په‌شیمانی‌، ئاوڕێك له‌ڕابردو
په‌شیمانی‌، ئاوڕێك له‌ڕابردو ‌ 1/1/2017
به‌نگینه‌ پیرۆت نوری‌  
 به‌هاتنی‌ ساڵی‌ نوێ‌، هه‌نگاوێكی‌ تر له‌ژیان و ته‌مه‌نمان ده‌چێته‌ پێش و ئاوڕێكیش له‌ڕابردوو ده‌ده‌ینه‌وه‌ له‌كوێ‌ وه‌ستاوین و له‌كوێش ده‌ست پێبكه‌ینه‌وه‌، له‌كوێ‌ و له‌چی‌ و بۆچی‌ ئه‌و كاره‌ی‌ كردومانه‌ لێی‌ په‌شیمانین و مرۆڤ ده‌بێ‌ چی‌ بكات ئه‌وه‌ی‌ ده‌یكات لێی‌ په‌شیمان نه‌بێته‌وه‌؟
«له‌ژیانی‌ خۆم په‌شیمان نیم، كاره‌ باشه‌كانم دڵخۆشیان كردوم و وایان لێكردوم داد و بێداد له‌هیچ شتێك نه‌كه‌م و ئه‌زمونم له‌هه‌ڵه‌كانم وه‌رگرتوه‌» سۆزان محمد كه‌ لێشم پرسی‌ «ده‌بێ‌ مرۆڤ چی‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌شیمان نه‌بێته‌وه‌؟ ئه‌و كه‌ ڕوانگه‌یه‌كی‌ ئاینی‌ هه‌یه‌ پێیی‌ وایه‌: به‌یانی كه‌ له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستی‌، وای‌ دابنێ‌ دوا ڕۆژی‌ ژیانته‌ چێژ له‌هه‌موو شتێك وه‌ربگره‌ تا له‌ هیچ شتێك په‌شیمان نه‌بیت.
ئه‌حمه‌د عومه‌ر پێچه‌وانه‌ی‌ سۆزان له‌به‌ریتانیاوه‌ ده‌ڵێ‌: په‌شیمانم له‌وه‌ی‌ خوێندنم ته‌واو كرد، ته‌مه‌نێكم به‌دیار وانه‌ وشكه‌كانی‌ خوێندنه‌وه‌ له‌ده‌ست چوو كه‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌ده‌هێنا خۆی‌ بۆ هیلاك بكه‌یت»
«له‌هیچ په‌شیمان نیم، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و بیر و باوه‌ڕه‌ كورداتیه‌ی‌ له‌هه‌رزه‌كاریه‌وه‌ هه‌ڵمبژاردوه‌» جه‌مال شارباژێری‌ ئه‌وه‌شی‌ گوت: ده‌شێ‌ له‌تافی‌ لاویدا هه‌ڵه‌م كردبێت ئێستا لێیی‌ په‌شیمانم ئه‌ویش مه‌ی نۆشی‌ بوو له‌پێناو ئه‌و كه‌سه‌ی‌ خۆشم ویست و له‌خۆش ویستنی‌ په‌شیمان نیم و تا ئه‌م چركه‌یه‌ش خۆشم ده‌وێ‌، ئێستا ئه‌و نه‌نكه‌ و من باپیرم، به‌داخه‌وه‌ بۆیه‌ك نه‌بووین.
شانازیش په‌شیمانه‌، ئه‌و ده‌ڵێ‌ «په‌شیمانم له‌ژیان، كه‌ ده‌ژین و ژیان ناكه‌ین، په‌شیمانم له‌عه‌شق، كه‌ ته‌نها ده‌مامكێك بوو ڕوپۆشی‌ حه‌زیان پێكرد و له‌ژێر ناوی‌ عه‌شق ڕه‌قیان پێ فرۆشتین. شاناز ده‌ڵێ‌ ناوم شانازه‌، نازانم شانازی‌ به‌چی‌ خۆمه‌وه‌ بكه‌م! بۆیه‌ په‌شیمانم له‌خۆم كه‌ هیچ كات بۆ خۆم نه‌ژیاوم، ئه‌و خانمه‌ كه‌ له‌خوێندن په‌شیمانه‌، پێی‌ وایه‌:له‌و خوێندنه‌ په‌شیمانم كه‌ ئێستا په‌شیمانیه‌كانمی‌ پێ‌ ده‌نوسمه‌وه‌. ئه‌وه‌شی‌ ووت :ده‌زانم خه‌مخۆرێك نیه‌ به‌ڕۆح بمخوێنێته‌وه‌ و به‌دڵ ده‌ستم بگرێت دووباره‌ ڕێگه‌كان نه‌مبه‌نه‌وه‌ ماڵی‌ په‌شیمانی‌.  كه‌ پرسیشم «ئه‌و كاره‌ی‌ كردوته‌ كه‌ لێی‌ په‌شیمان نیت؟ پێیی‌ گوتین «ته‌نها په‌شیمان نیم له‌و تاقیكردنه‌وانه‌ی‌ هاتنه‌ ڕێگه‌م و تێیدا خودام نه‌دۆڕاند و باجه‌كه‌ی‌ له‌گۆڕنانی‌ ویژدانم نه‌بووه‌.
له‌كه‌ركوكه‌وه‌ ئاوێزان نوری‌ باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ «خوێندكارێكی‌ زیره‌ك بووم به‌ڵام خوێندنم ته‌واو نه‌كرد. پێچه‌وانه‌ی‌ ڕاكانی‌ ترخۆزگه‌ی‌ ته‌واو كردنی‌ خوێندنی‌ هه‌یه‌ «زۆر په‌شیمانم له‌كات و زه‌مه‌نی‌ خۆیدا خوێندنه‌كه‌م ته‌واو نه‌كرد. ئاوێزانی‌ شاعیر ئه‌وه‌شی‌ ووت «مرۆڤ به‌ قۆناغه‌كاندا گوزه‌ر ده‌كات،هه‌رچیه‌ك كردبێتم و بڕیارم لێی‌ دابێت،په‌شیمان نیم كه‌ دواجار ئه‌زمونێكی‌ سه‌ركه‌وتو  بون  بۆ من.
خوێندكارێكی‌ زانكۆش ده‌ڵێ‌ «شتی‌ بچوك هه‌یه‌ كه‌ له‌ڕابردودا ئه‌نجامم داوه‌ ئێستا پێم وایه‌ هه‌ڵه‌ بووم، به‌ڵام لێی‌ په‌شیمان نیم چونكه‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌ كاریگه‌ریان نه‌بووه‌ له‌سه‌ر ژیانی‌ ئێستام. كامه‌ران عسمان كه‌ له‌گۆڕینی‌ به‌شه‌كه‌ی‌ له‌یاساوه‌ بۆ ئه‌ندازیاری‌،په‌شیمان نیه‌ پێی‌ وایه‌ كارێكی‌ باشی‌ كردوه‌،كه‌ كاریگه‌ری‌ باشی‌ ده‌بێ‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی‌. ئه‌و پێشی‌ وایه‌ «دیراسه‌ كردنی‌ هه‌ر كارێك به‌ر له‌ئه‌نجامدانی‌ هۆیه‌كی‌ گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ مرۆڤ په‌شیمان نه‌بێت له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌نجامی‌ ده‌دات.
«له‌وكاته‌وه‌ خۆم به‌ به‌رپرسیار ده‌زانم له‌شتێك په‌شیمان نیم. چونكه‌ مرۆڤ كاتێك به‌رپرسیاره‌ كه‌ خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌ی‌ ئازادانه‌ی‌ خۆیه‌تی‌، له‌هه‌مانكاتیشدا، كۆیله‌ی‌ كلتور، نه‌ریت، دین و خێزان و تاد...له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویست ناكات په‌شیمان بێت. محمود عه‌بدوڵا  ڕای‌ وایه‌: زۆر شت مرۆڤ ده‌توانێت بیكات بۆ ئه‌وی‌ په‌شیمان نه‌بێته‌وه‌، گرنگترینیان بیركردنه‌وه‌ی‌ ئازدانه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م ئه‌رك خۆ ڕۆشنبیر كردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ژینگه‌ و كلتور و نه‌ریت و دینه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌شیمان نه‌بیته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌یكه‌یت.
«هه‌موو ته‌مه‌نم به‌په‌ستی و شكاوی گوزراندوه‌، بۆیه‌ ژیانكردنم جگه‌ له‌په‌شیمانی‌ هیچ به‌رهه‌مێكی‌ تری‌ نه‌بووه‌،گه‌نجیه‌تیشم سه‌فه‌رێكه‌ تامردن» ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ ئه‌و خانمه‌ بوو خۆی‌ به‌ئاواز ناساندو ووتیشی‌ :قسه‌ كردنم له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌م خه‌می‌ قوڵم بۆ دروست ده‌كات چونكه‌ دره‌نگ ئه‌وم ناسی‌» له‌وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ ئه‌و كاره‌ی‌ كردوته‌ كه‌ لێی‌ په‌شیمان نیت؟ ئاواز ده‌ڵێ‌ :بڕیاره‌كانم دروستن بۆچی‌ لێیان په‌شیمانبم، كه‌ تا بڵێی‌ ئه‌خلاقیه‌، هه‌رگیزپه‌شیمانی‌ ناكێشم به‌دڵێكی‌ گه‌وره‌ لێیان ده‌ڕوانم.
له‌مامۆستا ژاكاویشمان پرسی‌»له‌ماوه‌ی‌ ته‌مه‌نتدا له‌چی‌ په‌شیمانی‌؟ ئه‌و ده‌ڵێ‌ :له‌بوونم به‌مامۆستا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ نا حكومه‌ت گوێ‌ له‌مامۆستا ناگرێ‌،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ بوون به‌مامۆستا ویست و ئاره‌زوی‌ من نه‌بوو، توانستی‌ خۆم له‌بواری‌ تردا ئه‌دۆزیه‌وه‌، به‌ڵام په‌شیمان نیم له‌وه‌ی‌ ڕێزی‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌م گرتتوه‌ چونكه‌ شیاوی‌ ئه‌و ڕێزه‌ بوون و ویژدانم پێی‌ ئاسوده‌ یه‌.
ڕای‌ په‌روانه‌ش وایه‌:له‌هیچ شتێكی‌ ژیان په‌شیمان نیم،له‌سه‌ر هه‌ر شتێك، زیاتر له‌جارێك ده‌بێ‌ بیر بكه‌یته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌بڕیاردان په‌شیمان نه‌بێته‌وه‌.
«زۆر ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا مرۆڤ به‌گرنگی‌ نازانێت دواتر هه‌ست به‌په‌شیمانی‌ ده‌كات» داستان معروف پێشی‌ ووتین :شتێكی‌ دیاریكراو نیه‌ لێی‌ په‌شیمانبم، به‌ڵام به‌داخم بۆ ئه‌و شێوازه‌ په‌روه‌رده‌ نه‌ریتیه‌ی‌ له‌ناو خێزاندا به‌سه‌ر مێینه‌دا سه‌پیچنراوه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ویستی‌ كۆمه‌ڵگه‌ بیر بكاته‌وه‌، بۆیه‌ نه‌متوانیوه‌ ژیانێكی‌ ئازاد بژیم. داستان كه‌ ئه‌ندازیاریشه‌ ده‌ڵێ‌ :ده‌رفه‌تی‌ ژیانێكی‌ ئازادم هه‌بوایه‌، له‌وه‌یه‌ له‌ئێستادا جیاوازتر ژیانم بكردبایه‌.
«ئه‌وانه‌ی‌ په‌له‌م له‌كردنیانكردوه‌ په‌شیمانم، په‌شیمانی‌ ڕه‌ها نا،چونكه‌ هه‌ڵه‌كان ده‌بنه‌ ئه‌زمون. دابان عه‌تار وه‌ك خۆی‌ گوتی‌ له‌تاقیگه‌ كار ده‌كات،پێی‌ نه‌گوتین ئه‌وه‌ چی‌ بوو ده‌بوایه‌ په‌له‌ی‌ لێێ‌ نه‌كردابایه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ گووت :هه‌ست ده‌كه‌م ده‌كرا په‌له‌ نه‌كه‌م و كارێكی‌ باشتر ئه‌نجام بده‌م.
«په‌شیمانم زیاد گرنگیم داوه‌ و له‌دڵمدا جێگه‌ی‌ زۆر كه‌سم كردۆته‌وه‌، پاش ته‌واو بوونی‌ به‌رژه‌وه‌ندیان دوركه‌وتونه‌ته‌وه‌ كه‌ خه‌راپ شكاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر لایه‌نی‌ كه‌ساتی‌ من. هاوناز گوتیشی‌ :ده‌كرێ‌ باشتر و ژیرانه‌تر بیر بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وسا بڕیار بده‌ین.
پرۆگرامسازێكیش ده‌ڵێ‌ :جێهێشتنی‌ كوردستان و وازهێنان له‌هه‌موو ئاینێك،یه‌كێكن له‌وانه‌ی‌ لێیان په‌شیمان نیم» هێدی‌ فه‌نایی‌ ده‌شڵێت :هه‌رچه‌ند كوردستان وڵاتی‌ دایكه‌، به‌داخه‌وه‌ باوه‌شی‌ ئه‌م دایكه‌ خۆشه‌ویسته‌ وه‌ك جاران گه‌رم نیه‌ و سارد بۆته‌وه‌.
به‌ئاخ هه‌ڵكێشانه‌وه‌ پێی‌ گووتین «له‌ته‌واوی‌ ژیانم په‌شیمانم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پڕ به‌دڵ به‌باوكمم نه‌گوتوه‌ خۆشمده‌وێی‌ تاماڵئاوایی‌ لێكردم» شیرین ڕه‌واندزی‌ ئه‌وه‌شی‌ گوت :له‌خۆش ویستنی‌ دایك و ئه‌و كه‌سه‌ی‌ هه‌ڵمبژاردوه‌ بۆ  ژیانی‌ داهاتو هه‌رگیز په‌شیمان نیم،ژیان به‌خۆشه‌ویستی‌ و ڕاستگۆیی‌ جوانه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ نه‌مان یاساكانی‌ ژیان ده‌ڕوخێن.
«ئه‌وه‌ته‌ی‌ بیرده‌كه‌مه‌وه‌،دڵسۆزی‌ قه‌ناعه‌تی‌ خۆم بووم و، له‌وپێناوه‌شدا قوربانیم بۆداوه‌» ئه‌رسه‌لان محمود ده‌ڵێ‌ «مرۆڤ به‌بێ‌ ئه‌م سێ‌ شته‌:جه‌سته‌، ئاكار، ئه‌قڵ، ناتوانێت بگاته‌ كامڵ بوون و ده‌بێ‌ ئه‌مانه‌ ئه‌زمون بكات،لێره‌وه‌ ده‌بێته‌ مرۆڤێكی‌ كارتێكه‌ر و ئه‌قڵمه‌ند.
مامۆستا كاروان عسمان ڕای‌ جیاوازی‌ هه‌یه‌ و ده‌ڵێ‌ :مرۆڤ له‌زۆر كارپه‌شیمان ده‌بێته‌وه‌،چونكه‌ بیركردنه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌گۆڕاندایه‌.له‌زۆر شت په‌شیمانم،ئه‌و كارانه‌ نه‌بێت كه‌ چونه‌ته‌ خزمه‌تی‌ گشتی‌، چونكه‌ دوای‌ نه‌مانی‌ خۆشم به‌میرات ئه‌مێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی‌ له‌منه‌وه‌ فێر بوون.
«په‌شیمانم له‌هاوڕێیه‌تی‌ هه‌ندێك كه‌س، نه‌ك له‌ئاستی‌ چاوه‌ڕوانیم نه‌بون، به‌ڵكو هه‌ڵوێستیان هه‌ژاندومی‌» كلارا ده‌ڵێ‌»سێ‌ كه‌س كه‌ باجیشم له‌سه‌ر داون، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ خۆشم ده‌وێن،په‌شیمان نیم كه‌ ڕاست بوم له‌هه‌ڵبژاردنیان و ئاسوده‌م به‌هاوڕێیه‌تیان.
دوا كه‌س تریفه‌ علی‌ بۆمان دوا و وتی‌ :مرۆڤ ده‌بێت به‌هه‌موو بڕوایه‌كه‌وه‌ كار بكات و هه‌نگاو بنێت و به‌ له‌وه‌ی‌ ده‌یكات ووردی‌ بیری‌ لێ‌ بكاته‌وه‌ له‌كۆتایدا په‌شیمان نه‌بێته‌وه‌. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7228
30/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌رازیل یه‌كه‌مین هه‌ڵبژارده‌ی مۆندیالی روسیایه‌ 30/3/2017
‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌رده‌وامه‌ 30/3/2017
زانست
‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك: مۆنالیزا زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كات؟ 29/3/2017
‌ سه‌وزه‌مه‌نی له‌ جه‌مسه‌ری باكوور 29/3/2017
‌ ماره‌ قاوه‌ییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر دوورگه‌یه‌كی ئۆقیانووسی هێمن 29/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP