سه‌رۆك كۆمار: هه‌مووان هه‌وڵی نه‌هێشتنی جیاوازییه‌كان بده‌ین
له‌دیداری مێری-دا سه‌رۆك كۆمار: هه‌مووان هه‌وڵی نه‌هێشتنی جیاوازییه‌كان بده‌ین ‌ هه‌ولێر، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ 6/11/2014

د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌میانی به‌شدارییكردن له‌پانێڵێكی دیداریی مێریدا له‌هه‌ولێر، رایگه‌یاند: ئاشته‌وایی ته‌نها به‌لایه‌نێك ناكرێـت و پێویسته‌ هه‌مووان هه‌وڵی نه‌هێشتنی جیاوازییه‌كان بده‌ین.
پێشوازییكرد له‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم 
دوێنێ د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌هه‌ولێر پێشوازییكرد له‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
له‌و دیداره‌دا بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌ جیاجیاكانی سه‌رگۆڕه‌پانی سیاسی و ئه‌منی له‌وڵات، به‌تایبه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسیی چه‌ته‌كانی داعشی تیرۆریست له‌سه‌ر عیراق و ناوچه‌كه‌و گرنگی سوود وه‌رگرتنی وه‌به‌رهێنانی ئه‌و پشتیوانی و كۆمه‌كه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی كه‌ له‌ئارادایه‌  بۆ یارمه‌تیدانی عیراق له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی سه‌ربازی و مرۆیی، ته‌ئكیدیش كرایه‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی و گرنگیی ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان و پشتبه‌ستن به‌ده‌ستوورو رێككه‌وتننامه‌ سیاسییه‌كان.
له‌ته‌وه‌رێكی تری ئه‌و دیداره‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ند تاوتوێكراو پێویستی چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانیش دووپاتكرایه‌وه‌ به‌پێی پره‌نسیپه‌كانی ده‌ستوور به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ له‌خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌لی عیراقدا بێت به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌.
به‌شداریی له‌دیداری مێری-دا كرد
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، سه‌رۆك كۆمار گرنگیی به‌شداری هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی به‌گشتی دووپاتكرده‌وه‌ بۆ كاركردن له‌پێناوی به‌دیهێنانی ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی به‌شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی كه‌ ببێته‌ فاكته‌ری دابینكردنی ئاشتی و ئارامی له‌وڵاتدا.
ئه‌و دووپاتكردنه‌وه‌یه‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌باره‌ی ئاشتبوونه‌وه‌و ئاشتی له‌میانه‌ی وته‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بوو كه‌ له‌دیداری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ دیالۆگ و ئاشتبوونه‌وه‌ (مێری)-دا له‌هه‌ولێر پێشكه‌شیكرد له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌و دیداره‌ی كه‌ دامه‌زراوه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه‌ رێكیخستبوو.
سه‌رۆك فوئاد مه‌عسوم له‌وته‌كه‌یدا رۆشنایی خسته‌سه‌ر سروشتی بارودۆخی ئه‌مڕۆی وڵات و سروشتی ئه‌و كۆسپ و كێشانه‌ی  كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م پڕۆسه‌ی سیاسی، ئاماژه‌شی كرد بۆ ئه‌و هه‌وڵه‌ چڕوپڕه‌ی كه‌ ئێستا له‌ئارادایه‌ له‌پێناوی دانان و به‌رنامه‌یه‌كی كاری جدی به‌ئامانجی تێپه‌ڕاندن و كۆتاییهێنان به‌ كێشه‌كان له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ مه‌ترسی ئه‌منی كه‌ تیرۆر له‌سه‌ر كۆمه‌ڵی عیراق به‌هه‌موو چین و توێژو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ دروستی كردووه‌.
سه‌رۆك مه‌عسوم پێویستی سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی گه‌لانی روونكرده‌وه‌ له‌ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی و گرنگی ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی له‌به‌دیهێنانی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، دووپاتیشیكرده‌وه‌ یه‌كهه‌ڵوێستی نیشتمانی دژی توندوتیژی و تیرۆر به‌شێكه‌ له‌داخوازی و پێداویستییه‌كانی سه‌ركه‌وتنمان له‌م به‌رنگاربوونه‌وه‌یه‌دا، ئاشكراشیكرد، مۆرك و سروشتی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵی عیراقی تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌تی یه‌كێتی و یه‌كبوونی پێكهاته‌ جیاجیاكان له‌خۆده‌گرێت به‌و مانایه‌ی كه‌ كێشه‌و ناكۆكییه‌كان به‌زۆری مۆركی سیاسیان پێوه‌یه‌ زیاتر له‌وه‌ی په‌یوه‌ندیان هه‌بێت به‌ مه‌سه‌له‌ی تائیفی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه‌، راشیگه‌یاند: ئاشته‌وایی ته‌نها به‌لایه‌نێك ناكرێـت و پێویسته‌ هه‌مووان هه‌وڵی نه‌هێشتنی جیاوازییه‌كان بده‌ن، بۆئه‌مه‌ش پێویسته‌ سوود له‌ئه‌زموونی گه‌لان وه‌ربگیرێت و عیراق ده‌توانێت سوود له‌ئه‌زموونی رابردووی كوردستان وه‌ربگرێت.
پێشوازییكرد له‌ گوڵتان كشاناك
هه‌ر دوێنێ د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كوماری عیراق له‌هه‌ولێر پێشوازییكرد له‌ گوڵتان كشاناك هاوسه‌رۆكی شاره‌وانیی ئامه‌دو وه‌فدێكی هاوڕێی.
له‌ودیداره‌دا، دوای به‌خێرهاتنی وه‌فده‌كه‌، سه‌رۆك مه‌عسوم رووناكی خسته‌سه‌ر دوایین پێشهات و گۆڕانكارییه‌كان كه‌ناوچه‌كه‌ به‌خۆوه‌ی ده‌بینێت له‌ئاسته‌ جیاجیاكاندا به‌تایبه‌تی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه‌ به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی داعش و په‌لاماره‌كانی له‌عیراق و سوریادا دروستی كردووه‌.
سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌یكرد بۆ ئه‌و پشتیوانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی كه‌ئێستا له‌عیراق ده‌كرێت، ستایشی ئه‌و به‌رگری و مقاوه‌مه‌ته‌شی كرد كه‌ له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی عیراق و سوریادا ده‌كرێت له‌به‌رامبه‌ر چه‌ته‌كانی داعش كه‌ كۆبانێ بۆته‌ ره‌مزێكی ئه‌و مقاوه‌مه‌ته‌.
ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌داعش مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه‌و جیهان و هیچ ئامانجێكی ئایینی، مه‌زهه‌بی، نه‌ته‌وه‌ییشی نییه‌ ته‌نیا سیاسه‌تی كوشت و بڕو جینۆساید په‌یڕه‌و ده‌كات، بۆیه‌ تێكشكاندنی ئه‌و تاقمه‌ له‌هه‌رجێیه‌ك، سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ عیراق و ناوچه‌كه‌و جیهانیش.
سه‌رۆك مه‌عسوم گرنگیی لایه‌نی رۆشنبیریی و و په‌روه‌رده‌ییشی دووپاتكرده‌وه‌ بۆ ریشه‌كێشكردنی داعش و بیری توندڕه‌وی و ته‌كفیری له‌پاڵ هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌كاندا هاوكات چاودێریكردنی بانكه‌كانیشی وه‌ك رێگه‌یه‌كی تر خسته‌ڕوو بۆ وشككردنی سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی ئه‌و تاقمانه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا، وه‌فده‌كه‌ش سوپاسی پێشوازیی و میواندارییه‌كه‌یان كردو خۆشحاڵییان نیشاندا كه‌ تێكۆشه‌رێكی سه‌رده‌می خه‌بات دژی دیكتاتۆریی، ئێستا سه‌رۆك كۆماری عیراقه‌و له‌ڕێی ده‌ستووره‌وه‌ داكۆكی ده‌كات له‌ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤ و دابینكردنی ئاسایش و ئارامی له‌عیراقدا.
چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، له‌پانێڵی كۆتایی دیداری مێری-دا له‌هه‌ولێر به‌ناوی (هه‌رێمی كوردستانی عیراق و نا سه‌ربه‌خۆیی سیاسی یان سه‌ربه‌خۆیی ئابووری)، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم به‌شداریی كرد.
له‌و پانێڵه‌دا، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت وتی: ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا نه‌توانین رێكبكه‌وین و عیراق به‌مجۆره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكات، ره‌نگه‌ ئه‌م وڵاته‌ سه‌رنه‌كه‌وێت، هه‌رچه‌نده‌ كوردستان هه‌میشه‌ وتوویه‌تی ئه‌و لایه‌نه‌ نابین له‌عیراق جیابینه‌وه‌، به‌ڵام ناتوانین به‌ڵێن بده‌ین كه‌عیراق له‌ئێمه‌ جیانابێته‌وه‌. وتیشی: بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، یه‌كه‌م هه‌نگاو بوو له‌لایه‌ن عیراقه‌وه‌ كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان جیابێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستاش هیوادارین به‌م كه‌ش و هه‌وا تازه‌و به‌م حكومه‌ته‌ تازه‌یه‌ هه‌ڵه‌كانی پێشوو دووباره‌ نه‌كرێنه‌وه‌و كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ین، راشیگه‌یاند: سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌و نابێت واسه‌یربكرێت كه‌ له‌زیانی عیراقه‌، پێویسته‌ هه‌رێم بارگرانی له‌سه‌ر عیراق نه‌هێڵێت و به‌نه‌وتی خۆی پێداویستییه‌كانی دابین بكات، كه‌ئه‌وه‌ نابێته‌ كێشه‌، به‌ڵكو چاره‌سه‌ره‌، به‌ڵام پێویستی به‌ڕێككه‌وتنه‌، وتیشی: حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌ركردایه‌تیی كوردستان به‌ئاشكرا وتوویانه‌ ده‌رفه‌ت به‌حكومه‌تی تازه‌ ده‌ده‌ین، تاكو قه‌ناعه‌تمان پێبكات كه‌سیاسه‌تێكی تازه‌ی هه‌یه‌ و نیه‌تێكی نوێی هه‌یه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكات. ئه‌وه‌شی وت: وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یه‌ بچێته‌ به‌غداو ده‌بێت گفتوگۆ ده‌ستپێبكاته‌وه‌، وتیشی: پێویسته‌ گفتوگۆبكه‌ین و له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنێكی نوێ و ده‌ستووری عیراقدا ده‌بێت رێكبكه‌وین، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدایه‌و چه‌ند بژارده‌یه‌كمان له‌به‌رده‌سته‌.



ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP