توركیا به‌رگری‌ موشه‌كی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ پته‌و ده‌كات
سیستمی‌ «ئێس 400»ی روسی‌ ده‌كڕێت توركیا به‌رگری‌ موشه‌كی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ پته‌و ده‌كات ‌ 22/9/2017
ره‌وته‌كان- 
فلادێمێر كۆجین راوێژكار و به‌رپرسی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ سه‌ربازی‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ روسیا ده‌ڵێت، وڵاته‌كه‌ی‌ رێكه‌وتنێكی‌ له‌گه‌ڵ توركیا ئیمزاكردووه‌ بۆ فرۆشتنی‌ موشه‌كی‌ «ئێس 400»ی‌ به‌رگری‌ ئاسمانی‌ به‌ ئه‌نقه‌ره‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا رێكه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت.  
له‌سایه‌ی‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌ ئیقلیمی‌ و هه‌ڕه‌شه‌ ستراتیژییه‌كان، توركیا به‌و هه‌نگاوه‌ ده‌یه‌وێت سیستمی‌ به‌رگری‌ موشه‌كی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ په‌ره‌پێبدات و ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌و كاره‌ش، به‌ بۆچوونی‌ یه‌حیا بوستان شرۆڤه‌كار له‌ رۆژنامه‌ی‌ «ستار»ی‌ توركی‌، به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی‌ ئه‌و سیتسمه‌یه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ وڵاته‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ ناتۆ، به‌و پێیه‌ی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ته‌كنه‌لۆجیاكه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ مه‌رجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ گرێبه‌سته‌كه‌ و توركیا ده‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ به‌سته‌ڵه‌كی‌ وابه‌سته‌بوونی‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ بواری‌ به‌رگریدا بشكێنێت.  
فلادێمێر كۆجین راوێژكار و به‌رپرسی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ سه‌ربازی‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ روسیا له‌ لێدانێكی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ ئاژانسی‌ «تاس»ی‌ روسی‌ رایگه‌یاندووه‌: «ئیمزامان له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كه‌ كردووه‌ و ئاماده‌كاریی‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ده‌كرێت، ئاشكراشه‌ سیستمی‌ ئێس 400 له‌ ئاڵۆزترین سیستمه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌ و زۆر خاڵی‌ گرنگ هه‌یه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌كاریی‌ بۆ ده‌كرێت». 
كۆجێن پێیوایه‌، هه‌موو بڕیاره‌كانی‌ تایبه‌ت به‌و گێبه‌سته‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌كانی‌ روسیادا ده‌گونجێن، بۆیه‌ درك به‌ هۆكاریی‌ به‌رچه‌كرداره‌كانی‌ هه‌ندێك له‌ وڵاته‌ خۆرئاواییه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن فشار بخه‌نه‌ سه‌ر توركیا. 
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی‌ توركیا له‌ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ كازاخستان به‌ رۆژنامه‌وانانی‌ راگه‌یاندبوو كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ روسیادا گه‌یشتووه‌ته‌ رێكه‌وتن بۆ كڕینی‌ سیستمی‌ ئێس 400ی‌ به‌رگری‌ ئاسمانی‌. 




توركیا له‌ ساڵی‌ 2010 كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئاشكرای‌ بۆ كڕینی‌ سیستمی‌ به‌رگری‌ ئاسمانی‌ ده‌ركرد، و له‌ كه‌مكردنه‌وه‌كه‌دا چوار كۆمپانیا له‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و روسیا و چین و ئیتاڵیا-فه‌رنساوه‌ به‌دشارییان تێدا كرد، به‌ڵام جگه‌ له‌ له‌ كۆمپانیای‌ CPMIECی‌ چینی‌ هیچ كۆمۆمپانیایه‌كی‌ تر خواستی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بوو ته‌كنه‌لۆجیای‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بگوازێته‌وه‌. بۆیه‌ توركیا ده‌ستی‌ به‌ دانوستان كرد له‌گه‌ڵ كۆمپانیا چینییه‌كه‌،به‌ڵام ئه‌و كۆمپانیایه‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ خواسته‌كانی‌ ئه‌نقه‌ره‌ی‌ له‌ بواری‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ته‌كنه‌لۆجیا به‌جێنه‌گه‌یاند و له‌ ساڵی‌ 2015دا دانوستانه‌كانی‌ كۆتاییان هات. 
كۆتایهێنان به‌ دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیا چینییه‌، وه‌ك شرۆڤه‌كاره‌ توركه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، وه‌ك هه‌لێكی‌ نوێ‌ بوو كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌خشییه‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، بۆیه‌ دانوستان له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام ئه‌و دانوستانانه‌ دووچاری‌ نشوست بوون له‌به‌رده‌م مه‌سه‌له‌ی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ته‌كنه‌لۆجیا كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌ پرسێكی‌ زۆر ستراتیژی‌ دایده‌نێت. 
یه‌حیا بوستان ده‌ڵێت،»به‌هۆی‌ ناسه‌قامگیری‌ ناوچه‌كه‌ و به‌ تایبه‌ت له‌ سوریا، توركیا ناچار بوو له‌و رووه‌وه‌ په‌له‌ بكات و دانوستان له‌گه‌ڵ روسیا بۆ كڕینی‌ سیستمی‌ ئێس 400ی‌ به‌رگری‌ ئاسمانی‌ ده‌ستپێبكات، له‌ئێستاشدا به‌پێی‌ لێدوانی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌ردوو وڵات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ رێكه‌وتن. 
ئه‌و سیستمه‌ به‌ ره‌چاوكردنی‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ په‌ره‌سه‌ندووه‌كانی‌، یارمه‌تییه‌كی‌ زۆری‌ توركیا ده‌دات كه‌ گرنگترینیان، پڕكردنه‌وه‌ی‌ كه‌لێنی‌ ئه‌منییه‌ و رۆڵی‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌كی‌ به‌هێز له‌ بواری‌ به‌رگری‌ ئاسمانیدا ده‌بینێت.
مه‌ودوای‌ موشه‌كه‌كانی‌ سیستمه‌كه‌ 400 كیلۆمه‌تره‌ و به‌رزییه‌كه‌ی‌ 30 كیلۆمه‌تره‌ و ده‌كرێت له‌ یه‌ك كاتدا ئاراسته‌ی‌ 36 ئامانج بكرێت. 
شرۆڤه‌ كاره‌ توركه‌كه‌ ده‌ڵێت، له‌ میانی‌ دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نی‌ روسیا، وه‌فدێكی‌ توركیا ئاماده‌ی‌ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵدانێكی‌ موشه‌كێكی‌  سیستمه‌كه‌ بوون و په‌سه‌ندییان كردووه‌. 
سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ره‌كانی‌ گرێبه‌سته‌كه‌ و گومانه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌، یه‌حیا بوستان ده‌ڵێت»كه‌ی‌ سیستمی‌ به‌رگری‌ ئاسمانی‌ ئێس 400 له‌ توركیا بڵاوده‌كرێته‌وه‌؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و پرسیاره‌ش پێویسته‌ وه‌ڵامی‌ چه‌ند پرسیارێكی‌ تر بزانین. ئایا روسیا موشه‌كه‌كان به‌ ئاماده‌كراوی‌ به‌ توركیا ده‌فرۆشێت، یان به‌رهه‌مێكی‌ تایبه‌ت ئاماده‌ ده‌كات؟ ده‌كرێت بڵێن، به‌رهه‌می‌ تایبه‌ت كاتێكی‌ زیاتری‌ ده‌وێت». 
هه‌ر به‌ وته‌ی‌ ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌، له‌گه‌ڵ بڵاوه‌پێكردنی‌ سیستمه‌كه‌، به‌كارهێنانی‌ له‌ ده‌ستی‌ سوپای‌ توركیادا ده‌بێت و پێویسته‌ هێزه‌كانی‌ توركیا له‌سه‌ر به‌كارهێنانی‌ راهێنان و مه‌شقییان پێبكرێت، ئه‌وه‌ش وه‌ك بوستان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، به‌ هه‌مان شێوه‌ كاتێكی‌ زیاتری‌ ده‌وێت. 
یه‌حیا بۆستان پێیوایه‌، له‌گه‌ڵ پرۆسه‌كانی‌ گواستنه‌وه‌ و به‌ستنی‌ سیستمه‌كه‌ كه‌ سیستمكێكی‌ به‌رگری‌ ئاسمانی‌ په‌ره‌سه‌ندووه‌، ده‌كرێت  پێشبینی‌ گه‌یشتنی‌ بكه‌ین بۆ توركیا له‌ ساڵی‌ 2019. 
بوستان ده‌ڵێت، كڕینی‌ ئه‌و سیستمه‌ موشه‌كییه‌ له‌ روسیا ره‌هه‌ندێكی‌ تری‌ هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ی‌ هه‌ندێك ده‌ڵێن سیستمكی‌ به‌رگری‌ ئاسمانی‌ ئێس-400 كاریگه‌ریی‌ نه‌رێنی‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ فشه‌ڵه‌كانی‌ توركیا و ئه‌مریكا ده‌بێت، به‌ڵام به‌ بۆچوونی‌ ئه‌و نوسه‌ره‌ توركه‌، پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ ده‌بینرێت، «چونكه‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ توركیا له‌ بواری‌ به‌رگری‌ واده‌كات په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ هاوتا بێت. ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی‌ ئه‌رێنی‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌بێت له‌گه‌ڵ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، گه‌ر له‌ مه‌ودایه‌كی‌ كورتیشدا نه‌بێت بۆ مه‌ودای‌ مامناوه‌ند و درێژخایه‌نه‌كان كاریگه‌رییه‌ ئه‌رێنییه‌كانی‌ ده‌رده‌كه‌ون». 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP