یەکێتی به‌ته‌مای چییه‌؟
یەکێتی به‌ته‌مای چییه‌؟ ‌ 7/1/2017
ئایا یه‌كێتی به‌ته‌مای چییه‌ له‌ ساڵی نوێدا؟، یه‌كێتییه‌كان گه‌ره‌كیانه‌ ئه‌مساڵ به‌ رۆژ به‌ڕێكردن به‌رێبكه‌ن یان گه‌ڵاڵه‌ی ته‌گبیرێكی هاوبه‌ش ره‌چاو بكه‌ن. ته‌گبیرێك سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌ پێویستی یه‌كێتی بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی كوردستان بێت، بێگومان له‌گه‌ڵیشیا بۆ رێكخستنه‌وه‌ی یه‌كێتی‌و ده‌ربازكردنی بێت له‌م سووڕی متبوونه‌ی كه‌ تووشی بووه‌.
ئه‌م پێویستیه‌ ئه‌ركێك نییه‌ هه‌ر به‌ یه‌كێتییه‌كانی سه‌ره‌وه‌، سه‌ركرده‌‌و سه‌ركردایه‌تییه‌كان سپێردرابێت، به‌ڵكو ئه‌ركی هه‌موو یه‌كێتییه‌كانه‌ له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا. ڕاسته‌ له‌ شێنه‌ییدا ڕه‌نگه‌ هه‌مووان ئه‌ركیان له‌سه‌ر شان نه‌بێ، به‌ڵام له‌ ته‌نگانه‌ی كوردستاندا ئه‌ركه‌كان ناونیشان‌و پایه‌كان ناناسێت. به‌ڵكو پێشبركێ‌و هیمه‌ت نواندن ده‌ناسێت.
له‌ ته‌نگژه‌ی كوردستاندا پرسیاری یه‌كێتییه‌كان قه‌ت ئه‌وه‌ نابێت كێ‌و چۆن ئه‌م دۆخه‌ی خوڵقاندووه‌ له‌ناو كوردستان‌و له‌ ئاستی حزبیشدا؟ به‌ڵكو پرسیاری یه‌كێتییه‌كان ئه‌وه‌ ده‌بێت چۆن چاره‌سه‌ری بكه‌ین. به‌تایبه‌تی له‌ هه‌ناوی حزبدا پرسیار له‌ (كێ) یه‌كان گه‌ره‌كه‌ ناوخۆیی‌و حزبی بن. له‌ ئاستی كوردستانیشدا ته‌گبیری چاره‌سه‌ری‌و جێبه‌جێكردنی دروستی ئه‌و ته‌گبیره‌ رێگا بۆ پۆلێنكردنی ره‌ش‌و سپی ده‌كاته‌وه‌‌و له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێكی چاره‌سه‌ردا واقیعه‌ن چاڵ‌وچۆڵی‌و سه‌به‌بكاری ئه‌و چاڵ‌و چۆڵیانه‌ش ده‌رده‌كه‌ون. هه‌تا نه‌چنه‌ ناو ئیراده‌ی چاره‌سه‌ره‌وه‌ باعیس‌و سه‌به‌بكارانی ئه‌م دۆخه‌ش ده‌رناكه‌وێت‌و هه‌ر له‌ قیلوقاڵی بێ ناسنامه‌‌و پروپاگه‌نده‌ی په‌نا‌و په‌سێوه‌كاندا ده‌مێنێته‌وه‌.
یه‌كێتی‌و یه‌كێتییه‌كان گه‌ره‌كه‌ به‌و نه‌فه‌سه‌وه‌ ته‌گبیری ساڵی 2017 بكه‌ن كه‌ په‌رۆشن نه‌ك ته‌نها گه‌ره‌كیانه‌ به‌رپرسیارێتی نه‌خرێته‌ ئه‌ستۆیان. یه‌كێتی‌و یه‌كێتییه‌كان به‌وه‌ ناسراون ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كه‌ن له‌ ئه‌رك‌و فرماندا، نه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر داكۆكی بكه‌ن له‌وه‌ی تا ئێستا كورد به‌ده‌ستی هێناوه‌. له‌ هه‌ڵپه‌ی وه‌ك خۆی هێشتنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ به‌ بیانووی له‌ ده‌ست نه‌دانی ده‌سكه‌وته‌كانی كورده‌وه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌وی هه‌شمانه‌ له‌ ده‌سكه‌وت درزی تێده‌كه‌وێت. پێش هه‌ر شتێك ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی جموجۆڵی تێكۆشان له‌ناو یه‌كێتی. به‌رزبوونه‌وه‌ بۆ ئاستی گه‌وره‌یی یه‌كێتی‌و مێژووی بڵندی مام جه‌لال له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستاندا، سه‌ره‌تای چۆنایه‌تییه‌ بۆ  رابوونه‌وه‌یه‌كی شایان.
جابا هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی سه‌یری ته‌لاری به‌رزی مێژووی یه‌كێتی بكه‌ن هیچ نه‌بێ سه‌یری بینای پانۆپۆری مه‌كته‌بی سیاسی له‌ناوجه‌رگه‌ی سلێمانی، سه‌یری بینای به‌رزی مه‌كته‌بی سیاسیی له‌ هه‌ولێر بكه‌ن كه‌ خه‌ڵكی قه‌ڵا‌و مناره‌ ناوی كۆشكی سپییان لێ ناوه‌. سه‌یری بینای به‌رزی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی بكه‌ن له‌ناوجه‌رگه‌ی كه‌ركوكی ته‌عریبكراودا تا یه‌كێتییه‌ ته‌قله‌ به‌ فیلێده‌ره‌كه‌مان وه‌بیر بێته‌وه‌ كه‌ بۆ كوردستان‌و بۆ دیوكراسیی ناوچه‌كه‌ش گرنگه‌. ساڵێكی نوێیه‌ با هەمووان یه‌كێتیایه‌تیه‌كی نوێ جۆش بده‌ینه‌وه‌. 
کوردستانی نوێ-ی هەفتە


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7204
26/2/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌ورۆز، شیروانه‌، كه‌ركوك، پ.هه‌ولێر بۆ چوارگۆشه‌ی زێڕین 26/2/2017
‌ پێكانه‌كه‌ی‌ كازۆرلا تا كۆتایی وه‌رز درێژه‌ی ده‌بێت 26/2/2017
زانست
‌ هۆكاری خه‌وتنی مرۆڤ و زینده‌وه‌رانی تر ئاشكرا بوو 22/2/2017
‌ میكانیزمێكی نوێ بۆ وه‌ستاندنی خوێنبه‌ربوونی مێشك 22/2/2017
‌ كونێكی ڕه‌ش له‌ گه‌له‌ ئه‌ستێره‌كه‌ماندا خۆی شاردووه‌ته‌وه‌ 22/2/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP