له‌ دیداری‌ دیموكراسی‌‌و مافی‌ چاره‌نـووسدا میوانه‌كان چییان وت؟
رەنگدانەوەی دیداری دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسین لە میدیاکاندا له‌ دیداری‌ دیموكراسی‌‌و مافی‌ چاره‌نـووسدا میوانه‌كان چییان وت؟ ‌ 22/9/2017
PUKmedia  18/9/2017
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا دیداری‌ دیموكراسی‌‌و مافی‌ چاره‌نووس له‌ سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌ چوو، زۆرێك له‌ به‌شداربوان باسیان له‌ گرنگی‌ ئه‌و جۆره‌ دیدارانه‌ كرد بۆ پته‌و  كردنی‌ تێڕوانین‌و بۆچوونه‌كان له‌ باره‌ی‌ پێدراوه‌ گۆڕاوه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌‌و جیهان‌و ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ش كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا دروست ده‌بن. له‌و دیداره‌دا كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ كه‌سایه‌تی‌ سیاسی‌‌و ده‌سته‌بژێری‌ رۆشنبیری‌‌و ئه‌ده‌بی‌‌و راگه‌یاندنكاری‌ عه‌ره‌بی‌‌و عیراقی‌ به‌شدار بوون‌و كاره‌كانیشی‌ دوو رۆژی‌ خایاند، چه‌ندان توێژینه‌وه‌ له‌ دانیشتنه‌كانی‌ سه‌ر له‌به‌یانی‌‌و ئێواره‌دا پێشكه‌ش كرا. دیداره‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ هاوئاهه‌نگییه‌كی‌ ته‌واو له‌ نێوان ئه‌وانه‌ی‌ بابه‌تیان پێشكه‌ش ده‌كرد‌و ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ قسه‌ به‌شدارییان ده‌كرد كرابوو، له‌ سه‌ره‌تای‌ هه‌ر دانیشتنێكیشدا بابه‌تی‌ فیكری‌ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌خرایه‌ روو.
نه‌جات ئه‌بوبه‌كر ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌تی‌ یاسادانانی‌ فه‌له‌ستین له‌ لێدوانێكدا بۆ PUKmedia وتی‌: یه‌كه‌م جاره‌ به‌شداری‌ دیداری‌ له‌م شێوه‌یه‌ ده‌كه‌م، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی‌ هه‌ستی‌ به‌ كۆمه‌ڵی‌ گه‌لی‌ فه‌له‌ستینه‌ كه‌ پشتیوانی‌ له‌ سه‌رجه‌م گه‌لانی‌ چه‌وساوه‌‌و سته‌م لێكراو ده‌كات، داوا له‌ كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌كه‌ین دادپه‌روه‌ر بن به‌رامبه‌ر به‌ مافه‌ ره‌واكانی‌ گه‌لی‌ كورد، هه‌ڵبه‌ت به‌ پێی‌ یاسا‌و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
عرێب ئه‌لره‌نتاوی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ قودس بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ به‌ پیوكه‌ی‌ میدیای‌ راگه‌یاند، ئێمه‌ وه‌ك دۆستێكی‌ هاوبه‌ش له‌ خه‌باتی‌ كورد له‌ پێناو دیموكراسی‌و مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنووسیندا قسه‌ ده‌كه‌ین، هه‌وڵمان دا له‌و دیداره‌دا به‌وپه‌ڕی‌ راستگۆیی‌و راشكاوانه‌ بابه‌ته‌كان باس بكه‌ین له‌ باره‌ی‌ مافی‌ چاره‌نووسه‌وه‌ كه‌ مافێكی‌ سروشتییه‌، هه‌ره‌وه‌ها بابه‌ته‌كه‌ له‌م بارودۆخه‌ی‌ ئێستادا‌و چۆنێتی‌ ده‌وڵه‌تی‌ داهاتوو كه‌ ده‌بێ سه‌رجه‌م رۆڵه‌كانی‌‌و پێكهاته‌كانی‌ بێ جیاكاری‌ له‌خۆ بگرێت‌و په‌رۆشیی بۆ مسۆگه‌ر كردنی‌ ئازادیی باس كران. عرێب ئاماژه‌ی‌  بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كه‌ تیرۆر له‌ وڵاته‌كانماندا ته‌نها به‌ هۆی‌ نه‌بوونی‌ رۆشنبیری‌‌و پڕۆژه‌ی‌ چاكسازی‌ رابوونانه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌كانمان‌و كۆمه‌ڵگه‌كانماندا بڵاو بۆته‌وه‌، ئێمه‌ زۆر به‌ په‌رۆش بووین كه‌ ئه‌م بۆچوونانه‌مان به‌ هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ برا كورده‌كانمان له‌ روناكبیران‌و سیاسه‌توانان باس بكه‌ین، به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ ئامانجمان پێشخستنی‌ گۆڕانی‌ به‌ره‌و دیموكراسی‌ بوو له‌ چوارچێوه‌ی‌ بابه‌تی‌ مافی‌ چاره‌نووسدا.
عه‌لی‌ سه‌عید عه‌لی‌ ئه‌ندامی‌ حزبی‌ شیوعی‌ سودان به‌ پیوكه‌ی‌ میدیای‌ راگه‌یاند، ئێمه‌ له‌ هه‌موو گه‌لانی‌ تر زیاتر به‌ ده‌ست مه‌سه‌له‌ی‌ مافی‌ چاره‌نووسه‌وه‌ ده‌ناڵێنین، هه‌موو ئه‌و حكومه‌تانه‌ی‌ حوكمیان كردووین، جا مه‌ده‌نی‌ بن یان سه‌ربازی‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بنه‌ماكانی‌ دیموكراسییان جێبه‌جێ نه‌كردووه‌، به‌و واتایه‌ی‌ كه‌ جه‌ماوه‌ر به‌شداری‌ له‌ بڕیاره‌كاندا بكات، به‌ تایبه‌تی‌ رژێمی‌ سه‌ربازی‌، كه‌ باری‌ نائاسایی سه‌پاندووه‌‌و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ كۆت‌و به‌ند ده‌خاته‌ سه‌ر دیموكراسی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ سه‌ندیكاكان‌و لاوان‌و ژنان، ئه‌مه‌ دۆخه‌كه‌یه‌‌و حزبه‌ راستڕه‌وه‌كانیش هه‌مان شت دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌، بیرمه‌ له‌ دوای‌ كوده‌تاكه‌ی‌ حوزه‌یرانی‌ 1989 كه‌ ئیخوان موسلیمین ئه‌نجامی‌ دا، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ حزبێكه‌ ئایدیۆلۆژیای‌ هه‌یه‌‌و جێ پێی‌ خۆیان فراوان كرد له‌ ژێر په‌رده‌ی‌ شه‌ریعه‌ی‌ ئیسلامیدا‌و به‌ زه‌بری‌ هێز، به‌ڵام نه‌ شه‌رع بوو نه‌ ئیسلام‌و ئه‌و یاسا‌و رێنماییانه‌ی‌ ئه‌وان ده‌ریان كرد ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ بوو به‌ ناوی‌ ئایینه‌وه‌ خه‌ڵك سه‌ركوت بكه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆرمان پشتگوێ خراوین‌و گه‌شه‌ كردن‌و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌‌و خزمه‌تگوزاریمان نییه‌، هیچ پشتیوانییه‌ك له‌ توانا مرۆییه‌كان ناكرێت. 
سه‌باره‌ت به‌ ئه‌زموونی‌ دارفۆر كه‌ سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست هێنا وتی‌: دارفۆر ئه‌زموونێكی‌ تاڵی‌ هه‌یه‌، له‌ رووی‌ مێژووییه‌وه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ سه‌رده‌مانێك سوڵتان نشینێك بووه‌ بۆخۆی‌‌و پاشان له‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌دا به‌ سودانه‌وه‌ لكاوه‌، كاتی‌ خۆی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌بووه‌‌و قه‌واره‌‌و سیستمی‌ خۆی‌ هه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ململانێكان تیایدا ته‌قینه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ پشتگوێ خراو بوو، لاوان داوایان كرد كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێت، حكومه‌ته‌كانیش هیچ وه‌ڵامیان نه‌بوو بۆیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ چه‌كیان هه‌ڵگرت‌و دژی‌ حكومه‌ت وه‌ستانه‌وه‌، حكومه‌تیش شه‌ڕی‌ له‌گه‌ڵ كردن، ئه‌وان هه‌رچه‌نده‌ سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌یان به‌سه‌ر سوپادا تۆمار كرد، به‌ڵام له‌ ساڵی‌ 2003دا به‌شیر خۆی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ هێرشێكی‌ كرد بۆ پاكتاو كردنیان.
حه‌ماده‌ فه‌راعنه‌ سه‌رۆكی‌ وه‌فدی‌ ئوردن كه‌ نووسه‌رێكی‌ سیاسییه‌ وتی‌: ئێمه‌ پشتیوانی‌ له‌ مافی‌ چاره‌نووس ده‌كه‌ین بۆ هه‌ر گه‌لێك، له‌و گه‌لانه‌ش گه‌لی‌ كورده‌ كه‌ بڕیاره‌ راپرسی‌ بكه‌ن، به‌شداریمان له‌ دیداره‌كه‌دا كرد‌و بیر‌وڕامان له‌گه‌ڵ برایانی‌ تری‌ به‌شداربوودا ئاڵوگۆڕ كرد له‌ باره‌ی‌ بابه‌ته‌كه‌وه‌. پێویسته‌ بڵێین گه‌لی‌ ئوردن له‌ چه‌ندان پێكهاته‌ی‌ جیاجیا پێكهاتووه‌ وه‌ك عه‌ره‌ب‌و چه‌ركه‌س‌و چیچان‌و كورد.
نور ئه‌لهودا زه‌كی‌ ژنه‌ راگه‌یاندنكار‌و سه‌رنووسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ ئه‌لعه‌ره‌بی‌ ئه‌لناسری‌ باسی‌ به‌شدارییه‌كه‌ی‌ خۆی‌ بۆ پیوكه‌ی‌ میدیا كرد‌و وتی‌: به‌شداریمان له‌م دیداره‌دا بۆ ئه‌وه‌ بوو له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری‌ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ بین كه‌ له‌ باره‌ی‌ مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنووسینی‌ كورده‌وه‌ ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئاگاداربوون‌و چاودێری‌ كردنی‌ ئه‌گه‌ری‌ دروستبوونی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان، ئه‌ركی‌ من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بزانم چی‌ روو ده‌دات، نه‌ك هه‌ڵوێست ده‌ربڕم. من له‌ میسره‌وه‌ هاتووم‌و میراتێكی‌ مێژوویی عه‌ره‌بیم پێیه‌، ئێمه‌ پاشخانێكی‌ فیكری‌‌و رۆشنبیری‌‌و ئایدیۆلۆژی‌ عه‌ره‌بیمان هه‌یه‌، ئێستاش له‌به‌رده‌م رووداوی وروژاندنی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ مافی‌ چاره‌نووسی‌ كورددا راوه‌ستاوین‌و بۆ ئه‌وه‌ نه‌هاتووین هه‌ڵوێستی‌ سیاسی‌ ده‌ربڕین، وه‌ك ئه‌ركی راگه‌یاندنكارێكی‌ ناسراویش لای‌ هه‌موان لێره‌ین. ئه‌مڕۆ زۆر خۆشحاڵم كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار سلێمانی‌ ده‌بینم، به‌ هه‌ولێردا تێپه‌ڕیم‌و حه‌زده‌كه‌م هه‌موو شتێك له‌ باره‌ی‌ دۆزی‌ كورده‌وه‌ بزانم، وه‌ك پێشتریش واقیعی‌ عیراقمان زانی‌ له‌ پێش‌و له‌ دوای‌ گه‌مارۆكه‌ش، به‌شداریم له‌ چه‌ند وه‌فدێكی‌ میسردا كردووه‌ كه‌ پێش رووداوه‌كانی‌ 2003 بۆ شكاندنی‌ گه‌مارۆكه‌ی‌ سه‌ر عیراق‌و گه‌له‌كه‌ی‌ هاتبوون، به‌ پێی‌ پیشه‌كه‌م‌و به‌و پێیه‌ش كه‌ سه‌ر به‌ عه‌ره‌بم گرنگی‌ به‌ واقیعی‌ عیراق ده‌ده‌م.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP