كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی: ئاشتكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رو چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكورتییه‌كان‌و رێكخستنه‌وه‌ی دۆخی خراپی ئابووری‌و ئیداریی هه‌رێمی كوردستان
كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی: ئاشتكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رو چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكورتییه‌كان‌و رێكخستنه‌وه‌ی دۆخی خراپی ئابووری‌و ئیداریی هه‌رێمی كوردستان ‌ 11/1/2017
واپێشبینی ده‌كرێت، ساڵی 2017 هاوكێشه‌ی هێز به‌هۆی كزبوون، یان ته‌واوبوونی جه‌نگی دژی داعشه‌وه‌ گۆڕانكاریی به‌سه‌ردابێت، پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ جه‌نگی دژی داعش ده‌چێته‌ قۆناغێكی تره‌وه‌، گۆڕانكارییه‌كان له‌ناوچه‌كه‌ خێراتر ده‌بن، ململانێی هێزه‌ گه‌وره‌كان له‌ناوچه‌كه‌ چڕترده‌بێته‌وه‌. عیراق وه‌ك براوه‌ی جه‌نگ رۆڵی گه‌وره‌تر به‌خۆی ده‌دات، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبـی وه‌ك هێزێكی فه‌رمی‌و خاوه‌ن شه‌رعیه‌تی خوێن، له‌هه‌وڵی فراوانبوونه‌وه‌دا ده‌بن، به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، هه‌موولایه‌ك له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا ده‌بن سوود له‌گۆڕانکارییه‌كان وه‌ربگرن‌و خۆیان له‌زیانه‌كانی بپارێزن.
ئه‌مڕۆ ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان‌و په‌یوه‌ندیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ئاستێكدا نییه‌ كۆده‌نگی پێ‌ دروستبكرێت، ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ گۆڕانكارییه‌كان كاریگه‌ری نه‌خوازراویان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، خراپی باری ئابووری‌و دۆخی خراپی ژیان‌و گوزه‌رانیش دۆخی نائارامی‌و دڵه‌ڕاوكێی لای هاووڵاتیان زیاتر كردووه‌، ئه‌م دۆخه‌ كاریگه‌ری ده‌بێت له‌ بێ‌ هیوا كردن‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر به‌ دامه‌زراوه‌ شه‌رعییه‌كانی هه‌رێم‌و رۆڵی حزبه‌كان، بۆیه‌ ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی‌و ئه‌خلاقی سیاسی له‌هه‌موولایه‌كمان، به‌تایبه‌ت له‌و لایه‌نانه‌ی باڵاده‌ستن، ئه‌خوازێت به‌گیانی به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ خۆمان ئاماده‌كه‌ین بۆ قۆناغێكی نوێ‌، قۆناغێك كه‌ گیانی لێبوورده‌یی رۆڵی خۆی  بگێڕێت له‌ چاوپۆشین له‌هه‌ر نیگه‌رانیه‌ك كه‌ له‌ڕابردوودا له‌نێوان لایه‌نه‌كان روویداوه‌، به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی سود وه‌رگرین له‌هه‌ر كه‌موكورتییه‌ك كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكار بۆ دروستبوونی ئه‌م باره‌ ناهه‌مواره‌، ئه‌م دۆخه‌ لێمان ده‌خوازێت هه‌موومان پێكه‌وه‌ به‌رنامه‌یه‌ك داڕێژین، بۆ دروستكردنی وتاری هاوبه‌ش‌و به‌ره‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌رئه‌گه‌رێكی مه‌ترسیدار، به‌رنامه‌یه‌ك گیانی یه‌كتر قبوڵكردن له‌ناوماندا بچه‌سپێنێت‌و هه‌وڵه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ بێت، جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ شه‌رعییه‌كان‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، ئاشت بكاته‌وه‌و ئومێدو متمانه‌یان بۆبگێڕینه‌وه‌. دیاره‌ به‌بێ‌ ده‌سته‌به‌ركردنی دۆخێكی ئارام له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، ئه‌سته‌مه‌و گران ده‌بێت هه‌ر هه‌نگاوێك بنرێت بۆ قوتاربوون له‌م دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌، ته‌نانه‌ت به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ ئاسان نییه‌ بچینه‌ پای هه‌ڵبژاردن‌و پێشكه‌شكردنی هه‌ر به‌رنامه‌یه‌كیش بۆ چاكسازی‌و رێكخستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ناتوانێت سه‌ركه‌وتووبێت‌و ناتوانێت جه‌ماوه‌رو هاووڵاتیان ئاشت بكاته‌وه‌و بیانكاته‌ زامنی سه‌ركه‌وتن.
رێكخستنه‌وه‌ی هه‌رێم‌و ئاشتكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر هه‌نگاوی عه‌مه‌لی‌و خێرا ده‌خوازێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌نده‌ چه‌ند پێشنیارێك ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، تا له‌نزیكترین كاتدا بتوانین به‌هه‌موومان دۆخێكی تازه‌ بهێنینه‌ ئاراوه‌و ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا تێپه‌ڕێنین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ به‌زووترین كات:
*كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم به‌گشتی‌و به‌تایبه‌تر پێنج لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ سازبكرێت بۆ دروستكردنی چه‌ند ده‌سته‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌ب سیاسی ئه‌و لایه‌نانه‌ بۆ گفتوگۆكردن، هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك تایبه‌ت به‌ پرسێك كۆبوونه‌وه‌كانیان سازبكه‌ن به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان‌و دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌سه‌ر ئه‌م پرسانه‌و تاوتوێكردنی پێویستییه‌كانی تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ چه‌قبه‌ستوه‌.
پرسه‌كان:
*پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم 
*پرسی په‌رله‌مانی كوردستان
*پرسی حكومه‌ت
*پرسی مووچه‌وبژێوی ژیان‌و خزمه‌تگوزارییه‌ بنچینه‌ییه‌كان.
ئامانج له‌كۆبوونه‌وه‌كان گه‌یشتن به‌ڕێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان بێت بۆ نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی كاتی تاهه‌ڵبژاردن‌و دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌ك، بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رو چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكورتییه‌كان‌و رێكخستنه‌وه‌ی دۆخی خراپی ئابووری‌و ئیداریی هه‌رێمی كوردستان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7276
25/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌كورتی 25/5/2017
‌ ته‌نیا هه‌نگاوی كۆتایی ماوه‌ 25/5/2017
زانست
‌ بیری یاقوب چاڵێكی ده‌م كراوه‌ له‌ ته‌كساس 25/5/2017
‌ هۆكاری سێیه‌كی مردنی مرۆڤ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا 25/5/2017
‌ دایكێكی ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ ٣٨ منداڵی هه‌یه‌ 25/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP