هامڵتۆنیش به‌ڵایه‌ك بوو بۆ كه‌ركوكییه‌كان
هامڵتۆنیش به‌ڵایه‌ك بوو بۆ كه‌ركوكییه‌كان ‌ 24/8/2017
ئامادەکردنی بۆ کەناڵی خاک:زاهیرسدیق
تەعریب و تەبعیس و تەهجیر، سێینەی ستەمكاری سەدام و دەسەڵاتەكەی بوو كە كوردی تێدا هەنجن هەنجن كرا، كورد لەكەركوك بووە قوربانی سیاسەتی زۆرە ملێی بەعسییەكان، سەدام و دارودەستە قێزەونەكەی سیاسەتی كورد قڕانیان كردە دروشمی پەیڕەوكراوی خۆیان. ئەو داگیركەرەی كە بە زۆری زۆرداری ناسنامە كوردییەكەی كەركوكی سڕییەوە. بەڵام رابردوی ئەم شارە لە سەرەتای بنیادنانییەوە تا ئەمڕۆ رووبەرووی چەندین گرفت و لەمپەڕی گەورەی بەرێوەبردن بووەتەوە و بەعسییەكانیش نموونەی نموونە قێزەونەكانن كە زۆرترین غەدریان لەم شارەكردووە و بەئاشكرا و بە بەرچاوی عالەمەوە عەرەبی هاوردەی بیابانیان لەناوەڕاست و خوارووی عیراقەوە هێنایە كەركوك و لە سەر دڵی كوردەكان نیشتەجێ‌ یان كردن و هەرگیزیش بیریان لەوە نەدەكردەوە ئاقیبەتی ئەم كارە هەڵوەشانەوە و ئابڕووچوونی خۆیانە، ئەوان خەڵكانێكیان لە خوارووی عیراقەوە هێنایە كەركوك و وەكو هاوڵاتی پلەیەك چەندین ئیمتیازی وەزیفی و كاركردن و پارە پێدانیان پێ بەخشین، هاوكاری مادی زۆریش كران، دەسەڵاتی چەوساندنەوەی كوردەكانیشیان پێدرا و دەكرانیش بە سیخوڕ بەسەر نەتەوەكانی دیكەوە، دیارە تۆیی دووبەركی نەتەوەكان بەر لە بەعسییەكان و لە سەردەمی عوسمانییەكانەوە هەمیشە پەیڕەوكراوە و بەعسییەكانیش درێژە پێدەری ئەو سیاسەتە بوون. هەركات كەمایەتییەكانی كەركوك باڵا دەست بوون هەوڵی كەمكردنەوە و دەرپەڕاندنی كوردەكانیان داوە، تەنیا كوردەكان جیاواز بوون و بەوجۆرە بیریان نەكردوەتەوە، و هەمیشە بیركردنەوەیان وەها بووە كە شارەكەیان شاری ئاشتی و پێكەوە ژیانە، لە كاتێكدا هەموو بەڵگەكان سەلمێنەری ئەو راستییەن كەركوك شارێكی كوردی و كوردستانییە.
جا هاوڕێیان ئه‌م دۆسێیه‌ی‌ ئێستێ‌ له‌به‌ردیده‌ی‌ ئێوه‌ی‌ ئازیزدایه‌ و له‌دووتوێی‌ سێ‌ پاشكۆدا بڵاوی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌،  یه‌كێكه‌ له‌و سه‌دان دۆسێیه‌ی‌ كه‌ رۆژنامه‌كه‌مان، رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ به‌درێژایی مێژووی‌ ده‌رچوونی‌ ده‌ستی‌ بۆ گه‌لێك دۆسێ‌ بردووه‌ و پاشكۆی‌ پڕ لاپه‌ڕه‌ی‌ بۆ گه‌لێك دۆسێی‌ گرنگ و تایبه‌ت به‌ دۆزی‌ كورد چاپ و بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، ئه‌م پاشكۆ تایبه‌ته‌ش دۆسێیه‌كه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك و ئه‌ساسی‌ پرۆژه‌كه‌ به‌رهه‌مێكی‌ ناوازه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ خاكه‌ و ساڵانێك به‌ر له‌ ئێستا وه‌ك به‌رنامه‌یه‌كی‌ حه‌وت هه‌ڵقه‌یی له‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ خاك بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و هونه‌رمه‌ند و میدیاكار زاهیر سدیق بۆ كه‌ناڵی‌ خاك ئاماده‌ی‌ كردووه‌ و ئێمه‌ش له‌به‌ر گرنگی‌ باسه‌كه‌ جارێكی‌ تر له‌دووتوێی‌ پاشكۆیه‌دا ئاماده‌مان كردوه‌ته‌وه‌  و بڵاوی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌. 
سه‌رپه‌رشتیاری‌ پاشكۆ



خاكه‌كه‌شی‌ ئه‌نفال كراوه‌ 
د. جه‌زا تۆفیق تالیب: یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكی‌ خۆمان ئێستا هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ ته‌عریب كرابێ‌ و خه‌ڵكی‌ ره‌سه‌نی‌ شاره‌كه‌ كه‌ كوردن ته‌رحیلكرابن به‌ره‌و باشوور و ناوه‌ڕاستی‌ عیراق یان به‌ره‌و شاره‌كانی‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ و ده‌هۆك ده‌ركراون، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی‌ تریشی‌ بۆ بووه‌ ئه‌توانین بڵێین ئه‌نفالی‌ خاكه‌كه‌شی‌ كراوه‌ن ئه‌مه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ شوێنه‌كانی‌ تره‌وه‌، ئه‌توانین بڵێین ته‌رحیل و ئه‌نفالی‌ خاكه‌كه‌شی‌ كراوه‌، كه‌ ئه‌م لایه‌نه‌یان به‌داخه‌وه‌ كه‌متر ئاوڕی‌ لێدراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئاوڕ له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ئه‌نفال كردن و ته‌رحیل كردنی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ كراوه‌ته‌وه‌، پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌ كۆندا یه‌كێك بووه‌ له‌ پارێزگا گه‌وره‌كانی‌ كوردستان و عیراق، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژووی‌ پێش ساڵی‌ حه‌فتاكان ده‌بینین پارێزگای‌ كه‌ركوك كه‌ ئه‌و كاته‌ كراوه‌ به‌ لیوای‌ كه‌ركوك بریتی‌ بووه‌ له‌ قه‌زای‌ كه‌ركوك و قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ و قه‌زای‌ دوبس و قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ و قه‌زای‌ كه‌لارو دۆزخورماتوو و قه‌زای‌ كفری‌. حه‌وت قه‌زا بووه‌، واته‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ لیوا گه‌وره‌كانی‌ ئه‌و كاته‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ به‌ سه‌ر ئه‌م پارێزگایه‌دا هاتووه‌ یه‌كێك له‌ بچوكترین پارێزگاكانی‌ عیراق و ئه‌توانین بڵێین كوردستانیش. ئه‌م پارێزگایه‌ ئێستا بریتییه‌ له‌ سێ‌ قه‌زا، قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ و قه‌زای‌ كه‌ركوك و قه‌زای‌ دوبس، باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ پارێزگایه‌ك هه‌بێ‌ له‌ كوردستاندا ئێستا له‌ سێ‌ قه‌زا پێكهاتبێ‌، قه‌زای‌ كه‌ركوك پێنج هه‌زار و چوارسه‌د و بیست ونۆكیلۆمه‌تره‌، قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ دوو هه‌زار و پێنج سه‌دو چلویه‌ك كیلۆمه‌تره‌، قه‌زای‌ دوبس یه‌ك هه‌زار شه‌سه‌د و هه‌شتاو نۆ كیلۆمه‌تره‌، كه‌واته‌ هه‌ر سێ‌ قه‌زاكه‌ی‌ ئێستا ئه‌كاته‌ نۆهه‌زار و شه‌ش سه‌دو په‌نجاو نۆ كیلۆمه‌تر، كه‌واته‌ مه‌ساحه‌یه‌كی‌ یه‌كجار بچووكی‌ هه‌یه‌ و به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ رووپێیوه‌كانیان لێ‌ دابڕاندووه‌، كه‌ ئێمه‌ به‌واته‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ ده‌ڵێین ئه‌نفال كراوه‌، چۆن خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ لێدابڕاوه‌ زه‌وییه‌كه‌شیان لێ‌ دابڕاوه‌، به‌ راستی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ كه‌ركوك دا كراوه‌ له‌ سه‌ر ئه‌رز له‌ باقی‌ شوێنه‌كانی‌ تر نه‌كراوه‌. ئه‌و شوێنانه‌ی‌ له‌ كه‌ركوك دابڕێنراون، بۆ نموونه‌ چه‌مچه‌ماڵ‌ دوو هه‌زار و سێ‌ سه‌د و حه‌فتاو نۆ كیلۆمه‌تره‌، قه‌زای‌ كه‌لار دوو هه‌زار و سه‌د و یانزه‌ كیلۆمه‌تره‌، قه‌زای‌ دووزخورماتوو چوار هه‌زار و نۆزده‌ كیلۆمه‌ته‌ره‌، قه‌زای‌ كفری‌ دوو هه‌زار و هه‌شت سه‌د و چلویه‌ك كیلۆمه‌تره‌. ئه‌گه‌ر به‌نیسبه‌ت وه‌ریبگرین ئه‌گه‌ر ئه‌م حه‌وت قه‌زایه‌ جارێكی‌ تر بچێته‌وه‌ سه‌ر كه‌ركوك، مه‌ساحه‌ی‌ كه‌ركوكی‌ كۆن، كه‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ عه‌مه‌لیاتی‌ ته‌عریب بكرێت بیست و یه‌ك هه‌زار كیلۆمه‌تر زیاتر بووه‌، به‌ڵام ئێستا به‌و سێ‌ قه‌زایه‌وه‌ به‌بێ‌ ئه‌و حه‌وت قه‌زایه‌ نۆهه‌زار و شه‌ش سه‌د و په‌نجاو نۆ كیلۆمه‌تره‌، واته‌ نزیكه‌ی‌ له‌ سه‌دا په‌نجاو پێنجی‌ رووپێوی‌ زه‌وی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك دابڕاوه‌.

ته‌رحیل و ته‌عریب دوو وشه‌ن له‌زاكیره‌ی‌ كه‌ركوكییه‌كاندا ناسڕێنه‌وه‌  
به‌عس له‌ رێگای‌ ده‌ستكاریكردنی‌ سه‌رژمێرییه‌كان و ده‌ستتێوه‌ردانی‌ راسته‌وخۆ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ كورد چه‌ندین خێڵ و ئاین و ئاینزا و ته‌ریقه‌تی‌ له‌ كورد دابڕی‌ و له‌ ساڵی‌ 1977دا بڕیارێكیان ده‌ركرد به‌ گوێره‌ی‌ ئه‌و بڕیاره‌ و چه‌ندین عه‌شیره‌ت و په‌یڕه‌وكه‌رانی‌ ئاینی‌ جیا جیای‌ كوردستان به‌ عه‌ره‌ب له‌ قه‌ڵه‌م دران و له‌ ناونووسی‌ گشتی‌ 17ی‌ 10ی‌ 1977 دا به‌ عه‌ره‌ب ناونووسیان كردن، له‌وانه‌ش ئێزدییه‌كان، كیكان، گه‌رگه‌ری‌، شه‌به‌ك، گێژ، ساڵه‌یی، شێخ بزێنی‌، دیانه‌كانی‌ كوردستان و شێخ و سه‌یده‌كانی‌ كوردستان.
كه‌ركوكییه‌ك: من خۆم یه‌كێكم له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك خزم و كه‌سوكارم له‌ عه‌شیره‌تی‌ داوده‌، و له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌تی‌ كاكه‌یی، رۆژێكیان ته‌له‌فۆنم بۆ كرا وتیان به‌یانی‌ له‌ نووسینگه‌ی‌ ته‌نزیمی‌ شیمال ئاماده‌به‌، كه‌ رۆیشتم هه‌ندێك له‌ خزمان و هه‌ندێك له‌ عه‌شیره‌تی‌ كاكه‌یی له‌وێ‌ بوون، نزیكه‌ی‌ بیست خوله‌ك دانیشتین وتیان فه‌رموون، چووین بۆ هۆڵی‌ كۆبوونه‌وه‌ ئێمه‌ دانیشتین و عیزه‌ت دووری‌ هات له‌گه‌ڵ یونس محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د لێپرسراوی‌ نووسینگه‌ی‌ ئه‌و زه‌مانه‌ی‌ سلێمانی‌ و كه‌ركوك و تكریت بوو، له‌گه‌ڵ عه‌تیه‌ لێپرسراوی‌ لقی‌ كه‌ركوك بوو له‌گه‌ڵ پارێزگاری‌ ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ركوك ناوی‌ ئه‌یاد بوو، له‌ سه‌ره‌تای‌ قسه‌كردنیدا عیزه‌ت دووری‌ ده‌ستی‌ كرد به‌ قسه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ ئامێز وه‌كو وتی‌ ئه‌گه‌ر ناسنامه‌كانتان نه‌گۆڕن ئه‌تانكوژین و ده‌رتان ئه‌كه‌ین، دوایی وتی‌ من چوومه‌ته‌ لای‌ سه‌دام حوسێن، من ئه‌و ئه‌رزانه‌تان بۆ ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌ر پرۆژه‌كه‌یه‌ به‌ مه‌رجێك خۆتان بكه‌ن به‌ عه‌ره‌ب، ئه‌گه‌ر خۆتان ناكه‌ن به‌ عه‌ره‌ب ئه‌و زه‌وییانه‌ بۆ ئێوه‌ نییه‌، ئێوه‌ ده‌بێ‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ربكرێن و ئێوه‌ وه‌ك سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ له‌ خه‌ڵكی‌ چه‌مچه‌ماڵ بهێنن بیكه‌ن به‌ عه‌ره‌ب. یه‌ك دووانێكمان له‌و كه‌سانه‌ هه‌ستان وتیان ئێمه‌ ته‌ئیدی‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌كه‌ین و ئه‌و قسه‌یه‌ بۆ ئێمه‌ مه‌كره‌مه‌یه‌ و ئێمه‌ خۆمان ده‌كه‌ین به‌ عه‌ره‌ب، به‌رقییه‌یه‌كمان بده‌رێ‌ بۆ سه‌یدولره‌ئیس و له‌ هه‌مان كاتدا منیش ده‌ستم به‌رزكرده‌وه‌ و وتم سه‌یدولنائیب ئێمه‌ عه‌شیره‌تی‌ داوده‌ و كاكه‌یی و تاڵه‌بانی‌ وا له‌سه‌ر سنوورین له‌ سه‌ر سنووری‌ عه‌ره‌بین و ئێمه‌ هه‌موومان موخلیسین و ئه‌و كه‌سانه‌ین كه‌وا دیارین له‌ ناوچه‌كه‌دا و موخلیسیش به‌ ناسنامه‌ نابێته‌ عه‌ره‌به‌. ئیتر دوایی له‌گه‌ڵ یونس محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د قسه‌ی‌ كرد و پاشان رووی‌ كرده‌ من و وتی‌ «انت حزر عشیرته‌ك و انا انتیك قاعه‌ من كوت و عیماره‌.». منیش ئه‌و كاته‌ كه‌ ئه‌و وای‌ وت دانیشتمه‌وه‌. ئه‌و مه‌سئه‌لانه‌ كه‌ من ئێستا بۆت باس ده‌كه‌م له‌كه‌ركوكدا چه‌ندین جار به‌سه‌ر ئێمه‌دا. جارێكی‌ تریش بانگكراینه‌وه‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ كه‌ركوكیان بانگ كرد و دیسانه‌وه‌ ته‌كلیفی‌ ئه‌وه‌یان لێ‌ كردین ببین به‌ عه‌ره‌ب و هه‌مان كات هه‌ندێك خۆیان كرد به‌ عه‌ره‌ب و هه‌ندێكیش كه‌ منیشی‌ تێدا بوو ئینكارمان كرد، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ی‌ خۆمانن و من بانگیانم كرد و دامنیشاندن و قسه‌م بۆ كردن وتم كاكه‌ ئێمه‌ كوردین، ئێمه‌ نابێ‌ ببین به‌ عه‌ره‌ب. نابێ‌ ناسنامه‌ی‌ خۆمان بگۆڕین، به‌ قسه‌ی‌ كه‌س نه‌كه‌ن و هیچ خۆتان تێكمه‌ده‌ن و ناتوانن هیچمان لێ‌ بكه‌ن ئه‌و په‌ڕی‌ ته‌رحیلمان ده‌كه‌ن، كه‌واته‌ باشتر ئێمه‌ش ده‌چین بۆ ناو كورده‌كان هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ ته‌رحیلمان ده‌كه‌ن بۆ ناو كوردی‌ خۆمان. ئیتر ئه‌وانیش به‌ گوێی‌ منیان كرد، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ من بانگیانم كرد له‌ عه‌شیره‌تی‌ داوده‌ و ئامۆژگاریم كردن كه‌سیان نه‌بوونه‌ عه‌ره‌ب، به‌ڵام هه‌ندێك له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان كرد به‌ عه‌ره‌ب ئه‌وه‌ش به‌ هه‌ڕه‌شه‌بوو. هه‌ندێك خه‌ڵكیش هه‌بوون كه‌ ناویان ده‌نووسرا بۆ ته‌رحیل و ده‌چوون پاره‌یان ئه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی‌ ته‌رحیل نه‌كرێن، ئه‌مه‌ی‌ من بۆ تۆی‌ باس ده‌كه‌م له‌ ساڵه‌كانی‌ نه‌وه‌دو سێ وه‌ تا نه‌وه‌دوشه‌ش بوو. ئێمه‌ به‌ هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ كوردبووین ماڵمان رووخا و ده‌ربه‌ده‌ر كراین و هه‌میشه‌ له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ به‌عسدا بووین. ئیتر ئاقیبه‌ت روومان كرده‌ كوردستان و نه‌مانتوانی‌ ببین به‌ عه‌ره‌ب. له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵانی‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ ئێمه‌ی‌ عه‌شیره‌تی‌ داوده‌ په‌نجاو شه‌ش گوند بووین هه‌موو ته‌رحیل كراین، دوایی چووینه‌ دوز و خۆمان كپكرد، به‌ڵام له‌وێش دیسانه‌وه‌ ده‌ستیان كرد به‌ ته‌رحیل كردنمان، له‌ دوزخورماتوو چوارسه‌د و په‌نجا خانوو به‌ (TNT) ته‌ختكرا، دواییش كۆمه‌ڵێكی‌ زۆریان لێ ته‌رحیل كرد بۆ سلێمانی‌ و بۆ شاره‌كانی‌ باشوور و هه‌تا گوشاریان له‌ هه‌ندێك خه‌ڵكی‌ ده‌كرد بۆ شاره‌كانی‌ باشووری‌ عیراق بچن نه‌چن بۆ كوردستان. له‌ نه‌وه‌دویه‌كیش دیسانه‌وه‌ نه‌هامه‌تیی‌ زۆریان به‌سه‌ر هێناین. زۆرمان هه‌وڵدا، ئاقیبه‌ت ته‌رحیلكراین و ماڵمان تاڵان كراو خانوومان رووخێنرا. 
كه‌سایه‌تییه‌كی‌ دیكه‌ی‌ كه‌ركوك ناحیه‌ی‌ له‌یلان: ناحیه‌ی‌ له‌یلان له‌ پێشدا دامه‌زرا له‌ گوندی‌ خاڵه‌ بازیانی‌ بوو،  ناوی‌ ناحیه‌ی‌ قه‌ره‌ حه‌سه‌ن بوو، پاش ماوه‌یه‌ك نه‌قڵیان كرده‌ له‌یلان، بووه‌ ناحیه‌ی‌ قه‌ره‌حه‌سه‌ن سه‌نته‌ری‌ له‌یلان، ئه‌م ناحیه‌یه‌ی‌ ئێمه‌ به‌ر شاڵاوی‌ ته‌عریب كه‌وت و چی‌ زه‌وی‌ و زارمان هه‌یه‌ هه‌مووی‌ ئیستملاك كرا و هه‌مووی‌ درا به‌ قسمێك له‌ عه‌شایه‌ری‌ عه‌ره‌ب كه‌ له‌ باشووره‌وه‌ هاتبوون و خه‌ڵكی‌ ئه‌م گوندانه‌شیان هه‌موو ده‌ربه‌ده‌ر كرد، چ به‌ فه‌رمی‌ و چ به‌ نافه‌رمی‌ هه‌موویانیان ده‌ركرد به‌ره‌و روومادی‌ و سلێمانی‌ و هه‌ولێر، به‌ كه‌ساسی‌  و نه‌بوونی‌ و هه‌ژاری‌ كه‌وتنه‌ رێ، پاشان ناحییه‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و ناویانا گوندی‌  له‌یلانی‌ عه‌سری‌، پاش ئه‌وه‌ ناحیه‌كه‌مان كرا به‌ ئوم ولمعاریك. 
ژنێك: ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ كه‌ كه‌وتوه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ كورده‌وه‌ و هه‌موو قوتابییه‌كانی‌ كوردن، خوێندنیش هه‌ر به‌ كوردی‌ بووه‌ له‌م قوتابخانه‌یه‌، ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ كۆنترین قوتابخانه‌ی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌یه‌، دروستكردنی‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 1938 به‌ ناوی‌ قوتابخانه‌ی‌ بێكه‌سه‌وه‌ بووه‌، هه‌ر كه‌ دامه‌زراوه‌ ناوی‌ قوتابخانه‌ی‌ بێكه‌س بووه‌ و خوێنده‌نی‌ به‌ كوردی‌ بووه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ رژێمی‌ به‌عس هاته‌ سه‌ر حوكم ناوی‌ شوێنه‌كانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ی‌ گۆڕی‌ و ئه‌م قوتابخانه‌یه‌شی‌ ناونا ئه‌لعه‌تا، له‌ بێكه‌سه‌وه‌ بۆ عه‌تا ناوی‌ گۆڕی‌. تا دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عیراق به‌ هه‌وڵ و تێكۆشه‌رانی‌ كورد و دراسه‌ی‌ كوردی‌ ناوی‌ قوتابخانه‌كه‌ كرایه‌وه‌ به‌ بێكه‌س كه‌ ناوه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی‌ خۆیه‌تی‌ و ئێستا به‌كوردی‌ ئه‌خوێنین و قوتابییه‌كانیشی‌ هه‌مووی‌ كوردن. 

زه‌وی‌ بۆ كورد نییه‌
هاوڵاتییه‌ك: له‌ساڵی‌ 1975 ته‌خروجم كرد به‌ پله‌ی‌ ملازم تا ساڵی‌ 1981 ئێمه‌ وه‌كو بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ ره‌سه‌ن له‌ شاری‌ كه‌ركوكدا كه‌ باپیره‌ی‌ ئێمه‌ زیاتر له‌ سێ‌ سه‌د ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ شاری‌ كه‌ركوك بوون، تا ساڵی‌ 1981 چاوه‌ڕوان بووین ئه‌رز دابه‌ش بكرێ‌ و وه‌كو ئه‌فسه‌رێك ئه‌رزه‌م به‌ركه‌وێ‌، به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌ عه‌ره‌به‌كان ئه‌رزیان وه‌رگرت كه‌ ئه‌وان به‌سه‌ره‌ش بوایه‌ زۆر له‌ دوای‌ ئێمه‌وه‌ بوون، چه‌ند جارێك موراجه‌عه‌مان كرد و ئاخیر جار چووینه‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئه‌فسه‌ران له‌ به‌غدا، وتیان زه‌وی‌ بۆ كورد نییه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌فسه‌ریش بیت، له‌وێ‌ وتیان بۆت هه‌یه‌ سێ‌ شار هه‌ڵبژێری‌ یان به‌غدا یان هه‌ولێر یان سلێمانی‌ یه‌كێ‌ له‌و سێ‌ شوێنه‌ هه‌ڵبژێره‌ یه‌كسه‌ر زه‌وییه‌كه‌ت پێده‌درێ‌. 
به‌ڵگه‌نامه‌كان شاهیدی‌ ئه‌وه‌ ئه‌ده‌ن، كه‌ رژێمی‌ به‌عس له‌ سه‌رده‌می‌ ده‌سه‌ڵاتیدا چ زوڵم زۆرێكی‌ ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك كردووه‌ و چۆن ماڵ و حاڵیانی‌ داگیركردوه‌ و ئاواره‌ی‌ شاره‌كانی‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی‌ عیراق كردووه‌ و دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ ئه‌و ده‌مه‌ی‌ كه‌ركوك وه‌ك هه‌موو شاره‌كانی‌ دیكه‌ ئازاد كرا كه‌ركوكییه‌كان بێ‌ گوێدانه‌ نه‌بوونی‌ و تێرۆر و تۆقاندن گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێدی‌ خۆیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رسوڕمانه‌ زۆرێك له‌ نه‌یارانی‌ گه‌لی‌ كورد ئه‌مڕۆ لێره‌ و له‌وێ‌ بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ بۆ به‌ كوردی‌ كردنی‌ كه‌ركوكی‌ كوردستان هاوڵاتیان له‌ شاره‌ كوردییه‌كانی‌ تره‌وه‌ بۆ كه‌ركوك ده‌گوێزنه‌وه‌، بێگوێدانه‌ ئه‌و راستییانه‌ی‌ وه‌ك رۆژی‌ رووناك باس له‌ ته‌عریب كردنی‌ ئه‌و شاره‌ ده‌كات. 
د. عه‌بدوڵڵا عه‌لیاوایی: پێویسته‌ سیاسییه‌كانی‌ كورد هه‌وڵ بده‌ن ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی‌ كه‌ له‌ كه‌ركوك ده‌ركراون و ته‌رحیل كراون بیانگه‌ڕێننه‌وه‌. زۆرجار له‌ میدیای‌ عه‌ره‌بی ده‌بیستین ده‌ڵێن كورد خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ توركیا و كوردستانی‌ ئێرانیان هێناوه‌ بۆ كه‌ركوك و نیشته‌جێیان كردوون، ئه‌و قسانه‌ هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێكی‌ نییه‌ و میدیاكانی‌ ئێمه‌ش به‌داخه‌وه‌ له‌ ئاستی‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌دا لاوازن، ئه‌وان ده‌بێ‌ ئه‌و مه‌سئه‌لانه‌ روون بكه‌نه‌وه‌ چ بۆ رای‌ عیراقی‌ و بۆ رای‌ گشتی‌ عه‌ره‌بی‌ بێ‌، روونی‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ شتی‌ وانییه‌، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ن كه‌ له‌ ساڵانی‌ چله‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو تا ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو ده‌ركراون، ئه‌وانه‌ ژماره‌ی‌ نفووسیان رۆژ به‌ رۆژ زیادی‌ كردووه‌ و منداڵه‌كانیان گه‌وره‌ بوون و كچه‌كانیان شوویان كردووه‌ و كوڕه‌كانیان ژنیان هێناوه‌ ژماره‌یان زیادبووه‌ كه‌واته‌ ئه‌وه‌ حاڵه‌تێكی‌ زۆر زۆر سروشتییه‌. 
د. جه‌بار قادر: من پێم وایه‌ ئه‌و ناوچانه‌، ئه‌و جێگایانه‌ی‌ كه‌ كوردی‌ كه‌ركوكی‌ تێدایه‌، له‌ داره‌توو و بنه‌سڵاوه‌ و له‌ چه‌مچه‌ماڵ و شۆڕش و...  ئه‌وه‌ بۆ خۆی‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و قسانه‌ درۆیه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ كه‌ركوك نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان پێیان سه‌یره‌ بۆ نموونه‌ ماڵێك پێش سی ساڵ ده‌ركراوه‌ ژن و پیاوێك بوون و ئێستا كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بوون به‌سێ‌ ماڵ، له‌و سی‌ ساڵه‌دا منداڵیان گه‌وره‌ بووه‌ و ژنیان هێناوه‌، ماڵیان لێ‌ بووه‌ته‌وه‌، ماڵێك بووه‌ چوار ماڵ، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت پێش سی ساڵ‌ چۆن بووه‌ ئاوا بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ شتێكه‌ ته‌نیا له‌ به‌عس ده‌وه‌شێته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی‌ وه‌كو به‌عس بیرده‌كه‌نه‌وه‌.
ئه‌بو ئیبراهیم: دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عیراق هه‌موو عیراقییه‌كان نه‌ك ته‌نیا كورد، ئازاد بووه‌ له‌ مافی‌ نیشته‌جێبوون، ئه‌و سانسۆرانه‌ی‌ رژێمی‌ به‌عس داینابوو، كه‌ هاووڵاتی‌ له‌به‌ر هۆی‌ ئه‌منی‌ و سیاسی‌ له‌ شوێنێك ئه‌به‌سته‌وه‌، من گومانم نییه‌، ئه‌كرێت ده‌ماڵێك، بیست ماڵێك، هاتبنه‌ شاری‌ كه‌ركوكه‌وه‌ به‌هۆی‌ كاركردنه‌وه‌، یاخود به‌ بۆنه‌ی‌ پرۆژه‌ی‌ ئابوورییه‌وه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا به‌شێوازێكی‌ مونه‌زه‌م لایه‌نێكی‌ سیاسی‌، بڵێین خه‌ڵكێك كه‌ركوكی‌ نه‌بێ‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ مونه‌زه‌م به‌ بڕیارێكی‌ سیاسی‌ له‌ لایه‌نێكی‌ كوردییه‌وه‌ هاتبێت ئێمه‌ به‌رچاومان نه‌كه‌وتووه‌، به‌ڵام ئه‌م شاره‌ له‌ دوای‌ ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ هه‌ر كوردی‌ بۆ نه‌هاتووه‌، ئێمه‌ ئامارمان له‌لایه‌ نزیكه‌ی‌ دووسه‌د و حه‌فتا ماڵ له‌ شاری‌ دیاله‌وه‌ هاتوون به‌هۆی‌ ئه‌و جه‌نگه‌ ئه‌هلییه‌وه‌ كه‌ له‌ دیاله‌ هه‌یه‌. ئه‌وان به‌ ناچاری‌ هاتوونه‌ته‌ كه‌ركوك و كه‌سیش به‌ ته‌عریبیان دانانێ‌، خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ شه‌ڕی‌ ئه‌هلی‌ شیعه‌ و سوننه‌ی‌ تێدایه‌ روویان كردووه‌ته‌ شاری‌ كه‌ركوك و به‌وپه‌ڕی‌ رێزه‌وه‌ سه‌یر ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌ندێك لایه‌ن ئه‌یوروژێنن هۆیه‌كانی‌ سیاسییه‌ و مه‌سه‌له‌ی‌ ماده‌ی‌ سه‌دوچل ده‌ركردنی‌ عه‌ره‌ب نییه‌ له‌ كه‌ركوك نه‌هێشتنی‌ ته‌عریبه‌ له‌ كه‌ركوك ئه‌مه‌ جه‌وهه‌ری‌ مه‌سه‌له‌كه‌یه‌. ئه‌بێ‌ شته‌كان وه‌كو خۆی‌ بگوترێت، چۆن هاوڵاتی‌ عه‌ره‌ب هاتووه‌ته‌ ئه‌م شاره‌ دوای‌ ساڵی‌ 2003و هه‌ندێك توركمانیش له‌ به‌غداوه‌ له‌به‌ر ناله‌باری‌ دۆخی‌ به‌غداوه‌ هاتوونه‌ته‌ كه‌ركوك، ده‌بێت كوردیش هاتبێ‌، ئه‌م هاتوچۆیه‌ش حره‌كه‌یه‌كی‌ سروشتییه‌ له‌ هه‌موو وڵاتێكدا هه‌یه‌ به‌ بۆنه‌ی‌ كار و به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئابوورییه‌وه‌ خه‌ڵكانێك رووده‌كه‌نه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ كه‌ بواری‌ كاركردن و به‌رهه‌مهێنانی‌ زیاتر تێدایه‌.

ئێمه‌ نه‌مانتوانیوه‌ ئاواره‌كانی‌ خۆمان نیشته‌جێ‌ بكه‌ین
عه‌بدولره‌حمان مسته‌فا: ئه‌و ده‌نگوباسانه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی‌ راستی‌ نییه‌، هه‌موو كه‌س ده‌زانێ‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك له‌ سه‌رده‌می‌ به‌عسدا تووشی‌ ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ و نه‌هامه‌تییه‌كی‌ یه‌كجار گه‌وره‌ بووه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌ ده‌ركردنی‌ خه‌ڵكی‌ ره‌سه‌نی‌ كه‌ركوك به‌ كورد وبه‌ توركمانیشه‌وه‌ و زیاتر له‌ سی‌ و پێنج ساڵ بوو خه‌ڵكی‌ ره‌سه‌نی‌ كه‌ركوك له‌ شاره‌كه‌ی‌ خۆیان ده‌رده‌كران، كاتێ‌ حزبی‌ به‌عس هاته‌ سه‌ر حوكم چه‌ند گوندێكی‌ ده‌وروبه‌ری‌ كه‌ركوكی‌ وێران كرد خه‌ڵكه‌كه‌شی‌ ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ هه‌لێك ره‌خسا بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ ره‌سه‌نی‌ كه‌ركوكن و ده‌ركرابوون بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێدی‌ باوباپیری‌ خۆیان، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ به‌شێكیان توانیویان به‌گه‌ڕێنه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ تاوه‌كو ئێستا ئێمه‌ نه‌مانتوانیوه‌ پێداویستی‌ ئه‌وان جێبه‌جێ بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هێشتا خه‌ڵكێكی‌ زۆرمان ماوه‌ته‌وه‌ له‌ ده‌روه‌ی‌ كه‌ركوكن، ئێمه‌ هێشتا نه‌مانتوانیوه‌ ئاواره‌كانی‌ خۆمان له‌ كه‌ركوك نیشته‌جێ‌ بكه‌ین، چۆن ده‌توانین خه‌ڵكی‌ غه‌یری‌ كه‌ركوكی‌ بهێنینه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك. كاتی‌ خۆی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك كه‌ ده‌رده‌كرا له‌گه‌ڵیدا ره‌گه‌زنامه‌كه‌ی‌ ده‌رده‌كرا و ره‌وانه‌ی‌ ئه‌و شارانه‌ ده‌كرا كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ بۆ ده‌نێردرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی‌ دێنه‌وه‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ شاره‌كانی‌ سلێمانی‌ و هه‌ولێر و دهۆك یان شاره‌كانی‌ ناوه‌ڕاستی‌ عیراقی‌ پێیه‌، ئه‌وه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ‌ ئه‌وان خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك نییه‌، به‌ڵكه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوكن، به‌ڵام ره‌گه‌زنامه‌كانیان لێ‌ سه‌ندراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌ساسی‌ سجلی‌ ره‌گه‌زنامه‌یان له‌ كه‌ركوك هه‌یه‌، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی‌ به‌ ئینسافه‌وه‌ قسه‌ له‌ سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ن بابچن سه‌یری‌ یاریگاكه‌ی‌ كه‌ركوك بكه‌ن، با بچن سه‌یری‌ ئه‌و شوێنانه‌ بكه‌ن كه‌ ئاواره‌كانی‌ تێدایه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵكانه‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك نه‌بن نایه‌نه‌وه‌ له‌و شوێنه‌ خراپانه‌ بژین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ كه‌ نه‌توانین خه‌ڵكی‌ ئاواره‌ی‌ كه‌ركوك له‌ شاره‌كانی‌ دیكه‌ نیشته‌جێ‌ بكه‌ین ئیتر چۆن بتوانین خه‌ڵكی‌ تر نیشته‌جێ‌ بكه‌ین، من لێره‌وه‌ ئه‌و شته‌ دووپاتی‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌ هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێكی‌ نییه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كوردی‌ غه‌یری‌ كه‌ركوكی‌ نه‌هاتووه‌ته‌ كه‌ركوكه‌وه‌. 
هه‌موو پێكهاته‌كانی‌ شاری‌ كه‌ركوك به‌ كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌و شاره‌وه‌ كلیلی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كه‌ركوك به‌ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ سه‌دوچل ده‌بینن، ئه‌گه‌رچی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و ماده‌یه‌ هه‌موو خواسته‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد و دانیشتوانی‌ ئه‌نفال كراوی‌ شاری‌ كه‌ركوك جێبه‌جێ ناكات. به‌ڵام ده‌كرێت وه‌ك چاره‌سه‌رێكی‌ هه‌نووكه‌یی له‌ خزمه‌تی‌ شاری‌ كه‌ركوك و سه‌رجه‌م عیراقدا بێت. 
د. نوری‌ تاڵه‌بانی‌: ماده‌ی‌ سه‌دوچلی‌ ده‌ستووری‌ عیراق پێویسته‌ له‌و ماوه‌یه‌ی‌ بۆی‌ دیاری‌ كراوه‌ بۆی‌ جێبه‌جێ‌ بكرێت، هه‌رچه‌نده‌ كۆمه‌ڵێك لایه‌نی‌ ده‌ركی‌ و له‌ ناوه‌وه‌ی‌ عیراقیش هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن  جێبه‌جێ‌ كردنی‌ ئه‌م ماده‌یه‌ دوابخرێت، به‌ڵام پێویسته‌ له‌ سه‌ر لایه‌نی‌ كوردستانی‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ بدات ئه‌و ماده‌یه‌ له‌و ماوه‌ دیاری‌ كراوه‌ی‌ بۆی‌ دانراوه‌ جێبه‌جێ‌ بكرێت. چونكه‌ دواخستنی‌ ئه‌و ماده‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ له‌ ده‌ستدانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان. ماده‌ی‌ سه‌دوچلی‌ ده‌ستووری‌ عیراقی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ كه‌ركوكی‌ دیاری‌ كردووه‌ و بۆیه‌ ده‌بێ‌ ئێمه‌ی‌ كورد سووربین له‌ سه‌ر جێبه‌جێكردنی‌، ئه‌وه‌ ماده‌یه‌كی‌ ده‌ستوورییه‌ نابێت ده‌ستكاری‌ بكرێت ته‌نیا له‌ ریگای‌ ده‌ستووری‌ عیراقه‌وه‌ نه‌بێ‌، ده‌ستكاری‌ كردنی‌ ده‌ستوری‌ عیراقیش به‌تایبه‌تی‌ ماده‌ی‌ سه‌دوچل ده‌بێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نی‌ كوردستانی‌ مافی‌ ڤیتۆی‌ خۆی‌ به‌كار بهێنێ‌ بۆ په‌سه‌ند نه‌كردنی‌ ئه‌و ده‌ستكاریكردنه‌ی‌ ده‌ستوور، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بێت و دوو له‌ سه‌ر سێی‌ دانیشتوانی‌ سێ‌ پارێزگا له‌ عیراقدا دژی‌ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و ده‌ستكارییه‌ ده‌نگ بده‌ن سه‌رناگرێت. 

كه‌ركوكییه‌كان ده‌زانن چۆن كێشه‌ی‌ شاره‌كه‌یان چاره‌سه‌ر ده‌بێ‌ 
ئه‌بو ئیبراهیم: ئه‌گه‌ر ده‌ستتێوه‌ردانی‌ ئیقلیمی‌ ته‌داخول نه‌كات له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ شاری‌ كه‌ركوك، كه‌ركوكییه‌كان ئه‌توانن به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ده‌ستووری‌ و دیموكراتی‌ و یاساییه‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانیان بكه‌ن، چونكه‌ كه‌ركوكییه‌كان باش كه‌ركوك ده‌ناسن و ده‌زانن چۆن كێشه‌ی‌ شاره‌كه‌یان چاره‌سه‌ر ده‌بێ‌ دوور له‌ده‌ستێوه‌ردانی‌ ده‌ره‌كی‌ و دوریش له‌ وتاری‌ رادیكاڵی‌ شۆڤێنی‌ هه‌ر لایه‌ك بێت. 

كه‌س به‌ ناوی‌ توركمانه‌كانی‌ 
كه‌ركوكه‌وه‌ قسه‌ نه‌كات
عه‌دنان كه‌ركوكی‌: توركمان و خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك به‌ گشتی‌ پێویستیان به‌وه‌ نییه‌ كه‌س به‌ ناوی‌ ئه‌وانه‌وه‌ لێدوانیان بۆ بدات وه‌كو به‌رگریی، من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ مێژووی‌ عیراق به‌تایه‌تی‌ میلله‌تی‌ توركمانیش باش ده‌یزانێ‌ ئه‌وكاته‌ی‌ رژێمی‌ دیكتاتۆری‌ به‌عسی‌ گۆڕ به‌گۆڕ توركمانی‌ له‌ شاره‌كه‌ی‌ خۆی‌ ده‌رده‌كرد و ده‌یچه‌وسانده‌وه‌ بۆچی‌ رۆژێك له‌ رۆژان له‌ لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی‌ چ ئیداری‌ و چ سیاسی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا موزه‌كه‌ره‌یه‌كی‌ ئیحتیزازیان نه‌دا به‌ باڵیۆزی‌ عیراق ئه‌و ده‌مه‌ی‌ كه‌ له‌ ئه‌نكه‌ره‌ بوو، ئیستدعای‌ نه‌كرد موزه‌كه‌ره‌یه‌كی‌ ئیحتیزازی‌ بداتێ‌ و بڵێت ئه‌وه‌ توركمان ده‌چه‌وسێته‌وه‌ و منداڵه‌كانیان ئیعدام ده‌كرێن، ئه‌وه‌مان نه‌بیست، به‌ڵام بازرگانی‌ ده‌كرێت به‌میلله‌تی‌ توركمانه‌وه‌. میلله‌تی‌ توركمان میلله‌تێكی‌ ئه‌سیله‌ و مێژووی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ میلله‌تی‌ كورد، چاره‌نووسی‌ كورد و توركمان له‌ شاری‌ كه‌ركوكدایه‌ به‌ پێكه‌وه‌ ژیان و به‌ برایانه‌ و پێویستیش ناكات ده‌وڵه‌تانی‌ ده‌وروبه‌ر بازرگانی‌ به‌ قه‌زێی‌ توركمانه‌وه‌ بكه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و لێدوانانه‌ی‌ ئه‌م دواییانه‌ له‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ سیاسی‌ و ئیداری‌ توركیا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ كه‌ باس له‌ چه‌وسانه‌وه‌ی‌ توركمان ده‌كه‌ن له‌ كه‌ركوك، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ توركمان ئێستا موماره‌سه‌ی‌ حقوقی‌ سیاسی‌ خۆی‌ ده‌كات و موماره‌سه‌ی‌ حقوقی‌ ئیداری‌ و كه‌لتوری‌ خۆی‌ ده‌كات له‌ كه‌ركوك. كورد و توركمان به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ ته‌تبیق كردنی‌ ماده‌ی‌ سه‌دوچل دا كار ده‌كه‌ن و ده‌ست له‌ ناوده‌ست كاری‌ بۆ ده‌كه‌ن بۆگه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان. 
به‌ڵگه‌ و دیكۆمێنته‌كان بۆ ته‌عریب و ته‌بعیس و ته‌رحیل شایه‌تحاڵێكی‌ زیندوون، ئه‌و خێڵه‌ عه‌ره‌بانه‌ی‌ له‌ كاتی‌ خۆیدا به‌هه‌ر بیانوویه‌ك بێت له‌ شاری‌ كه‌ركوك نیشته‌جێكران ئێستا خۆیان ئه‌و سیاسه‌ته‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ له‌ناوچوو ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شار و شاروچكه‌كانی‌ خۆیان.

هاتنی‌ ئێمه‌ بڕیارێكی‌ هه‌ڵه‌ بوو
عه‌ره‌بێكی‌ هاورده‌: به‌ نیسبه‌تی‌ فه‌قه‌ره‌ی‌ ماده‌ی‌ 140ئه‌وه‌ بڕیارێكی‌ ده‌ستوورییه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ بۆ ئێمه‌ هاتووه‌ تاوه‌كو بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ زێدی‌ خۆمان. هاتنی‌ ئێمه‌ بڕیارێكی‌ هه‌ڵه‌ بووه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تی‌ پێشووه‌وه‌، كه‌ نیزامی‌ سه‌دام حسێن بوو. ئێمه‌ش پێمان خۆشه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ناو خه‌ڵك و كه‌سوكاری‌ خۆمان، له‌ كه‌ركوك ده‌رچین و بچینه‌وه‌ بۆ عه‌ماره‌ یان به‌سرا یان ناسرییه‌ بۆ ئێمه‌ هه‌موو عیراق وه‌ك یه‌ك وایه‌ وڵاتی‌ خۆمانه‌، به‌ڵام تۆ له‌ ناوچه‌یه‌كدا بی‌ كه‌س و كار و برای‌ خۆتی‌ لێبێ‌ جیاوازه‌، خۆشتره‌ وه‌كو ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ شوێنێك بیت كه‌س نه‌ناسی‌، ئێمه‌ش پێمان خۆشه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ناو كه‌سوكارمان. 
عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان مردووه‌كانیان ده‌به‌نه‌وه‌ بۆ باشووری‌ عیراق 
م. جه‌لال جه‌وهه‌ر: هه‌ندێك خێڵ و تیره‌ و تایه‌فه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ لێره‌ هه‌ن تا ئێستا له‌ كه‌ركوك گۆڕستانیان نییه‌، ئێستاش عوبێدییه‌كان به‌ تایبه‌تی‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان كه‌ یه‌كێكیان لێ‌ ده‌مرێ‌ قه‌ت له‌ ناوچه‌ی‌ كه‌ركوك ناینێژن و ئه‌یبه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ به‌ هی‌ خۆیان ده‌زانن، مردووه‌كانیان ده‌به‌نه‌وه‌ بۆ تكریت و دۆر و به‌له‌د و ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ كه‌ به‌ ناوچه‌ی‌ ئه‌سڵی‌ خۆیانی ده‌زانن، ئه‌وه‌ش ده‌لیلێكه‌ كه‌ ئه‌وان ئه‌م ناوچانه‌ به‌ هی‌ خۆیان نازانن و دڵنیانیین كه‌ لێره‌ ده‌مێننه‌وه‌. 
عه‌ره‌بێكی‌ هاورده‌: ماده‌ی‌ 140 بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ هاتووه‌ له‌ كه‌ركوك به‌ تایبه‌تی‌ و به‌ عیراق به‌ گشتی‌، ئه‌و ماده‌یه‌ بۆ هه‌موو عیراقییه‌كانه‌ نه‌ك ته‌نیا بۆ كه‌ركوك، به‌ڵام ئێمه‌ كه‌ عه‌ره‌بی‌ هاورده‌ین و له‌لایه‌ن نیزامی‌ پێشووه‌وه‌ هێنراوین، پێمان خۆش بێت یان نا، به‌ڵام به‌ بڕیارێكی‌ تایبه‌ت هاتین، كه‌ بڕیاری‌ ماده‌ی‌   42 بوو، له‌ مجلیسی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕشی‌ گۆڕ به‌گۆڕه‌، به‌ڵێ‌ ئێمه‌ هاتین بۆ كه‌ركوك، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ هه‌ڵه‌ هێنراین، ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵه‌ بوو، ده‌بێ‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ راست بكرێته‌وه‌ و بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ شاره‌كانی‌ خۆمان، عیراق هه‌موو یه‌كه‌، به‌ڵام هاتنی‌ ئێمه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بۆ كه‌ركوك بڕیارێكی‌ هه‌ڵه‌بووه‌ و له‌ رووی‌ تۆبۆگرافییه‌وه‌، ده‌نا تۆ وه‌ك عیراقییه‌ك له‌ موسڵ داده‌نیشی‌، له‌ به‌غدا له‌ سلێمانی‌. به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ی‌ ئێمه‌ی‌ هێنایه‌ كه‌ركوك له‌لایه‌ن نیزام پێشووی‌ سه‌دامی‌ گۆڕ به‌ گۆڕه‌وه‌ بووه‌، ئه‌وه‌ نه‌ شوێنی‌ ئێمه‌یه‌ و نه‌ زه‌وی‌ ئێمه‌ بوو، ئێمه‌ ناچاركراین هێنراین بۆ كه‌ركوك. ده‌ی‌ وه‌رن ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ راست بكه‌نه‌وه‌، ئێمه‌ش ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ شاره‌كانی‌ خۆمان و له‌ناو كه‌س و كاری‌ خۆمان و له‌ سه‌ر زه‌وی‌ خۆمان داده‌نیشین. ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌كرێت به‌ پێی‌ ماده‌ی‌ 140 بماننێرنه‌وه‌ بۆ شوێنی‌ خۆمان و له‌وێ‌ زه‌ویمان پێبده‌ن و جێگا و رێگامان بۆ دابین بكه‌ن. 
هاورده‌یه‌كی‌ عه‌ره‌ب: به‌ نیسبه‌تی‌ ئێمه‌وه‌ خه‌ڵكانێكی‌ عه‌شایره‌ین و دابونه‌ریتمان هه‌موو شتێكمان له‌ پارێزگاكانی‌ باشووره‌، شوێنی‌ ئێمه‌ ئه‌وێیه‌، ئێمه‌ كه‌ هێنراوینه‌ته‌ ئێره‌ له‌ ناوچه‌ و مه‌مله‌كه‌تی‌ خۆمان دابڕێنراوین، ئێستا من كه‌س وكار و خزمانم له‌ شوێنی‌ خۆم ده‌ناسم، به‌ڵام نه‌وه‌كانمان ئه‌وه‌تا كه‌س وكار و خزمانی‌ خۆیان ناناسن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ شوێنی‌ خۆمان و بۆ ناو كه‌س وكاری‌ خۆمان. هه‌رچه‌ند عیراق هه‌مووی‌ یه‌كه‌ وئینشائه‌ڵڵا له‌ت نابێت و ئه‌من و ئاساییشی‌ بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. به‌ڵام ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ شوێن و زێدی‌ ئه‌سڵی‌ خۆمان.
هاورده‌یه‌كی‌ دیكه‌: عیراق هه‌مووی‌ یه‌كه‌ و كه‌ركوكیش شاری‌ برایه‌تی‌ كورد و عه‌ره‌ب و توركمان وئاشوورییه‌. به‌ڵام ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ماده‌ی‌ 140 جێبه‌جێبكرێ‌ به‌خێراترین كات. بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ش بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ناو كه‌سوكاری‌ خۆمان و خزمه‌كانمان له‌ شار و زێدی‌ خۆمان. ئه‌وه‌ش مافێكه‌ له‌مافه‌كانی‌ خۆمان. ئێستا ئێمه‌ له‌ زه‌مه‌نی‌ دیموكراتیداین.
ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ به‌عس نه‌ك عه‌ره‌بی‌ عیراقی‌ هه‌ندێك جار بۆ زیادبوونی‌ عه‌ره‌ب له‌ شاری‌ كه‌ركوكدا هانی‌ هه‌ندێك عه‌ره‌بی‌ وڵاتانی‌ دیكه‌یان داوه‌ بۆ نیشته‌جێبوونیان له‌و شاره‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان شاهیدی‌ راستییه‌كانن. 
چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كه‌ركوك ته‌نیا له‌ سایه‌ی‌ عیراقێكی‌ ئازاد و دیموكراتدایه‌ له‌ لایه‌ن هه‌موو پێكهاته‌كانی‌ عیراق خۆیانه‌وه‌ ده‌كرێت، ئه‌گه‌رچی‌ له‌یه‌كدانه‌وه‌ سیاسییه‌كانی‌ سه‌رده‌م له‌ ئاستی‌ ئاسته‌نگه‌كانی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كه‌ركوك ئاسوویه‌كی‌ به‌رچاو روونیان نییه‌، به‌ڵام ده‌كرێت رابردووی‌ دروست بووی‌ عیراق به‌ هه‌موو ئاڵۆزییه‌ سیاسییه‌كانی‌ بكه‌ینه‌ رێنماییه‌ك بۆ چاره‌سه‌ر كردنی‌ كێشه‌ی‌ كه‌ركوك كه‌ ئه‌مڕۆ ئاڵۆزترین فایلی‌ سیاسی‌ عیراقی‌ نوێیه‌. 

هاملتۆن به‌ڵایه‌كی‌ دیكه‌ بوو بۆ كه‌ركوكییه‌كان
د. عه‌بدوڵڵا عه‌لیاوایی: به‌داخه‌وه‌ هه‌تاوه‌كو ئێستا، ئه‌م ساته‌ وه‌خته‌ی‌ تێیدا ده‌ژین ده‌بینین چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ كه‌ركوك و ماده‌ی‌ 140 زۆر زۆر به‌ سستی‌ ده‌ڕوات، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رییه‌كی‌ زۆر خراپی‌ ده‌بێ‌ له‌ سه‌ر كه‌ركوك. ئه‌وه‌ی‌ راستی‌ بێت له‌ راپۆرتی‌ هاملتۆندا كه‌ركوك به‌ قومبه‌له‌یه‌ك داده‌نێ‌ و داوا ده‌كات مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوك دوابخرێت. من نامه‌وێت بچمه‌ ناو راپۆرته‌كه‌ و هه‌مووی‌ باس بكه‌م، به‌ڵام یه‌ك له‌ خاڵه‌ گرنگه‌كانی‌ باس ده‌كه‌م، مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوك به‌ نیسبه‌ت كورده‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ له‌ پشتی‌ په‌رده‌وه‌ جێبه‌جێی‌ ده‌كه‌ن، من له‌و بڕوایه‌دام سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ درێغی‌ ناكات بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ و پێویستیشه‌ درێغی‌ نه‌كات، به‌ڵام كاته‌كه‌ زۆر زۆر دره‌نگه‌، ده‌بوایه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد له‌ ساڵی‌ 2003 وه‌ هه‌وڵێكی‌ زۆر زۆر جیدی‌ بدایه‌ بۆ ئه‌و كه‌ركوكیانه‌ی‌ له‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ ده‌ژین و بیانگێڕنه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و له‌وێ‌ خانو وبه‌ره‌یان بۆ دابین بكه‌ن و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان بۆ دابین بكه‌ن. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و شته‌ له‌ ئاستی‌ پێویستدا نه‌بووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش مامه‌ڵه‌ی‌ حكومه‌تی‌ مه‌رگه‌زیش ئه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ باشه‌ نه‌بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك و له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌رانی‌ كه‌ركوك، به‌تایبه‌تی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ ئیراهیم جه‌عفه‌ری‌، به‌راستی‌ كاری‌ باشی‌ نه‌كرد بۆ كه‌ركوك، به‌ڵام ئێمه‌ نابێ‌ چاوه‌ڕوانی‌ حكومه‌تی‌ مه‌ركه‌زی‌ بین، به‌تایبه‌تی‌ له‌پاش لادانی‌ جه‌عفه‌ری‌، پارێزگاری‌ كه‌ركوك كورده‌، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن كورده‌، ده‌بێ‌ ئه‌وان بۆ خۆیان هه‌ستن به‌ كاره‌كان و ئیشی‌ بۆ بكه‌ن، نابێ‌ له‌ كه‌ركوك ململانێی‌ حزبی‌ هه‌بێ‌ كه‌چی‌ ئێمه‌ له‌خه‌ڵكی‌ كه‌ركوكی‌ ده‌بیستین ململانێی‌ حزبی‌ له‌و شاره‌دا له‌ قیمه‌دایه‌. ده‌بێ‌ ئه‌و شتانه‌ كۆتایی پێبهێنرێ‌ و كارێك بكرێ‌ و به‌رنامه‌یه‌كی‌ جیدی‌ بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ دابنرێ‌، چونكه‌ دواخستنی‌ ماده‌ی‌ 140 له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورددا نییه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بێت حكومه‌تی‌ عیراق له‌ زرووفێكی‌ خراپدایه‌ و لاوازه‌، ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ‌ خۆی‌ بگرێته‌وه‌ و به‌هێز بێت ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی‌ ئێستا به‌ نه‌رمی‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌یكه‌ن ئه‌و كاته‌ من له‌و بڕوایه‌دام قه‌ت قه‌ت به‌و شێوه‌ نه‌رمه‌ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ناكه‌ن.
د. جه‌بار قادر: راپۆرته‌كه‌ی‌ هامڵتۆن كه‌ ده‌رباره‌ی‌ كه‌ركوك بوو پڕ له‌ مه‌ترسی‌ بوو. ده‌قاوده‌ق ئه‌وه‌ بوو كه‌ توركیا و هه‌ندێك هێزی‌ تری‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ن ده‌یانویست. ته‌نانه‌ت ئێران و سوریاش به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان هه‌ر ئه‌وه‌یان ده‌ویست. به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كاردانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌بوو ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌مریكی‌ ده‌یتوانی‌ بڵێ‌ ئه‌مه‌ راوبۆچوونی‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكه‌، ئه‌مانه‌ ئامۆژگارییه‌ك ده‌كه‌ن، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ وه‌ربگیرێ‌، به‌س من پێم وایه‌ به‌خشكه‌یی ئه‌و راپۆرته‌ جێبه‌جێده‌كرێ‌ و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌موو كه‌سایه‌تییه‌ له‌و لیژنه‌یه‌و به‌پشتگیری‌ كۆمارییه‌كان و دیموكراته‌كان و ئه‌و هه‌موو كاره‌ی‌ كه‌ كردوویانه‌ هه‌روا راپۆرتێك نییه‌، به‌ڵكو له‌ستراتیژییه‌كه‌ی‌ بووشدا ته‌نیا دیوێكی‌ دراوه‌كه‌ی‌ پیشاندا تا ئێستا دیوه‌كه‌ی‌ تری‌ شاراوه‌یه‌، مه‌ترسی‌ من له‌وه‌دایه‌ ئه‌و دیوه‌ شاراوه‌یه‌ی‌ هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ بگرێته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ركوكه‌، مه‌سه‌له‌ی‌ فیدرالییه‌، مه‌سه‌له‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ داهاته‌كان و كانزاكانه‌، له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی‌ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ ده‌ستوردا، مه‌سه‌له‌ی‌ ریشه‌كێشكردنی‌ به‌عسه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ په‌یوه‌ندیان به‌كورده‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانن زیان بگه‌یه‌نن، واته‌ ئه‌مریكا ستراتیژییه‌تێكی‌ هه‌یه‌ رۆژ به‌ رۆژ گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردا دێ‌، له‌ باسی‌ پرۆژه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ مه‌زنه‌وه‌ بۆ پرۆژه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ تازه‌ و ئێستا باسی‌ پرۆژه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ تازه‌ش نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌ی‌ له‌ ستراتیژیه‌ته‌كه‌ی‌ بۆشدا باس ده‌كرا كه‌ مۆدێلێكی‌ دیموكراسی‌ بۆ عیراقی‌ نوێ‌ باسی‌ نه‌ماوه‌. من پێم وایه‌ خاڵی‌ هه‌ره‌ گرنگ بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی‌ كه‌ ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌ كۆنه‌په‌رسته‌كان له‌و ستراتیژیه‌ته‌یان كرد ده‌قاوده‌ق په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ به‌لای‌ ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ مه‌ترسی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ بوو رژێمێكی‌ دیموكراتی‌ و مۆدێلێك له‌ رۆژهه‌ڵاتدا مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێ‌ ئه‌وان گۆڕانكارییان به‌ سه‌ردابێ‌، هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ش له‌ بیر نه‌كه‌ین كه‌ بۆ ئه‌وان زۆر گرنگ بوو ئه‌و ستراتیژییه‌ دژی‌ ئێرانه‌، دژی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ ئێرانه‌ له‌ كه‌نداوه‌دا، ئه‌وه‌ خاڵێكی‌ گرنگه‌ به‌لایانه‌وه‌، به‌ڵام پێم وایه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ دیموكراسیه‌ت و هه‌ڵوێستی‌ توركیا له‌ ستراتیژییه‌كه‌ی‌ بۆش په‌یوه‌ندی‌ به‌كورد و دۆزی‌ كه‌ركوكه‌وه‌ هه‌یه‌ و كۆمه‌ڵێك شتی‌ تریش له‌ئارادا هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ گرێی‌ بده‌ین، بۆ نموونه‌ راپۆرتی‌ گروپی‌ قه‌یرانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، ئه‌وه‌ گروپێكی‌ زۆر گرنگه‌، ئه‌وانه‌ له‌ جێگای‌ خۆیدا له‌ كێشه‌كان ده‌كۆڵنه‌وه‌ و بڕیارده‌رانی‌ ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كان زۆر گوێ‌ له‌وه‌ خه‌ڵكانه‌ ده‌گرن و بۆ خۆیان زۆر له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادارین، ئه‌گه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ له‌گه‌ڵ راپۆرته‌كه‌ی‌ هامڵتۆن و له‌گه‌ڵ ستراتیژییه‌ته‌كه‌ی‌ بۆش و له‌گه‌ڵ وته‌كانی‌ بریمه‌ر له‌كتێبه‌كه‌ی‌ خۆیدا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك وتار له‌ رۆژنامه‌كاندا كه‌ هه‌موو باس له‌ كه‌ركوك ده‌كه‌ن و قوتكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو قونسوڵیه‌تی‌ به‌ریتانی‌ و ئه‌مریكی‌ له‌ كه‌ركوك، ئه‌مانه‌ هه‌موو به‌ یه‌كه‌وه‌ گرێ‌ بده‌ین من ترسی‌ ئه‌وه‌م له‌ دڵدایه‌ كه‌ پیلان و پرۆژه‌یه‌ك هه‌یه‌، گومانی‌ زۆرم هه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كوردابێ‌، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا تۆ ده‌بێ‌ ستراتیژی‌ خۆتت هه‌بێ‌ و چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ نه‌بی‌ خۆت بده‌یت به‌ ده‌ست قه‌ده‌ره‌وه‌ به‌ره‌و كوێت ده‌بات، تۆ پرۆژه‌كه‌ت چییه‌؟ به‌لای‌ منه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ خۆمان به‌ هاورده‌ی‌ عه‌ره‌به‌وه‌ خه‌ریك ده‌كه‌ین، خه‌ریكی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كوردبین بۆ كه‌ركوك، گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ قه‌زا و ناحییه‌كان كه‌ له‌كه‌ركوك دابڕاوه‌، ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌. كورد باڵاده‌ست بوو له‌كه‌ركوكدا، كه‌ زمانی‌ كوردی‌ باڵاده‌ست بوو له‌ كه‌ركوكدا، كه‌ شاره‌كه‌ سیمای‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ وه‌رگرته‌وه‌، من پێموایه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ هاورده‌یه‌ خۆی‌ هه‌ست ده‌كات له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی‌ زۆر غه‌ریبدایه‌ و ناچار ده‌بێ‌ بگه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ خۆی‌ بكات ئه‌ویش هه‌ر به‌وه‌ ده‌بێ‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌جێبهێڵێ‌ و بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زێدی‌ خۆی‌. 
د. عه‌بدوڵڵا عه‌لیاوایی: له‌و رۆژنانه‌دا ئه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ قه‌زێی‌ كه‌ركوك بكرێته‌ قه‌زێیه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ گه‌وره‌، به‌ راستی‌ زاڵمای‌ خه‌لیل زاد باڵیۆزی‌ ئه‌مریكایه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ركوك بكرێته‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، باوه‌ڕناكه‌م گوزارشت له‌ بۆچوونی‌ خۆی‌ بكات. یاخود بۆ ئه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌كات تاوه‌كو بزانێت هه‌ستی‌ خه‌ڵك چییه‌. له‌ هه‌مانكاتدا ده‌یه‌وێت ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ته‌رح بكه‌ن ته‌دمیركردن یاخود به‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كردنی‌ قه‌زێی‌ كه‌ركوك زۆر مه‌ترسیداره‌ بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان، یه‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ قه‌زێكه‌ له‌وێ‌ زۆر زۆر به‌ سستی‌ ده‌ڕوات، دووه‌م له‌وێ‌ هه‌ر بڕیارێك له‌ سه‌ر كه‌ركوك ده‌رچێ‌ قه‌تعییه‌، واته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ نییه‌. سێیه‌م مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان نوێنه‌ریان هه‌یه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌و نوێنه‌رانه‌ به‌هۆی‌ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ كاریگه‌ریان هه‌یه‌ و لێناگه‌ڕێن كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان. ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ باش نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌وه‌ كرا ئێمه‌ چی‌ بكه‌ین باشه‌؟ ئێمه‌ ده‌بێ‌ شه‌قامی‌ كوردی‌ بجوڵێنین و لێنه‌گه‌ڕێین سه‌ربگرێ‌، له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا و به‌ریتانیا زه‌مانه‌تێكی‌ سه‌د له‌ سه‌دمان بده‌نێ‌، زه‌مانه‌تێك به‌ نووسین نه‌ك به‌ قسه‌ی‌ ده‌می‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌ركوك بووه‌ قه‌زێیه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆمان. دیسانه‌وه‌ ئێمه‌ نابێ‌ یه‌كسه‌ر رازی‌ بین، به‌ ده‌ولیكردنی‌ قه‌زێی‌ كه‌ركوك به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورددا نییه‌. جگه‌ له‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوك به‌ ره‌زامه‌ندی‌ هه‌موو كوتله‌ سیاسییه‌كانی‌ عیراق چاره‌سه‌ر بووه‌، به‌ ماده‌ی‌ 140 كه‌واته‌ پێویست ناكات مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوك بكرێته‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌. 
مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوك و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ ئه‌و شاره‌ كوردستانییه‌ زیاتر له‌ له‌یه‌كدانه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێ‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ قابیلی‌ قبوڵ نییه‌، دۆڕاندنی‌ جارێكی‌ تری‌ ئه‌و شاره‌یه‌ كه‌ كورد ئومێدی‌ زۆریان له‌ سه‌ر بنیاد ناوه‌ و هه‌موو بێ ئومێدییه‌ك ئه‌گه‌ری‌ ئاڵۆزبوونی‌ كێشه‌كه‌ی‌ لێ‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و ئه‌و كات ئوباڵی‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌ ئه‌ستۆی‌ ده‌سه‌ڵاتداران و ئه‌و زلهێزانه‌ ده‌بێ‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت عیراق به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی‌ نادیاردا به‌رن بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ پرسی‌ خواسته‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد به‌ تایبه‌تی‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگرن. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵێوراوانی خه‌ڵاته‌كانی فیفا زه‌ بێسته‌كان به‌ بردنه‌وه‌ی جام و نازناو دیاریی ده‌كرێن یان ئاستی هونه‌ری؟ 25/9/2017
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP