به‌بێ پێشمه‌رگه‌، مه‌حــاڵبوو داعش تێكبشكێت
به‌بێ پێشمه‌رگه‌، مه‌حــاڵبوو داعش تێكبشكێت ‌ 3/1/2017
د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆمار، دوێنێ له‌به‌غدا پێشوازییكرد له‌ فرانسوا هۆلاند سه‌رۆك كۆماری فه‌ره‌نساو وه‌فدی هاوڕێی، كه‌ له‌ ژان ئیڤ لۆردیان وه‌زیری به‌رگریی‌و ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی گه‌وره‌ لێپرسراوانی فه‌ره‌نسا، پێكهاتبوو.

یارمه‌تییه‌كانی فه‌ره‌نسا زۆر گرنگ بوون
سه‌رۆك مه‌عسوم؛ گرنگیی ئه‌م سه‌ردانه‌ی، كه‌ دووه‌مین سه‌ردانی سه‌رۆك هۆلانده‌ بۆ به‌غدا، روونكرده‌وه‌؛ كه‌ له‌لایه‌ك له‌چوارچێوه‌ی به‌هێزكردنی نێوانی مێژووی پته‌وی هه‌ردوو وڵاتدایه‌، له‌لایه‌كی تریش نێوانی به‌هێزی عیراق‌و یه‌كێتیی ئه‌وروپادایه‌ له‌هه‌موو بواره‌كاندا. له‌وڕووه‌شه‌وه‌ سوپاسی یارمه‌تییه‌ گرنگه‌ سه‌ربازی‌و مرۆییه‌كانی فه‌ره‌نسای كرد. ئاماژه‌شیكرد بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌سه‌ر چه‌ته‌ تیرۆریسته‌كان‌و دووباره‌ هه‌ڵسانه‌وه‌ بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی دیموكراسیی مۆدێرن له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتیبوون‌و ئاشتبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و پاراستنی هه‌موو پێكهاته‌كان. دووپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ عیراق ده‌خوازێت هاریكاریی له‌گه‌ڵ روسیاو وڵاتان بكات بۆ راوه‌دوونان‌و له‌ناوبردنی تۆڕه‌كانی تیرۆر‌و سه‌رچاوه‌كانی ته‌كفیری‌و ئه‌وانه‌ی بانگهێشت بۆ تیرۆر ده‌كه‌ن.
سه‌رۆك كۆمار؛ خۆشحاڵیشی نیشاندا بۆ فراوانكردنی هاریكاریی دووقۆڵیی له‌بواره‌كانی وزه‌و بازرگانی‌و كلتوری‌و سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق‌و بنیاتنانه‌وه‌ی سوپایه‌كی نیشتمانیی پیشه‌یی یه‌كگرتوو، كه‌ سه‌روه‌ری‌و یه‌كێتی‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵات زامنبكات.

هه‌وڵه‌ هاوبه‌شه‌كان كارابكرێن
سه‌رۆك هۆلاند-یش، پێزانینی وڵاته‌كه‌ی خسته‌ڕوو بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عیراق‌و پته‌وكردنی، كه‌ هه‌موو ئاڕاسته‌كان بگرێته‌وه‌. پێزانین‌و سه‌رسامیی خۆیشی دووپاتكرده‌وه‌ له‌ئاست ئه‌و وره‌به‌رزییه‌ی كه‌عیراقییه‌كانی پێ ناسراوه‌ له‌به‌گژداچوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر‌و وتیشی: تیرۆری داعش مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر هه‌مووان، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌وڵه‌ هاوبه‌شه‌كان كارابكرێن بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان بۆ ئاینده‌ش.
سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شیاندا، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا، سه‌ره‌تا د.فوئاد؛ وتی: یه‌كه‌م سه‌ردانی سه‌رۆك فرانسوا؛ له‌ 12/9/2014 بووه‌ بناغه‌یه‌كی به‌هێز بۆ كۆده‌نگیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پشتیوانیكردنی عیراق‌و پشتگیری له‌به‌گژداچوونه‌وه‌ی داعش، هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌هۆكاری به‌ستنی كۆنفرانسێكی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تایی سه‌ركه‌وتووبوو له‌بڕیاری پشتیوانیی عیراقداو وتیشی: له‌دووه‌م سه‌ردانیشیدا له‌سه‌ر چه‌ندین خاڵی گرنگ «به‌رده‌وامبوونی پشتیوانیی فه‌ره‌نسا‌و سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق‌و مه‌شقپێكردنی هێزه‌كانی ئاسایش‌و سوپا».

تا سه‌ركه‌وتن‌و زامنكردنی سه‌لامه‌تی
لای خۆیشییه‌وه‌، سه‌رۆك هۆلاند؛ یه‌كه‌م سه‌ردانی به‌بیرهێنایه‌وه‌و وتی:»ئه‌وكات بارودۆخ زۆر خراپ بوو، تاقمی داعش ده‌ستیانگرتبوو به‌سه‌ر موسڵ‌و چه‌ند شارێكی تری عیراقداو مه‌ترسیی له‌سه‌ر عیراق‌و ناوچه‌كه‌و كۆمه‌ڵی ده‌ولییش هه‌بوو، بۆیه‌ وڵاته‌كه‌م له‌ئاستی سیاسییدا به‌رپرسیارێتیی خسته‌سه‌رشانی‌و كۆنفرانسێكی رێكخست بۆ پشتیوانی له‌عیراق. له‌ئاستی سه‌ربازیشیدا هێزه‌كانمان به‌شدارییانكرد له‌پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان‌و پێشكه‌شكردنی پشتیوانیی سه‌ربازیی‌و مه‌شقكردن به‌هێزه‌كانی عیراق‌و هێزی پێشمه‌رگه‌، كه‌ ئێستا ئه‌نجامه‌كانی ده‌بینین‌و پابه‌ندبوونی وڵاته‌كه‌شم نوێده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ عیراقدا ده‌بین تا سه‌ركه‌وتن‌و زامنكردنی سه‌لامه‌تی‌و یه‌كێتیی خاكه‌كه‌ی‌و سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی».
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ دوژمنی هاوبه‌شمان تیرۆرو داعش‌و ئوسوڵییه‌كانه‌، پێویسته‌ ئه‌م دوژمنه‌ له‌عیراق‌و سوریا راوه‌دوبنێین‌و به‌دوای ئه‌وانه‌شیانه‌وه‌بین، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌م تاقمه‌وه‌یه‌‌و بیانخه‌ینه‌ژێر چاودێرییه‌وه‌، له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا ده‌بێت كاربكه‌ین بۆ رێگرتن له‌و كه‌س‌و منداڵانه‌ی كه‌ له‌ژێر چه‌تری داعشدا بوون، تا له‌داهاتوودا زیاننه‌گه‌یه‌نن به‌كه‌سانی ترو بیری توندڕه‌وییان داشۆرینه‌وه‌، ئه‌مه‌ كاری هاوبه‌شه‌، كه‌ پێویسته‌ بیكه‌ین. ئه‌وه‌شی وت: بۆ له‌ناوبردنی تاقمه‌ تیرۆریستییه‌كان پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگیی هه‌واڵگریی له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت، به‌تایبه‌ت له‌عیراقدا كه‌ وڵاتێكه‌ ئایین‌و تایه‌فه‌ی جیاجیای له‌خۆگرتووه‌.

له‌سه‌ردانیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، هه‌ردوێنێ، سه‌رۆك هۆلاند؛ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردو پێشوازییه‌كی ره‌سمیی لێكرا‌و دوای‌ پشوویه‌كی كورت، له‌گه‌ڵ بەڕێز مه‌سعود بارزانی؛ سه‌نگه‌ره‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌یان له‌چیای‌ زه‌رتك به‌سه‌ركرده‌وه‌‌و له‌وێ دوایین پێشهاتی‌ په‌یوه‌ست به‌جه‌نگی‌ دژی‌ داعش بۆ سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نسا روونكرایه‌وه‌.
سه‌رۆك هۆلاند؛ له‌لێدوانێكیدا ئاماژه‌ی به‌هۆكاری سه‌ردانه‌كه‌ی كردو وتی: هاتووین له‌نزیكه‌وه‌ پێشكه‌وتنه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عیراق ببینین به‌سه‌ر تیرۆریستاندا.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌شیان له‌سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌، به‌ئاماده‌بوونی مه‌سعود بارزانی، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، نێچیرڤان بارزانی، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، مەسرور بارزانی،  محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود‌و كه‌ریم سنجاری، له‌گه‌ڵ فرانسوا هۆلاندا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌چوو.
دوای‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسییدا بەڕێز مه‌سعود بارزانی‌؛ به‌ناوی‌ گه‌لی كوردستان‌و پێشمه‌رگه‌و خانه‌واده‌ی‌ شه‌هیدانه‌وه‌ به‌خێرهاتنی‌  هۆلاندی‌ كرد، كه‌ جاری‌ دووه‌مه‌ دێته‌ كوردستان‌و وتی: دوو ساڵ‌و نیو له‌مه‌وبه‌ر یه‌كه‌م سه‌ردانتان كردین‌و ته‌شریفتان هێنا، كه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ زۆر گرنگ بوو. وتیشی: ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی به‌ده‌ستهاتوون هه‌روا به‌ئاسانی نه‌هاتوونه‌ته‌ دی، به‌ڵكو به‌خوێنی‌ شه‌هیده‌ قاره‌مانه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و پشتیوانیی هێزی‌ هاوپه‌یمانان بوو، كه‌ فه‌ره‌نسا رۆڵی‌ بنچینه‌یی بینیوه‌ له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌دا، هیواشی خواست بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌كانی‌ داهاتووی‌ تیرۆر ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ به‌رده‌وامبێت.

فه‌ره‌نسا هه‌میشه‌ پشت‌وپه‌نا بووه‌
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ فه‌ره‌نسا هه‌میشه‌ پشت‌وپه‌نا بووه‌ بۆ گه‌لی كوردستان، بۆیه‌ ئومێدی‌ زۆرمان پێتانه‌، هیوادارین له‌داهاتووشدا فه‌ره‌نسا ببینین له‌پشت خۆمان تا بگه‌ین به‌هه‌موو ئاواته‌كانمان.
لای خۆیشییه‌وه‌، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا؛ پشتیوانییه‌كانی بۆ عیراق‌و گه‌لی كوردستان دووپاتكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: به‌رده‌وام ده‌بین له‌ پشتیوانیكردنی پێشمه‌رگه‌، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ی كه‌ به‌بێ ئازایه‌تی‌و خوێنی پێشمه‌رگه‌، مه‌حاڵبوو داعش تێكبشكێت‌و به‌ر به‌پێشڕه‌وییه‌كانی ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستییه‌ بگیرێت، به‌ڵام وه‌ك بینیمان یه‌كه‌م تێكشكاندنی داعش له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ بوو، بۆیه‌ ئێمه‌ به‌ڵێن دووپاتده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هاوكاریی گه‌لی كوردو پێشمه‌رگه‌ ده‌بین.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7345
20/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ شاراپۆڤا داوه‌تنامه‌ی‌ گراندسلامی ئه‌مریكای پێشكه‌ش كرا 20/8/2017
‌ نه‌یمار به‌ باڵیۆزی نیازپاكیی رێكخراوی هاندیكاپ دیاری كرا 20/8/2017
زانست
‌ شوقه‌ ژینگه‌یه‌ك بۆ ئاسووده‌یی هاوبه‌ش 20/8/2017
‌ له‌ سوید فه‌رشی فڕیو دروست كرا 20/8/2017
‌ پلان بۆ داهاتووی داده‌نێت 20/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP