وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ر چۆن ده‌ڕواننه‌ پرسی‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان؟
وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ر چۆن ده‌ڕواننه‌ پرسی‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان؟ ‌ 27/8/2017
ره‌وته‌كان
له‌گه‌ڵ هاتنه‌به‌ری‌ پرسی‌ ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان، وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ هه‌رێم، به‌ تایبه‌تیش ئێران و توركیا كه‌وتنه‌ خۆیان، له‌گه‌ڵ بوونی‌ جیاوازییه‌كانی‌ نێوانیشیان له‌سه‌ر رێگرتن له‌و هه‌نگاوه‌ی‌ كوردانی‌ باشوور، رێكه‌وتن. 
سه‌ردانه‌كه‌ی‌ لیوا محه‌مه‌د باقری‌، سوپا سالاری‌ ئێران بۆ توركیا كه‌ به‌ سه‌ردانێكی‌ مێژوویی‌ له‌ دوای‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ ساڵی‌ 1979وه‌ بۆ توركیا وه‌سفكرا، ده‌چێته‌ بۆته‌ی‌ ئه‌و جموجۆڵانه‌وه‌ و هه‌ریه‌ك له‌ تاران و ئه‌نقه‌ره‌ بۆ رێگرتن له‌ خواستی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردستان خستویانه‌ته‌گه‌ڕ.  
ئێران و توركیا له‌ سوریادا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ مانه‌وه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا جیاواز و ناكۆكن، به‌ڵام له‌ عیراق له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی‌ كورد و رێگرتن له‌ هه‌وڵه‌كانی‌ سه‌ربه‌خۆبوون و دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ هاوڕان و بگره‌ هاوپه‌یمانیشن.

ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ به‌ سوكایه‌تی‌ بۆ كورد داده‌نێن 
سه‌یرترین هه‌ڵوێست له‌باره‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردستان كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی‌ مشتومڕه‌كان له‌سه‌ر ریفراندۆم، لێدوانه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی‌ توركیا بوو. 
ئه‌ردۆغان پێیوایه‌، «دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ له‌باكووری‌ سوریا یان له‌ باشووری‌ توركیا، «سوكایه‌تییه‌ بۆ كورد».   
«هه‌ندێك قسه‌ له‌سه‌ر دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ ده‌كه‌ن، من پێموایه‌ ئه‌وه‌ سوكایه‌تییه‌ بۆ برا كورده‌كانمان، چونكه‌ بڕوام وایه‌ برا كورده‌كانمان بوار به‌ دامه‌زراندنی‌ قه‌واره‌یه‌كی‌ له‌وشێوه‌یه‌ ناده‌ن، جا له‌ باكووری‌ سوریا بێت، یان باشووری‌ توركیا»، ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ توركیایه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ خۆجێییه‌كان كردبووی‌.
هه‌ریه‌كه‌ و گۆرانی‌ بۆ له‌یلاكه‌ی‌ خۆی‌ ده‌ڵێت، ئه‌مه‌ش بۆ توركیا گونجاوه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌ردۆغان پێیوانییه‌ «وڵاته‌كه‌ی‌ رێگه‌ به‌ (په‌كه‌كه‌) و (یه‌په‌گه‌) نادات، ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ له‌ باكووری‌ سوریا دابمه‌زرێنن». 
ئه‌ردۆغان دركی‌ به‌وه‌كردووه‌ كه‌ كورد له‌ڕێی‌ دامه‌زراندنی‌ قه‌واره‌یه‌كی‌ له‌وجۆره‌، رێڕه‌وێك بۆخۆی‌ له‌پێناو گه‌یشتن به‌ رۆخی‌ ده‌ریای‌ ناوه‌ڕاست ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ كوردستانی‌ گه‌وره‌ له‌ ئاینده‌كی‌ دووردا به‌ زروره‌تێكی‌ گرنگ داده‌نرێت.
توركیا ترسی‌ له‌خۆی‌ هه‌یه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو رێڕه‌وه‌كان له‌پێناو رێگرتن له‌ دروستبوونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان ده‌گرێته‌به‌ر. 
دوایین هه‌وڵی‌ ئه‌و وڵاته‌ش، سه‌ردانه‌كه‌ی‌ مه‌ولود چاویش ئۆغڵۆ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ بوو بۆ به‌غدا كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ عیراقدا جه‌ختییان له‌سه‌ر پێویستی‌ پارێزگاریی‌ له‌ یه‌كێتی‌ و یه‌كپارچه‌یی‌ خاكی‌ عیراق كرده‌وه‌.
ئۆغڵۆ له‌گه‌ڵ ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراق، ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ به‌»هه‌ڵه‌» له‌قه‌ڵه‌مدابوو، پێشبینی‌ ئه‌نقه‌ره‌یشی‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌نجامنه‌دانی‌ پرۆسه‌كه‌وه‌ خستبووه‌ڕوو.    

كێشه‌ی‌ گه‌وره‌تر له‌ ناوچه‌كه‌دا دروست ده‌كات
لای‌ خۆیانه‌وه‌، ئێرانییه‌كان پێیانوایه‌ رێكخستنی‌ ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و هه‌وڵدان بۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردستان، كێشه‌ی‌ زیاتر له‌ ناوچه‌كه‌دا دروست ده‌كات و دۆخه‌كه‌ هێنده‌ی‌ تر به‌ره‌و ئاڵۆزبوون ده‌بات.
ئێران له‌ڕێی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ و وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌، هه‌ڵوێستی‌ رونی‌ خۆی‌ به‌رانبه‌ر به‌ ریفراندۆم و هه‌وڵی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ خستۆوه‌ته‌ڕوو. 
سوپاسالاری‌ ئێران له‌ سه‌ردانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ بۆ ئه‌نقه‌ره‌ و كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ باڵای‌ توركیا، پرسی‌ ریفراندۆمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ باسكردبوو، بگره‌ ریفراندۆم ته‌وه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ گفتوگۆكانیشی‌ بوو له‌گه‌ڵ توركه‌كان. 
باقری‌ پێیوابووه‌ «ریفراندۆمه‌كه‌ گه‌ر ئه‌نجام بدرێت، ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنی‌ زنجیره‌یه‌ك ته‌نگژه‌ و رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ له‌نێوخۆی‌ عیراق، له‌وه‌ش زیاتر كاردانه‌وه‌ی‌ نه‌رێنی‌ له‌سه‌ر وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ر دروست ده‌كات».

به‌غدا ریفراندۆم به‌ ناده‌ستوری‌ داده‌نێت 
حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ عیراق، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پرسی‌ ریفراندۆم ره‌تده‌كاته‌وه‌ و پێوایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێكه‌ له‌ عیراق و له‌ چوارچێوه‌ی‌ عیراقی‌ فیدراڵه‌، ده‌بێت هه‌نگاوی‌ تاكلایه‌نه‌ هه‌ڵنه‌نێت، بۆ پرسێكی‌ وه‌هاش پێویسته‌ بگه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ده‌ستوری‌ عیراق كه‌ له‌ ساڵی‌ 2005دا له‌لایه‌ن هه‌موو گه‌لی‌ عیراقه‌وه‌ ده‌نگی‌ له‌سه‌ردرا و په‌سه‌ندكرا.  
به‌غدا به‌ راشكاوانه‌ هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ به‌رانبه‌ر به‌ پرسی‌ ریفرندۆم له‌ هه‌رێم و دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردستان و جیابوونه‌وه‌ له‌ عیراق ده‌ربڕیوه‌. 
خودی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیران و نوسینگه‌ی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، چه‌ند جارێك به‌ فه‌رمی‌ قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كردووه‌ و به‌ ناده‌ستوری‌ و نایاسایی‌ له‌قه‌ڵه‌میانداوه‌.    
هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ عیراقی‌ فیدراڵدایه‌، به‌رپرسانی‌ به‌غدا خۆیان له‌ هه‌موان به‌له‌پێشتر ده‌زانن تا قسه‌ له‌سه‌ر پرسی‌ ریفراندۆم له‌ هه‌رێم بكه‌ن، فالح فه‌یاز راوێژكاری‌ ئاسایشی‌ نیشتیمانی‌ عیراق، یه‌كه‌م كه‌س و دوایین كه‌س نییه‌ كه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ راوبۆچوونی‌ خۆی‌ ده‌ربڕیوه‌. 
فه‌یاز ده‌ڵێت، «ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ به‌ نایاسایی‌ داده‌نرێت و دان به‌ ده‌ره‌نجامه‌كانیدا نانرێت». 
به‌ وته‌ی‌ راوێكاریی‌ ئاسایشی‌ نیشتیمانی‌ عیراق»هه‌نگاوێكی‌ له‌و جۆره‌ (رێكخستنی‌ ریفراندۆم) له‌گه‌ڵ ده‌ستوردا یه‌كناگرێته‌وه‌ و كێشه‌ی‌ نوێ‌ دروست ده‌كات». 
ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ حكوممه‌تی‌ عیراق، به‌پێویستی‌ ده‌زانێت، ناكۆكییه‌كان و كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ نێوان به‌غدا و هه‌رێم، له‌ڕێگه‌ی‌ دانوستانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، بۆ ئه‌و مه‌به‌ست وه‌ك ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات»به‌غدا ئاماده‌یه‌ دیالۆگ له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكات و هه‌موو كێشه‌كانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ فیدراڵ و هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكات». 
ریفراندۆم ده‌كرێت 
وابڕیاره‌ له‌ 25ی‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ داهاتوو، ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌نجام بدرێت، هه‌ریه‌ك له‌ تاران و ئه‌نقه‌ره‌ و به‌غداش، دژایه‌تی‌ خۆیان به‌رانبه‌ر به‌و هه‌نگاوه‌ ده‌ربڕیوه‌، واشنتۆنیش پێی‌ باشه‌ هه‌ولێر له‌ئێستادا ئه‌و هه‌نگاوه‌ هه‌ڵنه‌نێت و نجامدانی‌ پرۆسكه‌ بۆ كاتێكی‌ تر دوابخات. 
له‌به‌رانبه‌ردا ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، سورن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌واده‌ی‌ خۆیدا و دواخستنی‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌. 
هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌غدا كه‌ نه‌یانتوانی‌ رێككه‌وتنه‌ نه‌وتییه‌كه‌ی‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ 2014 جێبه‌جێبكه‌ن و نه‌وتی‌ هه‌رێم له‌ڕێی‌ كۆمپانیای‌ به‌بازاڕكردنی‌ نه‌وتی‌ عیراقی‌ (سۆمۆ)ه‌وه‌ هه‌نارده‌ بكه‌ن، له‌ئێستادا هه‌رێم به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ له‌ عیراق، له‌ڕێی‌ بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كانییه‌وه‌ نه‌وت بۆ به‌نده‌ری‌ جه‌یهانی‌ توركیا هه‌نارده‌ ده‌كات، و  پێیوایه‌ له‌وڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆیی‌ ئابوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مسۆگه‌ر بكات و سه‌ربه‌خۆیی‌ و دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستانیش زامن بكات.
كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا كه‌ زۆربه‌یان په‌یوه‌ندییان به‌ جێبه‌جێنه‌كردنی‌ ده‌ستوری‌ عیراقییه‌وه‌ هه‌یه‌، چاره‌سه‌رنه‌كراون و حكومه‌تی‌ فیدراڵیش له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوو بیانووی‌ ناجۆری‌ بۆ جێبه‌جێنه‌كردنیان هێناوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ كه‌ڵه‌كه‌بوونی‌ كێشه‌كان و چاره‌سه‌رنه‌كردنیان، ده‌بوو هه‌رێمی‌ كوردستان رێڕه‌وێكی‌ تر بگرێته‌وه‌ و سیاسه‌تێكی‌ جیاوازتر پیاده‌بكات.   
گه‌ر دروشمه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ و یه‌كپارچه‌ی‌ خاكی‌ عیراق بوبێتنه‌ بوكه‌ڵه‌ دارینه‌ و هیچ باڵنده‌یه‌ك سڵیان لێنه‌كاته‌وه‌، ئه‌وا ریفراندۆم و هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ و دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان، بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان باشترین رێگه‌چاره‌یه‌. 
گه‌ر قۆناغه‌كان گه‌یشتبێته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ له‌ نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ پشتیوانی‌ له‌ دروستبوونی‌ قه‌واره‌یه‌كی‌ تر له‌ خۆرلاهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست بكرێت و سیاسه‌ته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش وه‌ها بخوازن، ئه‌وا ریفراندۆم و هه‌نگاونان و به‌ره‌و جیابوونه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ عیراق، دروستترین رێڕه‌وه‌.
روخانی‌ رژێمی‌ به‌عس له‌ ساڵی‌ 2003 و به‌شداریی‌ كاریگه‌ریی‌ كورد له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عیراق و حكومه‌تی‌ عیراقی‌، پێگه‌ی‌ كوردی‌ له‌ عیراقدا پته‌وكرد و هێنده‌ی‌ تر دۆزی‌ كوردی‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ برد كه‌ ده‌كرێت به‌ تێپه‌ڕاندنی‌ قۆناغی‌ ئه‌نفال و كیمیاباران و قه‌تڵوعامكردنی‌ كوردان له‌ عیراق ناوببرێت. 
جه‌نگی‌ دژ به‌ رێكخراوی‌ به‌ناو «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌»یش، دۆخێكی‌ تری‌ له‌ناوچه‌كه‌دا دروستكرد و ناوچه‌كه‌ی‌ به‌ره‌و قۆناغێكی‌ نوێ‌ گواسته‌وه‌.
به‌شداریی‌ كورد له‌و جه‌نگه‌دا، هێنده‌ی‌ تر كوردی‌ به‌ جیهان ناساند و وایكرد زۆرێك سه‌ركرده‌ و گه‌وره‌ به‌رپرسانی‌ وڵاتان بێنه‌ هه‌رێم و له‌ هه‌ولێره‌وه‌ باس له‌شه‌ڕی‌ به‌گژداچوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و تیرۆره‌ بكه‌ن كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر  هه‌موو جیهان دروستكرد. 
هه‌نگاوه‌كانی‌ كورد بۆ پێشه‌وه‌ خێراتر بوون، سیاسه‌توانانی‌ كوردیش وێڕای‌ كرچوكاڵی‌ گه‌مه‌كردنیان له‌نێوخۆدا، تا ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌باشی‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ر مامه‌ڵه‌یان كردووه‌ و له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیش توانیویانه‌ سۆزی‌ جیهان به‌لای‌ گه‌لی‌ كورددا رابكێشن. 
بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین، له‌ئێستادا باشترین كاته‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم و هه‌نگاونان به‌ره‌و هێنانه‌دی‌ ئه‌و خه‌ونه‌ی‌ كه‌ تا دوێنێ‌ وه‌ك ته‌راویلكه‌یه‌ك له‌پێش چاوی‌ زۆربه‌مان ده‌رده‌كه‌وت. 
ئاماده‌كردنی‌: ئیدریس جه‌بار


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵێوراوانی خه‌ڵاته‌كانی فیفا زه‌ بێسته‌كان به‌ بردنه‌وه‌ی جام و نازناو دیاریی ده‌كرێن یان ئاستی هونه‌ری؟ 25/9/2017
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP