له‌كوردستان كار بۆ دامه‌زراندنی بۆرسه‌ ده‌كرێت
له‌كوردستان كار بۆ دامه‌زراندنی بۆرسه‌ ده‌كرێت ‌ هه‌ولێر، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ 29/5/2012
له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی‌ ئابوری‌ كوردستاندا، بریاردرا به‌پێكهێنانی‌ لێژنه‌یه‌ك به‌مه‌به‌ستی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ كه‌ده‌بنه‌ هۆی‌ دامه‌زراندنی‌ بازاڕی‌ بۆرسه‌ له‌هه‌رێمی‌ كورستان به‌ناوی‌ (بازاڕی‌ هه‌ولێر بۆ كاغه‌زه‌كانی‌ دارایی).

به‌شداریی هاووڵاتیان
عوسمان شوانی‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئابوری‌ كوردستان، سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ پێشتر بۆچوونه‌كانی‌ به‌كوردستانی‌ نوێ راگه‌یاندبوو، دوای‌ دامه‌زراندنی‌ ئه‌و بازاڕه‌ چیتر یه‌ك كۆمپانیا ئه‌ركی‌ به‌رێوه‌بردنی‌ ته‌نیا پرۆژه‌یه‌ك ناگرێته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵكو هاووڵاتیانیش ده‌توانن له‌و بازاڕه‌ كڕین‌و فرۆشتن به‌پشكه‌وه‌ بكه‌ن.
وتیشی‌:(گرنگیه‌كی‌ دیكه‌ی‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆر ده‌ستاوده‌ست ده‌كات‌و جوڵه‌یه‌كی‌ زۆر ده‌خاته‌ بواری‌ دارایی‌و گه‌شه‌كردنی‌ ئابوورییه‌وه‌).
عوسمان شوانی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، دوای دامه‌زراندنی‌ بازاڕه‌كه‌ یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌چۆنیه‌تی‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌كڕین‌و فرۆشتنی‌ پشك داده‌رێژرێت، به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و یاسایه‌، كۆمپانیا گه‌وره‌كان‌و هاووڵاتیان ده‌توانن مامه‌ڵه‌ بكه‌ن.

ئارامیی بارودۆخ
هاوكات دلێر مه‌حموود بریارده‌ری‌ لێژنه‌ی‌ دارایی‌و ئابووری‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ڵێت:(كردنه‌وه‌ی‌ بازاڕی‌ بۆرسه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌نگاوێكی‌ باشه‌و كارێكی‌ پێویسته‌، بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ پێویستی‌ به‌دانانی‌ سسته‌مێكی‌ گونجاوه‌و ئیداره‌یه‌كی‌ رێكوپێكی‌ ده‌بێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی‌ هه‌موو كۆمپانیایه‌ك‌و هاووڵاتیه‌ك بتوانێت به‌شداری‌ له‌كڕین‌و فرۆشتنی‌ پشك بكه‌ن، به‌جۆرێك بێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ جوڵه‌یه‌كی‌ بازرگانی‌‌و ئابووری‌ باشتر له‌ئێستا بهێنێته‌دی‌.
ئه‌و پێیوابوو، ده‌بێت ئه‌و بۆرسه‌یه‌ بتوانێت كۆمپانیاكانی‌ ده‌ره‌وه‌ به‌شداری‌ پێ بكات، تاببێته‌ شوێنی‌ متمانه‌ی‌ خه‌ڵك‌و رووی‌ تێبكه‌ن، به‌و پێیه‌ی‌ له‌ئێستادا خه‌ڵكیی‌ كه‌متر متمانه‌ی‌ به‌بانكه‌كان هه‌یه‌.
سه‌باره‌ت به‌هۆكاری‌ نه‌بوونی‌ بۆرسه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا، بڕیارده‌ری‌ لێژنه‌ی‌ ئابووری‌‌و دارایی په‌رله‌مان وتی‌:(یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی‌ نه‌بوونی‌ بۆرسه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌بارودۆخه‌كه‌ له‌بار نه‌بووه‌، چونكه‌ بوونی‌ بۆرسه‌ یان بازاڕی‌ كاغه‌ز پێویستی‌ به‌سه‌قامگیری‌ ئابووری‌‌و ئه‌منی‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها بۆرسه‌ پێویستی‌ به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌كۆمپانیاكانی‌ ده‌ره‌وه‌ وه‌به‌رهێنانی‌ تێدا بكه‌ن‌و متمانه‌یان پێی هه‌بێت، ئه‌و بارودۆخه‌ش له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا كه‌متر به‌دیكراوه‌).

یاساكانی‌ قۆرغكاریی‌
لای خۆیه‌وه‌، شه‌مال نوری‌ ئه‌ندامی‌ لێژنه‌ی‌ رۆشنبیری‌ له‌سه‌ندیكای‌ ئابووریناسی كوردستان، بۆچوونه‌كانی‌ خۆی‌ سه‌باره‌ت به‌بۆرسه‌ خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، بۆرسه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ توندوتۆڵی‌ له‌گه‌ڵ بانكه‌كان‌و بازاڕو كۆمپانیاكان هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ بۆرسه‌وه‌ نرخه‌كانی‌ زێڕو پترۆڵ دیاری‌ ده‌كرێت، هاوكات له‌بۆرسه‌ به‌های دیناری‌ عیراقی‌ به‌رامبه‌ر به‌دراوه‌ بیانیه‌كان ئاشكرا ده‌كرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كاتێك كۆمپانیایه‌كی‌ گه‌وه‌ره‌ له‌ڕێگه‌ی‌ پشكه‌وه‌ به‌شێك له‌داهاته‌كه‌ی‌ ده‌فرۆشێت، ده‌بێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ هاووڵاتیان به‌شداربن له‌وه‌به‌رهێنانی‌ كۆمپانیاكاندا، به‌جۆرێك هاووڵاتی ده‌كرێته‌ كه‌سێكی‌ وه‌به‌رهێنه‌ر، نه‌وه‌ك ته‌نیا ببنه‌ كه‌سێكی‌ به‌كاربه‌ر ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێگی‌ گرنگه‌.
پێشیوابوو، (پێش ئه‌وه‌ی‌ بۆرسه‌ دروست بكرێت، پێویسته‌ یاساكانی‌ قۆرغكاری‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌موار بكرێته‌وه‌، بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ قۆرغكاری‌ له‌بازاڕ، نه‌وه‌ك ته‌نیا چه‌ند كۆمپانیایه‌ك سوودمه‌ندبن‌و بازاڕ قۆرغ بكه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ له‌بواره‌كانی‌ گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن یان بواری‌ نه‌وت‌و سوته‌مه‌نی‌، به‌ڵكو پێویسته‌ قۆرغكاریی‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك نه‌هێڵدرێ، بۆئه‌وه‌ی‌  كاتێك بۆرسه‌مان دامه‌زراند، رێگا بگیرێت له‌هه‌ره‌سهێنان‌و ئیفلاسبوون).
ئه‌و ئابووریناسه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری‌ حكومه‌ت له‌و بۆرسه‌یه‌ وتی‌:(بۆرسه‌ زیاتر له‌لایه‌ن كه‌رتی‌ تایبه‌ته‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌بردرێت‌و حكومه‌ت تێدا به‌شدار نابێت، به‌ڵام حكومه‌ت ده‌توانێ‌ چاودێر بێ‌و رێنمایی ئاڕاسته‌ی‌ بۆرسه‌كه‌ بكات‌و بپارێزێت‌و متمانه‌ی‌ پێبدات، چونكه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان تائێستا هاووڵاتیان كه‌متر متمانه‌یان به‌كۆمپانیاكان هه‌یه‌و له‌ئیفلاس‌و بێ مایه‌بوون ده‌ترسن، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌م قۆتاغه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم سه‌رپه‌رشتی‌ ئه‌و بازاڕه‌ بكات‌و ئاڕاسته‌ی‌ بكات، ئه‌ویش به‌هاوكاری‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت).
ئه‌و ده‌ڵێت:(به‌هۆی‌ بوونی‌ بۆرسه‌وه‌، كۆمپانیاكانیش داهاتیان به‌رز ده‌بێته‌وه‌، كاتێك له‌ڕێگای‌ فرۆشتنی‌ پشكه‌كان پاره‌یه‌كی‌ زۆری‌ ده‌ستده‌كه‌وێت، ئه‌وكاته‌ ده‌توانێ‌ كاری‌ كۆمپانیاكه‌ی‌ فراوان بكات، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌بینین كۆمپانیایه‌كی‌ زه‌به‌لاحی‌ جیهان دێن له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كار ده‌كه‌ن، چه‌ندین پشكی‌ فرۆشتووه‌، زۆر له‌ده‌وڵه‌مه‌نداكانی‌ ناو هه‌رێمیش به‌شداریان له‌پشكی‌ كۆمپانیاكانی‌ وڵاتان كردووە، ئه‌و كاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانمان ده‌توانن له‌ناوخۆی‌ هه‌رێم پشك بكڕن‌و پاره‌كانیان له‌ناو وڵاتی‌ خۆیان به‌كار بخه‌ن).
هه‌لی كار
لای خۆیه‌وه‌، عه‌بدولواحید ته‌ها له‌ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ هه‌ولێر وتی‌:(بوونی‌ بۆرسه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، زۆر گرنگه‌ بۆ كاری‌ بازرگانی‌‌و كڕین‌و فرۆشتنی‌ دراو و پشك، كاتێك بۆرسه‌ی دروست هه‌بێت، بازاڕێكمان ده‌بێت وه‌ك ئامرازێك بۆ كڕین‌و فرشتنی‌ پشكه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی‌ جوڵه‌ی‌ بازاڕو كڕین‌و فرۆشتن له‌ناو كۆمپانیاكان، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی‌ بازاڕێك بۆ كڕین‌و فرۆشتنی دراوی‌ كاغه‌ز، ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ واده‌كات هه‌رێمی‌ كوردستان ببه‌سترێته‌وه‌ به‌بازاڕه‌كانی‌ جیهان، وه‌ك بازاڕێكی‌ باوه‌ڕپێكراو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
وتیشی‌:(بوونی‌ بۆرسه‌ ده‌رفه‌تی‌ كار زیاتر ده‌كات، كاتێك هاووڵاتیه‌ك بڕێك پاره‌ی‌ هه‌بێت ده‌توانی‌ پشك له‌كۆمپانیایه‌كی‌ پشكدار بكڕێت، جگه‌ له‌قازانج نرخی‌ ئه‌و پشكه‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات كۆمپانیای‌ پشكدار زیاتربێت، چونكه‌ بازاڕی‌ بۆرسه‌ ده‌بێته‌ سه‌نته‌رێك بۆ به‌یه‌كگه‌یشتنی‌ هاووڵاتیان‌و كۆمپانیاكان، هاوكات به‌یه‌كگه‌یشتنی‌ كۆمپانیاكانی‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌).

ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP