شوێنەوارە هەرێمایەتییەكانی سەربەخــۆبوونی هەرێمی كوردستان
شوێنەوارە هەرێمایەتییەكانی سەربەخــۆبوونی هەرێمی كوردستان ‌ 5/1/2017
دامەزراوەی راند بۆ توێژینەوەی ستراتیژیی لەدوو توێی راپۆرتێكیدا كە لەلایەن ئەلێریزا نادر، لاری هانیێر، برینا ئالین‌و عەلی جی سكۆتنەوە ئامادە كراوە، ئاماژە بە گریمانەی سەربەخۆبوونی هەرێمی كوردستان‌و ئەو شوێنەوارە ئیقلیمییانە دەكات كە ئەو نووسەرانە پێشبینییان كردووە كە لەئەگەری دروستبوونی ئەو دەوڵەتەدا لەناوچەكەدا روودەدەن‌و بەتایبەتیش ئاماژەیان بەو كاردانەوانە كردووە كە لەئەگەرێكی لەو جۆرەدا لەلایەن هەرسێ وڵاتی دراوسێی كوردستان (توركیا‌و ئێران‌و عیراق)دا دێنە ئاراوە.
ئامادەكارانی راپۆرتەكە لەپێشەكییەكەیدا نووسیویانە: ئێمە بەوردیی شرۆڤەی ئەو سیناریۆ گریمانەییانە دەكەین كە بەو پێیە رەنگە كوردستانی سەربەخۆ‌و بژاردەی سیاسیی هەمەجۆر بخاتە بەردەم بەغداوە‌و هەروەها دەڵێن ئێمە فاڵ بۆ كوردستانی سەربەخۆ ناگرینەوە كە رەنگە بێتە ئاراوەو بەرگرییش لە كوردستانی سەربەخۆ ناكەین، بەڵكو بەشوێن ئەو شوێنەوارانەدا دەچین كە دەشێت ئەم ئەگەرە لەو هەرێمەدا ببێتە واقیع، هەروەك شرۆڤەی بەرژەوەندیی ئەو سێ دەوڵەتەی هاوسێی هەرێمی كوردستان دەكەین.
لەبەشێكی دیكەدا ئاماژەیان بەوە كردووە كە بابەتی سەربەخۆیی كوردستان لەدوای جەنگی دووەمی كەنداوەوە لەلایەن هەندێك لەئەكادیمیستەكانی ئەو سێ وڵاتەو بەشێك لەسەركردە كوردەكان خۆشیانەوە دەوروژێنرێت، لەدوای رووخانی سەدام حسێنیشەوە سەركردەكانی كورد ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان خستۆتەگەڕ تا ئەوپەڕی توانایان كۆنترۆڵی كاروباری باكوور بكەن‌و هەروەها ململانێی بەغداو هەرێم لەسەر داهات‌و نەوت‌و ناوچە جێ ناكۆكەكان، كە ئەو ململانێیەش وایكردووە تادێت مەودای دووركەوتنەوەی نێوان بەغداو هەولێر فراوانتر ببێت‌و تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی كە زۆرێك لەسەركردە باڵاكانی هەرێم سكاڵای ئەوە دەكەن كە بەغدا بەپێی پێویست پشكی خۆیان لەداهات ناداتێ، بۆیە بەراشكاوانە باس لەوە دەكەن كە ئامانجی كۆتاییان سەربەخۆییە. 
ئەو چوار نووسەرە دەڵێن پرسیارە جەوهەرییەكە لێرەوە دەستپێدەكات، ئەگەر رۆژێك كوردستانی عیراق هەر بەڕاستی بووە دەوڵەتێكی خاوەن سیادە، نەك هەر بەشێوەی تیۆری، كە ئەوە ئەگەرێكی راستەقینەیە‌و پێویستە كاریگەرییەكەی هەڵسەنگێندرێت.
جەختكردنەوەی ئەمریكا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر داعش‌و قەیرانی مرۆیی سوریا وایكردووە كە گرنگییەكی ئەوتۆ نەدات بە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، كە پێدەچێت رۆژێك لەڕۆژان كوردستانێكی سەربەخۆ بێتەئاراوە، ئەوە وێڕای ئەوەی  كە ئەوە دەرهاویشتەی گرنگی بۆسەر سەقامگیریی هەرێمایەتی‌و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا دەبێت.
لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە كە هەرێمی كوردستان هەر بۆخۆی لەدوای 1991‌و ناوچەی دژەفڕینەوە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵەی كردووە، دەستووری عیراقی دوای سەدام حسێنیش بۆخۆی سیمایەكی دامەزراوەیی زیاتری سەربەخۆیی سیاسی‌و ئابووریی بۆ كوردستان فەراهەم كرد.
ناڕەزاییەكی زۆر لەبەرجەستەبوونی كوردستانێكی سەربەخۆ هاتە ئاراوە، چ لەلایەن بەغداو چ لەلایەن وڵاتە دراوسێكانەوە كە خۆشیان ژمارەیەكی زۆر كوردیان هەیە، ئەم پەرەسەندنانەی ئێستاش بووە هۆی گۆڕانكاریی سەرەكی لە هەڵوێستەكان بەرامبەر كوردی عیراق، لەكاتێكدا بەغدا دژی سەربەخۆیی كوردە بەڵام دەسەڵاتێكی ئەوتۆی نییە رێگریی لەوە بكات‌و هەرچی توركیاشە پێیوایە كە بوونی كوردستانێكی سەربەخۆی سەقامگیر هەندێك سوودی هەیە، چونكە ئێستا هەرێمی كوردستان دوای ئەڵمانیا دووەم بازاڕی كاڵا‌و نەوت‌و ئابووریی توركیایە، بەڵام بوونی كوردستانێكی گەشەسەندوو سەقامگیر رەنگە ببێتە مایەی هاتنەئارای ناوچەیەكی كوردیی سەربەخۆ لەسوریا كە توركیا دژی ئەوەیانە. 
هەرچی ئێرانیشە سڵ لە بوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردیی دەكاتەوە كە دەشێت ببێتە مایەی بزواندنی ئەو كەمینە كوردەی وڵاتەكەی، بەڵام پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیەو بەهاوپەیمانێكی باشی دەزانێت دژی داعشی دوژمنی شیعە.
راگەیاندنی تاكلایەنەی سەربەخۆیی كوردستان رووبەڕووی دوژمنایەتییەكی زۆر دەبێتەوە لەناوچەكەدا، بۆیە دوا سیناریۆ بۆ ئەگەرێكی لەو جۆرە‌و چارەسەری ئەوەیە كە عیراق هەڵبوەشێتەوە، بەوەش هەرێمی كوردستان بۆخۆی دەبێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ‌و جیابوونەوەی وردە وردەی نێوان هەولێر‌و بەغدا.
ئەمە كوردی عیراق بیانەوێت یان نا، كاریگەریی دەبێت لە دەركەوتنی نەتەوەی كورد‌و بگرە كوردانی توركیا‌و ئێران‌و سوریا نەك تەنیا پشتیوانیی دروستبوونی دەكەن، بەڵكو هەوڵ دەدەن پەیوەست بن بەو نەتەوە نوێیەوە. 
ئەمریكاش پێیوایە كە كاردانەوە ئیقلیمییەكان هێندە گەورە نابن، ئەگەر ئەوە بە شێوەیەكی بەرەبەرەو نموونەیی بێتەدی‌و لەئەنجامی دانوستاندنی نێوان بەغدا‌و هەولێردا دروست ببێت.
رەنگە توركیا پێشوازیی لە كوردستانێكی سەربەخۆ بەپێی ئەو سیناریۆیە بكات، ئێرانیش رەنگە قبوڵی بكات بەمەرجێك نەبێتە مایەی ناسەقامگیریی لەناو ئێراندا. هەرچی عیراقیشە ئەگەر پێشی ناخۆش بێت، ئەوا بەهۆی لاوازیی خۆیەوە قبوڵی دەكات.
لەراپۆرتەكەدا چەند پرسیار‌و سیناریۆیەك وروژێنراوە‌و پاشان نووسەرەكان دوای وەرگرتنەوە‌و شرۆڤەكردنی وەڵامەكان بەمجۆرە دیدگای لایەنە پەیوەندیدارەكانیان‌و ئەگەرو سیناریۆكانیان فۆڕمەڵە كردووە:
تێڕوانینی عیراق
جیابوونەوەی كورد تەحەدییەكی راستەوخۆ بەسەر بەغدادا دەسەپێنێت، بەغداش دەسەڵاتێكی سنوورداری هەیە بۆ پێشگیریی لەو ئەگەرە، هەروەها راگەیاندنی تاكلایەنە رەنگە ببێتە مایەی كاردانەوەی دوژمنكارانە لەلایەن بەغداوە، بەڵام ئەم دابڕانە هێواشە، وادەكات بینخاتە سەر مێزی دانوستاندن‌و لەدوورمەودادا سوودی بۆ هەردوولا هەبێت.
ئەگەر ئەوە ببێتەمایەی سەرهەڵدانی نەتەوەیی كورد، رەنگە بەغدا لەگەڵ ئەنقەرەو تاراندا هاوئاهەنگیی لەدژی سەربەخۆیی كورد بكات.
ئەگەرچی بەغدا توانای نییە بەربە دروستبوونی دەوڵەتی كوردیی بگرێت، بەڵام راگەیاندنی تاكلایەنە هەڵوێستی دوژمنكارانەی بەغدای لێ دەكەوێتەوە بەپێی هەموو ئەو سیناریۆیانەی هەڵمان هێنجاوە. بەڵام ئەگەر بە سیناریۆی دانوستان ببێت، بەغدا دەتوانێت كەمێك لەكاریگەریی لەدەستدانی ئەو هەرێمە كەمبكاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر شاری كەركوك‌و ناوچە كێشە لەسەرەكان لەژێر كۆنترۆڵی كورددا بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر بەغدا لەگەڵ لایەنە ئیقلیمییەكاندا بكەوێتە كار بۆ دژایەتیی سەربەخۆییەكە رەنگە توانای زیاتری هەبێت بۆ بەرگرتن لێی. چ بە پڕۆسەی سەربازیی، یان بە گوشاری ئابووریی.
رەنگە هەرێمی كوردستان باشتر بیر لە پەرچەكرداری بەغدا بكاتەوە بەرلەوەی هەوڵی جیابوونەوە بدات لەعیراق‌و كاربكاتە سەر بەغدا كە گرنگترینیان بەدەستهێنانی سیادەیە.
دیدگای توركیا
ئەگەرچی پێشان توركیا نەیاری سەرسەختی جیابوونەوەی كورد بوو، بەڵام ئێستا پەیوەندیی سیاسی‌و ئابووریی پتەوی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەپێی تێڕوانینی توركیا بەرەوپێشچوونی هێواش‌و ناچاریی رووەو سەربەخۆیی كورد هەندێك سوودی هەیە، بەجۆرێك كاریگەریی گەورەی بەسەر كوردی توركیاوە نەبێت كە ئەوە بەلای ئەوەوە دەرهاویشتەی ترسناكی دەبێت. واش پێدەچێت توركیا دەستبەرداری دژایەتیی سەربەخۆیی كوردی عیراق بووبێت، چ لەژێر كاریگەریی دۆخی ناوخۆیی‌و چ لەبەر پێویستیی بە وزەو پێداویستییە ئابوورییەكان‌و نەبوونی سەقامگیریی لە سوریا‌و عیراقدا.
هەروەك توركیا چیتر پێی وانییە كە سەربەخۆیی كوردەكانی عیراق دەبێتە مایەی ناسەقامگیریی عیراق، بەڵكو ئەو ئێستا خۆی متمانەی بەعیراق نییە كە لەژێر هەژموونی شیعەدایە‌و بەگشتی لەژێر قەڵەمڕەویی‌و هەژموونی ئێراندایە. رەنگە توركیا بیەوێت لەبەرامبەر قبوڵكردنی ناچاریی ئەو دەوڵەتەدا گوشاریش بخاتە سەر ئەو دەوڵەتە تا رێگریی لە نەیارە كوردەكانی خۆی بكەن لەوێوە هێرشیان نەكرێتە سەر‌و گورزیان لێ نەوەشێنن.
دیدگای ئێران
مەسەلەی كوردستانی سەربەخۆ بەلای ئێرانەوە بابەتێكی هەستیارە، بەهۆی مەترسیی ئەوەی ببێتە مایەی وروژاندنی گەلی كوردی ئێران، بەڵام رەنگە قبوڵی ئەوە بكات، ئەگەر بزانێت ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیە نابێتە مایەی هەڕەشە لەسەقامگیریی‌و ئۆقرەیی خۆی. هەروەك ئێرانیش رەنگە پێی باش بێت ئەو جیابوونەوەیە لەبەغدا لەڕێی دانوستانی پلەبەپلەوە بێت.
پەیوەندییە ئابوورییەكانی ئێرانیش لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا رەنگە ببێتە مایەی سووككردنی  كاردانەوەی ئەو وڵاتە لەبەرامبەر سەربەخۆیی هەولێر، بەتایبەتی ئەگەر توركیا بیەوێت هەرچی زیاتر بازاڕی كوردستان داگیربكات، بۆیە سەرباری ناڕەزایی بەغداش، ئێران پەیوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ هەرێمدا گەشە پێداوە، ئەوەش وایكردووە كە گرنگیدانی ئێران بە لایەنە ئابوورییەكە لەسەروو مەترسییەكانییەوەیەتی، بۆیە ئەگەر ئێران بەختەوەریش نەبێت بەسەربەخۆیی كورد، بەڵام دوو دڵیش دەبێت سەبارەت بەوەی كاردانەوەی توندی هەبێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7276
25/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌كورتی 25/5/2017
‌ ته‌نیا هه‌نگاوی كۆتایی ماوه‌ 25/5/2017
زانست
‌ بیری یاقوب چاڵێكی ده‌م كراوه‌ له‌ ته‌كساس 25/5/2017
‌ هۆكاری سێیه‌كی مردنی مرۆڤ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا 25/5/2017
‌ دایكێكی ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ ٣٨ منداڵی هه‌یه‌ 25/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP