سه‌رۆك مام جه‌لال؛ فێری كردووین به‌ گیانی یه‌كتیمی‌و گه‌شبینییه‌وه‌ هه‌نــگاوبنێین بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌‌و گرفته‌كان
سه‌رۆك مام جه‌لال؛ فێری كردووین به‌ گیانی یه‌كتیمی‌و گه‌شبینییه‌وه‌ هه‌نــگاوبنێین بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌‌و گرفته‌كان ‌ 7/2/2017
دوێنێ دووشه‌ممه‌ 6/2/2017 سه‌رۆك مام جه‌لال؛ له‌سلێمانی به‌ئاماده‌بوونی هه‌ڤاڵان عومه‌ر فه‌تاح ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی‌و سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌‌و خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی‌و خاتوو ئاڵا تاڵه‌بانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی‌و سه‌رۆكی فراكسیۆنی ی.ن.ك له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، پێشوازییكرد له‌ سه‌ماحه‌تی سه‌ید عه‌مار ئه‌لحه‌كیم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامیی عیراق‌و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی عیراق، كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تیی وه‌فدێكی باڵای هاوپه‌یمانیی نیشتمانی هاتبوون.
سه‌رۆك مام جه‌لال؛ به‌گه‌رمی‌و خۆشحاڵیی زۆره‌وه‌ به‌خێرهاتنی سه‌ید عه‌مار‌و وه‌فدی هاوڕێی كرد. له‌دیداره‌كه‌دا سه‌ماحه‌تی سه‌ید عه‌مار ئه‌لحه‌كیم؛ به‌ناوی خۆی‌و وه‌فده‌ باڵاكه‌ی هاوپه‌یمانیی نیشتمانییه‌وه‌ شادمانیی ده‌ربڕی بۆ ره‌خساندنی ئه‌م بینینه‌‌و سڵاوو رێزی سه‌ركردایه‌تیی عیراقی به‌به‌ڕێزیان گه‌یاند‌و رایگه‌یاند: «مایه‌ی شادییه‌، كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال؛ به‌ته‌ندروستیی باش‌و گه‌ش ده‌بینین، ئه‌وه‌ هه‌ستی هه‌موو عیراقییه‌كانه‌ به‌بێ جیاوازی». وتیشی: «به‌ڕاستی جێده‌ستتان دیاره‌‌و كاریگه‌ریی یه‌كجار مه‌زنتان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئاست‌و ره‌وته‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی، بۆیه‌ ئێمه‌ش له‌سه‌ر رێنمایی‌و ئامۆژگارییه‌كانی به‌ڕێزتان ئێستا یه‌كڕیزین‌و به‌یه‌كگرتوویی هاتووین بۆ خزمه‌تتان».
سه‌ید عه‌مار ئه‌لحه‌كیم؛ له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان‌و دیداره‌كانی هه‌ولێریان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا، ئاماژه‌یكرد بۆ گرنگیی زیاتر بوژانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی ستراتیژیی كوردو شیعه‌، كه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال؛ دووپاتیده‌كاته‌وه‌ «هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ بۆ به‌هێزكردنی یه‌كڕیزیی هه‌موو گه‌لی عیراقه‌»و وتی: «پاراستنی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌، كه‌ ئێوه‌ رۆڵی گرنگ‌و سه‌ره‌كیتان هه‌بووه‌ تیایدا، به‌رده‌وامده‌بێت‌و قوڵ ده‌كرێته‌وه‌ بۆ په‌ره‌پێدان‌و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان‌و دۆستایه‌تی‌و خۆشویستنی نێوان هه‌موو پێكهاته‌كان».
له‌ته‌وه‌رێكی تری وته‌كانیدا، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامیی عیراق‌و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی عیراق، پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆك مام جه‌لال؛ كرد به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق به‌هه‌موو تیم‌و ریزه‌ سه‌ربازییه‌كانیانه‌وه‌؛ هه‌ر له‌سوپا‌و پێشمه‌رگه‌‌و پۆلیسی فیدراڵی تا حه‌شدی شه‌عبـی‌و عه‌شایره‌كان‌و راشیگه‌یاند: به‌هه‌ماهه‌نگی‌و هاریكاریی نێوان سوپا‌و پێشمه‌رگه‌ سه‌ركه‌وتنی مه‌زن به‌دیهاتوون، كه‌ یه‌كگرتوویی ئه‌وان جێگه‌ی شانازیی هه‌موانه‌‌و ئه‌وه‌ش روانین‌و بیرتیژیی سه‌رۆك مام جه‌لال-ی زیاتر به‌رجه‌سته‌كرد بۆ هاریكاری‌و كاری پێكه‌وه‌یی نێوان ئه‌و هێزانه‌.
له‌به‌شێكی تری وته‌كانیدا ده‌رباره‌ی ئامانجی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی، سه‌ید عه‌مار ئه‌لحه‌كیم؛ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانییان ئاماده‌كردووه‌ بۆ بنیاتنانه‌وه‌‌و چه‌سپاندنی كۆڵه‌كه‌كانی سیستمی وڵات‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون، كه‌ به‌هاریكاریی هه‌مووان جێبه‌جێبكرێت‌و هه‌موو كۆسپ‌و كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكرێن؛ به‌و شێوازه‌ی، كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال؛ په‌یڕه‌وی ده‌كرد. له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ وتی: «كێشه‌كان كه‌م نین، به‌ڵام ده‌ستكه‌وته‌كانیش زۆرن، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ڕێگه‌‌و شێوازی مام جه‌لالییانه‌ چاره‌سه‌ره‌كان بدۆزینه‌وه‌، ئه‌ویش نیازپاكی‌و روانینی روون‌و ئاشكرا‌و گیانی یه‌كتیمی‌و گه‌شبینییه‌ له‌هه‌نگاونان بۆ رێگه‌چاره‌ی هه‌ر كێشه‌‌و گرفتێك، كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال؛ فێری كردووین، پێویستیشه‌ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان بخه‌ینه‌ ریزی پێشه‌وه‌».
به‌ڕێز سه‌ید عه‌لی عه‌لاق ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سیاسیی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی‌و سه‌ركرده‌ له‌حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامییش، له‌وته‌یه‌كدا رووناكیی خسته‌سه‌ر گرنگیی رۆڵی سه‌رۆك مام جه‌لال؛ له‌بنیاتنانه‌وه‌ی عیراقی نوێدا‌و وتی: «به‌ڕێزتان سیمبولی مه‌زنی نیشتمانیین، هه‌ر كاتێك لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان روبه‌ڕوی كێشه‌یه‌ك بوبێتنه‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ روویان كردۆته‌ ماڵی سه‌رۆك مام جه‌لال‌و له‌وێ راو ته‌گبیری بۆ كردوون، ئێستاش ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما‌و رێنماییانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌‌و كێشه‌كاندا بكه‌ین». ئاماژه‌شیكرد بۆ هاریكاری‌و هه‌ماهه‌نگیی نێوان سوپا‌و هێزی پێشمه‌رگه‌، كه‌ به‌رهه‌می روانینه‌كانی به‌ڕێزیانه‌‌و نیشانه‌ی یه‌كڕیزیی نیشتمانی‌و هاوخه‌باتیی هێزه‌كانه‌، كه‌ رۆڵی زۆر دیار‌و مه‌زنه‌ له‌جه‌نگی دژ به‌تیرۆریستانی داعش.
سه‌رۆك مام جه‌لال-یش، كه‌ به‌وردیی گوێی له‌ورده‌كاریی پڕۆژه‌كه‌ی هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی عیراق‌و ئه‌نجامی دیداره‌كانی وه‌فده‌كه‌ گرت، خۆشحاڵی نیشاندا بۆ ئه‌و هه‌وڵ‌و ته‌قه‌لایه‌، سوپاسگوزاریی خۆیشی نیشاندا له‌به‌رامبه‌ر هه‌ستی دڵسۆزانه‌‌و دۆستایه‌تیی گه‌رمی سه‌ماحه‌تی سه‌ید عه‌مار ئه‌لحه‌كیم‌و ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه‌، كه‌ ده‌ریانبڕی.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7276
25/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌كورتی 25/5/2017
‌ ته‌نیا هه‌نگاوی كۆتایی ماوه‌ 25/5/2017
زانست
‌ بیری یاقوب چاڵێكی ده‌م كراوه‌ له‌ ته‌كساس 25/5/2017
‌ هۆكاری سێیه‌كی مردنی مرۆڤ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا 25/5/2017
‌ دایكێكی ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ ٣٨ منداڵی هه‌یه‌ 25/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP