ئێران: ئه‌مریكا رێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ پێشێل ده‌كات
هۆشداریی‌ ده‌دات ئێران: ئه‌مریكا رێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ پێشێل ده‌كات ‌ 31/7/2017
كوردستانی‌ نوێ‌-ره‌وته‌كان

حه‌سه‌ن روحانی‌ سه‌رۆكی‌ ئێران ، هۆشداریی‌ ده‌داته‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌باره‌ی‌ پێشێلكردنی‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ و جه‌خت له‌سه‌ر وه‌ڵامی‌ هاوشێوه‌ له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌. 
لێدوانه‌كه‌ی‌ روحانی‌ دوای‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكا بوو سه‌باره‌ت به‌ سه‌پاندنی‌ سزای‌ نوێ‌ به‌سه‌ر تاران.
لیژنه‌ی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ ئێران، له‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوودا دانیشتنێكی‌ نائاساییان بۆ تاوتوێكردنی‌ وه‌ڵامی‌ ئێران به‌رانبه‌ر به‌ سزا نوێیه‌كانی‌ ئه‌مریكا سازكرد. 
حه‌سه‌ن روحانی‌ له‌پاش ده‌نگدانی‌ كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ر سه‌پاندنی‌ سزای‌ نوێ‌ به‌سه‌ر تاراندا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی‌ وه‌ڵامی‌ هه‌ر پێشێلكردنێكی‌ ئه‌مریكایی‌ ده‌داته‌وه‌ بۆ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌. 
سه‌رۆكی‌ ئێران له‌ میانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ وتی‌: «ئه‌گه‌ر بێت و دوژمن به‌شێك له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ پێشێل بكات، یان ئه‌گه‌ر ته‌واوی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ پێشێل بكات، هه‌مان هه‌ڵوێست ده‌گرینه‌به‌ر». 
لای‌ خۆیه‌وه‌، عه‌باس عیراقچی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران رایگه‌یاند:»هه‌ڵسوكه‌وتی‌ كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكایی‌، به‌ هه‌ڵسوكه‌وتێكی‌ دوژمنكارانه‌ی‌ روون دژ به‌ كۆماریی‌ ئیسلامی‌ ئێران داده‌نرێت». 
به‌ وته‌ی‌ عیراقچی‌، سزاكان ده‌كرێت كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر جێبه‌جیبَكردنی‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ دروست بكه‌ن، و سوده‌كانی‌ ئێران له‌و رێككه‌وتنه‌دا كه‌مبكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و خاڵانه‌دا یه‌كناگرنه‌وه‌ كه‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ نیازپاكییه‌وه‌ به‌ڵێنی‌ به‌ جێبه‌جێكردنیان دابوو. 
به‌ وته‌ی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران وه‌ك ئاژانسی‌ «ئیسنا» ئاماژه‌ی‌ پێكردووه‌، «ئه‌وه‌ی‌ كۆنگرێس ده‌یكات له‌گه‌ڵ ئه‌و پابه‌ندبوونانه‌دا یه‌كناگرێته‌وه‌ و به‌ ته‌ئكیدیش ئێران وه‌ڵامی‌ ده‌بێت».   
لیژنه‌ی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ ئێران، له‌ سه‌ره‌تای‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوو، دانیشتنێكی‌ بۆ تاوتوێكردنی‌ وه‌ڵامی‌ ئێران له‌و رووه‌وه‌، سازكرد. 
په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان تاران واشنتۆن له‌پاش بوونی‌ دۆناڵد تره‌مپ به‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا له‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2017، به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو روویان له‌ ئاڵۆزبوون كرد. 
له‌ سێ‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردوودا، كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكا، سه‌پاندنی‌ سزای‌ نوێی‌ به‌سه‌ر روسیا و كۆریای‌ باكوور و ئێراندا په‌سه‌ند كرد و ئه‌و سزایانه‌ی‌ به‌سه‌ر تارانیشدا سه‌پێنراون، سوپای‌ پاسدارانی‌ ئه‌و وڵاته‌یان كردووه‌ته‌ ئامانج. 
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، عه‌لی‌ ئه‌كبه‌ر ولایه‌تی‌ راوێژكاری‌ رابه‌ری‌ باڵای‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ بۆ كاروباری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ رایگه‌یاند، ئه‌و سزا نوێیانه‌ی‌ كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكایی‌ به‌سه‌ر ئێراندا په‌سه‌ندی‌ كرد، پێشێلكردنێكی‌ ئاشكرای‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌یه‌، ته‌ئكیدیشی‌ له‌سه‌ر وه‌ڵامی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی‌ كۆماریی‌ ئیسلامی‌ كرده‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌و هه‌نگاوه‌ كه‌ به‌ «رێوشوێنێكی‌ دوژمنكارانه‌ وه‌سفی‌ كرد». 
 هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ولایه‌تی‌ به‌ ئاژانسی‌ «میهری‌» وڵاته‌كه‌ی‌ راگه‌یاندبوو، «گومانی‌ تێدا نییه‌ حكومه‌تی‌ ئێران و به‌ تایبه‌ت لیژنه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌، رێوشوێنی‌ پێویست بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و پێشێلكردنه‌ ئاشكرایه‌، ده‌گرنه‌به‌ر». 
راوێژكاری‌ رابه‌ری‌ باڵای‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ بۆ كاروباری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، ده‌ڵێت»بڕیاری‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ پێویست به‌رانبه‌ر به‌ سه‌پاندنی‌ سزای‌ نوێ‌ به‌سه‌ر ئێراندا، دوابه‌دوای‌ تاوتوێكردنێكی‌ ته‌واوه‌تی‌ ده‌رده‌چێت». 
 پێشتر وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو، كاركردن بۆ سوككردنی‌ سزاكانی‌ سه‌ر ئێران درێژده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌ی‌ نێوان ئێران و زلهێزه‌كانی‌ جیهان له‌ ساڵی‌ 2015دا ئیمزاكرابوو، وێڕای‌ ره‌خنه‌كانی‌ سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی‌ له‌سه‌رده‌می‌ باراك ئۆبامای‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ ئه‌مریكادا به‌ئه‌نجام گه‌یشت. 
له‌به‌رانبه‌ردا، وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند، سزای‌ نوێ‌ به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئێران و كۆمپانیا چینییه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌ پرۆگرانی‌ بالیستی‌ ئێرانیدا ده‌سه‌پێنێت. 
پێشتر وه‌ك چاودێران ئاماژه‌یان پێكردبوو، مه‌به‌ست له‌ بڕیاری‌ نوێنه‌كردنه‌وه‌ی‌ سزاكان له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئێران، بۆ پێدانی‌ هه‌لێكی‌ تر بووه‌ به‌ سه‌رۆك حه‌سه‌ن روحانی‌ كه‌ له‌ هاوینی‌ 2015دا رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌ ئیمزاكرد و لێوه‌ی‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كان رازی‌ بوون، له‌به‌رانبه‌ر زامنكردنی‌ ئاشتیخوازانه‌ی‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ ئێران، سزاكان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌. 
له‌ مانگی‌ ئایاری‌ رابردوو، ستیوارت جۆنز گه‌وره‌ دیپلۆماتكاریی‌ ئه‌مریكایی‌ له‌ ئیداره‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست رایگه‌یاندبوو، ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی‌ سزاكانی‌ سه‌ر ئێران. 
جۆنز باسی‌ له‌وه‌شكردبوو، وه‌زاره‌تی‌ خه‌زێنه‌ی‌ ئه‌مریكایی‌ سزای‌ نوێ‌ به‌سه‌ر تاكه‌كان و ئه‌و كۆمپانیاییانه‌دا ده‌سه‌پێنێت كه‌ یارمه‌تی‌ پرۆگرامه‌ بالیستییه‌كانی‌ ئێرانیان داوه‌، وێڕای‌ ئاماژه‌كردن به‌ پێشێلكارییه‌كانی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌و وڵاته‌. 
به‌ وته‌ی‌ جۆنز، ئێران به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی‌ بۆ ده‌ستخستنی‌ ته‌كنه‌لۆجیای‌ ئه‌و موشه‌كانه‌ی‌ توانای‌ هه‌ڵگرتنی‌ چه‌كی‌ ئه‌تۆمییان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ پێشێلكردنێكی‌ روونی‌ بڕیاره‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ داده‌نرێت. 
گه‌وره‌ دیپلۆماتكاریی‌ ئه‌مریكایی‌ له‌ ئیداره‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ش كردبووه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ وڵاته‌كه‌یدا ده‌یانخاته‌گه‌ڕ بۆ «زامنكردنی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ ئێران». 
له‌به‌رانبه‌ر هه‌وڵه‌كانی‌ ئه‌مریكا بۆ سه‌پاندنی‌ سزای‌ زیاتر به‌سه‌ر ئێران، وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی‌ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی‌ به‌رنامه‌ بالیستییه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌كات به‌ «ته‌واوی‌ وزه‌ و تواكانی‌»، ئه‌وه‌ش وه‌ك وه‌ڵامێك به‌رانبه‌ر به‌و سزا نوێیانه‌ی‌ له‌لایه‌ن كۆنگرێسه‌وه‌ په‌سه‌ندكران. 
وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ په‌سه‌ندكردنی‌ سزا نوێیه‌كان له‌لایه‌ن كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكاوه‌ له‌دژی‌ وڵاته‌كه‌ كه‌ تائێستا له‌لایه‌ن سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپه‌وه‌ ئیمزای‌ له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ تا ببێته‌ یاسا، ئێران ده‌ڵێت، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رنامه‌ بالیستییه‌كانی‌ «به‌ ته‌واوی‌ وه‌زه‌ و تواكانانییه‌وه‌». 
به‌هرام قاسمی‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران له‌ دوایین لێدوانیدا رایگه‌یاند:» به‌ به‌رنامه‌ی‌ موشه‌كه‌ بالیستییه‌كان به‌ ته‌واوی‌ وزه‌ و تواناكانییه‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌وه‌گه‌ڕ، و ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وت دوژمنكارییه‌ نه‌شیاوه‌ی‌ كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكاش مه‌حكوم ده‌كه‌ین بۆ سه‌پاندنی‌ سزای‌ نوێ‌ به‌سه‌ر تاران».  

هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ ئێران له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن؟  

هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ ئێران وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌مریكا له‌به‌رانبه‌ر سه‌پاندنی‌ سزای‌ نوێ‌ به‌سه‌ر تاراندا كه‌ تاوه‌كوئێستا له‌لایه‌ن چه‌ندان سه‌رچاوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ ده‌رچوون، له‌ سۆنگه‌ی‌ هێز و توانا و هه‌ژموونی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت كه‌ پێیوایه‌ ناكرێت ئیداره‌كه‌ی‌ دۆناڵد تره‌مپ هه‌روا به‌ئاسانی‌ بتوانێت رووبه‌ڕووی‌ ئه‌و هه‌ژموونه‌ شكۆداره‌ ببێته‌وه‌ كه‌ كۆماریی‌ ئیسلامی‌ ئێران بۆ چه‌ندان ساڵ ده‌چێت له‌ ناوچه‌كه‌ و زۆرێك له‌ وڵاتاندا دروستی‌ كردووه‌. 
لێره‌دا به‌پێویستی‌ ده‌زانیین، هه‌ژمونی‌ ئێرانی‌ له‌چه‌ند وڵاتێكی‌ گرنگی‌ ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست بخه‌ینه‌ڕوو كه‌ گوزارشت له‌ هێز و تواناكانی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن به‌ڕووی‌ ئه‌و كارتانه‌ی‌  كه‌ ئه‌مریكا وه‌ك فشار له‌دژی‌ ئێران به‌كاریان ده‌هێنێت. 
     ئێران و ململانێكانی‌ ناوچه‌كه‌ 
كۆماریی‌ ئیسلامی‌ ئێران وێڕای‌ ئه‌و ململانێیه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ گشتی‌ و ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ تایبه‌ت  له‌سه‌ر دۆسێی‌  ئه‌تۆمی‌ و پرۆگرامی‌ موشه‌كه‌ بالیستییه‌كان هه‌یه‌تی‌، له‌ ناوچه‌كه‌شدا زۆرێك له‌ هێزه‌كانی‌ گیرۆده‌ی‌ ململانێیه‌كی‌ سه‌خت كردووه‌ته‌وه‌، هۆكاریی‌ ئه‌وه‌یش بۆ فراوانبوونی‌ هه‌ژمونی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ زۆر وڵاتدا كه‌ هه‌ندێك به‌ ده‌ستوه‌ردان و هه‌ندێكی‌ دی‌ به‌ هه‌وڵدان بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ هه‌یبه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیمپراتۆریی‌  فارسی‌ لێكدانه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌ن. 
ئێران هه‌وڵده‌دات بگاته‌وه‌ سه‌ر رۆخی‌ ده‌ریای‌ ناوه‌ڕاست و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ كار بۆ گه‌یشت به‌ ته‌نگه‌ی‌ بابولمه‌نده‌ب و ده‌ریای‌ سور ده‌كات. 
له‌ یه‌مه‌ن
 له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی‌ گێژه‌ڵوكه‌ی‌ «به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌» به‌ یه‌مه‌ن و دوابه‌دوای‌ روخانی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ عه‌لی‌ عه‌بدوڵڵا ساڵح له‌و وڵاته‌ كه‌ بۆ ده‌یان ساڵ ده‌چوو ره‌گوڕیشه‌ی‌ خۆی‌ قایم كردبوو، جگه‌ له‌ قوتبوونه‌وه‌ی‌ قاعیده‌ و زۆرێك له‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی‌ تر، حوسییه‌كانیش «شیعه‌ زه‌یدییه‌كان» كه‌ له‌ باكووری‌ یه‌مه‌ن به‌ هێزێكی‌ گه‌وره‌ داده‌نرێن، ئه‌و كه‌لێنه‌یان قۆسته‌وه‌ و توانیان له‌ڕێی‌ پێكه‌وه‌نانی‌ هێزێكی‌ سه‌ربازیی‌ تۆكمه‌، چه‌ندان شار له‌و وڵاته‌دا به‌ سه‌نعای‌ پایته‌ختیشه‌وه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن. 
پاڵدانه‌وه‌ی‌ عه‌لی‌ عه‌بدوڵڵا ساڵح و هێزه‌كه‌یشی‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ شكۆ له‌ده‌ستچووه‌كه‌ی‌ داده‌نرێت، هێز و تاوێكی‌ تری‌ بۆ حوسییه‌كان زیاد كرد و له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ فروانه‌كه‌ی‌ به‌ ناو «عاصفه‌ الحزم»یش له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌سه‌ركردایه‌تی‌ سعودیه‌، تاوه‌كو ئێستا نه‌توانراوه‌ به‌ر گه‌وره‌بوونی‌ هه‌ژمونی‌ حوسییه‌كان بگیرێت كه‌ له‌لایه‌ن كۆماریی‌ ئیسلامی‌ ئێرانه‌وه‌ پشتیوانیان لێه‌كرێت. 
حوسییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ خه‌بات له‌پێناو ده‌ستخستنی‌ مافه‌كانیان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت له‌و په‌راوێخستنه‌ی‌ پێشوو رزگارییان ببێت، كار بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ ده‌بێت لانی‌ كه‌م له‌ شاره‌كانی‌  باكووری‌ یه‌مه‌ن خۆیان سه‌ردار و كاربه‌ده‌ستبن. 
ئه‌و خواسته‌ی‌ حوسییه‌كان له‌لایه‌ن تارانه‌وه‌ شێلگیرانه‌ پشتیوانی‌ لێده‌كرێت و ئه‌و پشتیوانییه‌ش وه‌ك هه‌وڵێكی‌ ئێرانی‌ بۆ گه‌یشتن به‌ بابولمه‌نده‌ب و كه‌ناره‌كانی‌ ده‌ریای‌ سور له‌لایه‌ن هه‌ندێكه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كرێت. 
دۆخی‌ یه‌مه‌نییه‌كان به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت، له‌ئێستادا وڵاته‌كه‌یان بووه‌ته‌ گۆڕه‌پانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ململانێی‌ نێوان سعودیه‌ و ئێران كه‌ به‌ بۆچوونی‌ شر‌وڤه‌كاران، رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌ یه‌مه‌ن، له‌ ئاینده‌دا بۆ رووبه‌ڕوونه‌وه‌ی‌ راسته‌وخۆی‌ نێوانیان په‌ل بهاوێت. 
له‌ لوبنان
كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران، هه‌ر له‌ ساڵانی‌ هه‌شتای‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو، وێڕای‌ جه‌نگی‌ درێژخایه‌نی‌ له‌گه‌ڵ عیراق، توانی‌ له‌ڕێی‌ شیعه‌كانی‌ لوبنان و حزبوڵڵا كه‌ بڕوای‌ به‌ «ولایه‌ الفقیه‌» هه‌یه‌، هه‌ژمونی‌ خۆی‌ له‌و وڵاته‌دا پته‌وبكات، «به‌بێ‌ ره‌چاوكردنی‌ رۆڵی‌ سوپای‌ عه‌ره‌بی‌ سوری‌». 
له‌گه‌ڵ كۆتایی‌ جه‌نگی‌ ئێران و عیراق و هاتنه‌كایه‌ی‌ ده‌یه‌ی‌ نه‌وه‌ده‌كان، هێنده‌ی‌  تر ئێران توانی‌ هه‌ژمونی‌ خۆی‌ له‌ لوبناندا زیاد بكات و ببێته‌ مایه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆ بۆ ئیسرائیل، له‌ساڵانی‌ دواتریشدا تاران رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌و رووبه‌ڕبوونه‌وانه‌دا بینی‌ كه‌ له‌نێوان خزبوڵڵا و ده‌وڵه‌تی‌ ئیسرائیلدا رویاندا «به‌بێ‌ ره‌چاوكردنی‌ رۆڵی‌ وڵاته‌كه‌ له‌ ململانێی‌ ناوخۆی‌ لوبنانی‌». 
گه‌یشتنی‌ ئێران له‌ڕێی‌ لوبنانه‌وه‌ به‌ ده‌ریای‌ ناوه‌ڕاست، هێنانه‌دی‌ خه‌ونێكی‌ تری‌ فارسه‌كانه‌ كه‌ پێشتر له‌ڕێی‌ ئیمپراتۆرییه‌كه‌یانه‌وه‌ توانیبویان بگه‌نه‌ ئه‌و پێگه‌ جوگرافییه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر مه‌مالیكه‌كانی‌ یۆنان دروست بكه‌ن. 
له‌ئێستاشدا ئێران پێیوایه‌ دره‌نگ بێت یان زوو، ده‌توانێت له‌ڕێی‌ ئه‌و كاره‌ی‌ بۆ چه‌ندان ساڵ ده‌چێت له‌سه‌ری‌ به‌رده‌وامه‌، خه‌ونی‌ مێژینه‌ی‌ بهێنێته‌دی‌ و جێ‌ پێگه‌ی‌ خۆی‌، گه‌ر به‌ پاڵپشتی‌ روسه‌كانیش بێت له‌و شوێنه‌دا قایم بكات، ئه‌وه‌ش گومانی‌ تێدا نییه‌ له‌لایه‌ن خۆرئاوا به‌ گشتی‌ و ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ تایبه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ بۆسه‌ر ئاسایشی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ داده‌نرێت. 
له‌ عیراق
به‌ كه‌وتنی‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ی‌ سه‌دام له‌ گۆڕه‌پانی‌ فیرده‌وسی‌ به‌غدا، ئێران به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ حزب و لایه‌نه‌ شیعییه‌كان،هه‌ژمونێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ عیراقی‌ دوای‌ به‌عسدا دروست كرد و ئه‌و هه‌ژمونه‌ش له‌ئێستادا به‌ گه‌وره‌ترین هه‌ژمون و به‌ به‌فیڕۆچوونی‌ ره‌نجی‌ ئه‌مریكاییه‌كان داده‌نرێت. 
عیراق له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ پێگه‌یه‌كی‌ جیۆپۆڵۆتیكی‌ گرنگی‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌، به‌ وڵاتێكی‌ خاوه‌ن ئابوریی‌ و مرۆیی‌ بێ‌ هاوتا داده‌نرێت و له‌ناوچه‌كه‌شدا پاڵ به‌هه‌ر سیاسه‌تێكه‌وه‌ بدات، ئه‌و سیاسه‌ته‌ هه‌یبه‌ت و شكۆی‌ زیاتری‌ ده‌بێت. 
هاوپه‌یمانان به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌مریكا كه‌ له‌ ساڵی‌ 2003دا توانیان ده‌ست به‌سه‌ر عیراقدا بگرن وده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن له‌ناوببه‌ن، پێیانوابوو عیراق هاوشێوه‌ی‌ ژاپۆن و كۆریای‌ باشوور و ئه‌ڵمانیای‌ خۆرئاوای‌ دوای‌ دووه‌مین جه‌نگی‌ جیهان، ده‌بێته‌ پێگه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ ئه‌مریكایی‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانیشی‌ له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌مریكا ئه‌وه‌ی‌ چاوه‌ڕوانی‌ نه‌ده‌كرد رویدا و ئێرانییه‌كان به‌بێ‌ هێزی‌ سه‌ربازیی‌، به‌غدای‌ هارونه‌ ره‌شیدیان كۆنترۆڵ كرد و تۆڵه‌ی‌ (موسای‌ كازم) و (ئیمام حسێن)ی‌ كۆن و نوێیان له‌ عه‌باسییه‌كان و بگره‌ خۆرئاواییه‌كان كرده‌وه‌. 
عیراق له‌ئێستادا رێڕه‌وێكی‌ ئاسانه‌ بۆ سوریا و پاشان بۆ ته‌رتوس و لازقیه‌ و كه‌ناره‌كانی‌ ده‌ریای‌ سپی‌. 

له‌ سوریا 
هاوشان له‌گه‌ڵ درووستبوونی‌ جه‌نگی‌ ئه‌هلی‌ له‌ سوریا، كۆماریی‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌گه‌ڵ لیوای‌ (ئه‌بو فه‌زڵ ئه‌لعه‌باس) عیراقی‌ و حزبوڵڵای‌ لوبنانی‌، به‌ بیانوی‌ پارێزگاریی‌ له‌ نزرگه‌ پیرۆزه‌كان له‌و وڵاته‌، تێكه‌ڵ به‌ ململانێكان بوون و توانیان تا ئه‌ندازه‌یه‌كی‌ زۆر، پارسه‌نگی‌ زۆرێك له‌ شه‌ڕه‌كان «كه‌ له‌ راستیدا پارێزگاریی‌ بوون له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ سه‌رۆك به‌شار ئه‌سه‌د»، به‌لای‌ خۆیاندا بشكێننه‌وه‌.
قوتبوونه‌وه‌ی‌ رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» داعش له‌ شام، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ساڵانی‌ سه‌ره‌تاوه‌ هاوكێشه‌كه‌ی‌ گۆڕی‌، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی‌ رێكخراوه‌كه‌ بۆسه‌ر جیهان، وه‌ك به‌ڕوونی‌ ده‌رده‌كه‌وێت گه‌مه‌كه‌ی‌ دیسانه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ به‌ره‌كه‌ی‌ ئێران و روسیا و به‌شار ئه‌سه‌د هه‌ڵسوڕانه‌وه‌. 
هه‌ژمونی‌ ئێرانی‌ له‌ سوریا، له‌ئێستادا به‌ گه‌وره‌تر له‌ هه‌ژموونی‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی‌ كه‌نداو داده‌نرێت كه‌ پێشتر جه‌ختییان له‌سه‌ر روخاندنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ سه‌رۆك به‌شار ئه‌سه‌د و هێنانه‌كایی‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ نوێ‌ له‌ دیمه‌شقدا ده‌كرده‌وه‌. 
هه‌ژنونی‌ ئێرانی‌ جگه‌ له‌ خۆرئاوای‌ وڵاته‌كه‌ی‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی‌ به‌حره‌ینیش له‌خۆده‌گرێت، په‌لی‌ به‌لای‌ خۆرهه‌ڵاتیشدا هه‌ڵداوه‌ و ئه‌فغانسان و پاكستانیشی‌ هه‌راسان كردووه‌، بۆیه‌ گه‌ر به‌ هه‌ردوو دیوه‌كه‌دا ته‌ماشای‌ بكه‌ین، ده‌بینین سه‌رچاوه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌كان و به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی‌ خۆرئاوا و ئه‌مریكا له‌لایه‌ن تارانه‌وه‌، لۆجیكین و پشت به‌و واقیعه‌ ره‌خساوه‌ ده‌به‌ستن كه‌ ئێران له‌و وڵاتانه‌دا به‌رجه‌سته‌ی‌ كردووه‌. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7346
21/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ وه‌رزی نوێی NBA -دا (1230) یاریی دەکرێت 21/8/2017
‌ شاراپۆڤا داوه‌تنامه‌ی‌ گراندسلامی ئه‌مریكای پێشكه‌ش كرا 20/8/2017
زانست
‌ هەسارەیەك لە زەوی نزیك دەبێتەوە 21/8/2017
‌ نۆكیا 8 ركابەریی ئایفۆن و گالاكسی دەكات 21/8/2017
‌ پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا 21/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP