته‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌. 
كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2011، باشووری‌ سودان ولایه‌تی‌ جۆنقلی‌ به‌ ناوچه‌یه‌كی‌ كاره‌ساتبار داده‌نێت، دوای‌ هه‌ڵاتنی‌ نزیكه‌ی‌ 100 هه‌زار كه‌س به‌هۆی‌ شه‌ڕوپێكدادانه‌ ئه‌تینییه‌كان. 
شوباتی‌ 2012، سودان و باشووری‌ سودان، به‌ڵێننامه‌یه‌كیان بۆ رێگریكردن له‌ ده‌ستدرێژی‌ ئیمزاكرد، چه‌ند پرسێكی‌ تری‌ تایبه‌ت به‌ جیابونه‌وه‌شیان تاوتوێ‌ كرد، به‌ڵام سودان له‌سه‌ر دواخستنی‌ باجه‌كان، هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ باشووری‌ له‌ڕێی‌ بۆرییه‌كانییه‌وه‌ راگرت. به‌و هۆیه‌وه‌ باشووری‌ سودان خه‌رجییه‌ گشتییه‌كانی‌ بۆ نیو هێنده‌ كه‌مكرده‌وه‌. 
له‌ نیسانی‌ 2012 و له‌پاش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌ شه‌ڕوپێكدادان به‌هۆی‌ ناكۆكییه‌ سنورییه‌كان، هێزه‌كانی‌ سودانی‌ باشوور به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ ده‌ست به‌سه‌ر كێڵگه‌یه‌كی‌ نه‌وتدا ده‌گرن له‌ شاری‌ هجلیج و دواتر پاشه‌كشه‌ده‌كه‌ن، فڕۆكه‌كانی‌ سودانیش ناوچه‌ی‌ بانتیو له‌ سودانی‌ باشوور بۆردومان ده‌كه‌ن. 
له‌مانگی‌ ئایاری‌ هه‌مان ساڵ، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ وتوێژه‌كانی‌ ئاشتی‌، سودان به‌ڵێنیدا هێزه‌كانی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ ئه‌بیێ‌ پاشه‌كشه‌ پێبكات كه‌ سودانی‌ باشوور به‌ خاكی‌ خۆی‌ داده‌نێت. 
له‌ ته‌مموزی‌ 2012، باشووری‌ سودان له‌نێوه‌ندی‌ ته‌نگژه‌ ئابورییه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان و ئاڵۆزییه‌كان له‌گه‌ڵ سودان، ئاهه‌نگی‌ به‌بۆنه‌ی‌ تێپه‌ڕبوونی‌ ساڵێك به‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆییدا گێڕا. 
له‌ مانگی‌ ئابدا، نزیكه‌ی‌ 200 هه‌زار كه‌س له‌ باشووری‌ سودان و له‌ ولایه‌ته‌ سنورییه‌كانه‌وه‌  له‌ چنگی‌ شه‌ڕوپێكدادانی‌ نێوان سوپای‌ سودانی‌ باشوور و یاخیبوان، به‌ره‌و سودان هه‌ڵاتن. 
له‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ 2012، له‌پاش دانوستانه‌كانی‌ ئه‌سیوپیا، هه‌ردوو سه‌رۆكی‌ سودان و سودانی‌ باشوور، چه‌ند گرێبه‌ستێكیان له‌ بواری‌ بازرگانی‌ و نه‌وت و ئاسایش ئیمزاكرد. 
هه‌ردوولا له‌سه‌ر دامه‌زراندنی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ داماڵدراو له‌چه‌ك رێككه‌وتن، تا زه‌مینه‌سازی‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت بكه‌ن، وێڕای‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ هه‌ردوولا شكستخواردوو بوون له‌ چاره‌سه‌كردنی‌ ناكۆكییه‌ سنورییه‌كان، له‌وانه‌ ناوچه‌ی‌ ئه‌بیێی‌ كه‌  به‌ ناوچه‌یه‌كی‌  كێشه‌له‌سه‌ر داده‌نرێت. 
له‌ ئاداری‌ 2013، سودان و سودانی‌ باشوور ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت ده‌ربڕی‌، ئه‌ویش دوای‌ ناكۆكییه‌كی‌ دوورودرێژ له‌سه‌ر باجه‌كان كه‌ بوونه‌ مایه‌ی‌ راگرتنی‌ هه‌نارده‌كردن بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ ساڵێك، هه‌ردوولا له‌سه‌ر پاشه‌كشه‌پێكردنی‌ هێزه‌كانیان له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كان و دامه‌زراندنی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ داماڵدراو له‌چه‌ك رێككه‌وتن. 
له‌ حوزه‌یرانی‌ 2013 سه‌رۆك سلڤا كیر، (كوستی‌ مانیبی‌) وه‌زیری‌ دارایی‌ و (دینق ئه‌ڵور) وه‌زیری‌ كاروباری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ به‌هۆی‌ گه‌نده‌ڵییه‌كی‌ دارایی‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ چه‌ندان ملیۆن دۆلاره‌وه‌ هه‌بوو له‌سه‌ر كار لابرد، بۆ مه‌به‌ستی‌ دادگایی‌ كردنیشیان پارێزبه‌ندی‌ له‌سه‌ر هه‌ڵگرتن.    
له‌ مانگی‌ ته‌مموزی‌ هه‌مان ساڵ، سه‌رۆك سلڤا كیر ته‌واوه‌تی‌ حكومه‌ت و ریاك مشاری‌ جێگری‌ له‌سه‌ر كار لاده‌بات، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش به‌ ململانێ‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌نێو بزوتنه‌وه‌ی‌ میللی‌ رزگاریخوازی‌ سودان كه‌ حزبی‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌ له‌سودانی‌ باشوور، دانرا.   


جه‌نگی‌ ئه‌هلی‌ 
له‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2013، جه‌نگی‌ ئه‌هلی‌ ده‌ستیپێكرد، به‌و هۆیه‌ی‌ سه‌رۆك سلڤا كیر، ریاك مشاری‌ جێگری‌ به‌ پیلانگێڕی‌ بۆ روخاندنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ تۆمه‌تبار كرد، هێزه‌ یاخیبووه‌كان ده‌ستییان به‌سه‌ر چه‌ندان شارو شارۆچكه‌دا گرت، هه‌زاران كه‌س كوژران و ده‌یان هه‌زاری‌ تر ئاواره‌بوون، هێزه‌كانی‌ ئۆگه‌ندا پشتیوانیان له‌ حكومه‌ت كرد. 
 له‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2014، رێككه‌وتنی‌ ئاگربه‌ست ئیمزاكرا، به‌ڵام له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كدا چه‌ندان جار پێشێلكرا، دانوستانه‌كانی‌ تر بۆ كۆتایهێنان به‌ راگرتنی‌ كاره‌ توندوتیژییه‌كان كه‌ بونه‌ مایه‌ی‌ ئاواره‌بوونی‌ نزیكه‌ی‌ ملیۆنێك كه‌س، شكستیان هێنا و  (ریاك مشار) به‌ ناپاكی‌ تۆمه‌تبار كرا. 
له‌ مانگی‌ نیسانی‌ 2014، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند، هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌ مشار شارۆچكه‌ی‌ بانتیوی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وتییان تاڵان كردووه‌ و سه‌دان مه‌ده‌نیشیان كوشتووه‌. 
له‌ مانگی‌ ئایاری‌ 2014، تۆبی‌ لانزر نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند، ململانێكان بونه‌ته‌ مایه‌ی‌ كوژرانی‌ هه‌زاران كه‌س و ئاواره‌بوونی‌ نزیكه‌ی‌ ملیۆنێك كه‌سی‌ تر، پێنج ملیۆن كه‌سیش له‌ سودانی‌ باشوور پێویستیان به‌ یارمه‌تی‌ مرۆیی‌ هه‌یه‌. 
 له‌ مانگی‌ ته‌مموزی‌ 2014، ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، قه‌یرانی‌ خۆراكی‌ له‌ باشووری‌ سودان به‌ خراپترین قه‌یران له‌ جیهاندا وه‌سف ده‌كات. 

دانوستانه‌كانی‌ ئاشتی‌ 
له‌ مانگی‌ ئابی‌ 2014، دانوستانه‌كانی‌ ئاشتی‌ له‌ ئه‌دیس ئابابای‌ پایته‌ختی‌ ئه‌سیوپیا ده‌ستیانپێكرده‌وه‌ و بۆ چه‌ند مانگێك درێژكرانه‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو. 
له‌ مانگی‌ شوباتی‌ 2015، به‌هۆی‌ ململانێكان هه‌ڵبژاردن دواخرا كه‌ بڕیار بوو له‌ مانگی‌ حوزه‌یراندا سازبكرێت، چین رایگه‌یاند كه‌ فیرقه‌یه‌كی‌ پیاده‌ی‌ له‌گه‌ڵ نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئاشتی‌ پارێزی‌ له‌ سودانی‌ باشوور بڵاوه‌پێكردووه‌. 
له‌ مانگی‌ ئاداری‌ 2015، یاخیبوان له‌پاش دانوستان له‌گه‌ڵ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان (یۆنسێف) 250 منداڵی‌ شه‌ڕكه‌ر ئازاد ده‌كه‌ن و به‌پێی‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ش، 12 هه‌زار منداڵ له‌ ململانێ‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ سودانی‌ باشوور به‌شدارییان پێده‌كرێت. 
له‌ مانگی‌ ئابی‌ 2015، له‌گه‌ڵ خۆپارێزی‌ و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ سه‌پاندنی‌ سزاكان، سه‌رۆك سلڤا كیر رێككه‌وتنی‌ ئاشتی‌ به‌ ناوبژیوانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئیمزا ده‌كات و به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ش، ریاك مشاری‌ جێگری‌ سه‌رۆك و سه‌رۆكی‌ یاخیبوان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. 
له‌ مانگی‌ نیسانی‌ 2016، مشار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جوبا و وه‌ك جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆك له‌ حكومه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌، سوێندی‌ یاسایی‌ ده‌خوات. 

جوگرافیای‌ سروشتی‌ سودانی‌ باشوور 
سودانی‌ باشوور نزیكه‌ی‌ 700 هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ی‌ رووبه‌ری‌ سودان پێكده‌هێنێت كه‌ نزیكه‌ی‌ 2.5 ملیۆن كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه‌، به‌و واتایه‌ی‌ رێژه‌ی‌ 28%ی‌ كۆی‌ گشتی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ پێكهێناوه‌. 
ده‌وڵه‌تی‌ سودانی‌ باشوور به‌ درێژایی‌ نزیكه‌ی‌ 2000 كیلۆمه‌تر، سنوری‌ له‌گه‌ڵ ئه‌سیوپیا و كینیا و كۆنگۆ و ئه‌فریقای‌ ناوه‌نددا هه‌یه‌. 
له‌وه‌ڕگاكان 40%ی‌ سودانی‌ باشوور پێكده‌هێنن، زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان 30%، دارستانه‌ سروشتییه‌كانیش 23%، رووكاره‌ ئاوییه‌كانیش 7%ی‌ كۆی‌ گشتی‌ رووبه‌ری‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ پێكده‌هێنن. 

دانیشتوانه‌كه‌ی‌ 
ئه‌وه‌ی‌ تێبینی‌ كراوه‌، ئه‌و رووبه‌ره‌ فراوانه‌ی‌ سوودانی‌ باشوور، هه‌مان چڕی‌ دانیشتوانی‌ نییه‌، به‌پێی‌ دوایین سه‌رژمێری‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 1983دا ئه‌نجامدراوه‌، دانیشتوانی‌ باشوور له‌و ده‌مه‌دا 10%ی‌ كۆی‌ گشتی‌ دانیشتوانی‌ سودانی‌ تێنه‌په‌ڕاندووه‌ كه‌ به‌ 21.6 ملیۆن كه‌س مه‌زه‌نده‌كراوه‌. 
له‌نێوان دانیشتوانی‌ سودانی‌ باشوور، شێوه‌زاریی‌ جیاجیا بڵاوه‌ كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ 12 شێوه‌زار، هه‌رچه‌نده‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ «خۆجێی‌» كه‌ شێوازێكی‌ ئه‌فریقییه‌، تائاستێك به‌ زمانی‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوان داده‌نرێت. 
(دینكا) به‌ گه‌وره‌ترین خێڵه‌كانی‌ باشوور داده‌نرێت، پاشان خێڵی‌ (نویر) و دواتر خێڵی‌ (شلوك). 
له‌باره‌ی‌ بیروبڕوا و ئاینه‌كان له‌نێو دانیشتوانی‌ سودانی‌ باشووردا، ئامارێكی‌ زانستی‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌ جگه‌ له‌ ساڵانی‌ 1956 و 1983، له‌ ئاماری‌ ساڵی‌ 1983 پرسیار له‌باره‌ی‌ ئاینه‌وه‌ نه‌كراوه‌، بۆیه‌ جگه‌ له‌ ئاماری‌ 1956 ئامارێكی‌ تر له‌به‌رده‌ست نییه‌ كه‌ ژماره‌ی‌ مسوڵمانه‌كانی‌ له‌ سودانی‌ باشوور به‌ 18% و مه‌سیحییه‌كان به‌ 17% و ئاینه‌ خۆجێییه‌كانی‌ تریشی‌ به‌ 65% ئه‌ژماركردووه‌. 

دابه‌شكردنی‌ ئیداری‌
سودانی‌ باشوور له‌ڕووی‌ ئیدارییه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌ ولایه‌تدا دابه‌شكراوه‌ كه‌ ولایه‌ته‌كانی‌ ئه‌عالی‌ نیل و جونجلی‌ وه‌حده‌ن، ئه‌و سێ‌ ولایه‌ته‌ پێشتر به‌ هه‌رێمی‌ ئه‌عالی‌ نیل ناوده‌بران، له‌گه‌ڵ ولایه‌ته‌كانی‌ بوحه‌یرات و واراب و باكووری‌ ده‌ریای‌ غه‌زال و خۆرئاوای‌ ده‌ریای‌ غه‌زال، ئه‌و چوار ولایه‌ته‌ پێشتر به‌ هه‌رێمی‌ ده‌ریای‌ غه‌زال ناوده‌بران، سێ‌ ولایه‌ته‌كه‌ی‌ تریش له‌ ولایه‌تی‌ خۆرئاوای‌ ستونی‌ و ده‌ریای‌ جه‌به‌ل و خۆرهه‌ڵاتی‌ ستونی‌ پێكدێن كه‌ پێشتر به‌ هه‌رێمی‌ ستونی‌ ناوده‌بران و ئه‌و ده‌ ولایه‌ته‌ش زیاتر له‌ 30 پارێزگا له‌خۆده‌گرن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP