پەرلەمانتاران بڕگەو مادەكانی دەستوور لەبەرژەوەندی كوردستان بـــەكاربهێنن
نەهلە محەمەد كاندیدی ژمارە 20 لەلیستی 266ی یەكێتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران:‏ پەرلەمانتاران بڕگەو مادەكانی دەستوور لەبەرژەوەندی كوردستان بـــەكاربهێنن ‌ هه‌ولێر، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ 10/4/2014
نەهلە محەمەد سەعدوڵڵا ئەندامی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان و كاندیدی ژمارە 20 لە لیستی 266ی یەكێتیی نیشتمانیی ‏كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەهەولێر، وەك كادرێكی چالاك و یەكەم ژنە پەرلەمانتاری كوردستان لەپارێزگای هەولێر، لەوەڵامی ‏چەند پرسیارێكی كوردستانی نوێدا تیشك دەخاتەسەر بەرنامەی داهاتووی وەك كاندیدی ئەنجومەنی نوێنەران.‏

یەكەم ژنە پەرلەمانتار لەسنووری هەولێر
سەرەتا لەبارەی ئاستی خوێندن و ئەزموونی كاری سیاسی و پەرلەمانیی دەڵێت: دوای ئەوەی قۆناغەكانی خوێندنم لەهەولێر تەواوكرد، ‏لەكولێژی تەكنۆلۆجیا و پسپۆڕی كارەبا لەبەغدا درێژەم بەخوێندندا، دواتر وەك ئەندازیارێك دامەزرام و خزمەتی شارەكەم كرد، تا راپەڕینە ‏مەزنەكەی بەهاری 1991ی خەڵكی كوردستان، ئەوكاتەی دامودەزگاكانی بەعس لەشارەكانی هەرێم كشانەوە، پێویستی بەدامەزراندنەوەی ‏دامودەزگای ئیداری و یاسایی هەبوو، ئەوەبوو بەرەی كوردستانی بڕیاری هەڵبژاردنیدا ، توانرا یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 19/5/1992 ‏هەڵبژێردرێت و شەرەفی ئەوەم پێدرا لەسەر لیستی سەوزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ببم بەئەندامی یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستان.‏
نەهلە محەمەد وتیشی: رێژەی ژن لەیەكەم خولی پەرلەمانی كوردستان 7% بوو، كە 5 یان لە لیستی سەوزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‏بوون، خولی یەكەمی پەرلەمان بەگشتی توانی ئەركێكی زۆر جێبەجێ بكات، لەگەڵ ئەوەی خولی دامەزرێنەر بوو و چەندین كێشە و ‏ئاستەنگی هاتەپێش، بەڵام توانی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان لەبەرەی كوردستانی بگوازێتەوە بۆ حكومەت و دامودەزگای دامەزراوەیی.‏
لەبارەی شێوزای كاركردنی پەرلەمانتارانی خولی یەكەم وتی: خولی یەكەم بۆ خزمەتكردن و جێبەجێكردنی ئەركەكانی ئەو قۆناغە بوو ‏كەهەرێمی كوردستان زۆر پێویستی پێی بوو، لەو خولەی پەرلەماندا، جگە لەوەی پەرلەمانتاران رێزی تایبەتی هەبوو، چەندین یاسا و بڕیاری ‏گرنگیان دەركرد، كەدواتر بووە بنەمای حوكمڕانی.‏

باس لەوەرگرتنی
مووچەو ئیمتیاز نەدەكرا
هەر لەبارەی خولی یەكەمی پەرلەمانەوە، نەهلە محەمد وتی: لەخولی یەكەمی پەرلەماندا باس لەوەرگرتنی مووچە و ئیمتیاز نەدەكرا، ئەوكاتە ‏پەرلەمانتار تەنها 500 دیناری سویسری وەردەگرت، دواتر كرایە دوو هەزار دینار بەهەموو خەرجییەكانەوە، ئەمە لەكاتێكدا هەڕەشە لەسەر ‏ژیانی پەرلەمانتار هەبوو، بەجۆرێك رژێمی بەعس ئامادەبوو 10 هەزار دیناری سویسری بەهەركەسێك بدات بەوەی پەرلەمانتارێك بكوژێت.‏

وەكو پێوست نییە
لەبارەی رۆڵی ژن لەبەڕێوەبردنی ئیدارەو كاری پەرلەمانتارییەوە وتی: ئەگەرچی لەهەرێمی كوردستاندا ژن پۆستی جیاواز وەردەگرێت و رێژەكەیان ‏بۆ پەرلەمان بۆ 30% بەرزكراوەتەوە، بەڵام وەكو پێوست نییەو پۆستە باڵاكان و شوێنی بڕیاریان پێنادرێت، جگە لەو كەمتەرخەمییەش، ‏هێشتا كۆمەڵگاو خێزان غەدر لەڕەگەزی مێ دەكات و جیاوازی لەگەڵ رەگەزی نێر دەكەن. ‏
هاوكات لەبارەی ماف ‌و ئەركەكانی ژنان خوێندنەوەیەكی خراپ بۆ ئایین دەكرێ، ئەویش زیاتر لەلایەن ئیسلامی سیاسییەوەیە، ئەمانە ‏وایانكردووە ژنان بەهەستیارییەوە بێنە پێشەوە، لەگەڵ ئەوانەش نابێت ژنان و كچان سڵ لەو رێگریانە بكەنەوە، بەڵكو پێویستە بەردەوام بڕوایان ‏بەخۆیان بێت و بێنە ناو كۆمەڵگەوە، چونكە تا ژنان ئازاد و سەربەست نەبن، كۆمەڵگە پێش ناكەوێت، پێویستە ئەوەش بڵێین ئەمە لەكاتێكدا ‏لەكوردستاندا ژنی بەتوانا و لێهاتوو زۆرە، بەڵام پێویستیان بەپشتگیری و هاندانە، ئەگەر بەربەستەكانی كۆمەڵگەش مابێت، ئەوا پێویستە ‏قۆناغ بەقۆناغ هەنگاو بنێنین.‏

بەتەوافوق و رێكەوتنە
سەبارەت بەكاریگەری نووسەر و شاعیر دڵشاد عەبدوڵڵا وەك هاوسەر لەسەر كەسایەتی ‌و هاتنە پێشەوەی بۆ كاری سیاسی و پەرلەمان، نەهلە ‏محەمەد وتی: دڵشاد عەبدوڵڵا وەك هاوسەرێك لەهەموو روویەكەوە پشتگیر و هاندەری من بووە، لەڕێگای ئەوەوە توانیم بێمە ناو جیهانی ‏خوێندنەوە، هەر ئەو بووە هاندەرەم تاكو ببم بەئەندام پەلەمان، ئەو بەردەوام فێری ئەوەی كردووم كەبڕوا و متمانەم بەخۆم هەبێت، تەنها ‏منداڵەكانیشی بەمجۆرە پەروەردە كردووە، ئێستاش هەر بەهاندان و پشتگیری ئەو خۆم كاندید كردووە، تەنانەت لە دڵشاد عەبدوڵڵاوە فێری ‏كوردایەتی بووم.‏
لەبارەی خۆكاندیدكردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران كەئێستا بەژمارە 20 لەلیستی 266 ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرایكرد: ‏هەرچەندە كاركردن لەبەغدا بەبەراورد لەگەڵ هەرێمی كوردستان جیاوازە، لەوێ كارەكان بەدەنگدان نییە، بەڵكو بەتەوافوق و رێكەوتنە، تا ‏سەرۆك مام جەلال لەبەغدا بوو وەزعی كورد باشبوو، بەڵام دوای غیابی جەنابیان دەبینین ئێستا بارودۆخی هەرێم و بەغدا چۆنە، بۆیە ئەگەر ‏ئێمە سەربكەوین و متمانەی جەماوەری هەولێر بەدەستبهێنین، هەوڵدەدەین كێشەكان بەدیالۆگ و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێت.‏
وتیشی: پێموانییە هیچ گرژی و ئاڵۆزییەك بەهەڕەشە چارەسەر بكرێت، بەڵكو تاكە رێگا گفتوگۆ و دانیشتنە لەسەر مێزی گفتوگۆ، بۆئەمەش ‏پێویستە پەرلەمانتارانی كورد بگەڕێنەوە بۆ دەستوور و سوود لەمادەكانی ئەو دەستوورە وەربگرین، كەمافی زۆری بۆ كورد تێدایە، ئەمەش ‏پێویستی بەئەندامی بەتوانا ‌و لێهاتوو هەیە، كە لەئەندامانی لیستی سەوزی یەكێتیدا بەدیدیدەكرێ، تا بتوانن بڕگە و مادەكانی دەستوور ‏لەبەرژەندی كوردستان بەكاربهێنن و بیكەن بەبنەما بۆ دەركردنی یاساكان، هەروەك چۆن لایەنەكانی تری عەرەبی ئەو كارە دەكەن.‏
هەروەها خاڵێكی تری بەرنامەم ئەوەیە، دەبێ لەگەڵ میللەتەكەمدا شەفاف و راستگۆ بم، هەركارێك بكرێ رایدەگەیەنین و دەڵێین دەكرێ، ‏ئەگەریش نەكرێ، ئەوا بۆ خەڵكی كوردستانی ئاشكرادەكەین و نابێ هیچ شتێك لەهاووڵاتیان بشارینەوە.‏


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP