پێشمه‌رگه‌ تۆڵه‌ی‌ شه‌هیدانی‌ له‌ داعش كرده‌وه‌
له‌ خازره‌وه‌ تا ناوه‌ران و فازلیه‌‌و باشیك پێشمه‌رگه‌ تۆڵه‌ی‌ شه‌هیدانی‌ له‌ داعش كرده‌وه‌ ‌ 10/2/2017
سەڵاح رەنجدەر
شاری‌ موسڵ یه‌كێك بوو له‌‌و شارانه‌ی‌ له‌ دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ سه‌دامه‌وه‌ كێشه‌‌و ململانێی‌ مه‌زهه‌بی‌ زۆری‌ تیادا ڕووی‌ ده‌دا‌و هاوڵاتیانی‌ كوردیش له‌ شاره‌كه‌ دووچاری‌ كوشتن‌و ڕاوه‌دوونان ده‌بوونه‌وه‌ بۆیه‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان ره‌وانه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ كران‌و پێشمه‌رگه‌ وه‌ك قه‌ڵغانی‌ پۆڵایین له‌ ڕووی‌ تیرۆریستاندا وه‌ستانه‌وه‌‌و توانییان به‌خوێنی‌ چه‌ندین شه‌هیدی‌ قاره‌مان په‌لاماره‌كانی‌ تیرۆریستان تێك بشكێنن، له‌مباره‌یه‌وه‌ لیوا سه‌ید جواد فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ 112ی‌ هێزه‌كانی‌ حه‌فتا ی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ كوردستانی‌ نوێ‌ دواو وتی‌ :
 له‌ دوای‌ ڕوخانی‌ رژێمی‌ دیكتاتۆریه‌وه‌ له‌ ساڵی‌ 2003  پێشمه‌رگه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌ ناو موسڵدا پارێزگاری‌ باره‌گای‌ مه‌ڵبه‌ند كۆمیته‌كانیان له‌ سه‌ر بوو ئه‌و ده‌مه‌ نائارامیه‌كی‌ زۆر له‌ ئارادا بوو،  كه‌ تیرۆریستانی‌ قاعیده‌‌و رێكخراوه‌كانی‌ ئه‌نسار سوننه‌‌و ئه‌نساری‌ ئیسلام‌و وسوپای‌ موحه‌مه‌د‌و نه‌قشبه‌ندی‌ ‌وكۆنه‌ به‌عسیه‌كان به‌رپایان كردبوو ، له‌ رۆژی‌ 14-12-2004 هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ موسڵ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵمه‌تێكی‌ تیرۆریستی‌ فراواندا شكستیان هێناو شاری‌ موسڵ كه‌وته‌ ده‌ستی‌ تیرۆریستان ، ته‌نیا باره‌گای‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ نه‌بێت كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌رگریه‌كی‌ سه‌ختی‌ كرد‌وشه‌هید‌و برینداری‌ زۆرمان دا‌و نه‌مانهێشت باره‌گاكانمان بگیرێت  .  
 دواتر له‌  ساڵی‌ 2011 لیوای‌ 112ی‌ یه‌كێتی‌ كه‌من فه‌رمانده‌ی‌ بووم ئه‌ركی‌  به‌رگری‌ كردنی‌ كردنی‌ له‌ هاوڵاتیانی‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی‌ گرته‌ ئه‌ستۆی‌ خۆی ، تا ساڵی‌ 2014 كه‌ داعش هات‌و شاره‌كه‌ی‌ داگیركرده‌وه‌ ئیدی‌ دوو فیرقه‌ی‌ سوپا‌و پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ كه‌ له‌ شاره‌كه‌ دا بوون خۆیان به‌ ده‌سته‌وه‌ دا. دواتر میحوه‌ری‌ باشیك  دروستبوو لیواكه‌مان له‌ سنووری‌ باشیك مایه‌وه‌‌و سه‌نگه‌رمان لێدا  . له‌ دوای‌ جێگیربوونی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش له‌ موسڵ تیرۆریستان له‌ زۆر شوێنی‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كاندا ئاراسته‌ی‌ شه‌ڕه‌كانیان ڕوه‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ گۆڕی‌‌و په‌لاماری‌ سه‌نگه‌ره‌كانیان ده‌دا. لیوا سه‌ید جواد له‌مباره‌یه‌وه‌ وتی‌ :له‌ رۆژی‌ 3-8-2014 دا هێزه‌كانی‌ داعش هێرشیان كرده‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كان‌و په‌لاماری‌ شه‌نگال‌و زوماریاندا‌و  پێشمه‌رگه‌كانی‌ شه‌نگال پاشه‌كشه‌یان كرد‌و خه‌ڵكه‌كه‌ش دووچاری‌ دڕه‌نده‌یی‌ داعش بوونه‌وه‌. 

پێشمه‌رگه‌ سه‌نگه‌ر له‌ سه‌ر چیای‌ باشیك لێده‌دات
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ داعش شه‌نگالی‌ گرت بێ‌ په‌روا رووه‌و چیای‌ باشیك رۆیشت‌و وای‌ ده‌زانی‌ ئیدی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌وێش پاشه‌كشه‌ ده‌كات ، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ ئازاكانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان‌و هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌ ر شاخ سه‌نگه‌ریان  لێ‌ گرتن دوای‌ شكستێكی‌ گه‌وره‌ به‌ سه‌ری‌ شكاوه‌وه‌ هه‌ڵاتن . لیوا سه‌ید جواد له‌مباره‌یه‌وه‌ وتی‌  : له‌ گه‌ڵ لیوای‌ 7ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ چووینه‌ چیای‌ باشیك‌و سه‌نگه‌رمان لێدا‌و بریاری‌ به‌رگریكردنمان دا. له‌ ڕۆژی‌ 5-9-2014 توانیمان بۆ یه‌كه‌مجار هێرش بكه‌ینه‌ سه‌ر هێزه‌كانی‌ داعش له‌ چیای‌ زه‌رتك‌و چه‌ند لوتكه‌یه‌كی‌ تر له‌ چیای‌ باشیك‌و بیانشكێنین‌و ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار بوو هێزی‌ داعش بشكێت‌و گوندی‌ كانونه‌شمان گرت به‌ڵام شوێنی‌ ئه‌و گونده‌ له‌ ڕووی‌ سه‌ربازیه‌وه‌ ناله‌بار بوو بۆیه‌ له‌ سه‌ر فه‌رمانی‌ میحوه‌ر له‌وێ‌ كشاینه‌وه‌. ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش به‌ خوێنی‌ چه‌ندین شه‌هیدی‌ قاره‌مان تۆمار كرا ئه‌وه‌ی‌ له‌ یادم مابێت شه‌هیدان ئاشقی‌ سورچی‌‌و جه‌میل سورچی‌‌و رائد نازم‌و شه‌هید نێوار دۆسكی‌‌و هه‌روه‌ها چه‌ند بریندارێكمان هه‌بوو. .به‌ڵام ئازاد كردنی‌ ئه‌و شاخه‌ له‌ ڕووی‌ ستراتیژیه‌وه‌ زۆر گرنگ بوو بۆ پێشمه‌رگه‌ ، بۆیه‌ چه‌ندین جار هێرشیان بۆ كرده‌وه‌‌و بێهوده‌ هه‌وڵیان ده‌دا بیگرنه‌وه‌. ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ش بلێین لیوای‌ حه‌وتی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ش كه‌ له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ له‌ سه‌ر شاخ بوون ، پێشمه‌رگه‌ی‌ زۆر قاره‌مانیان هه‌بوو كه‌ شه‌ڕی‌ زۆر باشیان ده‌كرد. ده‌رباره‌ی‌ هێزه‌كانی‌ سوپای‌ توركیا كه‌ هاتوونه‌ته‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ لیوا سه‌ید جواد وتی‌: له‌ ساڵی‌ 2015 هه‌ندێك هێزی‌ سوپای‌ توركیا هاتنه‌ سه‌ر چیاكه‌‌و هه‌ندێك ڕه‌بیه‌‌و زرێپۆشیان دانا به‌ڵام ڕۆڵێكی‌ ئه‌وتۆیان نه‌بوو له‌ ڕووبه‌روو بوونه‌وه‌ی‌ داعش‌و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ نه‌بووه‌.  

فه‌رمانده‌یه‌ك له‌ پێناوی‌ رزگاركردنی‌ هه‌ڤاڵه‌كانیدا گیانی‌ به‌خشی‌
لیوا سه‌ید جواد سه‌باره‌ت به‌ شه‌ره‌كانی‌ دوای‌ داگیركردنی‌ شه‌نگال درێژه‌ی‌ به‌ وته‌كانی‌ داو وتی‌ : له‌ رۆژی‌ 25  -1 - 2015 داعش گه‌وره‌ترین هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر هێزه‌كانمان كه‌ له‌ خازره‌وه‌ هێرشیان كرد تا ده‌گاته‌ به‌نداوی‌ موسڵ ‌و ناوه‌ران‌و چه‌ند شوێنێكیان گرت به‌ڵام له‌ قۆڵی‌ ئێمه‌وه‌ هه‌ر زوو شكان ، به‌ داخه‌وه‌ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ قاره‌مان به‌ ناوی‌ ( خالید  ) كه‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌وج بوو له‌ كاتی‌ به‌ هاناوه‌ چوونی‌ برا پێشمه‌رگه‌كانی‌ لیوای‌ حه‌وتدا شه‌هید بوو،  ده‌رباره‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازاد كردنی‌ موسڵ و ڕۆڵی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ئازاد كردنی‌ باشیك‌و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ لیوا سه‌ید جواد وتی‌: له‌ رۆژی‌ 17- 10 -2016 له‌ شه‌ری‌ ئازاد كردنی‌ باشیكدا به‌شداربووین‌و له‌ ناوه‌رانی‌ رۆژئاوای‌ شارۆچكه‌كه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ لیوای‌ حه‌وت‌و فه‌وجی‌ یه‌كی‌ لیوای‌ دوودا چووینه‌ خواره‌وه‌‌و لیواكه‌مان 15كم چووینه‌ پێشه‌وه‌، رۆژی‌ 21-10 به‌ پشتیوانی‌ هێزێكی‌ كۆماندو كه‌ هه‌ڤاڵ شێخ جه‌عفه‌ر سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرد توانیمان بچینه‌ ناو  (فازلیه‌ ) كه‌ گوندێكی‌ گه‌وره‌ بوو ، دانیشتوانه‌كه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ شه‌ش هه‌زار كه‌س ده‌بوو . شه‌هیدێك‌و 14 بریندارمان هه‌بوو. ده‌رباره‌ی‌ شه‌ری‌ ئازاد كردنی‌ شارۆچكه‌ی‌ باشیك لیوا سه‌ید جواد وتی‌: شه‌ری‌ باشیك رووداوێكی‌ زۆر گه‌وره‌ و سه‌روه‌ریه‌كی‌ گه‌وره‌ بوو بۆ پێشمه‌رگه‌ كه‌ ئێمه‌ توانیمان سه‌ركه‌وتوانه‌ پشتی‌ شاخه‌كه‌ بگرین ‌و دواتریش هێز‌و یه‌كه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ شاره‌كه‌یان ئازاد كرد‌و زیاتر له‌ سه‌د تیرۆریستی‌ داعش له‌و شه‌ره‌دا كوژران. ده‌توانم بڵێم له‌ زنجیره‌ شه‌ڕه‌كانی‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ پێشمه‌رگه‌ تۆڵه‌ی‌ شه‌هیدانی‌ له‌ داعش كردۆته‌وه‌.

پێشمه‌رگه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ ئازاد كرد كه‌ بۆی‌ دانرابوو
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕه‌كانی‌ چیای‌ باشیك‌و ئازاد كرنی‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ مقدم زیاد فه‌رمانده‌ی‌ فه‌وج له‌ لیوای‌ 112ی‌ هێزه‌كانی‌ حه‌فتا وتی‌:
ئێمه‌ له‌ مێژ بوو سنگه‌رسازی‌ زۆر باشمان كردبوو له‌سه‌ر چیای‌ باشیك بۆ مه‌به‌ستی‌ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی‌ تیرۆیستانی‌ داعش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ تیرۆریستانی‌ داعش كه‌وتبونه‌ ناوچه‌ی‌ (فازلیه‌‌و كانونه‌‌و باشیك) زۆر نزیك بوون له‌ئێمه‌، ئه‌توانم بڵێم داعش له‌هه‌موو میحوه‌ره‌كان نزیكتر بوو له‌ لیواكه‌ی‌ ئێمه‌و فه‌وجه‌كه‌مان به‌ڵام توانیمان به‌رنامه‌یه‌ك دابنێین، سه‌نگه‌ری‌ زۆر باش دروست بكه‌ین ئه‌وه‌بوو شه‌ش جار هێرشیان كردو هه‌رده‌شكان. مه‌یتیان لێ‌ به‌جێماوه‌‌و برینداریشیان هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌ ئاماده‌بوونی‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان‌و فه‌رمانده‌كان  سه‌ركه‌وتنمان به‌ ده‌ست ده‌هێنا .
موقه‌ده‌م زیاد هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی‌ قسه‌كانیدا وتی‌: یه‌كێك له‌ هێرشه‌كانیان  له‌كاتژمێر پێنج ‌و نیوی‌ به‌یانیه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد هه‌تا كاتژمێر ده‌‌و نیوی‌ نیوه‌ڕۆی‌ خایاند، به‌هاوه‌ن‌وكاتیۆشا لێیانده‌داین ، له‌م شه‌ره‌دا 14 كه‌سیان لێ‌ كوژرا، چه‌كه‌كانیشیان كه‌وته‌ ده‌ستی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ، هێرشێكی‌ زۆر گه‌وره‌ به‌ڵام به‌ هیمه‌تی‌ پێشمه‌رگه‌‌و فه‌رمانده‌ی‌ لیوا‌و برا ئه‌فسه‌ره‌كان تێكمان شكاندن‌و پێشمه‌رگه‌كانیش بێ‌ زیان بوون‌و ته‌نها یه‌ك بریندارمان هه‌بوو. سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی‌ ئازاد كردنی‌ ناوچه‌ی‌ باشیك مقدم زیاد وتی‌: پێشمه‌رگه‌ به‌ وره‌یه‌كی‌ به‌رزه‌وه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ ئازاد كرد كه‌ بۆی‌ دانرابوو ، جگه‌ له‌ لیوای‌ 112 لیوای‌ حه‌وت‌و زێره‌ڤانی‌‌و چه‌ند هێزێكی‌ دیكه‌ش به‌شدارییان له‌‌و شه‌ڕانه‌دا كردوه‌، له‌ ئێستاشدا هێزه‌كانمان له‌ سه‌نگه‌ردان‌و ئاماده‌ی‌ هه‌ر ئه‌ركێكن كه‌ فه‌رمانده‌یی‌ پێمان بسپێرێت.
 ده‌رباره‌ی‌ گرنگی‌ رۆڵی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ ئازاد كردنی‌ موسڵدا لیوا سه‌ید جواد وتی‌ : گرنگی‌ رۆڵی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ خازر‌و باشیك‌و ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ به‌ گشتی‌ له‌وه‌دابوو كه‌ پیشمه‌رگه‌ له‌م شه‌ڕه‌دا ساتر‌و به‌ربه‌ستی‌ یه‌كه‌می‌ هێزه‌كانی‌ داعشی‌ شكاند كه‌ له‌ جه‌نگدا شكاندنی‌ ساتری‌ یه‌كه‌م گرنگیه‌كی‌ بێ‌ ئه‌ندازه‌ی‌ هه‌یه‌‌و هه‌ر ئه‌مه‌ش ڕێگه‌ خۆشكه‌ر بوو بۆ سوپای‌ عیراق تا بتوانێت به‌ره‌و ناو شاری‌ موسڵ هه‌نگاو بنێت له‌ كاتێكدا به‌ ئاسانی‌‌و بێ‌ ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ داعشدا ده‌گه‌یشته‌ لای‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ ته‌نها 7كم له‌ شاره‌كه‌وه‌ دووربووین. له‌ كۆتاییدا لیوا سه‌ید جواد وتی‌ : هێزه‌كانی‌ داعش سه‌نگه‌رسازی‌‌و تونێلی‌ گه‌وره‌‌و به‌ربه‌ستی‌ تۆكمه‌ی‌ زۆریان كردبوو كه‌ سه‌رسه‌ختانه‌ تیایدا به‌رگرییان ده‌كرد ، به‌ڵام له‌ به‌رده‌م ئیراده‌ی‌ پۆڵایینی‌ پێشمه‌رگه‌دا خۆیان نه‌گرت‌و له‌ كۆتاییدا دووچاری‌ شكستێكی‌ گه‌وره‌ بوون .


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP