له‌ یادی‌ 38 ساڵه‌ی‌ شۆڕشی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران
له‌ یادی‌ 38 ساڵه‌ی‌ شۆڕشی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران ‌ 9/2/2017
رۆڵی سه‌رۆك مام جه‌لال-ی له‌دروستكردنی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی  شۆڕشی‌ ئیسلامیی‌ ئێران به‌بیر هێنایه‌وه‌
مه‌لا به‌ختیار: هه‌رێمی كوردستان سه‌لماندی كه‌ ده‌توانێت ئاشتی‌و ئارامی بپارێزێت
*ئێران په‌یوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ  باشوور هه‌یه‌و دژی باكوورو رۆژئاڤاش نییه‌، پێمان خۆشه‌ له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستاندا جۆرێك له‌گفتوگۆ هه‌بێ‌
دوێنێ له‌ هه‌ولێر له‌ساڵڕۆژی‌ دامه‌زراندنی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێراندا، مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌، وتارێكی‌ پێشكه‌شكردو به‌ناوی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال‌و مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستانه‌وه‌، پیرۆزبایی‌ ئاڕاسته‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌‌و گه‌لانی‌ ئێران كرد.
رۆڵی سه‌رۆك مام جه‌لال 
لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ له‌به‌شێكی‌ وتاره‌كه‌یدا، رایگه‌یاند: جه‌نابی‌ مام جه‌لال، ده‌ركی‌ پێگه‌و ئایینده‌ی‌ ئێران‌و رووداوه‌كانیشی‌ نه‌ك له‌كاتی‌ راپه‌ڕینی‌ گه‌لانی‌ ئێران، به‌ڵكو له‌ساڵی‌ 1967-دا له‌كتێبی‌ كوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد كردبوو، بۆیه‌ ئه‌وێ‌ ده‌مێ‌ كه‌ شا له‌ڕاپه‌ڕینی‌ گه‌لانی‌ ئێران ترسابوو، ئیمام خومه‌ینی‌ ده‌ركردبوو، تاقه‌ سه‌ركرده‌و سیاسه‌تمه‌دار له‌ته‌واوی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا، كه‌ ناوی‌ ئیمام خومه‌ینی‌ هێناوه‌و پێشبینی‌ كردبوو كه‌ جه‌نگی‌ كه‌نداو به‌رپا ده‌بێ‌‌و قه‌یرانه‌كان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا قوڵده‌بێته‌وه‌‌و هاوكێشه‌كان له‌ته‌واوی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا، به‌هۆی‌ شۆڕشی‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌گۆڕێ‌، جه‌نابی‌ مام جه‌لال بووه‌. وتیشی‌: كاتێك ئیمام خومه‌ینی‌ له‌نه‌جه‌ف بوو، یه‌كه‌مین سه‌ركرده‌ له‌سه‌ركرده‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن، جه‌نابی‌ مام جه‌لال نامه‌ی‌ بۆ نارد‌و له‌ڕێگه‌ی‌ پیاوێكی‌ تێكۆشه‌رمانه‌وه‌ به‌ناوی‌ (حاجی‌ داود)، كه‌ باوكی‌ شه‌هید (سه‌لمان)ی‌ یه‌كێتییه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ ملازم جوامێردا له‌سێداره‌ دران، گه‌یاندبویانه‌ ده‌ستی‌‌و جه‌نابی‌ مام جه‌لال پێشبینی‌ كردبوو، كه‌ حكومه‌تی‌ عیراق، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌به‌رژه‌وه‌ندیدا نییه‌ كه‌ رژێمی‌ شا بڕوخێ‌، بۆیه‌ ده‌عوه‌تی‌ كردبوو، ئه‌گه‌ر هیچ رێگه‌یه‌كی‌ نه‌ما، ته‌شریف بۆ سه‌ركردایه‌تی‌ بهێنێ‌‌و له‌سنووره‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ راپه‌ڕینی‌ گه‌لانی‌ ئێران بكات‌و یه‌كێتیش هه‌رچی‌ توانایه‌تی‌ ده‌یخاته‌ خزمه‌تی‌. روونیشیكرده‌وه‌: هه‌ر ئه‌وكاته‌ش بروسكه‌ی‌ جه‌نابی‌ مام جه‌لال، بۆ هه‌موو هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌بوو، كه‌ هه‌موو هێزه‌كانتان به‌رنه‌ سه‌ر سنوورو به‌ته‌واوی‌ تواناوه‌، پشتیوانی‌ راپه‌ڕیوان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م هه‌له‌ بۆ رووخاندنی‌ رژێمی‌ شا، له‌ده‌ست نه‌چێت.
له‌به‌شێكی‌ تری‌ وتاره‌كه‌یدا، مه‌لا به‌ختیار، روونیكرده‌وه‌: له‌دوای‌ روخاندنی‌ رژێمی‌ شا، بێگومان زۆرمان لامه‌به‌ست بوو ئارامییه‌ك له‌ئێراندا به‌دیبێت‌و سه‌ره‌نجام كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌ دۆستایه‌تی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م حكومه‌ته‌ تازه‌یه‌ی‌ له‌ئێراندا كه‌ داده‌مه‌زرێ‌، هه‌بێت، وتیشی‌: له‌بیرمه‌ كه‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ له‌نێوان كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران‌و یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان به‌ڕه‌سمی‌ كرا، جه‌نابی‌ مام جه‌لال ناوبژیكه‌ر بوو، له‌نێوان كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران‌و گه‌لی‌ ئێمه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان، كه‌ ئه‌وكاته‌ مه‌رحوم (داریوشی‌ فروهه‌ر) سه‌رۆكی‌ وه‌فدی‌ ئێران بوو. جه‌نابی‌ مام جه‌لال له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پێیوت: عیراق له‌سه‌دا سه‌د شه‌ڕتان ده‌كات، چونكه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ عیراق نییه‌، وه‌كو حزبێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ عوروبی‌، حكومه‌تێك دراوسێی‌ بێ‌، كه‌ ستراتیجی‌، ئایدۆلۆژیه‌ت‌و فه‌لسه‌فه‌كه‌ی‌، پێچه‌وانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عیراق‌و عه‌قڵییه‌تی‌ سه‌دام بێ‌، كه‌ عه‌قڵییه‌تی‌ پیاوێكی‌ فاشسته‌!
راشیگه‌یاند: ئێرانی‌ ئێستا، ئێرانی‌ جاران نییه‌و كێبه‌ركێ‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كان ده‌كات‌و ده‌وڵه‌تێكی‌ به‌هێزی‌ ناوچه‌كه‌شه‌. وه‌كو كوردیش ئێستا حكومه‌تمان هه‌یه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی‌ فراوانمان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی‌ گه‌وره‌ی‌ دنیا‌و هه‌رێمایه‌تی‌ هه‌یه‌و زیاتر له‌ 25 كونسوڵگه‌ری‌ له‌كوردستان هه‌یه‌، دانپێدانانێكی‌ نێوده‌وڵه‌تیمان هه‌یه‌و له‌دوو به‌شی‌ تری‌ كوردستان، خه‌باتی‌ كوردایه‌تی‌‌و ئازادیخوازی‌ كڵپه‌ی‌ سه‌ندووه‌، یه‌كێكیان له‌باكوورو ئه‌ویتریشان له‌ رۆژئاوای‌ كوردستانه‌. له‌ناو هاوكێشه‌ نوێیه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ش، نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد پێگه‌یه‌كی‌ تری‌ هه‌یه‌.
رۆڵی كوردو پێشمه‌رگه‌
راشیگه‌یاند: باوه‌ڕموایه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، سه‌لماندی‌ كه‌ له‌ئاستی‌ رووداوه‌كان، له‌ئاستی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان‌و ئاستی‌ پاراستنی‌ ئاسایشدایه‌‌و ده‌شتوانێ‌ ئیداره‌ی‌ ناوچه‌كه‌ بدات. به‌پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی‌ به‌درێژایی‌ مێژوو ده‌كران‌و پێیانوابوو كه‌ كورد ناتوانێ‌ نه‌ ئاسایش‌و نه‌ ئارامی‌ بپارێزێ‌‌و نه‌ ده‌شتوانێ‌ دراوسێیه‌تی‌ خۆی‌‌و سنوری‌ خۆی‌ بپارێزێت، ته‌ئكیدیشی‌ كرده‌وه‌: كورد باشترمان پاراست له‌و حكومه‌تانه‌ی‌ به‌پێی‌ پرۆژه‌ی‌ سایكس پیكۆ، سه‌د ساڵه‌ دامه‌زراون. پێشمه‌رگه‌كانمان ئازاتربوون له‌و سوپایه‌ی‌ كه‌ سێ‌ به‌شی‌ بودجه‌ی‌ وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌رمانی‌ بۆ ته‌رخانده‌كرا، كه‌چی‌ نه‌یانتوانی‌ به‌رگه‌ی‌ كۆمه‌ڵێك چه‌كداری‌ سه‌له‌فی‌، خۆكوژی‌، كۆنه‌په‌رستی‌ چه‌قبه‌ستوو بگرن! كه‌چی‌ كورد نه‌ك توانی‌ خۆی‌ بپارێزێ‌، به‌ڵكو به‌شێكی‌ تری‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی‌ له‌شه‌نگاله‌وه‌ هه‌تا خانه‌قین، به‌ (30-40) كیلۆمه‌تر قوڵایی‌، ئازادكردووه‌.
په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ره‌و باشتر بڕوات
لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ وتیشی: كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران، دوژمنی‌، دوو دوژمنی‌ ئێمه‌ بووه‌ له‌دوو قۆناغی‌ جیاوازدا، كه‌ سه‌باره‌ت به‌كورد چاره‌نووسساز بوون. یه‌كه‌م به‌عس‌و دووه‌م داعشییه‌كان، سێهه‌میش تا ئێستا خۆشبه‌ختانه‌ حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ كوردستانی‌ عیراق هه‌موومان په‌یوه‌ندییه‌كی‌ شیاومان له‌گه‌ڵ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران هه‌یه‌‌و به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێمانخۆشه‌ ئه‌م دۆخه‌ به‌ره‌و باشتر بڕوات‌و پێشمانخۆشتره‌، كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران چۆن په‌یوه‌ندیی‌ باشی‌ له‌گه‌ڵ باشوور هه‌یه‌و نه‌شمانبیستووه‌ له‌هیچ لایه‌كه‌وه‌ رێگه‌ له‌به‌دیهێنانی‌ مافی‌ گه‌لی‌ كورد له‌باكوور، له‌رۆژئاوای‌ كوردستانیش بگرێت، به‌دڵناییه‌وه‌ سه‌قامیگرییه‌كی‌ زیاتری‌ ناو كۆماری‌  ئیسلامیی‌ ئێران‌و دڵنیابوونێكی‌ زیاتر سه‌باره‌ت به‌كورد، وا له‌ئێمه‌ ده‌كات ئومێد بخوازین كه‌ له‌ئایینده‌كی‌ نزیكدا له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستانیشدا، جۆرێك له‌گفتوگۆ هه‌بێ‌، وه‌كو جار جار هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سه‌رنه‌كه‌وتووه‌. به‌ئومێدی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردو گه‌لانی‌ ئێران كه‌ به‌درێژایی‌ مێژوو هاوچاره‌نووس بووین، به‌ئاسوده‌ییه‌كی‌ باشتره‌وه‌ له‌یه‌كتر تێبگه‌ین‌و به‌ره‌و ئایینده‌یه‌كی‌ گه‌شتر بچینه‌ پێشه‌وه‌.
له‌كۆتایی‌ وتاره‌كه‌شیدا، وتی‌: چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ له‌كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران ده‌كه‌ین، كه‌ له‌هه‌موو ئه‌و كۆنگره‌و كۆبوونه‌وانه‌ی‌ له‌ئه‌ستانه‌‌و له‌جنێف ده‌كرێ‌، باسیان له‌چاره‌نووسی‌ سوریا بێ‌، عیراق بێ‌، ناوچه‌كه‌ بێ‌، چاومان له‌سیاسه‌ت‌و له‌كاریگه‌ریی‌ بڕیاره‌كانیانه‌ كه‌ هه‌میشه‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ دۆستی‌ خۆیان له‌به‌رچاو بگرن، ئه‌ویش نه‌ته‌وه‌ی‌ كورده‌ له‌پێناو به‌دیهێنانی‌ مافه‌كانمان‌و به‌دیهێنانی‌ ئاواته‌ هاوبه‌شه‌كانمان له‌ئایینده‌دا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7300
22/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP