بڕیارەكەی دادگای كارگێڕی لەبارەی دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە یاساییە؟
پەرلەمانتاران بۆچوونی خۆیان دەخەنەڕوو بڕیارەكەی دادگای كارگێڕی لەبارەی دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە یاساییە؟ ‌ هه‌ولێر، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ 27/3/2014
رۆژی 25/3، سەرۆكایەتیی كارگێڕیی دادگای هەولێر بڕیاری نەهێشتنی دانیشتنی كراوەی پەرلەمانی كوردستانی دەركرد، هاوكات بڕیاریدا سەرۆكی كاتیی پەرلەمان پابەندبێت بەدەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و لیژنەكانی پەرلەمان.
لەبارەی ئەو بڕیارەی دادگای كارگێڕیی هەولێرەوە، پەرلەمانتاران لەفراكسیۆنە جیاوازەكان بۆچوونەكانیان بۆ كوردستانی نوێ دەخەنەڕوو:
پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان
گۆران ئازاد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی سەوز بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند:  كارێكمان نەكردووە دادگای كارگێڕی بۆ ئێمەی راست بكاتەوە، واتە ئێمە نەمانوتووە هێشتنەوەی دانیشتنی پەرلەمان بەكراوەیی یاساییە تاكو دادگای كارگێڕی راستی بكاتەوەو بڵێ نایاساییە، بەڵكو ئێمە هەموومان وتوومانە هێشتنەوەی دانیشتنەكان بەمجۆرە نایاساییەو پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە.
پێشیوابوو، ئێستاش ئەگەر بمانەوێ ئەو دانیشتنە كراوەیە كۆتایی پێ بێت، دەبێت لایەنەكان رێككەوتنی پێشوویان هەڵبووەشێننەوە كاتێك داوایان لەسەرۆكاتیی پەرلەمان كردبوو بڕگەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی نەخاتە بەرنامەی كارەوە، تا ئەو كاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن، بۆیە پێویستە نووسراوێكی تر لەڕێگەی فراكسیۆنەكانیانەوە بدەنە سەرۆكی كاتیی پەرلەمان و بڵێن ئێمە نەگەیشتینە رێككەوتن، فەرموون ئێستا هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكەن، ئەو كاتە لەدەرەوەی تەوافوق كێ دەرچوو پێویستە هەموولایەك قبوڵی بكات، ئەوە تاكە دەروازەی دەرچوونی قانوونیە لەم بارودۆخەی پەرلەمان.
گرێكە لای سەركردایەتیی حزبەكانە
لای خۆیەوە، ئاری هەرسین ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: ئەو دادگا كارگێڕییە بۆی هەیە بڕیار دەربكات لەسەر ئیدارەی پەرلەمانی كوردستان لەبەڕێوەبەری گشتی تا فەرمانبەرانی ئاسایی ناو پەرلەمان، بەڵام بۆ بەشەكەی تری پەرلەمان كە بەشێكی سیادییە لەسەرۆكایەتی و ئەندامانی پەرلەمان پێكدێت، تەنها دادگای دەستووری بۆی هەیە بڕیاری لەو جۆرە دەربكات، بۆیە پێمانوایە لەدەسەڵاتی دادگای كارگێڕی نییە بڕیاری لەوجۆرە دەربكات.
وتیشی: ئەگەرچی بۆ دروستكردنی فشار لەسەر لایەنە سیاسییەكان بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پێشتر هەوڵی جواروجۆر دراوە، بەڵام گرێكە لای سەركردایەتیی حزبەكانە، نەك لای پەرلەمانتاران، لەنێو حزبەكانیشدا هەرسێ لایەنی (پاتی و گۆڕان و یەكێتی) بەرپرسیارێتییان دەكەوێتە سەرشان.
پشتگیریی لێدەكەین
هاوكات یوسف محەمەد سادق لەفراكسیۆنی گۆڕان بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئێمە لەفراكسیۆنی گۆڕان پشتگیری لەهەر بڕیارێكی لەو جۆرە دەكەین كە فشار دروست بكات تا لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت و ئەكتیڤكردن و كاراكردنی پەرلەمانی كوردستان بگەنە ئەنجام.
سەبارەت بەكاریگەریی بڕیارەكەی دادگای كارگێڕی وتی: نازانین كاریگەریی دەبێت یان نا، بەڵام پشتگیریی لێدەكەین.
هەرپەیوەست بەو بابەتەوە، فەخرەدین قادر لەفراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان وتی: دادگایەك بتوانێ لەبەرامبەر هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی (هەرێم و پەرلەمان و حكومەت) بووەستێ، بریتییە لەدادگا دەستووریی، بۆیە دادگای كارگێڕی شوێنی ئەو دادگا دەستوورییە ناگرێتەوە.
وتیشی: هەرچەندە ئێمە وەك فراكسیۆنی كۆمەڵ پشتگیری لەهەر هەوڵێكی یاسایی و سیاسی و مەدەنی دەكەین بۆ ئەوەی بەزووترین كات دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان پێكبهێنرێت و هەرێمەكەمان لەم قەیرانە رزگاری بێت، بەڵام لەدەسەڵاتی دادگای كارگێڕی نییە بڕیاری لەو جۆرە دەربكات و ئێمە بڕوامان پێی نییە، چونكە سەرۆكی كاتیی پەرلەمان تەنها بۆ 24 سەعات بووە، ئەوەی كراوە بەڕێككەوتن و ئیمزای فراكسیۆنەكان كراوە بۆ هێشتنەوەی كۆبوونەوەكان تا لایەنەكان رێكدەكەون.
ئەندامەكەی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشكرد، هەرلەبارەی ئەو بابەتەوە بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەبارەی پێكهێنانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم گفتوگۆ بكەن و هەڵوێستی كۆتایی خۆیان رابگەیەنن، پێموایە ئەوەیان هێزی زیاتری دەبێت لەبڕیارەكەی دادگای كارگێڕی.
بڕیارێكی یاسایی
لەبەرامبەردا، د.شێركۆ جەودەت لەفراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان وتی: پشتگیری لەو بڕیارەی دادگای كارگێڕی دەكەین و بە بڕیارێكی یاسایی دەزانین و پێمانوایە دواكەوتنی دانیشتنەكان زیانێكی گەورە بەژیان و گوزەرانی گەلەكەمان دەگەیەنێت، بۆیە بەهەموو توانایەكمان پشتگیری لێدەكەن و هیوادارین هەموو فراكسیۆنەكان پشتگیری لێبكەن تاكو بەزووترین كات كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت.
لەبارەی كاریگەریی ئەو دادگا كارگێڕییە لەسەر پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، د.شێركۆ وتی: ئەگەر یاسا سەروەر بێت و بنەما یاساییەكان پەیڕەوبكرێت، بێگومان ئەو بڕیارەی دادگای كارگێڕی كاریگەریی ئیجابی زۆر گەورەی لەسەر كارو چالاكییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەبێت.
دوای هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان لە21/9/2013 رۆژی 6/11ی هەمان ساڵ یەكەم دانیشتن بۆ 
سوێندخواردنی پەرلەمانتاران بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانەوە 
لەسەر پۆستەكان، نەتوانرا سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژادنی بۆ بكرێت، بۆیە بڕیاردرا دانیشتنەكە بەكراوەیی بمێنێتەوە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP