روسیا و ئێران، سوریا ئاوه‌دان ده‌كه‌نه‌وه‌
پرۆسه‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ روسیا و ئێران، سوریا ئاوه‌دان ده‌كه‌نه‌وه‌ ‌ 22/9/2017
ره‌وته‌كان- 
وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ روسیا پلانی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ 4 هه‌زار تۆن مه‌وادی‌ بیناسازیی‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ ژێرخانی‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان له‌ تیرۆریستان له‌ سوریادا راده‌گه‌یه‌نێت، میدیا فه‌رمییه‌كانی‌ ئێرانیش باس له‌و رێكه‌وتنانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تاران له‌گه‌ڵ دیمه‌شق بۆ چاككردنه‌وه‌ی‌ تۆڕی‌ كاره‌بای‌ سوریا ئیمزاكردووه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ جه‌نگی‌ ئه‌هلی‌ وڵاته‌كه‌ خراپوركرابوو. 
وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ روسیا رایگه‌یاندووه‌، روسیا زیاتر له‌ 4 هه‌زار تۆن مه‌واد و كه‌ره‌سته‌ی‌ بیناسازی‌ بۆ سوریا ره‌وانه‌كردووه‌ و ئامانج له‌و هه‌نگاوه‌ش، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌ كه‌ پێشتر له‌ژێر چنگی‌ گروپه‌ تیرۆریسته‌كاندا بوون. 
به‌پێی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ روسیا:»ئیداره‌ی‌ سه‌ربازی‌ روسیا له‌ئێستادا كار بۆ راده‌ستكردنی‌ ئه‌و مه‌واده‌ بیناسازییانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی‌ هێڵی‌ ئاسنینه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ به‌نده‌ری‌ نۆرڤۆروسیسكی‌ بكات و له‌ڕێی‌ ده‌ریاوه‌ به‌ره‌و سوریا بیانگوازێته‌وه‌».  
به‌پێی‌ ئاژانسی‌ «سپۆتنیك»ی‌ روسی‌، مۆسكۆ زیاتر له‌ 40 یه‌كه‌ی‌ كه‌ره‌سته‌ی‌ بیاسازیی‌ قورس كه‌ له‌ شۆفڵ و گرێده‌ر و ئامێره‌كانی‌ هه‌ڵكۆڵین و به‌رزكردنه‌وه‌ بۆ سوریا ره‌وانه‌ ده‌كات، تا ده‌ست به‌ پرۆسه‌كانی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ بكات، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ دوو هه‌زار تۆن بۆری‌ و مه‌وادی‌ كانزایی‌ تر بۆ چاككردنه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ ئاو، سه‌دان كیلۆمه‌تر ته‌لی‌ كاره‌با بۆ بۆ چاككردنه‌وه‌ی‌ وزه‌ و سیستمی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان، مه‌وادی‌ بیناسازی‌ بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌كان و خوێندنگه‌كان و كه‌رته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌و وڵاته‌دا ره‌وانه‌ ده‌كات.         
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، میدیا فه‌رمییه‌كانی‌ ئێران ئاماژه‌ به‌و رێككه‌وتنانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تاران له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ئیمزای‌ كردووه‌ له‌پێناو چاككردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ تۆڕی‌ كاره‌بای‌ سوریا، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ رۆڵی‌ ئابوری‌ هه‌ڵكشاوی‌ ئێران له‌پاش چه‌ند ساڵێك شه‌ڕ و ململانێی‌ سه‌ربازیی‌ له‌ سوریادا. 
ئاژانسی‌ ده‌نگوباسی‌ سوریا «سانا»ش ئاماژه‌ی‌ به‌ ئیمزاكردنی‌ یاداشتانه‌ی‌ لێكگه‌یشتنی‌ نێوان سوریا و ئێران كردبوو له‌ میانی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ وه‌زیری‌ كاره‌بای‌ سوریا بۆ تاران كه‌ به‌پێی‌ ئاژانسه‌كه‌، بنیاتنانه‌وه‌ی‌ وێستگه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با به‌ وزه‌ی‌ 540 مێگاوات له‌ پارێزگای‌ لازقیه‌ له‌خۆده‌گرێت.   
هه‌روه‌ها ئاژانسی‌ «سانا» رایگه‌یاندووه‌، رێككه‌وتنه‌كان «نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌»ی‌ سه‌نته‌ری‌ كۆنترۆڵی‌ سه‌ره‌كی‌ سیستمی‌ كاره‌بای‌ سوریا له‌ دیمه‌شق له‌خۆده‌گرێت. 
به‌ هه‌مان شێوه‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ وێستگه‌یه‌كی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با به‌ وزه‌ی‌ 90 مێگاوات له‌ پارێزگای‌ دێر ئه‌لزور ده‌گرێته‌وه‌. 
سوپای‌ سوریا و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا پێشكه‌وتن و پێشڕه‌وی‌ خێرایان له‌ دژی‌ چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» داعش له‌ پارێزگای‌ دێر ئه‌لزور و زۆر ناوچه‌ی‌ تری‌ وڵاته‌كه‌ به‌ده‌ستهێنا. 
ئاژانسی‌ ده‌نگوباسی‌ سوریا «سانا»له‌ زاری‌ محه‌مه‌د زوهێر خربوتلی‌ وه‌زیری‌ كاره‌بای‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌»حكومه‌تی‌ سوریا و وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با به‌و په‌ڕی‌ تواناوه‌ كار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ سیستمی‌ كاره‌با ده‌كات و له‌و كاره‌شدا هه‌نكاوه‌كانی‌ خێراتر ده‌كات.. كۆمپانیا ئێرانییه‌كانیش له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ سوریادا رۆڵیان ده‌بێت».
ئاژانسه‌كه‌ باسی‌ له‌و دوو گرێبه‌سته‌كه‌ش كردووه‌ كه‌ «یه‌كێكیان ره‌وانه‌كردنی‌ گروپه‌ غازییه‌كانه‌ به‌ وزه‌ی‌ 125 مێگاوات بۆ شاری‌ حه‌ڵه‌ب «. 
سوپای‌ سوریا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ له‌ ساڵی‌ رابردوودا به‌ ته‌واوه‌تی‌ شاری‌ حه‌ڵه‌بیان كۆنترۆڵ كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش گورزێكی‌ گورچكبڕ بوو كه‌ له‌ گروپه‌ توندڕه‌وێنه‌كان وه‌شێنرا.      
ستار مه‌حمودی‌ بریكاریی‌ وه‌زیری‌ وزه‌ی‌ ئێرانی‌ له‌ لێدوانێكیدا كه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ بڵاوكرابۆوه‌ رایگه‌یاندووه‌:»ئێمه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لی‌ سوریاداین بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌...روناكی‌ ده‌گه‌یه‌نینه‌ ماڵه‌كانی‌ سوریا». 
هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌، تاران سوره‌ له‌سه‌ر فراوانكردنی‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ دیمه‌شق بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ سوریا. 
له‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ رابردوو، حكومه‌تی‌ ئێران و قه‌واره‌ نزیكه‌كان له‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێرانی‌، ژماره‌یه‌ك گرێبه‌ستی‌ گرونگیان له‌ كه‌رتی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌كانزاكردن له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ئیمزاكرد. 
له‌ئێستاشدا كۆمپانیاكانی‌ ئێران له‌ زنجیره‌یه‌ك پرۆژه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با له‌ سوریادا كارده‌كه‌ن. ئێران ده‌یه‌وێت كاره‌با هه‌نارده‌ بكات له‌ڕێگه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ گه‌وره‌ترین تۆڕی‌ كاره‌با له‌ جیهانی‌ ئیسلامی‌ له‌ڕێی‌ به‌ستنه‌وه‌ی‌ تۆڕی‌ نیشتیمانی‌ ئێرانی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو تۆڕی‌ كاره‌بای‌ عیراق و لوبنان. 
له‌ مانگی‌ ئابی‌ رابردوو ئێران رایگه‌یاندبوو، له‌ چوار مانگی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌مساڵدا به‌ بڕی‌ 58 ملیۆن دۆلار كاڵاو كه‌لوپه‌لی‌ بۆ سوریا هه‌نارده‌كردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌راورد به‌ هه‌مان ماوه‌ی‌ ساڵی‌ رابردوو، به‌بڕی‌ 100%رووی‌ له‌ زیادبوو كردووه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP