خامنه‌ئی‌: پێویسته‌ سعودیه‌ ئاسایشی‌ رێوڕه‌سمی‌ حه‌ج بپارێزێت
ئێرانییه‌كان له‌ مساڵدا به‌شداریی‌ ده‌كه‌ن خامنه‌ئی‌: پێویسته‌ سعودیه‌ ئاسایشی‌ رێوڕه‌سمی‌ حه‌ج بپارێزێت ‌ 7/8/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان

به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌، له‌مساڵدا حاجیانی‌ ئێرانی‌ به‌شداریی‌ رێوڕه‌سمی‌ حه‌جكردن ده‌كه‌ن و عه‌لی‌ خامنه‌یی‌ رابه‌ری‌ باڵای‌ كۆماری‌ ئیسلامیش، به‌پێویستی‌ ده‌زانێت سعودیه‌ به‌و پێیه‌ی‌ میوانداریی‌ ده‌كات، به‌رپرسیارێتی‌ ئاسایشی‌ ئه‌و رێوڕه‌سمه‌ پیرۆزه‌ بپارێزێت. 
عه‌لی‌ خامنه‌یی‌ رابه‌ری‌ باڵای‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران رایگه‌یاند، به‌رپرسیارێتی‌ رێوڕه‌سمی‌ حه‌جكردن ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌، به‌وپێیه‌ی‌ میوانداریی‌ حاجیان ده‌كات، ئه‌و لێدوانه‌ی‌ رابه‌ری‌ باڵای‌ ئێرانیش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر وڵاته‌كه‌ی‌ داوای‌ كردبوو رێوڕه‌سمه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئیداره‌یه‌كی‌ ئیسلامییه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ بكرێت. 
خامنه‌یی‌ كه‌ قسه‌ی‌ بۆ رێكخه‌رانی‌ رێوڕه‌سمی‌ به‌رێخستنی‌ حاجیانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ كردبوو رایگه‌یاندبوو، ئاسایشی‌ حاجیان له‌ ئه‌ستۆی‌ سعودیه‌دایه‌، ئاژانسی‌ ته‌سنیمی‌ ئێرانی‌ نیمچه‌ فه‌رمیش له‌ زاری‌ رابه‌ری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانه‌وه‌ بڵاویكردبووه‌وه‌»پێویسته‌ به‌ئاگابن له‌ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی‌ رووداوه‌كانی‌ مزگه‌وتی‌ حه‌رام و مه‌نی‌ و ده‌بێت ئاسایش و سه‌ربه‌رزیی‌ و خۆشكوزه‌رانی‌ بۆ حاجیان دابین بكرێت». 
له‌ رووداوه‌كانی‌ ساڵی‌ 2015دا كه‌ به‌هۆی‌ قه‌ره‌باڵغی‌ و پاڵپه‌ستۆی‌ حاجیاوه‌ دروستبوو، زیاتر له‌ 2000 حاجی‌ گیانیان له‌ده‌ستدا و زۆرێك له‌ قوربانییه‌كانیش حاجیانی‌ ئێران بوون. 
به‌پێی‌ ئاژانسه‌ ئێرانییه‌كه‌، خامنه‌یی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌ هه‌ندێك له‌و نیگه‌رانیانه‌ كردووه‌ كه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ رێوڕه‌سمی‌ حه‌جكردنی‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ هه‌ن، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هۆكاره‌كانیان دیاریی‌ بكات، به‌ڵام ده‌ڵێت:»ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئێران و ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ وڵات، بڕیاریانداوه‌ له‌مساڵدا حاجیان ره‌وانه‌ بكرێن»، جه‌ختیشی‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ رێوڕه‌سمی‌ خۆ بێبه‌ریكردن له‌ موشریكه‌كان كردبووه‌وه‌ كه‌ سعودیه‌ هۆشداریی‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌نجامدانییه‌وه‌ دابوو. 
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ خامنه‌یی‌ رایگه‌یاندبوو»روحوڵڵا موسه‌وی‌ خومه‌ینی‌ رابه‌ری‌ ئێرانی‌ كۆچكردوو، گوتبووی‌ كه‌ حه‌جكردن به‌بێ‌ خۆبێبه‌ریكردن له‌ موشریكه‌كان قبوڵ نییه‌». 
خامنه‌یی‌ داوای‌ له‌ حاجیانیش كردبوو، به‌شداریی‌ له‌ نوێژه‌كانی‌ جه‌ماعه‌تی‌ مزگه‌وتی‌ حه‌رام و مزگه‌وتی‌ نه‌به‌ویدا بكه‌ن له‌كاتی‌ خۆیاندا، داوای‌ قورئان خوێندنیشی‌ كردبوو له‌و رۆژانه‌ی‌ حاجیان له‌ خاكه‌ پیرۆزه‌كاندا به‌سه‌ری‌ ده‌به‌ن، به‌ڵام هانیدابوون بازاڕ نه‌كه‌ن، به‌وپێیه‌ی‌ هه‌مان ئه‌و كاڵایانه‌ی‌ له‌ سعودیه‌ هه‌ن له‌ ئێرانیش ده‌ستده‌كه‌ون. 
لای‌ خۆیه‌وه‌، قازی‌ عه‌سكه‌ر نوێنه‌ری‌ خامنه‌یی‌ بۆ كاروباری‌ حه‌ج، ئاماژه‌ی‌ به‌ ره‌وانه‌كردنی‌ ئه‌و راپۆرت و به‌ڵگه‌نامانه‌ كردبوو بۆ وه‌زیری‌ حه‌جی‌ سعودیه‌ كه‌ له‌باره‌ی‌ چۆنیه‌تی‌ روودانی‌ كاره‌ساته‌كه‌ی‌ مه‌نی‌ و مزگه‌وتی‌ حه‌رامه‌وه‌ ئاماده‌یان كردووه‌ تا به‌ وته‌ی‌ ئه‌و، لیژنه‌ی‌ تایبه‌ت  بڕیاری‌ خۆی‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ بدات، باسی‌ له‌ سه‌رپشككردنی‌ پارێزه‌رێكی‌ سعودیه‌ش كردبوو بۆ ئه‌و دۆسێیانه‌ له‌ دادگاكانی‌ سعودیه‌. 
به‌هۆی‌ ده‌رهاویشته‌كانی‌ روودای‌ مه‌نی‌ كه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ گیانله‌ده‌ستدانی‌ زۆرێك له‌ حاجیانی‌ وڵاته‌كه‌، ئێران له‌ ساڵی‌ رابردوودا به‌شداریی‌ رێوڕه‌سمی‌ حه‌جی‌ نه‌كرد. 
ئێران و سعودیه‌، جگه‌له‌وه‌ی‌ له‌ڕووی‌ مه‌زهه‌بییه‌وه‌  ناكۆكن، له‌چه‌ندان بواری‌ تردا به‌ ركابه‌ری‌ سه‌رسه‌ختی‌ یه‌كتر داده‌نرێن له‌ ناوچه‌كه‌، له‌ئێستاشدا به‌هۆی‌ زیادبوونی‌ هه‌ژمونی‌ تاران و گه‌مه‌ سیاسییه‌كانی‌ ریازه‌وه‌، مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌یه‌ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی‌ راسته‌وخۆ له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا دروستببێت. 
به‌هۆی‌ دروستبوونی‌ قه‌ره‌باڵغی‌ و پاڵه‌په‌ستۆ له‌نێوان حاجیاندا له‌ رۆژی‌ 24ی‌ ئه‌یلولی‌ 2015، وه‌ك سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌كانی‌ سعودیه‌ ئاماژه‌یان پێكردبوو، 769 حاجی‌ كوژران و لانی‌ كه‌م 694 حاجی‌ تر برینداربوون، به‌ڵام به‌پێی‌ ئامارێكی‌ ئاژانسی‌ ئه‌سۆشێتد پرێس، ژماره‌ی‌ كوژراوه‌كان له‌و رووداوه‌دا زیاتربوون له‌ 2121 كه‌س. 
سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌كانی‌ ئێرانیش له‌و ده‌مه‌دا رایانگه‌یاند كه‌ له‌ رووداوه‌كه‌دا 464 حاجی‌ ئێرانی‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.  
ئه‌و رووداوه‌ له‌پاش رووداوه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ 1990 كه‌ 1426 كه‌سی‌ تێدا كوژرا، به‌ كاره‌ساتبارترین رووداو داده‌نرێت، هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌و رووداوه‌ش، كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی‌ رافیعه‌یه‌ك له‌ حه‌ره‌می‌ مه‌ككه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ گیانله‌ده‌ستدانی‌ 108 حاجی‌ تر. 
ئه‌و رووداوانه‌ ته‌نگژه‌ی‌ تایه‌فه‌گه‌رییان له‌نێوان سعودیه‌ی‌ سوننه‌مه‌زهه‌ب و ئێرانی‌ شیعه‌مه‌زهه‌بدا لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ هاوشان بوون له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی‌ هه‌ردوو جه‌نگی‌ ئه‌هلی‌ له‌ سوریا و یه‌مه‌ن. 
له‌ 30ی‌ ته‌مموزی‌ 2017، نێرده‌ی‌ حه‌جی‌ ئێران، ره‌وانه‌كردنی‌ یه‌كه‌م كاروانی‌ حاجیانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ شاری‌ مه‌دینه‌ له‌ سعودیه‌ راگه‌یاند. 
پێشتر به‌رپرسانی‌ ئێران رایانگه‌یاندبوو، ژماره‌ی‌ حاجیانی‌ ئێرانی‌ له‌ وه‌رزی‌ ئه‌مساڵی‌ حه‌جدا ده‌گاته‌ 86.5 هه‌زار حاجی‌ و له‌ڕێی‌ 335 گه‌شتی‌ فڕۆكه‌وانی‌ و له‌ 20 شوێنی‌ وڵاته‌وه‌ به‌ره‌و سعودیه‌ به‌ڕێده‌كرێن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7346
21/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ وه‌رزی نوێی NBA -دا (1230) یاریی دەکرێت 21/8/2017
‌ شاراپۆڤا داوه‌تنامه‌ی‌ گراندسلامی ئه‌مریكای پێشكه‌ش كرا 20/8/2017
زانست
‌ هەسارەیەك لە زەوی نزیك دەبێتەوە 21/8/2017
‌ نۆكیا 8 ركابەریی ئایفۆن و گالاكسی دەكات 21/8/2017
‌ پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا 21/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP