بۆردومانه‌كانی‌ سه‌ر شاری‌ ره‌قه‌ ده‌یان قوربانی‌ مه‌ده‌نیان لێده‌كه‌وێته‌وه‌
«هه‌سه‌ده‌»ش شاره‌كه‌ی‌ گه‌مارۆداوه‌ بۆردومانه‌كانی‌ سه‌ر شاری‌ ره‌قه‌ ده‌یان قوربانی‌ مه‌ده‌نیان لێده‌كه‌وێته‌وه‌ ‌ 28/8/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان
له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوو، له‌ ئه‌نجامی‌ بۆردومانی‌ فڕۆكه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆسه‌ر شاری‌ ره‌قه‌ی‌ سوریا، ده‌یان مه‌ده‌نی‌ كوژاون، هاوكات هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)ش چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ (داعش)یان له‌نێو شاره‌كه‌دا گه‌مارۆداوه‌ كه‌ به‌ مۆڵگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌ سوریادا داده‌نرێت. 
كۆڵۆنێڵ راین دیلۆن وته‌بێژی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌مریكا، بۆ  «ئاژانسی‌ فرانس پرێس»، ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر چڕكردنه‌وه‌ی‌ بۆردومانه‌كان بۆسه‌ر شاری‌ ره‌قه‌ كردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت، له‌ماوه‌ی‌ ته‌نیا یه‌ك هه‌فته‌دا زیاتر له‌ 250 هێرشی‌ ئاسمانی‌ كراونه‌ته‌ سه‌ر شاری‌ ره‌قه‌ و ده‌وروبه‌ری‌. 
هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌  مه‌ده‌نییه‌كانی‌ كردبێته‌ ئامانج، ته‌ئكیدیش له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی‌ پێویست ده‌كاته‌وه‌ بۆ خۆلادان له‌و زیانانه‌. 
هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ڕێی‌ بۆردومانه‌كانییه‌وه‌، پاڵپشتی‌ له‌و راوێژكارانه‌ ده‌كات كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ مه‌یدانی‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكراتن كه‌ له‌ لایه‌نه‌ كوردی‌ و عه‌ره‌بییه‌كان پێكدێت. 
ئه‌و هێزانه‌ له‌ هه‌فته‌ی‌ یه‌كه‌می‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردووه‌وه‌ چونه‌ته‌ نێو شاری‌ ره‌قه‌ی‌ سوریا كه‌ مۆڵگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ (داعش)ه‌ له‌ سوریا. 
ئاژانسی‌ «فرانس پرێس له‌ زاری‌ روانگه‌ی‌ سوریا بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ « له‌ بۆردومانی‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی‌ شاری‌ ره‌قه‌ كه‌ تائێستاش له‌ژێر چنگی‌ رێكخراوی‌ داعشدا ماون، 42 مه‌ده‌نی‌ كوژراون و 19یان منداڵن. 
پێشتریش وه‌ك ئاژانسه‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، له‌ بۆرردومانێحكی‌ تردا بۆسه‌ر گه‌ڕه‌كێكی‌ پڕ له‌ دانیشتوان له‌ ناوه‌ڕاستی‌ شاره‌كه‌، 27 كه‌س كوژراون. 
ده‌گوترێت، له‌ماوه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌كدا و له‌ ئه‌نجامی‌ بۆردومانه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆسه‌ر شاری‌ ره‌قه‌، 170 مه‌ده‌نی‌ كوژران و له‌و نێوه‌نده‌شدا 60 یان منداڵن. 
به‌ وته‌ی‌ رامی‌ عه‌بدوڵڕحمان به‌ڕێوه‌به‌ری‌ روانگه‌ی‌ سوریا بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ، به‌رزبوونه‌وی‌ه‌ی‌ ژماره‌ی‌ قوربانیانی‌ مه‌ده‌نی‌» بۆ ئه‌و بۆرده‌مانانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ده‌كرێنه‌ سه‌ر ئه‌و گه‌ڕه‌كانی‌ چڕی‌ دانیشتوان تێیاندا زۆر، به‌ تایبه‌تیش له‌ ناوه‌ڕاستی‌ شاره‌كه‌»، باسی‌ له‌ به‌ئامانجگرتنی‌ هه‌موو ئه‌و جێگه‌ و شوێنانه‌ كردووه‌ كه‌ تێیاندا جموجۆڵی‌ چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ (داعش) به‌دی‌ ده‌كرێت. 
وه‌ك رامی‌ عه‌بدولڕه‌حمان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ شه‌ڕه‌كان له‌ ناوه‌ڕاستی‌ شاره‌كه‌، به‌هۆی‌ بۆردومانه‌كانه‌وه‌ رۆژانه‌ هاولاتیانی‌ مه‌ده‌نی‌ ده‌بنه‌ قوربانی‌. 
بۆردومانه‌كان چڕده‌كرێنه‌وه‌ 
دیلۆن كه‌ له‌گه‌ڵ جیمس ماتیس وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا هاتبووه‌ عیراق، ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر ره‌چاوكردنی‌ ئه‌و ده‌نگۆیه‌ كردبۆوه‌ و ئاماژه‌ی‌ به‌ئه‌نجامدانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ به‌په‌له‌ كردبوو له‌ رووداوه‌كان. 
له‌ دوایین راپۆرتی‌ مانگانه‌ی‌ خۆیدا، هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ «كوژرانی‌ 624 مه‌ده‌نی‌ به‌بێ‌ ئه‌نقه‌ست له‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ له‌ عیراق و سوریا له‌ هاوینی‌ 2014وه‌» مه‌زه‌نده‌ كردووه‌، به‌ڵام رێكخراوه‌ مافپه‌روه‌ره‌كان پێیانوایه‌ ژماره‌كه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتر بێت. 
به‌ وته‌ی‌ ئه‌و شایه‌تحاڵانه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌ستی‌ رێكخراوه‌كه‌یان به‌جێهێشتووه‌، ناوه‌ڕاستی‌ شاری‌ ره‌قه‌ به‌راورد به‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ شاره‌كه‌، چڕی‌ دانیشتوان تێیاندا زیاتره‌، ئه‌وه‌ش هێنده‌ی‌ تر پرۆسه‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ ئاڵۆزكردووه‌، به‌ تایبه‌تیش كه‌ چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ «داعش» مه‌ده‌نییه‌كان وه‌ك «قه‌ڵغانی‌ مرۆیی‌» به‌كارده‌هێنن و رێگه‌ی‌ هه‌ڵاتنیان لێده‌گرن. 
شه‌ڕه‌كان له‌ئێستادا له‌ ناوچه‌كه‌ كۆنه‌كانی‌ شاره‌كه‌ چڕبونه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت  له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ درعیه‌ و به‌رید و غربا و ده‌وروبه‌ری‌ ناوه‌ڕاستی‌ شاره‌كه‌ و به‌شی‌ باشوور. 
دیلۆن ده‌ڵێت»له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی‌ شه‌ڕی‌ موسڵ، له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا بۆردومانه‌كانمان بۆسه‌ر شاری‌ ره‌قه‌ چڕكردووه‌ته‌وه‌».   
فڕۆكه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئه‌و ناوچانه‌ بۆدومان ده‌كه‌ن كه‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات هه‌وڵ ده‌ده‌ن پێشڕه‌وی‌ تێدا بكه‌ن. له‌ئێستاشدا نزیكه‌ی‌ 60%ی‌ ره‌قه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه‌ كۆنترۆڵكراونه‌ته‌وه‌، چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ «ده‌ وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌»یش  له‌ رووبه‌رێكدا له‌ ناوه‌ڕاستی‌ شاره‌كه‌ گه‌مارۆدراون كه‌ 10 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ تێناپه‌ڕێنێت.     
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ته‌ڵاڵ سه‌لۆ وته‌بێژی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات به‌ «فرانس پرێس»ی‌ راگه‌یاندبوو، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی‌ خاویی‌ شه‌ڕی‌ ره‌قه‌، پارێزگاریی‌ و پاراستنی‌ گیانی‌ مه‌ده‌نییه‌كان و خۆلادانه‌ له‌و زیانانه‌ی‌ به‌ر مه‌ده‌نییه‌كان ده‌كه‌ون. 
به‌ وته‌ی‌ سه‌لۆ، هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات رێڕه‌ویان بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی‌ مه‌ده‌نییه‌كان به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانیانه‌وه‌ كۆنترۆڵكراون. 
له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوو، ده‌یان هه‌زار مه‌ده‌نی‌ له‌ شاری‌ ره‌قه‌ هه‌ڵاتوون و زۆربه‌یان له‌ئێستادا له‌و ئۆردوگایانه‌دا نیشته‌جێن كه‌ ساناترین پێداویستیان بۆ دابین نه‌كراوه‌. 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاندووه‌ كه‌  تائێستا 25 هه‌زار كه‌سی‌ تر له‌نێو شاره‌كه‌دا گیرییان خواردووه‌. 
مه‌ده‌نییه‌كان رۆژانه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ شاره‌كه‌ هه‌ڵبێن، به‌ڵام رووبه‌ڕووی‌ مه‌ترسی‌ زۆر ده‌بنه‌وه‌ به‌هۆی‌ سه‌ختی‌ پێكداهه‌ڵپژانه‌كان و بۆردومانی‌ فڕۆكه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و قه‌ناس به‌ده‌سته‌كانی‌ داعش و ئه‌و مینه‌ چێنراوانه‌ی‌ له‌ شه‌قامه‌كان له‌لایه‌ن جیهادییه‌كانه‌وه‌ چێنراون. 
ئه‌بو محه‌مه‌د له‌ هه‌ڵمه‌تی‌ «ره‌قه‌ به‌بێ‌ ده‌نگی‌ سه‌رده‌بڕدرێت» كه‌ چه‌ندان چالاكوانی‌ تر له‌خۆده‌گرێت و له‌ئێستادا به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ده‌ركه‌وتووی‌ زانیارییه‌كان له‌باره‌ی‌ ره‌قه‌وه‌ داده‌نرێت، ده‌ڵێت»به‌هۆی‌ بۆردومانه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، چه‌ندان خێزانه‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ كوژراون و زۆرێكیش له‌وانه‌ی‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ سوریا له‌ ره‌قه‌ گیرسابونه‌وه‌، سه‌ریان لێشێواوه‌». 
به‌ وته‌ی‌ ئه‌بو محه‌مه‌د»به‌داخه‌وه‌ هیچ رێگه‌یه‌ك نییه‌ تا خه‌ڵكی‌ لێوه‌ی‌ خۆیان بپارێزن، ئه‌وه‌ی‌ له‌به‌رده‌ستیاندایه‌، دۆزینه‌وه‌ی‌ په‌ناگه‌یه‌كه‌ یان دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ شه‌قامه‌كان». 
فرانس پرێس له‌ زاری‌ سه‌رۆكی‌ گلاوپی‌ كاریی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ بۆ یارمه‌تی‌ مرۆیی‌ بڵاویكردبۆوه‌»خراپترین شوێن له‌مڕۆدا له‌ سوریا، ئه‌و به‌شه‌یه‌ كه‌ تائێستاش له‌ژێر چنگی‌ چه‌كدارانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامیدایه‌». 
به‌هۆی‌ جه‌نگی‌ ئه‌هلی‌ له‌ سوریا له‌ مانگی‌ ئاداری‌ 2011وه‌، تاوه‌كو ئێستا زیاتر له‌ 320 هه‌زار كه‌س كوژراون و زیاتر له‌ نیوه‌ی‌ دانیشتوانی‌ وڵاته‌كه‌ش له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا ئاواره‌بوون.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵێوراوانی خه‌ڵاته‌كانی فیفا زه‌ بێسته‌كان به‌ بردنه‌وه‌ی جام و نازناو دیاریی ده‌كرێن یان ئاستی هونه‌ری؟ 25/9/2017
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP