داعش دوای‌ حه‌وت مانگ ده‌گــــه‌ڕێته‌وه‌ لیبیا
داعش دوای‌ حه‌وت مانگ ده‌گــــه‌ڕێته‌وه‌ لیبیا ‌ 28/7/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان 

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵدا هێزه‌كانی‌ لیبیا توانیان شاری‌ سرت و شاره‌كانی‌ تری‌ ژێر چنگی‌ رێكخراوی‌ داعش رزگار بكه‌ن و گورزی‌ كاریگه‌ر له‌ رێكخراوه‌كه‌ بوه‌شێنن، له‌ئێستادا داعش به‌ وته‌ی‌ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌و وڵاته‌، له‌ ناوچه‌كانی‌ باشووره‌وه‌ خه‌ریكی‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌یه‌ و له‌ڕێی‌ هێرشێكی‌ گه‌وره‌وه‌ به‌نیازی‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ سرته‌.
وێڕای‌ ئه‌و شكسته‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ دووچاری‌ رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» داعش بوو له‌ لیبیا  كه‌ تائێستاش ته‌رمی‌ سه‌دان چه‌كداریی‌ بیانی‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌ شاره‌كانی‌ سرت و مسراته‌ له‌نێو ئامێره‌كانی‌ ساردكه‌ره‌وه‌دان و به‌ وته‌ی‌ به‌رپرسان و شرۆڤه‌كارانیش، گێڕانه‌وه‌یان بۆ وڵاته‌كانیان پێویستی‌ به‌ دانوستان هه‌یه‌ له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ لیبیا و حكومه‌تی‌ ئه‌و وڵاتانه‌، به‌ڵام داعش وه‌ك محه‌مه‌د غه‌سری‌ وته‌بێژی‌ هێزه‌كانی‌ (البنیان المرصوص) ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، له‌ باشووری‌ وڵاته‌كه‌وه‌ سه‌رقاڵی‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ ریزه‌كانیه‌تی‌ و به‌ نیازه‌ په‌لاماریی‌ شاری‌ سرت و ناوچه‌كانی‌ تر بداته‌وه‌.    
رێكخراوی‌  «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» داعش له‌ لیبیا، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ شاری‌ درنه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ ساڵی‌ 2013 ده‌ركه‌وت، پاشان ده‌نگی‌ لایه‌نگرانی‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌نێو گروپی‌ «انصار الشریعه‌» له‌ بنغازی‌ و مسراته‌ له‌ خۆرئاواوه‌ سه‌ریهه‌ڵدا، دواجاریش رێكخراوه‌كه‌ په‌لی‌ هاویشت بۆ سرت و له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2015، شاره‌كه‌ی‌ كۆنترۆڵ كرد و كردیه‌ مۆڵگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ خۆی‌ له‌ لیبیا. 
دوابه‌دوای‌ ئه‌وه‌ش، داعش ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ شاری‌ سرتی‌ خسته‌ژێر ركێفی‌ خۆیه‌وه‌ كه‌ نه‌وفلیه‌ و بن جه‌واد و بوقرینی‌ له‌ خۆرئاواوه‌ له‌خۆگرت.  
به‌رپرسانی‌ خۆجێیی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌ڵێن، دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ حه‌وت مانگ به‌سه‌ر تێكشكاندنی‌ رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ لیبیاوه‌ له‌ شاری‌ سرت، تائێستاش ته‌رمی‌ سه‌ردان چه‌كداریی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌ له‌نێو ئامێره‌كانی‌ ساردكه‌ره‌وه‌دا هه‌ڵگیراون و له‌چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌دان دانوستان له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ لیبیا و حكومه‌ته‌كانی‌ وڵاته‌كانیاندا بكرێت تا چاره‌نوسیان دیاریی‌ بكرێن.
ته‌رمی‌ چه‌كداره‌ بیانییه‌كانی‌ داعش له‌ مسراته‌وه‌ گوازرانه‌وه‌ بۆ خۆرئاوای‌ سرت كه‌ لێوه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ لیبیا توانیان رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» له‌ مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2016 تێكبشكێنن. 
  

ته‌رمی‌ چه‌كداره‌ بیانییه‌كانی‌ داعش 
رێگه‌دان به‌ ناردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ته‌رمانه‌ بۆ وڵاته‌كانیان كه‌ تونسی‌ و سودانی‌ و میسرییان تێدایه‌، رووگیریی‌ بۆ حكومه‌تی‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ دروست ده‌كات كه‌ خۆیان له‌ داننان به‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و وهاڵاتیانه‌ی‌ چوونه‌ته‌ نێو ریزه‌كانی‌ داعش له‌ عیراق و سوریا و لیبیا، ده‌پارێزن. 
ئه‌ندامێكی‌ یه‌كه‌ی‌ بنه‌بڕكردنی‌ تاوانه‌ رێكخراوه‌كان له‌ شاری‌ مسراته‌ كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌رمانه‌دا ده‌كات و ده‌مامكی‌ له‌سه‌ركردبوو له‌به‌ر هۆكاریی‌ ئه‌منی‌، به‌ رۆژنامه‌وانانی‌ راگه‌یاندبوو»تیمی‌ چاودێریكردنی‌ ته‌رمه‌كان له‌ یه‌كه‌ی‌ بنه‌بڕكردنی‌ تاوانه‌ رێكخراوه‌كان، ته‌رمی‌ سه‌دان چه‌كداری‌ داعشی‌ له‌كاتی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی‌ (البنیان المرصوص)دا كۆكردووه‌ته‌وه‌، ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ته‌رمانه‌ش، بۆ مه‌به‌ستی‌ دۆكۆمێنتكردن، و وێنه‌گرتن، و ناسینه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌، و وه‌رگرتنی‌ (DNA) بووه‌». 
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ یه‌كه‌ی‌ بنه‌بڕكردنی‌ تاوانه‌ رێكخراوه‌كان له‌ لیبیا ده‌ڵێت، سه‌باره‌ت به‌و ئاسته‌نگانه‌ی‌ له‌كاره‌كه‌دا هاتووه‌نه‌ته‌ رێگه‌یان، زۆربه‌یان ماددی‌ بوون، وێڕای‌ ئاسته‌نگه‌ ته‌كنیكییه‌كان. ئاسته‌نگه‌ ته‌كنیكییه‌كانیان تێپه‌ڕاندووه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، به‌ڵام ئاسته‌نگه‌ ماددییه‌كان كه‌ خۆیان له‌ چاككردنه‌وه‌ی‌ ئامێره‌كانی‌ ساركه‌ره‌وه‌دا ده‌بینییه‌وه‌، ئیداره‌كانی‌ شه‌كه‌ت كردووه‌. ره‌گه‌زنامه‌ی‌ كوژراوه‌كانیش جیاجیان و ئه‌فریقی‌ و عه‌ره‌بییان تێدابووه‌، (تونسی‌ میسری‌ سودانی‌، مه‌غریبی‌ عه‌ره‌بی‌، ره‌گه‌زنامه‌ بیانییه‌كانی‌ تر).  
یه‌كه‌ی‌ بنه‌بڕكردنی‌ تاوانه‌ رێكخراوه‌كان له‌ مسراته‌، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ چاوه‌ڕوانی‌ بڕیاری‌ داواكاریی‌ گشتین كه‌ تائێستاش سه‌رقاڵی‌ وتوێژه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌ بیانییه‌كان بۆ مه‌به‌ستی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ ته‌رمه‌كان.     
رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» داعش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ مۆڵگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ خۆی‌ له‌ شاری‌ موسڵی‌ عیراقی‌ تێكشكا، رووبه‌ڕووی‌ فشارێكی‌ گه‌وره‌ بووه‌ له‌ شاری‌ ره‌قه‌ كه‌ بنكه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ رێكخراوه‌كه‌یه‌ له‌ سوریا. 
رێكخراوه‌كه‌ كاتێك له‌ ترۆپكی‌ هێزدا بوو، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ بیانییه‌كان له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست و باكووری‌ ئه‌فریقا و ئه‌وروپاوه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ریزه‌كانییه‌وه‌ ده‌كرد. 
به‌ وته‌ی‌ به‌رپرسان، ته‌نیا له‌ وڵاتی‌ تونس زیاتر له‌ 3000 هاوڵاتی‌، بۆ شه‌ڕكردن له‌ ریزه‌كانی‌ داعشدا له‌ سوریا و عیراق و لیبیا، وڵاته‌كه‌یان جێهێشتبوو.   
رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» داعش،شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ نێوان لایه‌نه‌ چه‌كداره‌كانی‌ لیبیای‌ قۆسته‌وه‌ و له‌ ساڵی‌ 2015دا توانی‌ شاری‌ سرت كۆنترۆڵ بكات. 
شاری‌ سرت ئه‌و بنه‌كه‌یه‌ بوو كه‌ چه‌كدارانی‌ داعش لێوه‌ی‌ هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان و شارۆچكه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ شاره‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دا.  


داعش خۆی‌ بۆ هێرشێكی‌ گه‌وره‌ ئاماده‌ ده‌كات 
عه‌مید محه‌مه‌د غه‌سری‌  وته‌بێژی‌ ژووری‌ عه‌مه‌لیاتی‌ هێزه‌كانی‌ (البنیان المرصوص)ی‌ لیبیا، داوا له‌ فه‌رمانده‌یی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ لیبیا به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ سوپاسالاری‌ جه‌نگ موشیر خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر ده‌كات، هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانیان بكه‌ن له‌ سرت له‌ دژی‌ داعش. 
هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌ (البنیان المرصوص)، له‌م چه‌ند رۆژه‌ی‌ دواییدا ئاماده‌یی‌ خۆی‌ له‌ سرت راگه‌یاند بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی‌ هێرشێكی‌ گه‌وره‌ی‌ چاوه‌ڕوانكراوی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش و بوونی‌ هێزه‌كانیشی‌ له‌شاره‌كه‌دا چڕكرده‌وه‌،ئه‌وه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ بڵاوه‌پێكردنێكی‌ ئه‌منی‌ و سه‌ربازیی‌ له‌نێو شاره‌كه‌دا.         
غه‌سری‌ ده‌ڵێت، هێزێكی‌ گه‌وره‌ی‌ رێكخراوی‌ داعش، توانیویه‌تی‌ ریزه‌كانی‌ خۆی‌ رێكبخاته‌وه‌ و به‌نیازه‌ له‌باشوور و خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ به‌ره‌و شاری‌ سرت به‌ڕێبكه‌وێت. 
(روسیا الیوم) له‌ زاری‌ غه‌سرییه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌»هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌ سه‌ركردایه‌تی‌  سوپاسالاری‌ جه‌نگ موشیر خه‌لیفه‌ ئه‌بو قاسم حه‌فته‌ر، به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانیان له‌ سرت، زانیارییان پێگه‌یشتووه‌ و له‌ ئاماده‌باشیدان بۆ تێكشكاندنی‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان». 
 به‌پێی‌ سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانیش، (البنیان المرصوص)، هێزێكی‌ چه‌كداریی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ سه‌بعی‌ خۆۆئاوای‌ سرته‌وه‌ ره‌وانه‌كردووه‌، له‌ ده‌روازه‌كانی‌ خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوای‌ شاره‌كه‌شدا خاڵی‌ پشكنینی‌ داناوه‌.  
سه‌رچاوه‌كان له‌ زاری‌ (البنیان المرصوص)وه‌ باس له‌و جموجۆڵانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌ ناوچه‌كانی‌ باشوور و باشووری‌ خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوای‌ شاری‌ سرتی‌ كه‌نار ده‌ریا ئه‌نجامی‌ ده‌ده‌ن و سروشتی‌ جوگرافی‌ ناوچه‌كه‌یان قۆستووه‌ته‌وه‌، «له‌ئێستاشدا چه‌ند ناوچه‌یه‌ك له‌ باشووری‌ وڵاته‌كه‌ بوونه‌ته‌ مۆڵگه‌ی‌ نوێی‌ داعش». 
فایز سه‌راج سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ ویفاقی‌ لیبیا له‌ 17ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2016، رزگاركردنی‌ ته‌واوه‌تی‌ شاری‌ سرتی‌ له‌ چنگی‌ چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» داعش راگه‌یاند.  
 
سه‌رهه‌ڵدانی‌ داعش له‌ لیبیا 
ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان و خراپی‌ باری‌ ئه‌منی‌ له‌سایه‌ی‌ فشه‌ڵی‌ رۆڵی‌ ده‌وڵه‌ت له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ رابردوو، رێخۆشكه‌ربوون بۆ هاتنه‌پێشه‌وه‌ی‌ «داعش» و فراوانبوونی‌ رووبه‌ری‌ چالاكییه‌كانی‌ له‌ لیبیا. 
ده‌ركه‌ووترین رووداویش كه‌ بوون و هه‌ژموونی‌ رێكخراوه‌كه‌ی‌ له‌ لیبیا ده‌رخست، سه‌ربڕینی‌ 21 به‌بارمته‌گیراوی‌ قیبیتی‌ میسری‌ بوو كه‌ پێشتر له‌ لیبیا كارییان ده‌كرد. 
چه‌كدارانی‌ داعش سه‌ربڕینی‌ ئه‌و كرێكاره‌ قیبتیانه‌یان به‌ چالاكییه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌قه‌ڵه‌مدا و وه‌ك له‌ناوبردنی‌ خاچپه‌رست و كافر و دوژمنانی‌ ئیسلام له‌و گرته‌ ڤیدۆییه‌دا وه‌سفیان كرد، رووداوی‌ سه‌ربڕینه‌كه‌شیان له‌ 15ی‌ شوباتی‌ 2015 له‌سه‌ر پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرده‌وه‌. 
 له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و كاره‌ قێزه‌ون و دڕنده‌ییه‌ی‌  ئه‌نجامی‌ ده‌دا، زاڵبوون به‌سه‌ر رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» له‌ شاری‌ سرت و ده‌وروبه‌ری‌ هێند كارێكی‌ ئاسان نه‌بوو، بۆیه‌ چه‌ند مانگێك شه‌ڕێكی‌ توند به‌رده‌وام بوو كه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ كوژرانی‌ زیاتر له‌ 700 كه‌س و به‌رینداربوونی‌ هه‌زاران كه‌سی‌ تر له‌ هێزه‌كانی‌ «البنیان المرصوص».
وێڕای‌ ده‌رپه‌ڕاندنی‌ داعش له‌ شاری‌ سرت و ناوچه‌كانی‌ تری‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌ لیبیا، به‌ڵام زۆرێك له‌و نیشانانه‌ ده‌ركه‌وتوون كه‌ ئاماژه‌ به‌ هه‌وڵه‌وكانی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ داعش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و وڵاته‌.
به‌رپرسانی‌ لیبیا ترسیان له‌ شانه‌ نوستووه‌كانی‌ رێكخراوه‌كه‌ هه‌بوو كه‌ له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ ئه‌و وڵاته‌ بڵابونه‌ته‌وه‌ و ئه‌و شێوازه‌ خوێناویانه‌ به‌كارده‌هێنن كه‌ جێ په‌نجه‌ی‌ داعشیان پێوه‌ دیاره‌، بۆیه‌ به‌ وته‌ی‌  به‌رپرسان، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌ زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ لیبیا رووداوه‌كان دووباره‌ ببنه‌وه‌، و ته‌رابلوسی‌ پایته‌خت و شاره‌كانی‌ تری‌ خۆرئاوای‌ لیبیا بگرنه‌وه‌ كه‌ پێشتر رێكخراوه‌كه‌ هێرش و په‌لاماری‌ تێیاندا ئه‌نجامداوه‌. 
عه‌مید محه‌مه‌د غه‌سری‌ وته‌بێژی‌ ژووری‌ عه‌مه‌لیاتی‌ «البنیان المرصوص»ی‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی‌ ویفاق له‌چه‌ند لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ تردا له‌ 7ی‌ نیسانی‌ 2017 رایگه‌یاندبوو، له‌ ناوچه‌كانی‌ باشوور هه‌ندێك جمجوجۆڵی‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ داعشیان به‌دی‌ كردووه‌ كه‌ پێشتر له‌ سرت هه‌ڵاتبوون، بۆیه‌ هێزه‌كانیان ده‌كه‌ونه‌ خۆیان بۆ رێگرتن و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ جموجۆڵانه‌. 
 پێشتر هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی‌ ویفاق له‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2017، ئاماژه‌یان به‌ بوونی‌ چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» كردبوو له‌ باشووری‌ لیبیا و باسیان له‌و هه‌وڵانه‌ش كردبوو كه‌ داعش ده‌یانخاته‌گه‌ڕ  تا له‌ باشووره‌وه‌ خۆی‌ رێكبخاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت دوای‌ هه‌وڵێكی‌ شكستخواردووی‌ چه‌كدارانی‌ رێكخراوه‌كه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی‌ فرۆكه‌خانه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌ و بنكه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ به‌راك.  
له‌ مانگی‌ شوباتی‌ رابردوو، به‌رپرسانی‌ ئه‌منی‌ لیبیا رایانگه‌یاند، چه‌كدارانی‌ داعش به‌ره‌و دۆڵ و نشێوییه‌كانی‌ بیابان و گردۆڵكه‌كانی‌ باشووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ته‌رابلوس رۆیشتوون، ئه‌وه‌ش له‌دوای‌ تێكشكانیان له‌ شاری‌ سرت كه‌ مۆڵگه‌ی‌ پێشوویان بوو.
هه‌ر له‌و چورچێوه‌یه‌دا ئیسماعیل شوكری‌، فه‌رمانده‌ی‌ هه‌واڵگری‌ سه‌ربازی‌ له‌ مسراته‌ به‌ ئاژانسی‌ «رۆیته‌رز»ی‌ راگه‌یاندبوو، هه‌ڕه‌شه‌كان له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی‌ نێوان مسراته‌ و ته‌رابلوسه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن كه‌ له‌ شریتی‌ كه‌نارئاوه‌كانه‌وه‌ بۆ باشوور درێژده‌بنه‌وه‌، ئه‌و ناوچانه‌ش ده‌كه‌ونه‌ ده‌وروبه‌ری‌ شاری‌ به‌نی‌ وه‌لید، تا ده‌گه‌نه‌ بیابانه‌كانی‌ باشووری‌ شاری‌ سرت. 
هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌مریكا له‌ 19ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2017، گورزێكی‌ گه‌وره‌یان له‌ داعش وه‌شاند و سه‌ربازگه‌یه‌كی‌ ته‌واوه‌تی‌ داعشیان له‌ باشووری‌ خۆرئاوای‌ سرت خاپور كرد. 
هاوپه‌یمانان له‌و هێرشه‌دا موشه‌كی‌ «بی‌ 2»ی‌ په‌ره‌سه‌ندوویان به‌كارهێنا و له‌ هێرشه‌كه‌دا 80  سه‌ركرده‌ی‌ داعش كوژران، ئه‌وه‌ش جموجۆڵه‌كانی‌ رێكخراوه‌كه‌ی‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ په‌كخست و وایكرد پاشماوه‌ی‌ چه‌كداره‌كانی‌ داعش به‌ره‌و دۆڵ و نشێوییه‌كانی‌ نزیك له‌ سه‌ربازگه‌كه‌ هه‌ڵبێن.  


 داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
له‌ مانگی‌ ئاداری‌ 2017، تۆماس واڵدهاوسر فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ ئه‌فریقا (ئه‌فریكۆم) رایگه‌یاندبوو، رێكخراوی‌ داعش له‌ لیبیا ریزه‌كانی‌ رێكده‌خاته‌وه‌، وێڕای‌ له‌ده‌ستدانی‌ شاری‌ سرت. 
واڵدهاوسر له‌ دانیشتنی‌ لیژنه‌ی‌ خزمه‌ته‌ چه‌كدارییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پیرانی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو»كۆنترۆڵكردنی‌ سرت له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كۆتایی‌ هات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌زانیین رێكخراوه‌كه‌ هه‌وڵ بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ ریزه‌كانی‌ ده‌دات»، ئه‌م قسانه‌ له‌ ئه‌ژماری‌ تایبه‌تی‌ هێزه‌كانی‌ «ئه‌فریكۆم» له‌سه‌ر تۆڕی‌ تویته‌ر بڵاوكرابوونه‌وه‌. 
مه‌هدی‌ برغسی‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ حكومه‌تی‌ وفاقی‌ نیشتیمانی‌ لیبیاش له‌ لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی‌ «ده‌یڵی‌ تیلیگراف»ی‌ بریتانی‌ له‌ 2ی‌ ئاداری‌ 2017، رایگه‌یاندبوو»رێكخراوی‌ داعش كار بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ ریزه‌كانی‌ ده‌كات له‌ باشووری‌ لیبیا به‌ پاڵپشتی‌ رێكخراوی‌ «قاعیده‌» و له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی‌ موختار بلموختار، ئه‌و قه‌وارانه‌ش خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن تا هێرشی‌ تیرۆریستی‌ زیاتر ئه‌نجام بده‌ن». 
ئاماژه‌ی‌ به‌دابینكردنی‌ یارمه‌تی‌ لۆجستیش كردبوو له‌لایه‌ن قاعیده‌وه‌ بۆ داعش كه‌  به‌ وته‌ی‌ ئه‌و،  قاعیده‌  یارمه‌تی‌ داعش ده‌دات بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ ریزه‌كانی‌ و ئه‌نجامدانی‌ په‌لاماری‌ زیاتر. 
وه‌ك وه‌زیری‌ به‌رگری‌ حكومه‌تی‌ ویفاقی‌ لیبیا ئاماژه‌ی‌ پێكردبوو، «به‌پێی‌ زانیارییه‌كان، پێده‌چێت موختار بلموختار تائێستاش له‌ژیاندا بێت و سه‌ركردایه‌تی‌ پاشماوه‌ی‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ داعش بكات كه‌ له‌ شه‌ڕه‌كانی‌ شاری‌ سرت هه‌ڵاتبوون». 
له‌ شه‌ڕه‌كانی‌ له‌ لیبیا و له‌كاتی‌ له‌ده‌ستدانی‌ شاری‌ سرت، رێكخراوی‌ داعش زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌ و چه‌كداره‌كان و كه‌لوپه‌له‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ له‌ده‌ستدا، به‌ڵام توندڕه‌وه‌ هه‌ڵاتووه‌كان و شانه‌ نوستووه‌كانی‌، تائێستاش سه‌رچاوه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ن له‌و وڵاته‌دا كه‌ جه‌نگ شه‌كه‌تی‌ كردووه‌ و یاسا تێیدا به‌رقه‌رار نییه‌. 
هه‌روه‌ها رێكخراوه‌كه‌ تا كاتی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ ئه‌م دێڕانه‌، خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی‌ رانه‌گه‌یاندووه‌ و وازی‌ له‌ شه‌ڕه‌كانی‌ نه‌هێناوه‌،ئه‌وه‌ش به‌ بۆچوونی‌  زۆرێك له‌ چاودێران» پێده‌چێت سه‌رله‌نوێ‌ رێكخراوه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ گۆڕه‌پانی‌ لیبیا». 
رێكخراوی‌ داعش زیاتر له‌ جارێك ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ شه‌ڕو رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ سه‌ربازییه‌كان داوه‌، له‌ مانگی‌ ئابی‌ 2016دا ئه‌بو موسعه‌ب فاروق سه‌ركرده‌ی‌ لقی‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ لیبیا رایگه‌یاندبوو» ئه‌و كه‌سێتییه‌ ده‌ركه‌وتوانه‌ی‌ له‌ سرت هه‌ڵاتن، یارمه‌تی‌ رێكخراوه‌كه‌ ده‌ده‌ن بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ ریزه‌كان له‌ نزیك شاره‌كه‌.
له‌كۆتایی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌میشدا ئه‌بو حوزه‌یفه‌ی‌ موهاجیر سه‌ركرده‌ی‌ لقی‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌ خۆرئاوای‌ لیبیا، دانی‌ به‌وه‌دانا كه‌ رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» گورزی‌ به‌هێزی‌ به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی‌ پێكردبوو رێكخراوه‌كه‌یان»به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌كانی‌ بۆ رزگاركردنی‌ ناوچه‌كان و تائێستاش زۆرێك له‌ بیانییه‌كان په‌یوه‌ندی‌ به‌ ریزی‌ رێكخراوه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ن». 
موهاجیر له‌ دیمانه‌یه‌كی‌ سایتی‌ (النبأ)ی‌ سه‌ر به‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌  رایگه‌یاندوو: «موجاهیده‌كان له‌ ولایه‌ته‌كانی‌ لیبیا، تائێستاش له‌باشترین دۆخدان و مه‌فره‌زه‌ ئه‌منییه‌كانیان له‌ ته‌واوی‌ شار و ناوچه‌كاندا بڵاوه‌یان كردووه‌، كه‌ته‌یبه‌كانیشی‌ به‌ بیابانه‌كاندا له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ بۆ خۆرئاوا دێن و ده‌چن». 
لیبیا له‌ ساڵی‌ 2011وه‌ نوقمی‌ توندوتیژییه‌كی‌ به‌رین بووه‌، ئه‌وه‌ش بووه‌ مایه‌ی‌ به‌رپابوونی‌ ململانێیه‌كی‌ چه‌كداریی‌ له‌سه‌ر دابه‌شكردنی‌ ده‌سه‌ڵات له‌و وڵاته‌. 
وێڕای‌ ئیمزاكردنی‌ رێكه‌وتنی‌ (الصخیرات) له‌ مه‌غریب له‌نێوان لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانی‌ لیبیا كه‌ به‌ چاودێری‌ مارتن كۆپله‌ر نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ لیبیا به‌رێوه‌چوو كه‌ دواتر راگه‌یاندنی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ ویفاقی‌ نیشتیمانی‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ فایز سه‌راجی‌ به‌دواداهات، به‌ڵام به‌هۆی‌ په‌سه‌نده‌كردنییه‌وه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی‌ لیبیا له‌ خۆرهه‌ڵات، حكومه‌ته‌كه‌ دووچاری‌ شكست هات، ئه‌وه‌ش وای‌ كرد ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كانی‌ له‌و وڵاته‌دا درێژه‌بكێشن و بوار بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ چالاكی‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان خۆش بكه‌ن. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7346
21/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ وه‌رزی نوێی NBA -دا (1230) یاریی دەکرێت 21/8/2017
‌ شاراپۆڤا داوه‌تنامه‌ی‌ گراندسلامی ئه‌مریكای پێشكه‌ش كرا 20/8/2017
زانست
‌ هەسارەیەك لە زەوی نزیك دەبێتەوە 21/8/2017
‌ نۆكیا 8 ركابەریی ئایفۆن و گالاكسی دەكات 21/8/2017
‌ پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا 21/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP