گڵۆبالیزم و پـرسی هــه‌ژاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌ جیهاندا
گڵۆبالیزم و پـرسی هــه‌ژاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌ جیهاندا ‌ 8/2/2017
ئاماده‌کردنی: ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا 

گڵۆبالیزم یان « جیهانگیری» کۆمه‌ڵێک گۆرانکاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌کانی جیهاندا هێناوه‌، به‌تایبه‌تی له‌ ماوه‌ی سی ساڵی پێشوودا، پێکهاته‌ی چینایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌کانی جیهان، گۆرانکاری گه‌وره‌ی به‌خۆوه‌ دیوه‌. به‌شێکی زۆری ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که‌ پێشتر له‌ خانه‌ی هه‌ژاران بوون، ئه‌مڕۆ بونه‌ته‌و زلهێزی ئابووری جیهان بۆ نموونه‌ چین.  ئه‌م گۆڕانکارییه‌ گه‌ورانه‌ی جیهان، بۆته‌ مایه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆرێک له‌ سه‌نته‌ر و چاودێرانی سیاسی و ئابووری جیهان.  له‌مباره‌یه‌وه‌ گۆڤاری فۆرین ئه‌فیرزی ئه‌مریکی راپۆرتێکی گرنگی بڵاوکردۆته‌وه‌،ئێمه‌ش لێره‌دا به‌کورتی  باسی خاڵه‌ گرنگه‌کانی ئه‌و راپۆرته‌ ده‌که‌ین.

ئه‌مریکاو ئه‌وروپا چیتر پێشه‌نگ نین
جاک گۆلدستۆن کۆمه‌ڵناسێکی ناسراوی ئه‌مریکیه‌، ئه‌و زانا ئه‌مریکیه‌ پێی وایه‌، چیتر ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپاو ئه‌مریکا ناتوانن خۆیان وه‌کو کۆمه‌ڵگه‌ی چینی ناڤین دابنێن، له‌هه‌مانکاتیشدا جیاوازی چینایه‌تی له‌ناو جیهاندا به‌هێزتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش وایکردووه‌، که‌ ڕه‌وتی ناڕه‌زایی جۆراجۆر له‌جیهاندا دروست بێت.

به‌هێزبوونی ڕه‌وتی دژه‌ گڵۆبالیزم
ئه‌و زانا ئه‌مریکیه‌ باس له‌ به‌هێزبوونی ره‌وته‌ دژه‌ گڵۆبالیزمه‌کان ده‌کات و ده‌ڵێت: دروستبوونی ره‌وته‌کانی وه‌کو « ۆلستریت داگیربکه‌ن» له‌ئه‌مریکا، بزووتنه‌وه‌ی « بیگیدا» له ‌ئه‌لمانیا و  بزووتنه‌وه‌ی « 15 مایۆ» له‌ ئیسپانیا، ڕاسته‌ ئه‌مانه‌ له‌یه‌کتری جیاوازن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی پێشوودا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌وه‌یه‌، که‌ ڕه‌وتی ناره‌زایی له‌ دژی گڵۆبالیزم به‌هێزبووه‌، له‌ناو چه‌په‌کاندا، دژی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی چینێکی تایبه‌ت خۆپیشادان و ناره‌زایی ده‌کرێت، گه‌رچی ڕه‌وته‌ راستره‌وه‌کان دژی بێگانه‌کان ده‌وه‌ستنه‌وه‌، وه‌کو هۆکارێک بۆ بێکاری سه‌یریان ده‌که‌ن. واته‌ له‌یه‌ک کاتدا، له‌ناو به‌ره‌ی چه‌پ و ڕاست، بزووتنه‌وه‌ی دژی گڵۆبالیزمی و لیبرالیزمی نوێ  دروستبووه‌. 

نه‌مانی جیاوازی له‌ نێوان ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان
له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ کریستۆف لاکنه‌ر کارمه‌ند له‌ بانکی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێت: له‌ ساڵی 1988 دا کرێی کرێکارێک له‌ ده‌وڵه‌ته‌ پێشکه‌وتوه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا و ژاپۆن، کرێیان 20 بۆ 30 جار له‌ کرێی کرێکارێکی ده‌وڵه‌ته‌ پاشكه‌وتووه‌کان زۆرتر بووه‌.  به‌ڵام له‌پاش پێڕه‌وکردنی سیاسه‌تی کرانه‌وه‌ له‌ چین و هیدنستان و ئه‌مریکای لاتین ، وایکردووه‌ که‌ ملیۆنه‌ها مرۆڤ له‌ بازنه‌ی هه‌ژار ده‌ربچن. گۆڤاره‌که‌ پێشی وایه‌، له‌ ساڵی 2011 دا جیاوازی کرێی کرێکار وه‌کو ساڵی 1988 نییه‌، ئه‌و جیاوازییه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ کرێی کرێکارا له‌نێوان جیهانی پێشكه‌وتوو و جیهانی پاشكه‌ووته‌ هه‌بوو، وه‌کو جاران نه‌ماوه‌. له‌ساڵی 2014 دا کرێی کرێکار له‌ رۆژئاوا ، سێ جار له‌ کرێی کرێکارێکی چینی زۆرتربووه‌، له‌کاتێکد له‌ساڵی 1988  جیاوازیان 30 جار زۆرتربووه‌. 

ئاوابوونی خۆری چینی ناڤین
له‌ درێژه‌ی راپۆرته‌کدا هاتووه‌، له‌پاش ساڵانی هه‌شتاکانه‌وه‌، خۆری چینی ناڤین له‌ کۆمه‌ڵگه‌کانی رۆژئاوادا ئاوابووه‌. گۆڤاره‌که‌ پێی وایه‌: هۆکاری که‌مبوونه‌وه‌ی چینی ناڤین له‌ رۆژئاوا بۆئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌؛، که‌  چین و هیندستان و ولاتانی تری جیهان، ده‌رگاکانیان واڵاکرد بۆ ئه‌وه‌ی کۆمپانیا بیانیه‌کان سه‌رمایه‌گوزاری بکه‌ن و سوود له‌ هێزی کاری هه‌رزان ببینن. له‌هه‌مانکاتیشدا وڵاتانی وه‌کو به‌رزایل و باشوری ئه‌فریقاو ئه‌نده‌نوسیا، بوونه‌ گه‌وره‌ترین فرۆشیاری که‌ره‌سته‌ی سروشتی، له‌هه‌مانکاتیشدا به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت وایکرد، کرێی کرێکاران له‌م وڵاتانه‌ زۆربێت. 

چین وهیندستان و به‌رازیل
گۆڤاره‌که‌ تیشكی خستۆته‌ سه‌ر  گه‌شه‌ی ‌ئابووری   سێ وڵاتی جیهان که‌ بریتین له‌ « چین‌و هیندستان و به‌رازیل»  گۆڤاره‌که‌ ده‌ڵێت: ساڵی 1980 ئابووری ئه‌مریکا  ده‌یانجار له‌ ئابووری چین به‌هێزتربووه‌، به‌پێی ئامارێکی سندوقی دراوی جیهانی بێت، ئابووری چین ته‌نها 8% ی ئابووری ئه‌مریکای پێکده‌هێنا، به‌ڵام له‌ساڵی 2014 دا، ئابووری چین  له‌ ئابووری ئه‌مریکا زۆرتربوو. له‌ساڵی 2014 دا کۆی گشتی داهاتی هیندستان ده‌یکرده‌ 40% ی داهاتی ئه‌مریکا، به‌رازیلیش رێژه‌ی 20% کۆی داهاتی گشتی ئه‌مریکا بووه‌.   له‌ ساڵی 1975 دا کۆی داهاتی گشتی فه‌ره‌نسا دووقاتی ئابووری چین  و سێ قاتی ئابووری به‌رازیل بووه‌، به‌ڵام له‌ساڵی 2014 دا ئابووری چین، چوارجار له‌ ئابووری فه‌ره‌نسا به‌هێزتربووه‌، له‌هه‌مانساڵیشدا ئابووری به‌رازیل له‌ ئابوری فه‌ره‌نسا به‌هێزتربووه‌. 
نه‌مانی ڕۆڵی کرێکار
خاڵێکی گرنگی تر که‌ راپۆرته‌که‌ باسیکردووه‌، باسی نه‌مانی ڕۆڵی کرێکاره‌ له‌ ئابووری جیهاندا، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئه‌مرۆ  ئابووری نوێ له‌رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ ترلیۆنات دۆلار به‌رهه‌م ده‌هێنێت ، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به‌ ملیۆنه‌ها کرێکار بێت، بۆ نموونه‌ کۆمپانیای « ئه‌لفابت» که‌ خاوه‌نی « گوگله‌» ته‌نها 61 هه‌زار کرێکاری هه‌یه‌، دوای ئه‌ویش ئه‌پل ته‌نها 76 هه‌زار کارمه‌ندی هه‌یه‌،  ئه‌م دووانه‌ش یه‌کێکن له‌ کۆمپانیا ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی جیهان. له‌به‌رامبه‌ردا کۆمپانیای جه‌نه‌ڕال مۆتۆرز  618365 کرێکاری هه‌یه‌، له‌کاتێکدا کۆمپانیای Airbnb ته‌نها 1600 کارمه‌ندی هه‌یه‌ و سه‌رمایه‌که‌ی ده‌گاته‌ 25 ملیار دۆلار. 

ته‌کنه‌لۆژیاو بێکاری
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ راپۆرته‌که‌ باس له‌ دیارده‌ی بێکاری له‌ ئه‌مریکا ده‌کات و  ده‌ڵێت: به‌شێکی زۆری ئه‌مریکه‌یکان پێیان وایه‌، کرێکاری بیانی بونه‌ته‌ هۆی بێکاری ئه‌وان، به‌ڵام له‌ڕاستیدا وانییه‌، چونکه‌ هۆکاری بێکاری له‌ ئه‌مریکا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌  بۆ گڵۆبالیزم و ته‌کنه‌لۆژیای نوێ. 
جیاوازی چینایه‌تی له‌ ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ژاره‌کان
له‌ درێژه‌ی راپۆرته‌که‌دا باسی ئه‌و جیاوازییه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌کات، که‌له‌ نێوان چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژارانی ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ژاره‌‌کان هه‌یه‌، هه‌رئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که‌ هه‌ستی ڕق و ناره‌زایی له‌ دژی چینه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان دروستبێت، گۆڤاره‌که‌ پێی وایه‌: یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی به‌هاری عه‌ره‌بی، بوونی ئه‌و جیاوازییه‌ گه‌وره‌یه‌ بوو، که‌له‌نێوان چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژاران هه‌بوو. له‌ ساڵی 2010 له‌ ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ژاره‌کاندا، 75 % خه‌ڵکی، هه‌ژار که‌مده‌ست بوون، ڕۆژ له‌دوای رۆژیش له‌م کۆمه‌ڵگایانه‌دا ،ئه‌م جیاوازییه‌ زیاتر ده‌بێت.

ڕێگری له‌ ده‌وڵه‌تانی تازه‌پێگه‌یشتوو
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ راپۆرته‌که‌ ده‌ڵێت: هه‌تاوه‌کو ئێستاش به‌شێکی زۆری ده‌زگا نێوده‌وڵه‌ته‌ییه‌کان وه‌کو سندوقی دراوی جیهانی و بانکی نێوده‌وڵه‌تیی، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، له‌لایه‌ن ئه‌وروپاوئه‌مریکاوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن، رێگه‌ نادده‌ن ده‌وڵه‌تانی تری جیهان به‌شداری بریاڕی سیاسی و ئابووری جیهان بێت. ئه‌مه‌ش وایکردووه‌  که‌ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌ناو جیهاندا له‌دژی رۆژئاوا زۆرتر بێت.

رێگه‌چاره‌‌
له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌ گه‌وره‌یه‌شه‌وه‌ جاک گۆلدستۆن  ده‌ڵێت: به‌دڵنییایه‌وه‌ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه‌ کارێکی ئاسان نییه‌، به‌ڵام ده‌کرێت له‌رێگه‌ی  باشکردنی سیسته‌می ته‌ندروستی و پێدانی یه‌که‌ی نیشته‌جێبوون، فه‌راهه‌مکردنی هه‌لی کار بۆ هه‌موو چینه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ به‌تایبه‌تی گه‌نجه‌ هه‌ژاره‌کان،  باشکردنی سیسته‌می په‌روه‌رده‌و فێرکردن، ئه‌م جیاوازییه‌ چینایه‌تییه‌ که‌م بکاته‌وه‌. 
له‌باره‌ی جیهانیشه‌وه‌ ئه‌و زانایه‌ پێی وایه‌: پێویسته‌ له‌رێگه‌ی کۆمه‌ڵێک ده‌زگای نێوده‌وڵه‌تییه‌ پرسی هه‌ژاری و کۆچبه‌ران چاره‌سه‌ر بکرێت. له‌هه‌مانکاتیشدا  پێی وایه‌: گه‌ر جیهان  به‌شێوه‌یه‌کی جددیان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسانه‌ نه‌کات، ئه‌وا په‌یوه‌ندی له‌نێوان ده‌وڵه‌تان و گه‌لانی جیهان ئاڵۆزتر و کێشه‌دارتر ده‌بێت. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7204
26/2/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌ورۆز، شیروانه‌، كه‌ركوك، پ.هه‌ولێر بۆ چوارگۆشه‌ی زێڕین 26/2/2017
‌ پێكانه‌كه‌ی‌ كازۆرلا تا كۆتایی وه‌رز درێژه‌ی ده‌بێت 26/2/2017
زانست
‌ هۆكاری خه‌وتنی مرۆڤ و زینده‌وه‌رانی تر ئاشكرا بوو 22/2/2017
‌ میكانیزمێكی نوێ بۆ وه‌ستاندنی خوێنبه‌ربوونی مێشك 22/2/2017
‌ كونێكی ڕه‌ش له‌ گه‌له‌ ئه‌ستێره‌كه‌ماندا خۆی شاردووه‌ته‌وه‌ 22/2/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP